چیرۆکی کوردی لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە کە مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە بە مانا هونەرییەکەی لە ئەدەبی کوردیدا، تاکو ئێستا هەڵگری سیما و خەسڵەتی هونەری جیاوازە کە بە پێی قۆناغەکانی پێشکەوتنی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بەڵام سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە قۆناغێکی تازەی گەشەکردنی چیرۆکی کوردی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و تەکنیکەوە دادەنرێت.
ئاخۆ پێشتر هیچ هەوڵێکی نوێکردنەوەی چیرۆکی کوردی بەر لەو قۆناغە دراوە؟ کتێبی سەدرەدین عارف نوێکاری چیرۆکی کوردی کە چیرۆکنووس و لێکۆڵەر سابیر ڕەشید نووسیویەتی، تا ڕادەیەکی زۆر وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و سەرەتاکانی نوێکردنەوەی چیرۆکی کوردی و دەرچوون لە سێیانەی مۆپاسانی ڕوون دەکاتەوە.
ئەم کتێبە دەکرێت بڵێین لە دووبەشی سەرەکی پێکهاتووە. لە بەشی یەکەمیاندا، نووسەری کتێبەکە سەرلەنوێ سەرجەم ئەو چیرۆکانەی ‘سەدرەدین عارف’ی کۆکردوونەتەوە و جارێکی تر لەو کتێبەدا بڵاویکردوونەتەوە، کە ژمارەیان نۆ چیرۆکە و لە ماوەی سی ساڵدا نووسراون. بێگومان کۆکردنەوەی ئەم چیرۆکانە لە کتێبێکدا، کارێکی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ خوێنەرانی چیرۆک و توێژەرانیش بە تایبەتی ئەگەر مەبەستیان بێت لە بارەی ئەو چیرۆکنووسە و دنیابینی چیرۆکەکانی بنووسن. چونکە لە پەراوێزی خوێنەوەی چیرۆکەکانەوە، خوێنەر دەشێت ڕاڤەی ناوەڕۆک و فەزای چیرۆکەکان و ئەو تەکنیکانەش بکات کە چیرۆکەکانی پێ نووسراون. ئەگەر بە وردی سەرنج لەو نۆ چیڕۆکە بدەین، دەبینین ناوەڕۆکی چیرۆکەکان ڕەنگدانەوەی کێشە نەتەوایەتی و چینایەتی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانن لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا. ئەوەی بۆمن وەک خوێنەرێک لەو چیرۆکانەدا جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە، کە چیرۆکەکان بە زمانێکی ڕەسەنی کوردی و پەتی نووسراون و زۆر بە دەگمەن وشەی بیانی لەو چیرۆکانەدا هەیە. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە دەکرێت لە میانەی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانەدا، ستایڵی تایبەتی ئەو چیرۆکنووسەمان لە بواری نووسینی چیرۆکدا بۆ دەربکەوێت.
بۆ نموونە: کە یەکەم چیرۆکی دەخوێنینەوە کە لە ساڵی 1967 نووسیویەتی و دوا چیرۆکیشی دەخوێنینەوە کە لە ساڵی 1997 نووسیویەتی، زۆر بە ئاسانی درک بەوە دەکەین کە سەدرەدین عارف، لە سەر یەک ستایڵ و تەکنیکی تایبەت بە خۆی بە جیاوازی ڕووداو و ناوەڕۆکی چیرۆکەکان، چیرۆکی نووسیوە. واتا بە ئاسانی مۆرک و ناوەڕۆکی ئەو چیرۆکانە دەناسینەوە.
ناوەڕۆکی چیرۆکەکانی بە گشتی، ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی و خەم و ئازارەکانی مرۆڤی کورد بوونە، کە ئەمەش دەلالەتە لەوەی کە چیرۆکنووس لە نزیکەوە لەگەڵ خەم و ئازاری گەلەکەی ژیاوە. خاسیەتێکی دیکەی ئەو چیرۆکانە بۆ من وەک خوێنەرێک کە جێگەی لە سەر وەستان بوو، ناوی کارەکتەر و پاڵەوانەکانە. سەدرەدین عارف لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەوڵی داوە شووناسی کوردانە بە ناوی کارەکتەرەکانەوە بلکێنێت. یاخود بە گۆکردنێکی کوردانەوە، ناوی کەسەکان بهێنێت. بۆنموونە: ناوی کارەکتەری چیڕۆکەکانی (نەژاد، قالە، حەمە، گەلاوێژ، شێرزاد، حەمە غەریب، سۆفی عەلی، شێرکۆ، فەرهاد، مەلا پیرداود وهیوا)یە. ئەم ناوانە بە بڕوای من، ڕەنگدانەوەی ئەو زمانە پەتیەن کە چیرۆکەکانی پێ نووسراون. ئەگەر ناوێکیش شوناسێکی عەرەبییانەی هەبێت، چیرۆکنووس هەوڵی داوە ناوەکە لەگەڵ زمان و دەربڕینی کوردی بگونجێنێت. لە زمانی ناوچەکانی سلێمانی و شوێنەکانی دەوروبەری (محمد) دەکەنە (حەمە) و(قادر) دەکەنە (قالە). کە ئەمیش لە چیرۆکەکانیدا بە هەمان شێوە ناوی حەمە و قالە دەهێنێت. وێڕای ئەمەش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەو ناوانە برەوێکی زۆریان هەیە کە هەڵگری پێشناوێکی ئایینین. لە چیرۆکەکانی سەدرەدین عارفیشدا، چەند ناوێکی وەک: (سۆفی عەلی، مەلاپیرداود، مەلا سعید و مەلا قادر) هەن. واتا ناوەکان شوناسێکی کوردانەیان پێ دراوە.
بەشی دووەمی ئەو کتێبە، لە دوو بابەتی سەرەکی پێکهاتووە، لە بابەتی یەکەمیاندا، نووسەری کتێبەکە پێگەی سەدرەدین عارفی لە بیبلۆگرافیای چیرۆکی کوردیدا خستووەتە ڕوو کە تیایدا ئاماژەی بە چەند سەرچاوەیەک لە بارەی مێژووی چیرۆکی کوردی کردووە.
بابەتی دووەم لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و فراوانە لە بارەی تەکنیک و ناوەڕۆکی ئەو نۆ چیرۆکەی چیرۆکنووس کە لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بڵاوکراونەتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە هەرچەندە کورتە، بەڵام پوخت و چڕە و دەروازەیەکی باشە بۆ ناسینی ئەزموونی ئەو چیرۆکنووسە لە بواری چیرۆکدا. بەڵام لەوەیان گرنگتر لە ڕوانگەی من وەک خوێنەرێک ئەوەیە، خوێنەر کە ئەو لێکۆڵینەوەیە دەخوێنێتەوە دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە نوێکردنەوەی چیرۆکی کوردی لە ڕووی ڕەگەزەکانی تەکنیکەوە، بۆ پێش حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بە دیاریکراویش لە چیرۆکەکانی ئەو چیرۆکنووسەوە دەبینرێت. تەنانەت بەشێک لەو تەکنیکانە، پێشتر لە چیرۆکی کوردی نەبوونە و ئەم یەکەم جار بەو تەکنیکەوە چیرۆکی نووسیوە. لەم ڕوانگەیەشەوە نووسەری کتێبەکە ئاماژە بە چەندین ڕەگەز دەکات کە بەرلەوەی لە ساڵانی حەفتاکاندا لە چیرۆکی کوردی دابهێنرێن، ئەوا سەدرەدین عارف لە نیوەی دووەمی شەستەکانەوە ئەو ڕەگەزانەی لە چیرۆکەکانیدا بەرجەستە کردووە. دیارە ئەو ساغکردنەوەیەش لە پەراوێزی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکانەوە بووە. بە بڕوای نووسەری کتێبەکە، چیرۆکنووس بەرلە حەفتاکان چەند ڕەگەزێکی تازەی لە تەکنیکی چیرۆکەکانەوە بەرجەستە کردووە. ئەم یەکەم کەسە بەو شێوەیە چیرۆکی نووسیبێت. لەم ڕوانگەیەشەوە نووسەری کتێبەکە باس لەوە دەکات کە سەدرەدین عارف یەکەم کەسە بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک، چیرۆک بگێڕێتەوە و پێشتر بەو شێوەیە نەبووە. هاوکات هونەری چڕکردنەوەی زمانی پەیڕە و کردووە و خۆی لە درێژدادڕی پاراستووە، لە کاتێکدا زۆربەی ئەو ڕۆمانانەی ئێستا بڵاو دەکرێنەوە، بە هەدەردانی وشە و درێژدادڕییەکی زۆریان تێدایە. وێڕای ئەمەش، بەر لە حەفتاکان، ئەم ڕەمزی لە چیرۆکەکانیدا بەکار هێناوە. هاوکات بایەخی بە فلاشباک داوە. یەکێکی دیکەش لە خاسیەتە هونەرییەکانی ئەم چیرۆکنووسە ئەوەیە، کە چیرۆکەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، ئەمەش وەک بەشدارییەکی خوێنەر لە تەواوکردن و بیناکردنی چیرۆکەکە. هاوکات بایەخی بە فۆلکلۆری کوردیش داوە و تێکهەڵکێشی چیرۆکەکانی کردووە. ئەمانە و زۆر خاسیەتی دیکەش.
بە گشتی خوێنەر کاتێک کتێبەکە دەخوێنێتەوە، درک بەوە دەکات کە ئەم چیرۆکنووسە ڕۆڵێکی گرنگی لە نوێکردنەوەی چیرۆکی کوردی بینیوە و توانیویەتی شووناسی خۆی لە نەخشەی چیرۆکی کوردی دابنێت. ئەگەرچی ژمارەی چیرۆکەکانی لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ چیرۆکنووس گرنگ بووە، چۆنیەتی چیرۆکەکان بووە نەک چەندایەتی. لە کۆتاییدا دەستخۆشانە لە نووسەری کتێبەکە دەکەم و دڵنیام ئەم هەوڵەشی دەچێتە سەر خەرمانەی هەوڵەکانی پێشووتری کە لە بواری نووسینەوەی مێژووی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی داویەتی و بەردەوامیشە و ئێستاش سەرقاڵی دانانی ئەنسکلۆپیدیایەکی تایبەت بە چیرۆکی کوردییە و هیودارم تەمەن دەرفەتی بدات تەواوی بکات.
—
- سەدرەدین عارف نوێکاری چیرۆکی کوردی، نووسینی: سابیر ڕەشید، بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم_2018 سلێمانی..