نووسینەکەت بە دروستی بەیان بکە

ئەوەی دەیخوێننەوە، نامەیەکی ئانتوان چێخۆفە بۆ ئالکسی سێرجیوچ سوورین. سەبارەت بە نووسین؛ زۆر جار نامەی نووسەران، وەک وانەیەکی کارگەی چیرۆکنووسین سەیر دەکرێت و گرنگیی خۆی هەیە بۆ نووسەرە تازەکارەکان، بگرە ئەوانەیش کە ئەزموونی ساڵانی ساڵیان هەیە..” -چیرۆک

بۆ ئالکسی سێرجیویچ سوورین

… من هەمیشە لە گفتوگۆ لەگەڵ هاوکارە ئەدەبییەکانمدا جەخت لەوە دەکەمەوە، کاری هونەرمەند چارەسەری ئەو کێشانە نییە، کە پێویستییەکەی، هەبوونی هونەری شارەزایانەیە. جێی داخە ئەگەر نووسەرێک خۆی بە بابەتێکەوە خەریک بکات کە تێی ناگات. ئيمە شارەزایانێکمان هەیە کە دەپەرژێنە سەر بابەتی تایبەت. ئەمە کاری ئەوانە کە دەربارەی داهاتووی سەرمایەداری، گرفتی شارەوانییەکان، نەخۆشییەکانی ژنان و زیانەکانی مەستی بۆچوون دەرببڕن. هونەرمەند تەنیا دەبێت لە بارەی ئەو شتەوە کە دەیزانێت بۆچوون دەرببڕێت. گۆڕەپانی کردار بۆ ئەو، هەمان ئەندازەی شارەزایەکی تایبەتمەند سنووردارە. من هەمیشە ئەم خاڵە دووبارە دەکەمەوە و تەئکیدی لێ دەکەمەوە، سەرزەمینێک کە تێیدا هیچ پرسیارێک نییە جگە لە وەڵامەکان، پەیوەستە بە کەسانێکەوە کە هەرگیز هیچیان نەنووسیوە و هیچ ئەزموونێکی خەیاڵی شاعیرانەیان نییە.
هونەرمەند تەماشا دەکات، گریمانە دەکات، هەڵدەبژێرێت و پێکهاتەیەک دەخوڵقێنت و لەم ڕەوتەدا ئەگەرەکانی بابەتەکە دەخرێنە ڕوو؛ مەگەر ئەوەی کەسێک لە سەرەتاوە چاودێری مەسەلەیەک بێت و هیچ دەرفەتێک بۆ گریمانە و گومان یان هەڵبژاردن نەمابێتەوە. کورتی کەمەوە، من خۆیشم دەمەوێت ئیتر سوود لە زمانی دەروونناسی وەرنەگرم، ئەگەر کەسێک قەبووڵ نەکات کە کاری داهێنەرانە دەرگیری ئامانج و مەسەلەیەکە، دەبێت قەبووڵی بکات کە هونەرمەند بەبێ ئامانج و وێنای پێشینە، لە حاڵەتی پەرێشانیی دەروونیدا بەرهەم دەخوڵقێنێت. لە ئەنجامدا ئەگەر نووسەرێک شانازیی بەوەوە بکات، کە بەبێ گەڵاڵە یان ئیلهامێکی کتوپڕ، ڕۆمانێکی نووسیوە، دەڵێم شێتە. تۆ ڕاست دەکەیت، کە دەڵێیت هونەرمەند دەبێت زیرەکانە کار بکات، بەس دوو مەسەلە تێکەڵ دەکەیت: بەیانکردنی دروستی

مەسەلەکە و چارەسەرەکەی. بۆ هونەرمەند تەنیا ئەوەی یەکەمیان پێویستییە. لە ״ئانا کارنینا״ یان ئۆپێرای ״ئۆژین ئونگین״دا تەنانەت یەک مەسەلەی سادەیش چارەسەر نەکراوە، بەڵام هەردووکیان ڕازیت دەکەن، چونکە هەموو مەسەلەکان بە دروستی بەیان کراون.

ئانتوان چێخۆف
مۆسکۆ/ ٢٧ـی ئۆکتۆبەری ١٨٨٨



وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *