میتاسەرهات چییە؟

حەمە مەنتك

مێژووی ئەدەبیاتی گێڕانەوە ئەوەمان پێدەڵێ، ئەدەبیاتی گێڕانەوە گەلێ هەورازونشێوی دیتووە. شێوازگەلی جوایەز بۆ گێڕانەوە پەیدابوونە. نوێترینیان ڕۆمانە. لە ڕۆمانیشدا شێواز و جۆری جوایەزمان هەن. میتاسەرهات شێوازێکی دیکەی گوزارشتکردنە لە ناوەڕاستی سەتەی بیستەم پەیدابووە. ئەم زاراوەیە وەکو هەموو زاراوە ئەدەبی و ڕەخنەییەکانی دیکە، زاراوەیەکی ئەورووپییە، لە زاراوەی (Metafiction) میتافیکشنی ئینگلیزییەوە هاتووە. ئەم زاراوەیە، زاراوەیەکی لێکدراوە، لە دوو بەش پێکهاتووە. (( Meta لە زماندا بە واتەی ״سەروو״ یان ״ئەودیو״ دێت. بەشی دووەم Fiction بە واتەی ئەدەبیاتی گێڕانەوە، یان خەیاڵی دێ.))١ بەشی یەکەمی زاراوەکە، زاراوەی دیکەی فەلسەفیمان بیردەخاتەوە، ئەویش (Metaphysics) میتافیزیكە، کە بە واتەی ئەودیو سرووشت، یان سەرووسرووشت دێ. ئەمەیش ڕەوتە فەلسەفییەکەی ״ئەفلاتوون״ە، کە باوەڕی بە هێزێکی سەروو سرووشت هەبوو. ئەم بەشە لە زاراوەکە ڕەگەزێکی پێکهێنەرە لە داڕشتنی زۆر زاراوەی دیکەی زمانیی، فەلسەفی، ئەدەبی و هونەری. بەشی دووەمی زاراوەکە، بە واتەی ئەدەبیاتی خەیاڵی دێ، یان ئەو ئەدەبیاتەی بەشێوەی پەخشانی دەنووسرێ، پتر مەبەستمان لە هەموو جۆرەکانی گێڕانەوەیە، وەکو: ڕۆمان، چیرۆك، کورتەچیرۆك. کەواتە ئایا دەکرێ ئەم بەشەی زاراوەکە (Fiction) بە واتەی ڕۆمان دابنێین؟ ״ڕۆجەر فاولەر״ لە کتێبی (فەرهەنگی زاراوە ڕەخنەییە نوێیەکان) دەڵێت: ((جوایەزی لەنێوان هەردوو زاراوەی Fiction و Novelدا هەیە. یەکەمیان پتر بۆ ڕەگەزێکی ئەدەبی دەگەڕێتەوە، هەرچی دووەمە پێکهاتەیەکی ئایدیۆلۆجی و مێژوویی هەیە.))٢ دەبینین زاراوەی خەیاڵکردن (التخییل) پێشتر لە ئەدەبیاتی یۆنانیی کۆندا هەبووە، هەموو دەقەکان خەیاڵکردە بوونە. بەڵام ڕۆمان ژانرێکی نوێیە و لە ئەدەبیاتی یۆنانی و ڕۆمانیدا نەبووە. بۆیەیش جوایەزی لەنیوان ئەم دوو زاراوەیەدا هەیە. لێرەدا زاراوەی یەکەم زۆر فراوانترە لە زاراوەی دووەم. لە زمانی عەرەبیدا کۆمەڵێ زاراوە بەرانبەر ئەم زاراوەیە هاتوون، وەکو: ما وراء الروایە، ما واراء السرد، ما وراءالقص. لە زمانی فارسیشدا زاراوەی (فراداستان)ی بۆ بە کار هاتووە. لە کوردیدا، یەکەم کەسێك لەبارەی ئەم زاراوەیەوە پەیڤیبێ، ״سابیر ڕەشید״ە، لە هەردوو وتاری (باڵندەکانی دەم با و هونەری میتاڕۆمان) و (میتاڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا، کاولاشی عەبدوڵڵا سەڕاج بە نموونە) زاراوەی (میتاڕۆمان)ی بەرانبەر ئەم زاراوەیە داناوە. ئەم زاراوەیەی ״سابیر ڕەشید״ وەرگێڕانێکی تەواوی تیپیی زاراوە عەرەبییەکەیە (ما وراءالروایە). کێماسی ئەم زاراوەیە لەوەدایە تەنێ ئاماژەیە بۆ جۆرێکی گێڕانەوە، کە ڕۆمانە. هەرچەندە زاراوەکە لەوە فراوانترە، تەنێ ڕۆمان ناگرێتەوە، بەڵکو چیرۆك و کورتە چیرۆکیش دەگرێتەوە. بۆیەیش من زاراوەی (میتاسەرهات) پێشنیاز دەکەم، چونکە سەرهات جۆرێک لە گێڕانەوەی تێدایە، و هەموو جۆرەکانی گێڕانەوە ڕۆمان، چیرۆك و کورتەچیرٶک سەرهاتێك دەگێڕنەوە. دەکرێ بە زاراوەی (ڕۆمان لەبارەی ڕۆمان) یان (ڕۆمان لەناو ڕۆمان)یش ناوی ببەین.
ئەم چەمکە لە سادەترین و کورتترین پێناسەیدا، ئاراستەبوونی دەقە بەرەو خودی خۆی. کەواتە دەتوانین بڵێین ئەم چەمکە لە چەمکی نێرگسییەت (Narcissism) لە بواری دەروونشیکاریدا نێزیك دەبێتەوە. چەمکی نێرگسییەت بە واتەی سەرسامبوونە بە خۆ. ئەم چەمکە لای ״فرۆید״ ((خۆشەویستییەکی ئاراستەکراوە بۆ خود))٣ نێرگسییەت وەکو نەخۆشییەکی دەروون دێتەژماردن. ״فرۆید״ بۆ ئەم نەخۆشییە سوودی لە ئەفسانەیەکی کۆنی یۆنانی کردووە. ئەویش چیرۆکی ئەو گەنجە قۆزە بووە، کە ناوی ״نێرکسیۆس״ بوو. ئەمەیش سزایەك بوو لەلایەن خواوەندەکانەوە بۆی دانرابوو. لە کانییەك هێندە سەیری وێنەی جوانی ڕوخساری خۆی کرد، وایدەزانی وێنەی خۆشەویستەکەیەتی، هێندە لە وێنەکەی خۆی ڕاما، تاکوو مرد. هێندێک لە ڕەخنەگران لەو بۆچوونەدان، بە کار هێنانی زاراوەی (میتاسەرهات) بۆ کتێبێکی ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی ئەمریکایی ״ولیام هاوارد گاس William Howard Gass) بەناوی (نووسینی وێناکراو و کەسانی ناو ژیان) لە ساڵی ١٩٧٠ دەگەڕێتەوە. ئەویش کاتێك لێکۆڵینەوەی لەبارەی ڕۆمانەکانی ״ڕۆبێرت کۆڤەر״ کرد. لەوێدا پتر ڕاڤەیەکی ئایدیۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی بۆ ئەم شێوازە ڕۆمانە پێشکەشکرد. ئەم ڕۆمانانە خۆیان وەکو خودێکی هوشیار وەسف دەکەن بەڵام لەسەر دەستی ڕەخنەگر ״لیندا هتشیۆن Linda Hutcheon״ لە کتێبەکەیدا بەناوی (گێڕانەوەی نێرگسی: دژوازی میتاسەرهات Narcissistic Narrative: The Metafictional Paradox) لە ساڵی ١٩٨٠ وەکو لایەنی تیۆریی تەواو کامڵ بوو. ئەم ڕەخنەگرە لەبارەی چەمکی میتاسەرهاتوە دەڵێ: ((میتاسەرهات ڕۆمانە لەبارەی ڕۆمان، لەسەر گێڕانەوە و ناسنامەکەی خۆی وەستاوە.))٤ کەواتە ئەم شێوازە لە گێڕانەوە پێداگری لەسەر جۆرێک لە نێرگسییەت دەکاتەوە. ئەم نێرگسیەتەی، هەمیشە دەق بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە. ئەم ڕەخنەگرە جوایەزی لەنێوان دوو زاراوەی (میتاسەرهات) و (میتاسەرهاتی مێژوویی) دەکا. زاراوەی دووەم (میتاگیڕانەوەی مێژوویی) هەوڵێکە بۆ پەراویزخستنی ئەدەب و ڕۆیشتن بەرەو مێژوو. هەرچەندە ڕەنگدانەوەی خودییە، بەڵام پتر گرینگی بە مێژوو دەدا. واتە دەیەوێ سیاقێکی مێژوویی بە ڕۆمانەکە ببەخشێ. هەوڵێکە بۆ پاتە نواندنەوەی ڕابردوو بەرانبەر ئێستا. بۆ نیشاندانی ئەم نواندنەی ڕابردوو، دێ گەمە بە حەقیقەت دەکا، تۆمارە مێژووییەکان بە درۆ دەنووسێتەوە. بە بۆچوونی ئەم ڕەخنەگرە ((پێوەندی نێوان ڕۆمان و مێژوو لە پۆستمۆدێرنەدا زۆر ئاڵۆز بووە. میتاسەرهاتی مێژوویی کار دەکا، بۆ ئەوەی خۆی بکاتە بابەتێك لە گوتاری مێژوو، بەبێ ئەوەی سەربەخۆیی خۆی وەکو ڕۆمان لە دەست بدات. ئەم ڕۆمانە بە دوو ئامانج کار دەکا: یەکیان ئاوێزانبوونیەتی لەگەڵ مێژوو و ڕۆمان، لێرەدا دەیەوێ هاوسەنگی لەنێوانیاندا بپارێزێ(هەرچەندە کارێکی نەکردەیە). ئەویتریان لێکدانی دەقە بە ڕابردووەوە، بەو سیفەتەی ڕەگەز و پێکهاتەی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەیە.))٥ کەواتە ئەم شێوە ڕۆمانە دەسەڵاتی مێژووی قەبووڵە. بە واتەی میتاڕۆمانی مێژوویی ڕەنگدانەوەی خودە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی.
ڕەخنەگر ״ئینگر کریستنسن Inger Christensen) لە کتێبی (واتای میتاسەرهات)دا، پەیدابوونی ئەم زاراوەیە، لەگەڵ سەرهەڵدانی زاراوەی (میتاهونەر) بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هاوکات هەر لەم کتێبەیدا ئاماژە بەوە دەکا، دەبێ جوایەزی لەنێوان بنەڕەتی زاراوەکە و دەستنیشانکردنی دیاردەکە بکەین. ئەم ڕەخنەگرە ((ئاماژە بە ״ولیەم گاس״ وەکو یەکەم کەس ئەم زاراوەیەی بە کار هێنابێ دەکا. بەتایبەت کاتێك ئاماژە بە دەقی نووسەرانی وەکو:بۆرخیس، بارت و ئۆبریان دەکا. هاوکات دەڵێ هەموو ئەوانەی ئاماژە بە زاراوەی (دژەڕۆمان) دەکەن، بەشێکە لە شێوەی میتاسەرهات. بۆیەیش لەگەڵ ״گاس״ هاوڕایە، کە زاراوەی میتاسەرهات بە باشتر لە زاراوەی دژەڕۆمان بزانن.))٦
میتاسەرهات هەوڵێکە بۆ لابردنی ئەو دیوارەی لەنێوان نووسینی ڕۆمان و خودی ڕۆمان، یان نووسینی چیرۆك و خودی چیرۆك دروست کرابوو. لێرەدا خوێنەر ئاگەداری نهێنییەکانی نووسین و گەمەکانی زمان دەبێت. دەزانی داهێنان چۆن دەکرێ. هاوکات هۆکارێکە بۆ بزواندنی پرۆسێسەی گێڕانەوە. خوێنەر ڕاستەوخۆ ئاگەداری هەموو شێوازەکانی نووسینی ڕۆمان و چیرۆك دەبێت. ((شێوەیەکی نوێی گێڕانەوەیە بە خۆئاشکراکردنی ڕۆماننووس لە خوێنەر و بەشداری کردنی لە دەقدا و لە هەمان کاتیشدا ڕزگاربوونی ڕۆمانە لە هەموو سنوور و کۆت و بەندەکانی ئاسایی جاران.)) کەواتە ڕزگاربوونە بە تەواوی لە سنوورەکانی کات و شوێن لە مێژوودا. داهێنانی جیهانێکە بە خود. بۆ نموونە ڕۆمانی (گەمەی بازدان –الحجلە_)*ی ״خۆلیۆ کۆرتاسار״، ئەم ڕۆمانە نێزیك بە (٦٠٠) لاپەڕەیە، چیرۆکی پیاوێكە، کە لەنێوان پاریس و بۆینس ئایریس دەژی. چیرۆکێکە لەبارەی خۆشەویستی و مۆسیقای جاز. هەر لە دەسپێکەوە گەمەیەکی گێڕانەوەیی ئەنجام دەدا. ((ئەم کتێبە، خۆی لە خۆیدا ڕستەیەکە لە کتێب.))٧ کەواتە لە ڕوودا دوو کتێبە. خوێنەریش دەبێ یەکێ لەم دووانە هەڵبژێرێ. کاتێك کتێبی یەکەم وەکو هەر کتێبێکی ئاسایی، لە بەشی ٥٦ کۆتایی دێ و لە دوای دانانی سێ ئەستێرە نووسراوە کۆتایی. لێرەدا خوێنەر دەتوانی بە بێ دوو دڵی ئەوەی ماوە نەیخوێنێتەوە. هەرچی کتێبی دوومە لە دەسپێکی بەشی ٧٣ دەست پێدەکات. دەبینین خوێنەر گەمەی پازدان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەکات. وەکو گەمەیەك هەبوو، بە منداڵی دەمدی کچان دەیانکرد، پێی دەگوترا ساپساپانێ. بە تەباشیر چەند چوارگۆشەیەکی بە یەکەوە لکاویان لەسەر جادەی قیڕ دەکێشا. هەر چوارگۆشەی ژمارەیەکیان لێ دەنووسی، لە ژمارە یەکەوە تاکوو شەش. ئینجا پارچە بەردێکی پانیان بۆ ژمارە یەك هەڵدەدا، بە قاچێك بازیان هەڵدەدا بە هەموو چوارگۆشەکان. ئەم ڕۆمانەدا هەمان گەمەی بازدان هەیە. خوێنەر لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکە دەتوانێ باز بدات.
ڕەخنەگر ״داڤید لۆدج David Lodge״ لە کتێبی (هونەری چیرۆکنووسی)دا، پێناسەی میتاسەرهات بەم جۆرە دەکات. ((میتاسەرهات گوزارشتە لە چیرۆك لەبارەی چیرۆکەوە. ئەم شێوازە لە ڕۆمان و چیرۆکەکان زەینمان بۆ لای بوونی چیرۆکەکان و شێوازی نووسینی چیرۆکەکان دەبەن.))٨ لەم پێناسەیەوە ئەوە ئاشکرایە، کە زۆربەی نووسەرانی جیهان، ئەم شێوازەیان لە کن پەسەندە. لە ڕێی ئەم شێوازەوە پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەر دەبەستن، چونکە لەوێدا شێوازی نووسینی خۆیان دەخنەڕوو. میتاسەرهات، نووسینی چیرۆکە لەپێناو چیرۆك، ڕۆمانە لەپێناو ڕۆمان. خوێنەر ئاگەداری تەکنیك و شێوازی نووسین دەبێ. لەلایەکی دیکە میتاسەرهات وەکو تەکنیك وایە، گێڕانەوە بۆ خودی خۆی ئاراستە دەکا. بۆیەیش ئەم شێوازە سەرەتا وەکو تەکنیکێک لە دەقی ڕۆماننووسانی ئینگلیز دەرکەوت. ئەویش وەکو توانجێك بوو لە کاتی وەسفی ڕووداو و کارەکتەرەکان. خوێنەر لێرەدا تەنی ئەرکی خوێندنەوە نییە، بەڵکوو لە گەمە خەیاڵییەکە بەشدار دەبێ و هەوڵدەدا سرووشتی نووسینی سەرهاتەکە بزانێ. بەمەیش بنەماکانی ڕۆمانی تەقلیدیان تێکشکاند. میتاسەرهات شێوازێکی نووسینی سەرکەوتووە بۆ ئەوەی خوێنەر بۆ ئاشکراکردنی گەمەکانی نووسینی چیرۆك و ڕۆمان داوەت بکات. بۆ ئەوەی بزانێ ئەوەی دەیخوێنێتەوە تەنێ دەقێکی خەیاڵییە، پێوەندی بە واقیعەوە نییە.

سەرچاوە و پەراویزەکان
١. فرهنگ اصطلاحات ادبی، سیما داد، نشر مروارید، تهران، ١٣٨٢، ص٣٦٠.
2. A dictionary of Modern Critical Terms, Roger Fowler, Routledge: London, 1993, p:94.
٣. مدخل الي تحليل النفسي اللاكاني، عبداللة عسكر، مكتبة الانجلو المصرية، القاهرة، ٢٠٠١، ص٦٥.
٤. القص الماورائي واختراق الجدار الرابع في ״هروب البطل״ لمحمد الرطيان، د. لمياء باعشن،
http://www.al-jazirah.com/culture/2012/06092012/fadaat10.htm
٥. ماوراء القص التاريخي، السخرية والتناص مع التاريخ، ليندا هتشيون، ص٩٦.
٦. میتاسرد ما بعد الحداثە. فاضل ثامر، مجلە کوفە، السنە الاولی، العدد٢، الشتاء ٢٠١٣، ص٧٦.
* الحجلە لعبە القفز بین المربعات، خولیو کورتاسار، ترجمە و تحقیق: نایف ابوکرم، دار علاءالدین، ٢٠٠٤.
٧. ڕۆمانی کوردی – خوێندنەوە و پرسیار-، سابیر ڕەشید، بەشی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٧، ل١٢٢.
٨. هنر داستان نویسی، دوید لاج، ترجمە: رضا رضایی، نشر نی، چاپ دوم، تهران، ١٣٩١، ص٣٤٥.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *