نێرگزفرۆش.. جێگر بەختیار

١

لە لێواری ڕێگاکە ڕاوەستاوم لە دەوری خۆم دەڕوانم، وا ھەست دەکەم دونیا بە دەورمدا دەخولێتەوە، لەم گەردوونە سەرم گێژ دەخوا، بە ھەردووک دەستم سەرم دەگوشم، وەک بڵێی بمەوێت ئەم زەوییە بفلیقێنمەوە؛ مینای پیاوێکی زەلیلم لە بەردەم دادگای ویژدان.

چەند خولەکێک دەبێت گەیشتوومەتە ئێرە، بۆ سۆراغی ئەو مێردمنداڵە. بە دوایدا دەگەڕێم و نایدۆزمەوە، ئەو لێرە نییە، ڕەنگە ھەر لێرە نەبووبێت، ڕەنگە تارماییەکی نێردراوی خودا بێت تا پەرجوویەکم نیشان بدات، کۆیلەکانی ژێر ڕکێفی تەکنەلۆژیا بە پەرجوو نەبێت بە ھۆش خۆیان نایەنەوە، ڕەنگە منیش کۆیلەیەکی ناو چنگی تەکنەلۆژیا بووبم.

لێرە وەستا بوو، ڕێک ئەو شوێنەی من، دوو مەتر لە پێش تاسەکە، بە دەستی ڕاستی چەپکێک نێرگزی بۆ بەردەمی درێژ کرد بوو، تەشتێک کە پڕاوپڕ بوو لە چەپکە نێرگز لە بەردەمی داندرابوو، کە گەیشتمە بەردەمی جامی ئۆتۆمبێلەکەمم ھێنایە خوارەوە و چەپکێک نێرگزم لێ وەرگرت، نێرگزەکان یەک شەوەی تەمەنیان بوو، دەستم برد بۆ گیرفانم تا پارەکەی پێ بدەم،  کامێرەکەمم بینی کە لە سەر کوشنەکە دامنا بوو، چەپکە نێرگزەکەم خستە سەر (دەشبوڵ)ـی ئۆتۆمبێلەکەم و ئۆتۆمبێلەکەمم لادایە سەر خۆڵەکە و کامێراکەم ھەڵگرت تا بچم ھەندێک وێنەی بگرم، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی ھەبوو، ئەوە بۆ من دەرفەتێکی باش بوو تا وێنەکان لە فێستیڤاڵێک بەشداری پێ بکەم. قاچەکانم نوشتاندنەوە، کەمێک گەڕامە دواوە، بە کامێراکەم چەند وێنەیەکم گرت، شوێنی خۆمم دەگۆڕی، زوومەکەم دەھێنایە پێشەوە و دەمگەڕاندەوە دواوە، دووبارەم دەکردەوە تا جوانترین وێنە بگرم.

چوار تا پێنج خوولەک بە کامێراکەم خەریکی وێنەگرتن بووم؛ ھیچ قسەیەکی نەدەکرد تەنیا سەیری دەکردم، وەک بڵێی ھیچ شتێک شایەنی گوتن نەبێت، لە ئەزەلەوە مرۆڤ بێ زمان لە دایک بووبێت، مرۆڤی بەدبەخت ددان بەم ڕاستییەدا نانێت کە ھیچ شتێک شایەنی گوتن نییە، ئێمە ھەر دەڵێین و کەس لە ئێمە ناگات، ھەر دەڵێین ھیچ شتێک ناگۆڕێت، ئەھریمەن ھانمان دەدات زمانمان لە دەمماندا بقرتێنین، کەچی دووبارە قسە دەکەین و کەس تێمان ناگات. ویستم سەر بکەومە ناو ئۆتۆمبێلەکەم و بڕۆم، لە دواوە دامەنی چاکەتەکمی ڕاکێشا، گوتم: بەڵێ، چیت دەوێت؟

مینگەمینگێکی لێوە ھات زانیم لاڵە، دەستم جوڵاند وەک ئەوەی بڵێم: ھا چییە؟

چەند ئاماژەیەکی دەستی کرد کە من لێی تێ نەدەگەیشتم، زۆر جوان دەردەکەوت، کچێکی پازدە یا شازدە ساڵان بوو، پێڵوی چاوەکانی ڕەش ھەڵگەڕابوون، چەند دڵۆپە عارەقەیەک لە نێوچەوانی قەتیس مابوو، پەنجەی دۆشاومژەمم  بۆ لای چەپم درێژ کرد و بە دەوری خۆیم خولاندەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەم جوڵانە دووبارەی بکاتەوە، زوومی کامێراکەمم خسەتە سەر دەستەکانی و (شوت بوتن)ـەکەم داگرت، دوازدە جوڵەی کرد، تا دوا جوڵە تەواو بوو پەنجەم ھەڵنەگرت، کۆمەڵێک وێنەم بە شێوازی (کەنتنیوز ھایت) گرت، لە خۆشیی بەدەستھێنانی وێنەکان لە بیرم چوو لێی دووبارەی بکەمەوە چی دەوێت و جێمھێشت.

٢

چل ڕۆژ بەسەر ئەو وێنانە تێپەڕی بوو کە چرکاندبووم، ڕاکەڕاکی ڕۆژانەم دەرفەتی نەدابووم سەیریشیان بکەم، پەنچەی ئەسپێکوژەمم بەسەر شاشەی مۆبایلەکەم دەخشاند لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە ئینتەرنێت سەیری یەکەیەکە ڕووداوەکانی ڕۆژم دەکرد، سەرنجم کەوتە سەر تایتڵی ھەواڵی ماڵپەڕێک؛«دەرگای وەرگرتن لەسەر وێنەکان دادەخرێت.» دوا وادە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە دیاری کرا بوو، بەپەلە (میمۆری) سەر کامێراکەم دەرکرد و خستمە سەر کۆمپیوتەرەکەم، دەستم کرد بە سڕینەوەی ھەندێک لە وێنەکان و لە کۆتاییدا چواردە وێنەم دەستنیشان کرد، دواتر بە وردی سەیری ھەر یەکەیانم کرد تا بە یەکێک لەم وێنانە بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا بکەم، بە خێرایی بە سەر دوازدە وێنەیان تێدەپەڕیم و دووبارە دەگەڕامەوە، لام چەند سەیر بوو، بۆ پێشتر بیرم لەمە نەکردبووەوە، ڕەنگە ئەم وێنانە ئاماژە بن بۆ شتێک یان کەسێک یاخود ئەم کچە ھەوڵی ئەوەی دابێت شتێک بە من بڵێت، بەڵام چی؟ نازانم! ئاخر خۆ من زمانی ئاماژە نازانم تاکو تێی بگەم، ئەوەی لەو کاتە دا بیرم بەسەریدا پەرژابێت تەنیا جوانی وێنەکانم بووە،  تەنیا بیرم لە خۆم کردووەتەوە، ھیچ شتێک ھێندەی خودپەرستی بۆم گرینگ نەبووە.

٣

وێنەکانم جیا کردەوە، تا بۆ ھاوڕێیەکم بنێرم، کە لە یەکێک لە ڕێکخراوە خۆبەخشە مرۆییەکاندا، گوندەکان دەگەڕێن و ئەم منداڵە لاڵانە فێری زمانی ئاماژە دەکەن، وێنەکانم بۆ نارد تاکو بزانێت ئەم وێنانە چی دەگەیەنن.

وێنەی یەکەم/

پەنجەی دۆشاومژەی دەستی چەپی بەرز کردبووەوە، چوار پەنجەکەی تری نوشتاندبووەوە، پەنجەی دۆشاومژە و ئەسپێکوژەی دەستی ڕاستی لە سەر پەنجەی دۆشاومژەی دەستی چەپی دانابوو بۆشاییەک لە نێوانیاندا ھەبوو تەواوی پەنجەکانی تریشی نوشتاندبووەوە.

وێنەی دووەم/

پێنج پەنجەکەی دەستی راستی کردبوویەوە وە ناو لەپی دەستی ڕووی لە من بوو، سەرە پەنجەی دۆشاو مژەی چەپی لە سەر پەنجەی ئەسپێ کوژەی دەستی راستی دانابووە و پەنجەکانی تری نوشتاندبوویەوە.

وێنەی سێیەم/

دەستی چەپی بۆ لای ڕاستی درێژ کردبوو بە شێوەیەک ھەر چوار پەنجەکە لە پاڵ یەکتر و پەنجەی دۆشاومژەش ڕووی لەسەرەوە بوو، پەنجەی دۆشاومژە و ئەسپێکوژەی دەستی ڕاستی لە ناو لەپی دەستی چەپی دانابوو بۆشاییەکی لە نێوانیاندا ھەبوو، سێ پەنجەکەی تریشی نوشتاندبووەوە.

وێنەی چوارەم/

وەک وێنەی دووەم بوو.

وێنەی پێنجەم/

پەنجەی دۆشاومژە و پەنجەی ئەسپێکوژەی ھەردووک دەستی وەک قولاپ لێ کردبوو بەڵام بە پێچەوانەی یەکتر لە سەر یەکی دانابوو.

وێنەی شەشەم/

وەک وێنەی دووەم و چوارەم بوو.

وێنەی حەوتەم/

دەستی چەپی بۆ خوارەوە شۆڕ کردبووەوە، پەنجەی برایتوتە و باڵابەرزە و دۆشاومژەی دەستی ڕاستی لە ناو لەپی دەستی چەپی دانابوو و پەنجەی توتەی و ئەسپێکوژەی نوشتاندبووەوە.

وێنەی ھەشتەم/

وەک وێنەی یەکەم بوو.

‎وێنەی نۆیەم/

‎پشتی دەستی چەپی لەمن کردبوو و پەنجەی توتە و برایتوتە و باڵابەرزەی نوشتاندبووەوە، سەری پەنجەی دۆشاومژەی دەستی ڕاستی لە سەر پەنجەی دۆشاومژەی دەستی چەپی دانا بوو و پەنجەکانی تریشی نوشتاندبووەوە.

‎وێنەی دەیەم/

‎ھەردووک دەستی بۆ یەکتر ھێنابووەوە شێوەی دڵێکی درووست کردبوو.

‎وێنەی یانزدەیەم/

‎پەنجەی دۆشاو مژەی دەستی چەپی بەرز کردبووەوە و پەنجەکانی تری نوشتاندبووەوە، پەنجەی توتە و برایتوتە و باڵابەرزە و دۆشاومژەی دەستی ڕاستی بەیەکەوە لە سەری پەنجەکە دۆشاومژەی دەستی چەپی دانابوو پەنجەی ئەسپێکوژەشی لە خوارەوە دانا بوو.

‎وێنەی دوازدەیەم/

‎وەک وێنەی دووەم و چوارەم و شەشەم بوو.

‎دوای ئەوەی ھاوڕێکەم وێنەکانی بینیبوو، لێکدانەوەی ھەر وێنەیەکی بە پیتێک دیاری کردبوو، پێی گوتم کە  ئاماژە دەستییەکان لە سەر پیتە ئینگلیزییەکان درووستکراون، ھەر یەکێک لەم پیتانە ئاماژەیە بۆ پیتێک، پیتە ئینگلیزییەکانیش ھەمان پیتە کوردییەکان دەگەیەنن.

ئێستا کۆتایی بە تەمەنی نێرگز ھاتووە، نازانم ئەم جۆرە ژیانەی من وای کرد عارەقەی منداڵێک نەبینم یان تەکنەلۆژیا کۆدی مێشکمانی تەواو تێک داوە، لە لێواری ڕێگەکە ڕاوەستاوم، لە دەوری خۆم دەڕوانم، دونیا بە دەورم دەخولێتەوە، لەم گەردوونە، سەرم گێژ دەخوا و نێرگزفرۆشەکە بە گوێمدا ھاوار دەکات: پارەکەم پێ بدە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *