وەرگێڕانی: شەماڵ وەلی
دەمەوێت چیرۆکی پیرەمێردێک بگێڕمەوە. چیرۆکی پیاوێک کە ئیتر تەنانەت یەک وشەیش قسە ناکات. پیاوێک کە ڕووخسارێکی ماندووى هەیە. ماندووتر لەوەى تەنانەت پێبکەنێت یان تووڕە ببێت.
ئەو لە شارێکی بچووکدا، لە کۆتاییی شەقامێکدا، یان نێزیکی چواڕیانێک، دەژی. ڕاستییەکەى باییی ماندووبوونەکەى نییە وەسفى بکەم، هەموو شتێکی وەک خەڵکانی ترە. کڵاوێکی خۆڵەمێشیی لە سەردایە، شرواڵێکی خۆڵەمێشیی لە پێدا و کراسێکی خۆڵەمێشیی لە بەردا. زستانانیش پاڵتۆی درێژی خۆڵەمێشی لەبەر دەکات. گەردنی باریکی، پێستێکی وشک و چرچولۆچى هەیە و یەخەى سپیی کراسەکەى زۆر کراوەیە.
ژوورەکەى لە دوایین نهۆمی ئەپارتمانەکەدایە. لەوانەیە زەواجی کردبێت و منداڵیشی هەبن. لەوانەیە بەر لەمە لە شارێکی تردا ژیابێت. بەڵام حەتمەن ڕۆژگارێک منداڵ بووە. جا ئەمەیش بە دڵنیایی سەردەمێک بووە کە منداڵانیش وەکوو گەورەکان جلیان دەپۆشی. وەکوو وێنەکانى ئەلبوومی دایەگەورە.
لە ژوورەکەیدا، دوو کورسی، مێزێک، فەرشێک، تەختەخەوێک و بۆفییەک هەیە. لەسەر مێزە بچووکەکەدا سەعاتێک و لاى ئەوەوە- ڕۆژنامەگەلی کۆنینە و ئەلبووم. بە دیوارەکەیشەوە وێنەیەک و ئاوێنە هەڵواسراون.
پیرەمێرد- ڕۆژانە، بەرەبەیان و دوانیوەڕۆ، بۆ پیاسە دەچووە دەرەوە و چەند وشەیەکیش لەگەڵ هاوسێیەکاندا قسەى دەکرد. ئێوارانیش خوانەکەى لەسەر مێزەکە دەڕازاندەوە و دەیخوارد.
ئەم بەرنامەیە هەرگیز گۆڕانى بەسەردا نەدەهات. تەنانەت یەکشەممانیش هەر ئاوا بوو. کاتێکیش لە پشت مێزەکەیەوە دادەنیشت و نانى دەخوارد، دەنگی چرکەچرکی سەعاتەکەى دەبیست، سەعاتەکە هەمیشە چرکەچرکی دەکرد.
سەرەنجام ڕۆژێک هەموو شتێک بوو بە جۆرێکی تر. ڕۆژێکی خۆرەتاو، نە زۆر گەرم و نە زۆر سارد، بە دەنگی باڵندەکان، لەگەڵ خەڵکانى میهرەبان و منداڵانێک کە یارییان دەکرد. جا لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەمەى کە تێکڕاى ئەمانە بە بۆچوونی پیرەمێرد ئاسایی دەردەکەوتن.
پیرەمێرد زەردەیەکی کرد و لەگەڵ خۆیدا بیری کردەوە، ״ئێستا هەموو شتێک جۆرێکی تری لێ دێت.״ قۆپچەى یەخەى کراسەکەى کردەوە، کڵاوەکەى بە دەستەوە گرت و خێراتر هەنگاوى هەڵێنا. بسکەى سمێڵی دەهات و کەیفى ساز بوو. کە گەیشتە شەقامەکە، سەرێکی بۆ منداڵەکان ڕاوەشاند، گەیشتە بەر دەرکەى ماڵەکەى، بە پلیکانەکاندا سەر کەوت، کلیلەکەى لە گیرفانى دەرهێنا و قفڵی دەرکەى ژوورەکەى کردەوە.
لە ژوورەکەیدا بەڵام هەموو شتێک وەکوو پێشان بوو. مێزێک، دوو کورسى، تەختێک و هەتا دانیشت، دەنگی چرکەچرکی سەعاتى بیست. خۆشییەکان تەواو بووبوون و هیچ شتێک نەگۆڕابوو.
پیاوەکە چاک گڕی گرت و تووڕە بوو.
لە ئاوێنەدا بینی کە چۆن ڕەنگی سوور هەڵگەڕاوە و پەڕیوە. بینی کە چۆن چاو دەترووکێنێت. پاشان دەستەکانى مشت کرد، بەرزى کردەوە و کێشای بە مێزەکەدا. سەرەتا تەنیا جارێک، پاشان دانەیەکی تر. پاشان دەستی کرد وەکوو تەپڵلێدەرەکان کێشان بە مێزەکەدا. لەو کاتەیشدا هەر هاوارى دەکرد: ״دەبێ بگۆڕێ، دەبێ ببێتە جۆرێکی تر.״
ئیتر دەنگی چرکەچرکی سەعاتى نەدەبیست، پاشان دەستەکانى ئازاریان تێکەوت، دەنگیشى بە زەحمەت دەردەهات. دیسان دەنگی چرکەچرکەکەى بیست. هیچ شتێکیش نەگۆڕابوو.
پیاوەکە لەگەڵ خۆیدا گوتی: ״دیسانیش هەمان مێز، هەمان کورسی، هەمان تەختەخەو، هەمان وێنە. من بە مێز دەڵێم مێز و بە وێنەش دەڵێم وێنە. ناویان لە تەختەخەو ناوە تەختەخەو، بە کورسییش دەڵێن کورسی. بەڵام ئاخر بۆ؟ فەڕەنسییەکان بە تەختەخەو دەڵێن دەڵێن- لی، بە مێز- تابڵ، بە وێنە- تابلۆ و بە کورسییش دەڵێن- شێز. سەرەڕای ئەمەش لە مەبەستی یەکتر تێدەگەن. چینییەکانیش هەروەها.״
پیرەمێرد لەگەڵ خۆیدا بیری کردەوە، ״ئەسڵەن بۆچى بە تەختەخەو ناڵێن وێنە״ و بزەى کرد.
پاشان پێکەنین گرتی. قاقایەکی واى لێ دا هاوسێیەکان کێشایان بە دیواردا و هاواریان کرد: ״بێدەنگ!״
پیاوەکە هاواری کرد: ״لە ئێستاوە هەموو شتێک دەگۆڕێ.״ هەر لەو کاتەوە ناوى تەختەخەوەکەى نا، وێنە. پاشان گوتی: ״ماندووم، دەمەوێ بڕۆمە وێنەکەمەوە.״ بەرەبەیانیش ماوەیەکی زۆر لە وێنەکەیدا مایەوە و لەگەڵ خۆیدا بیری کردەوە ئێستا ناوى کورسییەکە بنێت چی. ناوى لە کورسییەکە نا سەعات. باشە، هەستا، جلی لەبەر کرد، دانیشت لەسەر سەعاتەکە و دەستەکانى خستنە سەر مێزەکە. بەڵام مێز مێز نەبوو، ئێستا ناوى نابوو فەرش. کەواتە، بەیانى لە وێنەکە هاتە دەرەوە، جلی لەبەر کرد، دانیشت لە پشت فەرشەکە لەسەر سەعاتەکە و بیرى کردەوە ناوى چى لە چی بنێت.
ناوى لە تەختەخەوەکە نا وێنە،
مێز، فەرش
کورسی، سەعات
ڕۆژنامە، تەختەخەو
ئاوێنە، کورسی
سەعات، ئەلبووم
بۆفى، ڕۆژنامە
فەرش، بۆفی
وێنە، مێز و
ئەلبوومەکەى ناو نا ئاوێنە.
بەم پێیە:
پیرەمێرد بەرەبەیان ماوەیەکی زۆر لە وێنەکەیدا مایەوە. سەعات نۆ ئەلبوومەکە زەنگی لێ دا، پیاوەکە هەستا و بۆ ئەوەى قاچەکانى نەتەزن لەسەر بۆفییەکە وەستا، پاشان جلەکانى لەناو ڕۆژنامەکە دەرهێنان و لە بەرى کردن. لە کورسییەکەدا کە بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوو تەماشای کرد، دانیشت لەسەر ساعەتەکە لە پشت فەرشەکەوە پەرژایە سەر هەڵدانەوەى ئاوێنەکە تا ئەوەى مێزەکەى دایکی بینی.
پیاوەکە بەڕاستی کەیفى دەکرد. هەموو ڕۆژەکە سەرقاڵی پەراوە و پەیداکردنی ناوگەلى تازە بوو. ئیتر هەموو شتێک ناوگۆڕکێی پێ کەوتبوو: ئەو ئێستا پیاو نا بەڵکوو پێ بوو، پێیش بەیانی و بەیانى بووبووە پیاو.
درێژەى چیرۆکەکە خۆتان دەتوانن بینووسن. دەتوانن وەکوو پیرەمێرد ناوەکان بگۆڕن:
زەنگلێدان دەبێتە دانان،
تەزین دەبێتە تەماشاکردن،
ڕاکشان دەبێتە زەنگلێدان،
بەپێوەوەستان دەبێتە تەزین،
بەم پێیە:
پیاوەکە، پیرپێ ماوەیەکی زۆر لە وێنەکەدا زەنگی لێ دا. سەعات نۆ ئەلبوومی میقات کردبوو و پێ لەسەر بۆفى هەڵی دایەوە تا بەیانییەکەى تەماشا نەکات.
پیرەمێرد دەفتەریادی شینڕەنگی کڕی و دەستی کرد بە نووسینی ناوگەلی تازە. ئەوەندە سەرقاڵی ئەم کارە بوو کە ئیتر لە کۆڵاندا دەرنەدەکەوت.
نەختەنەختە بۆ هەموو شتێک ناوێکی تازەى پەیدا کرد. ناوە ڕەسەنەکانیش زیاتر زیاتر لە بیری چوونەوە. ئەو زمانێکی تازەى هەبوو، کە تەنیا هیی خۆی بوو.
جارجار بە زمانە تازەکە خەونیشى دەبینی. پاشان گۆرانییەکانى قۆناغی مەکتەبی بۆ زمانە تازەکەى وەرگێڕا و بەکاوەخۆ زەمزەمەى دەکرد.
بەڵام نەختەنەختە وەرگێڕانى بۆ دژوار دەبوو. ئاخر زمانە کۆنەکەى تەقریبەن فەرامۆش کردبوو. دەبوایە هەر لە دەفتەریادە شینەکەیدا بە دواى ناوە ڕاستەکاندا بگەڕێت. ئیتر دەترسا لەگەڵ خەڵکیدا قسە بکات. هەموو جارێک ناچار بوو زۆر لە خۆی بکات تا بیری بکەوێتەوە کە خەڵکی بە هەرشتێ چی دەڵێن.
بە وێنەکەى ئەویان دەگوت، تەختەخەو
بە فەرشەکەى، مێز
بە تەختەخەوەکەى، ڕۆژنامە
بە کورسییەکەى، ئاوێنە
بە ئەلبوومەکەى، سەعات
بە ڕۆژنامەکەى، بۆفی
بە مێزەکەى، وێنە و
بە ئاوێنەکەى ئەویان دەگوت ئەلبووم،
جا بە کورتی هەر ئاوا، تا ئەو شوێنەى پیرەمێرد کە قسەکردنی خەڵکی دەبیست پێکەنین دەیگرت. پێکەنین دەیگرت کاتێک بۆ نموونە دەیبیست کەسێک دەیگوت: ״ئێوەش بەیانى دەچن بۆ تەماشای تۆپى پێ؟״ یان کاتێک کەسێک دەیگوت: ״ئیستا دوو مانگە کە باران دەبارێت.״ یان: ״مامەم لە ئەمەریکا دەژی.״
بە کورتی، پێکەنین دەیگرت؛ چونکە لەم قسانە تێنەدەگەیشت.
بەڵام ئەم چیرۆکە ئەسڵەن حەنەکاوى نییە. بە خەفەت دەست پێ دەکات، بە خەفەتیش کۆتایی دێت.
پیرەمێرد، بە پاڵتۆی خۆڵەمێشییەوە، ئیتر لە قسەى خەڵکی تێنەدەگەیشت. بەڵام ئەمە زۆر خەراپ نەبوو. زۆر خەراپتر ئەوە بوو کە خەڵکی لە قسەى ئەو حاڵی نەدەبوون و لەبەر ئەمە ئەو ئیتر شتێکی نەگوت. بێدەنگەى لێ کرد. بەس لەگەڵ خۆیدا قسەى دەکرد. ئیتر سڵاویشى لە کەس نەکرد.