مانیفێستی شەرەف.. سامان محەمەد

1
نیوە شەوێکی درەنگ وەختە، زستانێکە تیر ئاسا یەک یەکی هەوا ساردەکانی ڕۆدەکات بەناو ڕۆحدا، لە ئاپارتمانێکدا، لە نهۆمی سێیەم، پیاوێک لە ژوورێکدا لەسەر مێزێک دانیشتووە، مێزەکە لاپتۆپێک و کۆمەڵێک کاغەز و کتێبێکی ناقۆڵای لەسەرە، پیاوەکە تەمەنی سی ساڵێک دەبێت یاخود نا، ئەشێ ساڵەکان تەسک بێت بەبەری ئەم پیاوە بەڵام سی ساڵ باشە، سی و یەک شوشە بۆنی بەتاڵ لە لایەکی ژوورەکە کەوتوە، شوشەی هەموو جۆرە بۆنێکی تێدایە، وێنەیەکی خۆی بە سەراو قونی بە دیوارەکەدا هەڵواسیوە، هێندەی نەماوە بەربێتەوە بزمارێک بەزۆر ڕایگرتوو.
پیاوەکە سەری شۆڕ کردوەتەوە بەسەر کتێبە ناقۆڵاکەدا،
لەوکاتەدا ڕێک لەکونی کلیلی دەرگاکەوە هەوایەک خۆی دەکات بەنێو لوتی پیاوەکەدا و دەیپژمێنێ، هااااااااپشیووو، پژمەی دووەم و سێیەم و چوارەمیش بەدوایدا دێت، ژوورەکە بەهۆی گڵۆپەوە تاڕادەیەکی زۆر ڕۆشنە، سێبەری پیاوەکە کەوتۆتە سەر زەوی، لەم کاتەدا سێبەری پیاوەکە کۆمەڵێک شت دەکات کە پیاوەکە نایکات، سێبەری پیاوەکە جگەرەیەک لەنێوان پەنجەکانێتی و شوشەیەک ویسکی بەدەستەوەیە بەردەوام دەیخواتەوە و نەعرەتە بە ڕاستی پیاوەکە دەکێشێ، هەمیشە مرۆڤەکان سڵ لە ڕاستی خۆیان دەکەنەوە و بە ڕاستی ئەوانی تر نەعرەتە دەکێشن، ناوێرن خۆیان لە ڕاستی خۆیان بدەن و لێی هەڵدێن، بەڵام زۆر کەیفیان دێت سەیری ڕاستی یەکتری بکەن، کاتێک سێبەری پیاوەکە ئەم کارانە دەکات، پیاوەکە هیچ شتێک ناکات تەنها سەری سەرقاڵی کتێبەکەیە، سێبەری پیاوەکە دەمانچەیەک لە چەکمەجی ژێر مێزەکه دەردەهێنێت، دەینێت بەسەری خۆیەوە هەموو خوێنەکە دەپرژێت بەسەر زەوییەکەدا، جۆگەلەیەکی وەهمی دروستدەکات بۆ دەرەوەی ژوورەکە.

2
پیاوەکە لەسەر کتێبەکەی هەڵدەستێت، دەچێتە پێش پەنجەرەکە و دوور دەڕوانێت، دەڕوانێتە شەقامی دەستە ڕاستی، سەگە بەرەڵاکان دەحەپێنن و پشیلەکان ڕاودەنێن، چاو لەوێ هەڵدەگرێت، بڕێک سەیری زەوییەکەی بەردەمی دەکات، دەڕوانێتە فەرشە بە بەن چنراوەکەی ژێر قاچەکانی، فەرشێکی پان و پۆڕ، بەبەنێکی ئەسڵ چنراوە، سەری بەنەکان بەیەکدا چوون و نازانێت کامە دەسپێک و کامە کۆتاییەتی، هەروەک ئەوەی نازانێت چۆن لێرە هاتووەتە بوون، لەکوێشدا کۆتی بوون دەشکێنت و دەگەڕێتەوە بۆ نەبوون، ناتوانێت لە بەیەکدا چوونی بەنەکان تێبگات، هەر وەک چۆن ناتوانێت لە بوون لەناو نەبووندا تێبگات.
پیاوەکە بە هەڵەداوان دەگەڕێتەوە سەر مێزەکە و دەیەوێت نامەیەک بنووسێت، کاغەزەکان ئەمدیو ئەودیو پێدەکات و بۆ قەڵەمێک دەگەڕێت نایدۆزێتەوە، خێرا وەبیری دێتەوە قەڵەمەکان دەمێکە لەناو کیبۆردەکاندا ونبوون، لاپتۆپەکەی دەکاتەوە و ئیشی پێدەکات، قەڵەمەکان لەنێوان دووگمەی کیبۆردەکاندا ونبوون، جیهانی مۆدێرن مرۆڤەکانی ورد و خاش کرد چ بگات بە قەڵەم، شارەکان، جیهانی مۆدێرن، مانگ و تریفەی مانگیان لەبیری شاعیران بردەوە و وایان کرد چیدی شاعیرەکان بۆ مانگ نەنووسن، مانگیان نقووم کرد، شارەکان مرۆڤ گەلێکی بێ دڵیان درووستکرد، هەستی مرۆڤەکانیان دزی، دزیان و دوور ڕۆشتن، وەک دزینی کەنارەکان وەختێک کاپتنەکان لە خۆیاندا نغرۆدەکەن، شارەکان بێڕەحمن، پیاوەکە دەیەوێت بنووسێت، بۆ هەموو ئەو کچانەی خۆشی دەوێن، لەڕێگەی ئیمێڵەوە نامەیان بۆ بنێرێت و پەیامی خۆیان پێ بگەیەنێت، دەیەوێت نامەکە بۆ یازدە لەو کچانە بنێرێت خۆشیدەوێن.

3
جیهانێکی گواویان بۆ دروستکردین، بینینمان مەوادی مەترێک نابڕێت، زەوی هێڵنج دەدات لە مرۆڤ، هێڵنج دەدات لە ئاین، خەونەکان وەک بڵقی سەرئاو هەر زوو وندەبن و جیهان پڕ دەبێت لەخەون، زەوی زۆربوونی خەونەکانی پێخۆش نیە، زۆربوونی ‌‌خەونەکان واتە زۆربوونی ‌مرۆڤ، واتە خەونبینین بۆ ئاینێکی تر و خودایەکی تر، زەوی هێڵنج دەدات لەجەنگ، هێڵنج دەدات لەتەرم، بوونی جەنگ واتە بوونی مردن، واتە خاکەناز داگرتن لەزەوی و دروستکردنی برینێک، ناچارکردنی شاردنەوەی ڕۆحێک لەو برینانەدا، خوێنی برینەکانی بۆنی باروتیان لێ دێت، ئابڕوبەرە بۆ زەوی لەناو گەردوندا.
ئەم نامە لە نامەیەکی دڵبەرانەی خۆشەویستی ناچێت، بەڵام پیاوەکە گوێ بەوە نادات و دەینووسێت، کۆتا دێڕەکان دەنووسێت..ئەم کازیوەیە لەخەو ڕابووم، گوێم لەدەنگی قەلەڕەشێک بوو بەئێرەدا تێپەڕی و قیغەقیغێکی ناخۆشی لێوەهات، یان من بە گولەی وێڵی یەکێک لە پارتە سیاسیەکان دەمرم یاخود تۆ بەزۆر دەدرێی بە مێرد.
هێشتا نامەکەی نەناردووە، دەمانچەیەک لە چەکمەجی ژێر مێزەکە دەردەکات و دەینێت بەسەری خۆیەوە، ژوورەکه پڕدەبێت لەبۆنی بارووت و خوێن، خوێن دەپرژێتەسەر شاشەی کۆمپیتەرەکە و بەسەر مێزەکەدا دێتە خوارێ و جۆگەلەیەک بۆ دەرەوەی ژوورەکە درووستدەکات و خوێنەکە لەودیو دەرگاکەوە دەیبەستێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *