من ژیانم نییە ئۆلگا! چیخۆف

چوار نامەی ئانتوان چێخۆف
وێبسایتی چیرۆک کردوویەتی بە کوردی


نووسەر دەبێت چۆن بێت
بۆ ئەی.ئێڵ. چیگلۆف
مۆسکۆ، ٣ـی مەی، ١٨٨٨

نامەیەکم لە ״لیمان״ەوە پێ گەیشتبوو، کە نووسیویەتی: ״ئێمە ״واتە تێکڕای ئێوە- نووسەرە پترزبورگییەکان״ وا ڕێک کەوتووین لە پشتبەرگی کتێبەکانماندا، ڕێکلام بۆ بەرهەم و کتێبی یەکتر بکەین״ و بانگهێشتم دەکات بچمە گەڵ ئەوان و هۆشداریم دەداتێ ״ئەم بانگهێشتە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە ڕایدەگەیەنن هاوپشتی ئێمەن. ״بۆیم نووسی قەبووڵمە و لێیم پرسی: لە کوێوە دەیزانن هاوپشتیی چی کەسانێک دەکەم، یان نایکەم؟ ئێوەی پترزبورگییەکان چەندە حەزتان لە فەزای خنکێنەری ئەوێیە! لە دەربڕینگەلێکی وەک یەکێتیی نووسەرانی لاو، هاوپشتی، بەرژەوەندیی هاوبەش و توخوا لەم شتانە تووشی تەنگەنەفەسی نابن؟ من بەرژەوەندیی هاوبەشم لە بازاڕی بۆرسەدا بیستووە، لە سیاسەت و دینیشدا، بەڵام ئەوە بۆ نووسەران نە بە پێویست دەزانم نە بە شتێکیش ڕێی تێ بچێت.
ئێمە ناتوانین وەکوو یەک هەست بکەین و بیر بکەینەوە، ئامانجەکانی ئێمە جیاوازە ئەگەر ئەسڵەن ئامانجێکمان هەبێت. ئێمە زۆر کەم یەکتر دەناسین، یان هەر یەکتر ناناسین. لە ئەنجامدا زەمینەیەک بۆ هاوپشتی بوونی نییە، یان ئەسڵەن ئەم هاوپشتییە پێویستە؟ نەء. پشتگیری لە هاوکارەکان واتا ڕێزگرتن لە بەرهەم و کەسایەتییەکانیان، خۆدوورگرتن لە پوختانکردن بەموئەو، خۆدوورگرن لە درۆ و دوڕوویی. بۆ گەیشتن بە هەموو ئەمانە، بەر لەوەی نووسەر بین تەنیا پێویستە مرۆڤ بین. ئەوکات پێویست بەم هاوپشتییە ڕواڵەتییە ناکات، کە خەریکن گەورەی دەکەن. پێداگریی بەردەوام لە هاوپشتیی پیشەوەری و فیرقەوەری کە ئێوە بە دوای کەوتوون، سەرەنجام دەبێتە جۆرێک لە جاسووسیی نەویستراو، گومانکردن لە یەکتر و کونتڕۆڵکردن…
سەرڕای ئەوەی لەگەڵ ئێوەدا هەست بە هیچ هاوپشتییەک ناکەم، بەڵام وەکوو نووسەرێک تا زیندوون ئازادیتان لە نووسیندا بۆ بە ئاوات

دەخوازم. هەرچیتان حەز لێ بوو بۆ هەر بڵاوکراوەیەک بینووسن. بۆچوونەکان و بیرکردنەوەکانی خۆتان جار لە دوای جار جار ئینکار بکەن… پەیوەندیی من لەگەڵ ئێوەدا تۆزقاڵێکیش ناگۆڕێت. هەمیشەیش لە پشتبەرگی کتێبەکانمدا ڕیکلام بۆ بەرهەم و کتێبەکانتان دەکەم.

بە خۆشەویستییەوە
چێخۆف

لە مێردە پیرەکەت ببوورە
نامەی چێخۆف بۆ ئۆلگا

ڕۆژ باش هاوسەرەکەم. دڵدارەکەم. تۆ نامەکانی منت خۆش ناوێن. دەزانم، ستایشی سەلیقەکەت دەکەم، بەڵام چی بکەم کە ئەم ڕۆژانە بارودۆخێکی باشم نەبوو. هیوادارم مێردە پیر و بێچارەکەت ببەخشیت و لێی تووڕە نەبیت. نامەکەی دوێنێت چاک تێکی دام. نووسیوتە بۆ کریسمس نایەی بۆ یاڵتا. نازانم چی لە خۆم بکەم. دوکتۆرێک دەڵێت دەتوانم بچم بۆ موسکۆ، یەکی تر دەڵێت بە هیچ شێوەیەک. بەڵام من ناتوانم لێرە بمێنمەوە. ئەسڵەن بەبێ تۆ ناتوانم. خۆت لە من دوور مەگرە. ئۆلگا، لە بارەی هەر شتێکەوە کە لە سەرتدایە بۆم بنووسە. ناتوانیت وێنای بکەیت نامەکانت چەندە نرخیان هەیە لەلام. چەندە ئارامم دەکەنەوە. ئەوە لە بیر مەکە کە خۆشم دەوێیت. ئەمڕۆ دەمەوێت مەکسیم گۆرگی ببینم. لەوانەیە بڕۆم و تۆلستۆیش ببینم.
هاوسەرەکەت: چێخۆف

• یاڵتا: ئەو گوندە کە چێخۆف بە هۆی نەخۆشییەوە لەوێ دەژیا.

جنێویش بنووسیت ڕازیم
نامەی ئۆلگا بۆ چێخۆف

بۆچی ئەو ڕۆژەی نامەی تۆم بۆ نایەت وەک ئەبەدییەتی لێ دێت؟ وا بۆ دەچم، کاتێک مرۆڤ بە کوێرەڕێیەکی ئەبەدیدا تێدەپەڕێت، یەکێک لە ڕێگەکانی هەڵهاتن ئەوەیە کە خۆی لە کار و خەونەوە بگلێنێت و چێژ وەربگرێت. دیسان ڕۆیشتوویتەوە بۆ لای تۆلستۆی؟ بۆ وردەکارییەکانم بۆ نانووسیت؟ من تەنیا ئەوە دەزانم کە تۆ ڕۆیشتوویت ئەو ببینیت. ئەمە بەس نییە و من هێشتا بە کورتبڕیی نامەکانت ڕانەهاتووم. هێندە نابات کە تەنیا پۆست‌کارتێکم بۆ دەنێریت و پاشانیش دوو وشە کە زیندووم و یان شتێکی ئاوا. پێم باشە تەنانەت جنێوم بۆ بنووسیت. بڵێیت لە ژیانت ڕازی نیت، حەز ناکەیت من لەگەڵ تۆدا بژیم و ئەوەی کە ژنێکی دەبەنگت هەیە. ڕازیم. هەڵبەت من بێ‌سەرنج بووم بەڵام هیوادارم سەلامەتیی تۆ ڕێگە بدات لانیکەم بەشێک لە زستان لە مۆسکۆ بەسەر بەریت. ئەگەر ئەوە نەبوو، مەیە ئەنتۆن! بەس بە من بڵێ چی بکەم؟

ئۆلگای تۆ

من ژیانم نییە
نامەی چێخۆف بۆ ئۆلگا

ئۆلگا!
بۆ هێندە بڕوات بە خۆت نەماوە؟ بۆ؟ تۆ زیندووی، کار دەکەیت، هیوا و ئارەزووت هەیە، دەخۆیتەوە. ئیتر چیت دەوێت؟ سەبارەت بە من دۆخەکە جیاوازە. من ڕەگم لە زێدی خۆم هەڵکەندراوە. ژیانم نییە. ناخۆمەوە. هەرچەند زۆر حەز دەکەم ئەم کارە بکەم. دەنگەدەنگ و هەرام خۆش دەوێت، کە لێرە هیچ خەبەرێکی نییە.
من وەکوو درەختێکم پەیوەست بەم پرسیارەوە: ئاخۆ ڕەگ دەردەکەم، یان وشک دەبم؟
(…)
دانیشتم. مێزەکەم ڕێک خست. وێنەکەی تۆم دەرهێنا. ماوەیەکی زۆر تەماشام کرد. بە جۆرێکی ترسێنەر لە دەروونەوە هەستم بە خۆشی کرد. کاتێ بیرم لەوە کردەوە تۆ خۆشت دەوێم، دڵم بەر بووەوە. ئەمە بوو کە ویستم دیسان نامەت بۆ بنووسم.
با بێمە سەر گرنگترین پرسیار: تۆ کەی دێیت؟ دەبێت بێیت. زۆر بێڕەحمانەیە هەموو زستانەکە لە یەک جیا بین. دەتوانم دیدارت وێنا بکەم. ڕووخسارت دەبینم. پێکەنینەکەت. دەتوانم یەکەمین وشەکانت ببیستم.

چێخۆف

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *