مردن لە بن دیوار

شەماڵ وەلی

ژان پۆل سارتەر، لە چیرۆکی ״دیوار״دا مەرگمان لە هەرە نزیکترین مەوداوە نیشان دەدات. سێ کەس حوکمی گوللەبارانیان بۆ دەرچووە و لەگەڵ سپێدەدا گوللەباران دەکرێن. ئەوان لە ژوورێکدان و دوکتۆرێکیان لایە کە دڵیان بداتەوە. کەواتە پێنجەم کەس لە ژوورەکەدا مەرگە و سێبەری لەسەر سێ کەسەکە هەست پێ دەکرێت. ئەوان ناتوانن بیر لە مەرگ نەکەنەوە. ناتوانن بخەون. ناتوانن ئاسایی بن. ״کاتێک سوور دەزانی دەمریت هیچ شتێک ئاسایی نییە.״ ڕاوییەکە نایەوێت ڕەنگی خۆڵەمێشی هەڵگەڕێت، بەڵام وای لێ دێت و دەبینێت هاوڕێکانیشی وایان لێ هاتووە. نایەوێت ئارەقە بکاتەوە، بەڵام نەک هەر ئارەقە دەکەنەوە تەنانەت یەکێکیان میز بە خۆیشیدا دەکات.

سارتەر زۆر زیرەکانە کارەکتەرێکی دیکەی ناردووەتە ناو ژوورەکەوە، تا نموونەی کەسێکی ״زیندوو״ بێت. ڕاوییەکە دەڵێت: ״ئەو وەکوو زیندووەکان ڕەفتاری دەکرد.״ لە دەستبردنی بۆ شتەکان، لە جووڵەکانی، لە تەماشاکردنی سەرزیندوویییەک و سەرەحاڵییەکی تێدایە کە لە سێ کەسەکەدا نییە. لێرەوە گفتوگۆیەکی جەستەیی درووست دەبێت و چیرۆکەکە وشکوبرینگ دەرناچێت لەو شەوەدا.

ڕاوی، کەسێکی بێڕەحم و بێموبالاتە بەرامبەر بە ژیان و دەوروبەری، ئەو بە خۆڕۆمانسیکردن و گریان و لاڵانەوەی هاوڕێکانی پەست دەبێت و وەک شتێکی قۆڕ دەیبینێت. هەڵبەت خۆیشی بەدەر نییە لە هەستی گریان و لاڵانەوە بەڵام خۆی دەگرێت کە هەستی وا دەرنەبڕێت. چونکە ژیان بۆ ئەو زۆر پێشتر کۆتایی هاتووە. کەواتە لەوانەیە ژیان کۆتایییەکی هەبێت، بەڵام ئەو پێش مردن ئەو کۆتایییەی بینیوە.

لە ئادگارەکانی دیکەی ئەم چیرۆکە کورتە، ڕەوتی خێرای زەمەن، کە مەرگێکی حەتمی نیشانمان دەدات. (سارتەر شەوی پێش گوللەبارانکردنەکەی هەڵبژاردووە تا ئەم ڕەوتە دەربکەوێت) هەر شتێک بەهای خۆی لە دەست دەدات کاتێک ڕووبەڕووی مەرگێکی نزیک دەبینەوە. جووڵەی جەستەیەکی سەرەحاڵ لەگەڵ جەستەیەکدا کە چاوەڕوانی مردنە. چیرۆک و ژیان چییان بەسەر دێت کاتێک تەنیا چەند سەعاتێکمان لە بەردەستدا ماوە؟ خەو؟ دڵخۆشی؟ هیوا؟ خەون؟ بەرەو کوێ دەچن؟

ئایا سارتەر خەریکە کارەکتەرەکانی عەزاب دەدات؟ چونکە ئەگەر ئەوان عەزاب دەکێشن ئەوا بینینی دوکتۆر وەک کەسێکی زیندوو، عەزابەکەیان دووهێندە دەکات. چونکە ئەو قەرار نییە بمرێت.

لە لایەکی ترەوە هەستی مەرگ وا لە مرۆڤ دەکات جەستەی خۆی نەناسێتەوە: چۆن ئەم جەستەیە دەمرێت؟ چۆن لەناو دەچێت؟ ئایا هەر بەڕاستی مرۆڤ لەناو دەچێت؟ یان کاتێک جەستە ئارەق دەکاتەوە: ״هەستم دەکرد ئەوە جەستەی من نییە. هەستم بە جەستەم نەدەکرد.״ هەبوونێکی تر لە مرۆڤدا درووست دەبێت کە دەیەوێت جیا ببێتەوە. دەیەوێت خودی مرۆڤ بەجێ بهێڵێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *