بە هەواڵەکانی واشینتۆن پۆستدا دەچمە خوارەوە، یەکێک لە هەواڵەکان سەرنجم ڕادەکشێشێت، نوسراوە: لە ساڵانی داهاتودا هەموو تاکێک لەسەر زەوی ئاوات بەوە دەخوازێت ئەمریکی بوایە. باران لە پەنجەرەکەم دەدات، وەکو ئەوەی یەکێک بەردی پێدا بکێشێ، دەچمە دەرەوە، هیچ کەسێکی لێ نییە. جگەرەیەک دادەگیرسێنم، سێ نەفەسی لێ دەدەم، دڵۆپێ باران سوتووی جگەرەکە دەکەوێنێت، سوتووی جگەرەکه دەبێتە دوو بەشەوە، بەشێکی دەکەوێتە سەر شۆستەکە و ئەوەی تریشی بۆ سەر شەقامەکە. دەچمەوە ژوورەوە، وێنەیەکی هاوڕێکەم لە چوارچێوەیەکی زەرددا لەسەر مێزەکەیە، بیر لەهەموو ئەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە تێپەڕبوون و لای من تێناپەڕن.
ماوەیەک لەمەوبەر بانگکرام بۆ بنکەی پۆلیس، ووتیان: هاوڕێکەت خۆی کوشت یان کوژرا ؟ ووتم هەردووکی. ووتیان ئێستا کاتی قسەی جوان نییە، کاتی قسەی ڕاستە.. دواین ڕۆژەکان کە پێکەوە بوون بارودۆخی چۆن بوو ؟ ووتم: حەزی لە مۆسیقا بوو، جگەرەی تفتی دەکێشا، چاویلکەی چوارچێوە سپی لە چاو دەکرد، دەیوت: باشترین چارەسەر مۆسیقایە. بەڵام ڕەنگە باشترین چارەنوس خۆکوشتن بێت. دوو ڕۆژ پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، لە سەربانی زانکۆ دوو جگەرەی دەرکرد، یەکێکی خستە سەر لێوی خۆی و ئەوی تریشی دا بە من، ئەوەی خۆی داگیرساند و بە دوو جاریش ئەوەی منی داگیرساند، دەیوت حەزم دەکرد ئامۆزای مۆزارت٭ بوومایە، پێیم دەووت: هیتلەر کاتێک گەنج بوو هەموو پارەکانی دەدا بە کۆنسێرتەکانی ڕیچارد ڤاگنەر، دەیوت ئینجا چییە؟ بیرم دەکردەوە و دەمووت نازانم.
ئەزموونێکی زۆرم لەگەڵ وێنەدا هەیە، ڕەنگە سەیر بێت کە هەندێکجار بەتەوایی وادەزانم بە وێنە دەژیم، بەڵام کەمترین وێنە دەگرم، وێنەیەکم لەگەڵ هاوڕێکەمدا هەیە هەفتەیەک پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، لە وێنەکەدا شاخی پیرەمەگرون لە پشتمانەوەیە، دەستی چەپی کردووەتە ملم، ئەو بە دەستی ڕاستی سێڵفییەکەی گرتووە و پێکەنیوه، من جگەرەیەک بە دەستی چەپمەوەیە و نزیکم کردووەتەوه لە تەواوبوون، لەسەر شاشەی مۆبایلەکەم دامناوە، ئەو وێنەیەی لە چوارچێوەیەکی زەرددایە، لە وێنەکەدا سەری دیار نییە، کلارنێتێکی بە دەستەوەیە، پەنجەی یەکەم و دووەمی دەستی چەپی لەسەر کونی یەکەم و دووەمی کلارنێتەکەیە، دوو پەنجەی دەستی ڕاستی لەسەر کونەکانی ترە، سەعاتێکی مارکەی ئەڵمانی لە دەستی چەپێتی، لە سەعاتەکەی ئەودا چارەکی دەوێ بۆ پێنج، نازانم بەیانییە یان ئێواره. ڕەنگە لەو وێنەیەدا ئاوازی کڕێوە بژەنێت. بیری ئاوازی کڕێوە دەکەم لە کلارنێتەکەی ئەوەوە..
پێکەوە تەلەبەی کۆلێژی هونەرە جوانەکان بووین، لە بەشی میوزیک، ئەو ئالەتی کلارنێتی دەژەند، من کەمانچە، ئەو حەزی بە حوسنو بوو، من پاگانینی، بەشداریمان لە ڤیستیڤاڵێکی گەورەی میوزیکدا کرد، پارچە میوزیکەکەی من هەڵنەبژێردرا، ئەوەی ئەو یەکەم بوو. بە پاس هاتینەوە، دونیا تەم بوو، لەسەر پەنجەرەی پاسەکە نوسیتی کۆنتینۆس.. گۆرانی هەوری لاری حەسەن زیرەک ئیشی دەکرد، دەیگوت عەبدوڵا جەمال سەگرمە٭ ئەو میوزیکەی بۆ ئەو گۆرانییە داناوە، لە ڕێگا باسی بتهۆڤن و میوزیکی ئازەریمان و دەکرد، دەیگوت میسی حەشیشکێشە، باسی ئەوەمان دەکرد ماریجوانا لە کەنەدا ڕێگە پێدراوە، دەمانووت جۆری بڕاون باشترە لە گرین. گرینەکە پرێس کراوە و کەس نازانێ چی تێدایە.
باوکی تێلی بۆ کرم. ڕۆیشتم. خۆی بە حەبلێکی زەردەوە هەڵواسیبوو، هەموو شتکانی کۆکردبۆوە و کردبوونیە مقەبای کۆنەوە، کلارنێتەکەی کردبۆیە جانتاکەیەوە، هێدفۆنەکەی پچڕابوو، دایکی دەیووت ئاخر جار باسی چیتان کرد، دەمووت باسی ڤێرجینا ۆڵف و سجنەکانی ئەڤغانستان و بورجی ئیڤڵمان دەکرد، دایکی بەسەر عەینەکەکەیەوە دەگریا، باوکی دەیووت حەزی لە فەڕەنسا بوو،.. بەڵام ئەوەنەی هاوڕێی من بوو نەمدەزانی حەزی لە فەڕەنسایە، شەوەکەی گوێی لە میوزیکی یەکشەمەی غەمبار (میوزیکی خۆکوژی هەنگاری) گرتبوو، ڕەنگە ویستبێتی بە هێدفۆنەکەی خۆی بخنکێنێت. هەموو ئەمانەم بە ئەفسەرەکە وت.
ڕەنج ڕەسوڵ
27/1/2019