هەموو منداڵانی خودا دەتوانن سەما بکەن.. هارووکی موراکامی

لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

یۆشییا بە سەرئێشەیەکی زۆر خراپەوە خەبەری بووەوە. بە ئەستەم توانی چاوێکی بکاتەوە؛ پێڵوی چەپی هیچ نەدەجوڵا. سەری هێندە ڕەق و قورس بوو، هەستی دەکرد شەو پڕ بووە لە ددانی کلۆر. شلەیەکی بۆگەنی لینج لە شەویلگەیەوە دەهاتە دەرەوە، وەک ئەوەی لە ناوەوە لە مێشکی خواردبێت و لەگەڵ خۆیدا هێنابێتییە دەرەوە. گەر پشتگوێی بخستایە، ئەوا بێ مێشک دەمایەوە، ئەوەش شتێکی خراپ نەبوو. تەنها شت کە پێویستی پێی بوو: کەمێک خەوی دیکە بوو. بەڵام دەیزانی ئەوە ئەستەمە. هەستیکرد، لەوە ناشرینتر و قیزەونترە بخەوێتەوە.

لای سەرینەکەوە بۆ کاتژمێرەکە گەڕا، بەڵام دیارنەمابوو. بۆ لەوێ نەمابوو؟ چاویلکەکەشی دیار نەبوو. ڕەنگە فڕێی دابێتنە شوێنێکەوە. پێشتر شتی لەوجۆرە ڕوویدابوو.

دەبوو هەستێت. توانی بەشی سەرەوەی جەستەی بەرزبکاتەوە، بەڵام ئەمە ئەوەندەی دیکە مێشکی شێواند بەسەر یەکدا، دەموچاویشی لە ناو سەرینەکەیدا نوقم بووەوە. ئوتومبیلێکی بەرز بە کۆڵانەکەیانەدا هات، تەنافی تەلی جل وشککردنەوەی دەفرۆشت. کۆنەکەیان لێ دەسەندیتەوە و دانەیەکی نوێیان دەدا پێت، بە بڵندگۆکە بەوجۆرە هاواریان دەکرد، نرخەکانیش، هەمان نرخی بیست ساڵ بەر لە ئێستە بوون. دەنگە ناخۆشە درێژەکە، هی پیاوێک بوو لە نیوەی تەمەنیدا. بەو دەنگە دڵی بەیەکدا هات، بەڵام نەیتوانی بڕشێتەوە.

بە پێی قسەکانی هاوڕێیەکی، باشترین چارەسەر بۆ سەرئێشەیەکی ئاوا خراپ، ئەوەیە سەیری بەرنامەیەکی چەنەبازیی بەیانیان بکەیت. دەنگە بەرز و ناخۆش و قێزەونەکەی پێشکەشکارەکە، هەموو ئەو شتانەی ناوسکت دەهێنێتە دەرەوە، کە شەوی پێشتر خواردووتن و خواردوتنەتەوە.

بەڵام یۆشییا هێزی نەبوو خۆی تا لای تەلەفیزیۆنەکە ڕابکێشێت. تەنها هەناسەدانی توند، خراپ نەبوو بۆی. بەردەوام لە بەرچاویدا چەند ڕایەڵێکی ڕوناکی ڕوونی پچڕپچڕی تێکەڵ بە دوکەڵێکی سپی دەخولانەوە، ئەمەش دیمەنێکی تەخت و سەیری زەوی نیشاندەدا. هەستی مردن بەم جۆرەیە؟ باشە. بەڵام یەکجار بەس بوو. خوایە گیان، جارێکی دیکە وام لێ مەکەرەوە.

“خودا” وایلێکرد بیر لە دایکی بکاتەوە. دەستیکرد بە بانگکردنی دایکی بۆ پەرداخێک ئاو، بەڵام بەیادی هاتەوە کە بەتەنها لە ماڵەوەیە. دایکی و ئیماندارەکانی دیکە، سێ ڕۆژ پێشتر چووبوون بۆ کانسای[1]. جیهان هەموو جۆرە خەڵکێکی تێدایە: دایکی ئەم کوڕە لەشقورسە، کە سەری خەریک بوو لە تاو ئازاردا دەتەقی، خزمەتکارێکی خۆبەخشی خودا بوو. نەیدەتوانی هەستێت. هێشتا نەیدەتوانی چاوی چەپی بکاتەوە. بۆخاتری دۆزەخ، دەبێت لەگەڵ کێ بووبێت وا هێندە زۆری لەگەڵ خواردووەتەوە؟ بە هیچ جۆرێک لەیادی نەمابوو. هەر هەوڵدان بۆ بەیادهێنانەوەی، مێشکی وەک بەرد ڕەق دەکرد. دەی کێشە نییە لە ئێستادا: دواتر بیری لێدەکاتەوە.

پێنەدەچوو هێشتا نیوەڕۆبێت. بەڵام بەو شتە تێپەڕانەدابێت کە لەودیوو پەردەکەوە دەیبینین، یۆشییا هەستی دەکرد یازدە لایدابێت. بۆ بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیای بڵاوکردنەوەیەی کاری بۆ دەکرد، هەندێک دواکەوتن بۆ ئەندامە لاوەکانی ستافەکەی، کێشەیەکی وانەبوو. هەمیشە بە کارکردن تا درەنگ، قەرەبووی ئەو شتانەی دەکردەوە. بەڵام چوون بۆ کۆمپانیا لە دوای نیوەڕۆدا، چەند قسەیەکی ڕەقی بەڕێوەبەرەکەی لێدەکەوتەوە. دەیتوانی هەموو ئەمانە پشتگوێ بخات، بەڵام نەیدەویست هیچ کێشەیەک بۆ ئەو ئیماندارانە دروست بکات کە ئەم کارەیان بۆ پێشنیاز کردبوو.

کە لە ماڵ چووە دەرەوە، کاتژمێر یەک بووبوو. هەر ڕۆژێکی دیکە بوایە، بەهانەیەکی دەدۆزییەوە و لە ماڵەوە دەمایەوە. بەڵام دۆکیومێنتێک لەسەر مێزەکەی بوو، دەبوو ڕێکی بخات و هەر ئەمڕۆش پرنتی بکات، ئیشێکیش نەبوو بە کەسێکی دیکە بکرێت.

لە باڵەخانەکە چووە دەرەوە، ئەو باڵەخانەیەی لە ئاساگایا[2] لەگەڵ دایکی بەکرێی گرتبوو. بە میترۆی بەرزایی چوۆ[3] دا چوو بۆ یۆتسویا[4]، دەچوو بۆ هێڵی ژێر زەوی مارونۆوچی[5]، بە درێژایی کاسومیگاسێکی[6] لەوەدا مایەوە، جارێکی دیکە میترۆکەی گۆڕی، ئەمجارە هێڵی ژێر زەوی هیبیا[7]، لە کانییا چۆ[8] دابەزی. نزیکترین وێستگە بوو لە کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی ڕێبەری گەشتیاری بیانی، کە ئەم کاری لێ دەکرد. بە قاچە لەرزۆکەکانییەوە بە پلیکانە زۆرەکاندا سەردەکەوت و دادەبەزی.

کاتێک کاتژمێر نزیکی دەی شەو بە هێڵی ژێر زەمینی کاسومیگاسێکیدا دەگەڕایەوە، ئەو پیاوەی بینی کە نەرمایی گوێی نەمابوو. قژی نیوە ماشوبرنجی بوو، پێدەچوو لە نیوەی پەنجاکانی تەمەنیدا بیت: باڵابەرز، بێ چاویلکە، چاکەتێکی مۆدیل کۆنی قوماشی خەتخەتی لەبەردابوو، بریفکەیسێک بە دەستی ڕاستی. بە هەنگاوی خاو دەڕۆیشت، وەک کەسێک لە بیرکردنەوەیەکی قوڵدا بێت، لە هێڵی هیبیاوە بەرەو هێڵی چوۆ دەڕۆیشت. یۆشییا بێ بیرکردنەوە، شوێنی کەوت. لەوکاتەدابوو هەستی کرد قورگی وەک پێستێکی کۆن وشک بووە.

دایکی یۆشییا چل و سێ ساڵ بوو، بەڵام لە سی و پێنج ساڵ زیاتر دەرنەدەکەوت. ڕوخسارێکی پاک و کلاسیکی هەبوو، جەستەیەکی زۆر جوان و ڕێک کە بە پارێزێکی سادە و ڕاهێنانی قورسی بەیانیان و شەوان هێشتبوویەوە، پێستیشی تەڕ بوو. تەنها هەژدە ساڵ لە یۆشییا گەورەتر بوو، هەمیشە وادەزانرا خوشکە گەورەیەتی.

هەرگیز هەستی دایکایەتی و هەبوونی منداڵی ئەزموون نەکرد. بە جۆرێک نەدەژیا کە منداڵێکی هەیە، یاخود ڕەنگە خۆی ویستبێتی دایکێکی جیاوازبێت. تەنانەت دوای ئەوەی یۆشییا چووە خوێندنگەی ناوەندی و دەستیکرد بە سەرنجدانی بابەتە سێکسییەکان، ئەو هێشتا بە جلی ژێرەوەی تەسک و کورت بە ماڵەکەدا دەسوڕایەوە ـــــ یاخود هەر هیچی لەبەر نەدەکرد. بێگومان، لە دوو ژووری نوستنی جودا دەنوستن، بەڵام هەر شەوێک هەستی بە تەنهایی بکردایە، بە ڕووتی خۆی دەخزاندە ناو جێگەکەی کوڕەکەیەوە. وەک ئەوەی سەگێک یاخود پشیلەیەک لە ئامێزبگرێت، دەستێکی لە یۆشییاوە دەئاڵاند و دەخەوت. دەیزانی دایکی هیچ مەبەستێکی لەوە نییە، بەڵام هێشتا بەمە پەست دەبوو. دەبوو خۆی لولبکات بۆ شێوەیەکی زۆر سەیر، تا ڕەقبوونی زەکەری لە دایکی بشارێتەوە.

لەترسی کەوتنە ناو پەیوەندییەکی کوشندەوە لەگەڵ دایکی خۆیدا، یۆشییا بەدوای شێوازێکدا گەڕا تا لەوکاتانەدا ڕەق نەبێت. هەرکات شێوازێک سەرینەدەگرت، دەستیدەکرد بە دەستپەڕ کردن. تەنانەت کار تا ئەوەش ڕۆیشت سەردانی فرۆشگە سێکسییەکان بکات و ئەو پارەیەی لە کارە لاوەکییەکەیدا دەستیدەکەوت، لەوێ خەرجی بکات، لە کاتێکدا هێشتا خوێندکاری دواناوەندی بوو.

دەبوو ماڵەکەی دایکی جێبهێڵێت و بە تەنها دەستبکات بە ژیان کردن، یۆشییا دەیزانی لە کاتە هەستیارەکانی وەک چوونە کۆلێژ و کاتی دەستکردن بە کارێکی نوێ، گینگڵی لەگەڵ بژاردەی جێهێشتنی ماڵەوەدا دەدا. بەڵام ئەوەتا بیست و پێنج ساڵ بوو، بەڵام هێشتا نەیتوانیبوو لە ماڵ دووربکەوێتەوە. هەستی دەکرد یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوە، ئەوە بوو کە نەیدەزانی گەر دایکی بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەم چی بەسەر دێت. بە درێژایی ئەو ساڵانە، یۆشییا زۆربەی کات و ژیانی خۆی دابوو بە دایکی، بەوهیوایەی واز لەو شێتبوون و خۆوێرانکردنە لەناکاو و کێوییانە بهێنێت کە بەردەوام بەسەریدا دێت (ئەگەرچی دڵیشی باش بوو).

هەروەها، ئەوەش یەکلایی بووبووەوە کە دایکی توشی توڕەبوونێکی زۆر هستریائاسا دەبێت، ئەگەر لە ناکاو ئەم باسی جێهێشتنی ماڵ بکات. دڵنیابوو هەرگیز بە مێشکی دایکیدا نەهاتووە کە دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کوڕەکەی جیاببێتەوە. زۆر بە ڕوونی ئەو دڵشکانە کاریگەر و غەمگینەی لەیاد بوو کە دایکی توشی بوو، کاتێک ئەم لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا ڕایگەیاند کە وازی لە ئیمانداریی هێناوە. بۆ دوو هەفتەی تەواو یاخود زیاتر دایکی هیچی نەخوارد، هیچی نەگوت، تەنانەت یەک جاریش نە خۆی شۆرد، نە قژی داهێنا، نە جلەکانی ژێرەوەی گۆڕی. تەنها کەمێک لەگەڵ سوڕی مانگانەکەی خەریک دەبوو. یۆشییا هەرگیز دایکی بەو شێوە پیس و بۆنناخۆشییە نەبینی بوو. تەنها بیرکردنەوە لە دووبارەبوونەوەی شتێکی هاوشێوە، سنگی یۆشییای توشی ئازار دەکرد.

یۆشییا باوکی نەبوو. هەر لە لەدایکبوونیەوە تەنها دایکی لابوو، بە منداڵی چەندین جار و بەردەوام بە کوڕەکەی دەگوت، “باوکی تۆ پەروەردگارەکەمانە” (بەو جۆرە ناوی خودایان دەبرد) “پەروەردگاریش دەبێت لەسەرەوە بێت لە بەهەشت؛ ناتوانێت بێتە خوارەوە و لەگەڵمان بژی. بەڵام هەمیشە چاوی لێتە و چاودێریت دەکات. یۆشییا، ئەو هەمیشە لە ڕێگەی دڵتەوە ئاگاداری هەموو شتێکی تۆیە.”

بەڕێز تاباتا، کە بە منداڵی وەک “ڕێنیشاندەری” تایبەتی یۆشییا خزمەتی دەکرد، هەمان ئەو شتانەی پێ دەگوت:

“ڕاستە، تۆ باوکێکت نییە لەم جیهانەدا، لەگەڵ گەورەبووندا توشی چەندین جۆر خەڵک دەبیت کە شتی پوچ و بێمانا دەڵێن لەم بارەیەوە. بەداخەوە، چاوی زۆربەی خەڵک هەور گرتوویەتی و ناتوانن ڕاستییەکان ببینن، بەڵام یۆشییا پەروەردگارمان، باوکی تۆ، خودی ئەم جیهانەیە. تۆ بەختەوەریت، کە لە ئامێزی خۆشەویستییەکەی ئەودا دەژیت. پێویستە شانازی بەوەوە بکەیت و ژیانێکی باش و ڕاستەقینەش بژیت.”

یۆشییا دوای ئەوەی چووە خوێندنگەی ناوەندی وەڵامی دایەوە، “دەزانم، بەڵام خودا موڵکی هەموو کەسە، وانییە؟ باوکان جیاوازن. هەموو کەس باوکێکی جیاوازی هەیە ڕاستە؟”

“گوێم لێ بگرە یۆشییا. ڕۆژێک خودا، باوکت، خۆیت بۆ دەردەخات وەک باوکت، تەنها و تەنها باوکی تۆ.  کاتێک دێت و چاوت پێی دەکەوێت کە بە هیچ جۆرێک پێشبینیت نەکردووە. بەڵام گەر گومانت هەبێت، یاخود واز لە ئیمانەکەت بهێنیت، ڕەنگە بەجۆرێک لێت دڵگران و بێ هیوا بێت، هەرگیز خۆیت پیشان نەدات. تێدەگەیت؟”

“تێدەگەم.”

“ئەوەی کە پێمگوتیت جوان لە مێشکتدا هەڵیدەگریت؟”

“جوان لە مێشکمدا هەڵیدەگرم بەڕێز تاباتا.”

بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی بەڕێز تاباتا پێی گوت، هیچ مانایەکی نەبوو لای یۆشییا، چونکە نەیدەتوانی بڕوا بکات کە ئەو “منداڵی تایبەتی خودایە.” ئەو کوڕێکی ئاسایی بوو، وەک ئەو کوڕ و کچانەی لە هەموو شوێنێک دەیبینین، یاخود ڕەنگە کەمێک لە ئاساییش کەمتربێت. خاوەنی هیچ شتێکی تایبەتی نەبوو لەوانی دی باشتر بێت، هەمیشە لە هەموو کارێکدا توشی ئاڵۆزی و کێشە دەبوو. هەموو قۆناغی ناوەندی بەم جۆرە تێپەڕاند. نمرەکانی خراپ نەبوون، بەڵام لە وەرزشدا کۆڵەوار بوو. قاچەکانی باریک و لاواز و خاو بوون، چاوەکانی کز، دەستی خوار. لە بەیسبۆڵدا، هەموو ئەو تۆپانەی لەدەست دەدا کە بەرەو ئەم دەفڕین. یاریزانەکانی هاوڕێی بۆڵەیان دەهات، کچە بینەرەکانیش قاقا پێدەکەنین.

یۆشییا هەموو شەوێک کاتی خەوتن، لە خودا، باوکی دەپارایەوە، “بەڵێنت دەدەمێ لەسەر ئەم ئیمانەم بەردەوامبم، ئەگەر ڕێگەم بدەیت تۆپە فڕیوەکانی یاری بەیسبۆڵ بگرمەوە، ئەمە تەنها شتە داوای دەکەم (لە ئێستادا).” ئەگەر خودا بەڕاستی باوکی بوایە، هیچ نەبوایە دەبوو ئەوەندەی بۆ بکات. بەڵام ئەو نزایەی هەرگیز گیرا نەبوو. تۆپەکان بەردەوام لە دەستکێشەکەی دەکەوتنە خوارەوە.

بەڕێز تاباتا بە توڕەییەوە گوتی، “ئەمە واتا تۆ خوداکەمان تاقیدەکەیتەوە یۆشییا، نزاکردن بۆ داواکردنی شتێک هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بەڵام تۆ پێویستە نزا بۆ شتێکی لەوە گەورەتر بکەیت. داواکردنی شتێکی کۆنکرێتی، لە کاتێکی دیاریکراودا هەڵەیە.”

کاتێک یۆشییا بوو بە حەڤدە ساڵ، دایکی نهێنی لەدایکبوونەکەی بۆ باسکرد (زۆر و کەم). دایکی گوتی هێندە گەورەیە پێویست بکات نهێنییەکە بزانێت.

“لە سەرەتای باڵغبوونمدا، لە تاریکییەکی قوڵدا دەژیام. ڕۆحم بە جۆرێک شێوابوو، وەک ئەوەی لە زەریایەکی بێبنی قوڕاویدابم. نووری حەقیقەت لە پشتی چەند هەورێکی تاریکەوە بوو. هەروەها لەگەڵ هەندێک پیاودا خەوتبووم، بێ ئەوەی خۆشەویستی لە نێوانماندا هەبێت. دەزانیت مەبەستم لە پێکەوە خەوتن چییە وانییە؟

یۆشییا گوتی کە بەڵێ لە ڕاستیدا دەزانێت. کاتێک باسەکە دەهاتە سەر سێکس، دایکی زمانێکی زۆر کۆنی بەکاردەهێنا. لەو کاتەدا یۆشییا خۆشی لەگەڵ زۆر کچدا خەوتبوو، بێ ئەوەی خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبێت.

دایکی بەردەوامبوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی، “یەکەم جار، لە قۆناغی دووی دواناوەندی سکم پڕ بوو. ئەوکات زۆر باش نەمدەزانی سک پڕبوون واتای چییە. هاوڕێیەکم بە پزیشکێکی ناساندم، توانی منداڵەکەم لەبارببات. پزیشکەکە پیاوێکی زۆر میهرەبان و زۆریش گەنج بوو، دوای نەشتەرگەرییەکە لەبارەی چۆنییەتی ڕێگری منداڵبوونەوە ئامۆژگاری کردم. پێیگوتم کە نەشتەرگەرییەکە نە بۆ جەستەم باش بوو، نە بۆ ڕۆحم، هەروەها پێشی گوتم کە دەبێت ئاگاداری نەخۆشییە سێکسییەکان بم، لەبەر ئەوە دەبێت هەمیشە کۆندۆم بەکاربهێنم، پاکەتێک کۆندۆمی نوێشی داپێم.

“پێمگوت کە کۆندۆمم بەکارهێناوە، بۆیە گوتی، ‘کەوایە کەسێک بە شێوەیەکی دروست بەکاری نەهێناوە، سەیرە چەند کەسێکی کەم بە دروستی دەزانن بەکاری بهێنن.’ بەڵام من گەمژە نیم. زۆر ئاگاداری ئەوەبووم مەنع بکەم. ئەو چرکەیەی جلەکانمان داکەند، من خۆم کۆندۆمەکەم کرد بە پیاوەکەوە. چونکە نابێت لەو بابەتانەدا متمانە بە پیاوان بکرێت. دەزانیت کۆندۆم چییە، وانییە؟”

یۆشییا گوتی کە دەزانێت کۆندۆم چییە.

“ئیدی دوای دوو مانگ، جارێکی دی سکم پڕ بووەوە. بە ئەستەم بڕوام بەوە دەکرد: لە هەر کات زیاتر ئاگاداری خۆم بووم. هیچم لەدەست نەدەهات، گەڕانەوە نەبێت بۆ لای هەمان پزیشک. سەیرێکی کردم و گوتی، ‘پێم گوتیت ئاگاداری خۆتبە. ئەو مێشکەی تۆ چی تێدایە؟’ نەمدەتوانی لە گریان بوەستم. بۆم ڕوونکردەوە چەندە ئاگام لە خۆم بووە و هەموو کات مەنع دەکەم لە ساتی پێکەوە خەوتندا، بەڵام بڕوای پێنەکردم. گوتی، ‘ئەگەر بە دروستی بەکارت بهێنایە، هەرگیز ئەمە ڕووینەدەدا.’ زۆر توڕە بووبوو.

“با چیرۆکە درێژەکە کورت بکەینەوە، نزیکی دوای شەش مانگ، بە چەند ڕێکەوتێکی سەیر، لەگەڵ پزیشکەکەدا دەستمان کرد بە پێکەوەخەوتن. ئەوکات سی ساڵ بوو، هێشتا ژنی نەهێنا بوو. قسەکردن لەگەڵیدا کەمێک ناخۆش بوو، بەڵام پیاوێکی باش و ڕاستگۆ بوو. نەرمایی گوێی ڕاستی نەمابوو. بە منداڵی سەگێک خواردبووی. ڕۆژێک بەسەر جادەیەکدا ڕۆیشتبوو، سەگێکی ڕەشی گەورە کە پێشتر نەیبینی بوو، خۆی بۆ هەڵدابوو و قەپاڵی کردبوو بە نەرمایی گوێیدا. هەمیشە دەیگوت کە دڵخۆشە تەنها نەرمایی گوێی بووە. دەتوانیت بێ نەرمایی گوێ بژیت، بەڵام ئەگەر لوت بوایە قورس دەبوو. منیش هاوڕا بووم لەگەڵی.

لەگەڵ ئەودابوون، یارمەتی دام خودە کۆنەکەم بەدەستبهێنمەوە و ببمەوە بە خۆم. کاتێک لەسەر جێگە لەگەڵی سەرقاڵی پێکەوە خەوتن بووم، هیچ ڕاڕا نەبووم. تەنانەت وام لێهات حەزم لە گوێ بچکۆلەکەی کرد. هێندە پەیوەست بوو بە کارەکەیەوە، لە ناو جێخەوەکەشماندا، وانەی پێدەگوتم لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی کۆندۆم، وەک ئەوەی چۆن و کەی دەبێت پێوەی بکرێت و چۆن و کەی لێی بکرێتەوە. ڕەنگە پێتوابێت ئەمە مەنعکردنی ئاسانکرد، بەڵام جارێکی دی سکم پڕ بووەوە.

دایکی یۆشییا چوو بۆ لای پزیشکە دڵدارەکەی و پێیگوت کە ڕەنگە دیسان دووگیان بێت. ئەویش پشکنینی بۆ کرد و پێی ڕاگەیاند کە ڕاستە دووگیانە. بەڵام دانی بەوەدا نەنا کە ئەو باوکی بێت. پزیشکەکە گوتی، “من زۆر بە ئەزموونم، شێوازەکانی ڕێگریکردنم لە منداڵبوون جێی گومان نین. کەوایە پێدەچێت تۆ پەیوەندیت لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا هەبووبێت.”

“ئەمە زۆر ئازاری دام. قسەکەی زۆر توڕەی کردم، نەمدەتوانی لە لەرزین بوەستم، دەبینیت ئەمە چەند قوڵ ئازاری داوم؟”

یۆشییا گوتی کە دەیبینێت.

“کاتێک لەگەڵی بووم، لەگەڵ هیچ پیاوێکی دیکەدا نەدەخەوتم. تەنانەت یەک جاریش. بەڵام وەک قەحبەیەک بیری لێکردمەوە. ئەوە دواجار بوو کە بینیم. منداڵەکەی سکیشم لەبار نەبرد. بڕیارم دا خۆم بکوژم. بڕیارەکەشمم جێبەجێ دەکرد. سواری کەشتییەک دەبووم بۆ ئۆشیما[9] و لەسەر پشتی کەشتییەکەوە خۆم فڕێدەدایە ناو دەریاکەوە، ئەگەر بەڕێز تاباتا نەیبینیمایە کە بەسەر شەقامێکدا دەسوڕامەوە و قسەی لەگەڵ نەکردمایە. من هیچ ترسێکم لە مردن نەبوو. بێگومان، ئەگەر ئەوکاتە بمردمایە، تۆ هەرگیز نەدەهاتیتە ئەم دونیایەوە یۆشییا. بەڵام سوپاس بۆ ڕێنوێنیەکەی بەڕێز تاباتا، بووم بەو کەسە ڕزگاربووەی ئەمڕۆ دەمبینیت. هیچ نەبێت توانیم نووری حەقیقەت بدۆزمەوە، بە هاوکاری ئیماندارەکانی دیکەش تۆم هێنایە ئەم دونیایەوە.”

بەقسەکانی دایکی یۆشییا، بەڕێز تاباتا گوتبووی:

“تۆ ئاگاییترین شێوازەکانی مەنعت بەکارهێنا، بەڵام هێشتا دووگیان بوویت. لە ڕاستیدا تۆ سێ جار لەسەر یەک دووگیان بوویت. پێتوایە شتێکی لەو جۆرە بە ڕێکەوت ڕوودەدات؟ من بۆ یەک جاریش بڕوا ناکەم ئەمە ڕێکەوت بێت. سێ جار ‘ڕێکەوت’، چیتر ڕێکەوت نییە. ژمارە سێ هیچی دیکە نییە جگە لەوەی لەلایەن پەروەردگارمانەوە بۆ مژدە بەکارهاتووە. بە مانایەکی دیکە خاتوو ئۆساکی، ئەوە ویستی پەروەردگارمانە کە تۆ منداڵێکت ببێت. ئەو منداڵەی لە سکتدایە، منداڵی هیچ کەسێک نییە، خاتوو ئۆساکی: ئەوە منداڵی پەروەردگارمانە لە بەهەشتەوە؛ منداڵێکی نێرینە، ناوی دەنێم یۆشییا، بۆ ‘باشییەکەی'”

دواتر وەک بەڕێز تاباتا پێشبینی کردبوو، منداڵەکە کوڕ بوو، ناویان نا یۆشییا، دایکی یۆشییاش وەک خزمەتکاری خودا ژیا، چیتر لەگەڵ پیاوانی دیکەدا نەدەخەوت.

یۆشییا بە کەمێک دڕدۆنگییەوە بە دایکی گوت، “کەوایە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە، باوکی من ئەو پزیشکی منداڵبوونەیە کە … لەگەڵی دەخەوتیت.”

“ڕاست نییە،” دایکی بە چاوی کراوە و توڕەبوونەوە گوتی، “گومان لە شێوازەکانی مەنعی ئەو ناکرێت هێندە شارەزا بوو. بەڕێز تاباتا ڕاست دەکات: باوکی تۆ پەروەردگارمانە. تۆ لە بەرئەنجامی ئەزمونێکی ئیرۆتیکی نەهاتویتەتە دونیاوە، بەڵکو بە ئەکت و ویستی پەروەردگار.”

دایکی ئیمانێکی یەقینی هەبوو، بەڵام یۆشییا دڵنیا بوو کە باوکی ئەو پزیشکی منداڵبوونەیە. کۆندۆمەکە کێشەیەکی هەبووە. هیچ شتیکی دیکە ڕێگەی تێناچێت.

“پزیشکەکە زانی کە منت هێناوەتە دونیاوە؟”

“پێموانییە، هەرگیز نەمبینییەوە،” دایکی گوتی، “بە هیچ جۆرێک پەیوەندیم پێوە نەکردەوە. ڕەنگە نەزانێت.”

پیاوەکە بە هێڵی شەمەندەفەری چوۆدا چوو بۆ ئەبیکۆ. یۆشییا بەدوایدا چووە ناو ڤارگۆنەکەوە. ئەوە دوای دە و نیوی شەو بوو، چەند سەرنشینێکی کەم لە شەمەندەفەرەکەدابوون. پیاوەکە دانیشت و گۆڤارێکی لە بریفکەیسەکەی دەرهێنا. لە بڵاوکراوەیەکی پڕۆفیشناڵ و فەرمی دەچوو. یۆشییا بەرامبەری دانیشت و وا خۆی نیشاندا کە ڕۆژنامەکەی دەستی دەخوێنێتەوە. پیاوەکە جەستەیەکی باریک و دەموچاوێکی تیژ و ڕوخسارێکی جدی هەبوو. شتێکی تێدابوو وەک پزیشک دەری دەخست. تەمەنی لە گونجاو دەچوو، نەرمایی گوێیەکیشی نەمابوو. گوێی ڕاستی. ڕەنگە سەگێک گازی لێ گرتبێت.

یۆشییا هەستێکی دڵنیایی هەبوو کە ئەم پیاوە باوکە بایەلۆژییەکەی خۆیەتی. ڕەنگە ئەو پیاوە هێشتا نەشزانێت کە کوڕێکی هەیە. ڕەنگە پێشی خۆش نەبێت لە ئەو سات و شوێنەدا ئەو ڕاستییەی بۆ ئاشکرا بکرێت. دواجار پزیشکەکە خاوەنی ئەزمونێک بوو، کە شێوازەکانی مەنعکردنی جێی گومان نین.

شەمەندەفەرەکە شین-ئۆچانۆمیزو، سێنداگی و هێڵی ژێر زەوی ماچیای تێپەڕاند و پێش ئەوەی بگاتەوە سەر ڕووی زەوی، لە وێستگەیەک وەستا. لە هەر وێستگەیەک، ژمارەی سەرنشینەکان کەمتر دەبووەوە. پیاوەکە بە هیچ شێوەیەک سەری لەسەر ڕۆژنامەکەی بەرز نەکردەوە و هیچیش پێوەی دیارنەبوو بیەوێت بەو نزیکانە کورسییەکەی جێبهێڵێت. لەکاتی چاودێریکردندا لەسەرو ڕۆژنامەکەیەوە، یۆشییا هەندێک بەشی شەوی ڕابردوی بەیادهاتەوە. لەگەڵ هاوڕێیەکی کۆنی زانکۆ و دوو کچ کە هاوڕێکەی دەیناسین، چوو بوون بۆ ئۆپۆنگی[10] بۆ خواردنەوە. بیری بوو لە باڕێکەوە چووبوون بۆ یانەیەک، بەڵام بیری نەدەهاتەوە لەگەڵ ئەو کچەدا خەوتبێت کە لەگەڵی ڕێککەوتبوو. دواجار بڕیاریدا کە ڕەنگە لەگەڵی نەخەوتبێت. زۆر سەرخۆش بوو: بە هیچ جۆرێک ڕێگەی تێناچێت لەگەڵی خەوتبێت.

ڕۆژنامەکە لێوانلێو بوو لە چیرۆکی زەمین لەرزە نائاساییەکە. دایکی و ئیماندارەکانی دیکە لە کڵێسایەکی بەشی ئۆساکا ماونەتەوە. هەموو بەیانییەک، تیاکۆکەی[11] پشتیان پڕپڕ دەکەن لە پێداویستی و لەگەڵ ئەو کەسانەی دیکەدا دەچن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان، چەند بتوانن بە شەمەندەفەر دەڕۆن، دواتر بە تاوەڕێگە وێرانەکەدا بە پێ دەچن بۆ کۆب[12]. لەوێ پێویستییەکانی ڕۆژانە بەسەر قوربانییانی بومەلەرزەکەدا دابەش دەکەن. بە تەلەفۆن پێی گوتبوو کە تیاکۆکەی نزیکی سی و پێنج پاوەند قورسە. یۆشییا وای هەست دەکرد کۆب چەندین ساڵی ڕوناکیی لێوەی دوورە. پیاوەکەی بەرامبەریشی لە گۆڤارەکەیدا نوقم بووبوو و چاوی هەڵنەدەبڕی.

ـــــــــــ

تا ئەوکاتەی قۆناغی ناوەندیشی تەواوکرد، یۆشییا هەفتەی جارێک لەگەڵ دایکی بە کارێکی خێرخوازی کڵێسا دەڕۆیشتە دەرەوە. دایکی باشترین ئەنجامی بەدەست دەهێنا لە نێوان ئەندامانی دیکەی کڵێساکەدا. زۆر گەنج و جوان بوو و واشدەردەکەوت زۆر باش پەروەردە کرابێت (هەر واش بوو) بۆیە خەڵکی هەموو بەدڵیان بوو. منداڵە جوانەکەشی لەگەڵ بوو. زۆربەی خەڵکی لە ئامادەبوونی دایکیدا چاویان تیژدەکردەوە. پێنەدەچوو زۆر پەرۆشی دینبن، بەڵام حەزیان دەکرد گوێ لە دایکی بگرن. دایکی لە ماڵێکەوە دەچوو بۆ ماڵێكی دیکە بە قاتێکی سادە (بەڵام شیاو)ـەوە، نامیلکەی دابەشدەکرد و بە ئارامی ستایشی خۆشی و چێژەکانی ئیمانی بۆ دەکردن.

بە چاوی درەوشاوە و دەنگی گەرمەوە پێی دەگوتن، “بێگومان هەرکات ڕووبەڕووی هەر ئاستەنگی و ئازارێک بوونەوە، دەتوانن سەردانمان بکەن. ئێمە هەرگیز زۆر لە کەس ناکەین، تەنها ئامۆژگاری پێشکەش دەکەین. ساتێک لە ژیانی منیشدا هەبوو کە ڕۆحم لە ناو قوڵترین تاریکیدا نوقم بوو بوو، تا ئەو ساتەی ئەم وانانە ڕزگاریان کردم. ئەم منداڵەم لە سکدا بوو، خەریک بوو خۆم فڕێبدەمە زەریاوە. بەڵام دەستەکانی پەروەردگار ڕزگاریان کردم، ئەو پەروەردگارەی لە فیردەوسە، ئێستا من و کوڕەکەم لە ژێر نوری ئەودا دەژین.”

یۆشییا لەگەڵ دایکیدا، هیچ شەرمی لە لەدەرگەدانی ماڵە نەناسراوەکان نەدەکرد. ئەو ساتانەش لە هەر کات دایکی شیرینتر و میهرەبانتر بوو لەگەڵی، دەستەکانی هەمیشە گەرمبوون. سات هەبوو دەچوون بۆ ماڵێك، بەڵام خاوەن ماڵەکە دەری دەکردن. ئەم دەرکردنانە وایان لە یۆشییا کردبوو چێژی زیاتر لەو وشە میهرەبانە وەربگرێت کە بە دەگمەن و جارجار دەیبیستن. بەو جۆرە توانییان متمانەی هەموان بەدەستبهێنن و ئیماندارێکی نوێ بهێننە کڵێساکەوە، ئەمە یۆشییای لە شانازیدا نوقم کرد. بیری دەکردەوە، ڕەنگە ئێستە خودا، باوکم، وەک کوڕی خۆی بمناسێتەوە.

ماوەیەکی زۆر بەسەر چوونە ناوەندیدا تێنەپەڕی بوو کە یۆشییا دەستبەرداری ئیمانەکەی بوو. کاتێک لە بوون و ئازادی خودی ئیگۆکەی خۆی بە ئاگاهاتەوە، زۆر بۆی ئەستەم بوو بەو ئیمانە و بڕوا پتەوەی ئیماندارەکان قایلبێت کە لەگەڵ بەها ئاساییەکاندا نەدەگونجان. بەڵام لە هەموو هۆکارەکان گەورەتر و سەختتر، ئەو ساردییە بێ کۆتاییەی ئەو کەسە بوو کە باوکی بوو: تاریکی، سەختی، بێدەنگی بەردئاسای دڵی. دەستبەرداربوونی یۆشییا لە ئیمانەکەی، بووە مایەی بێتاقەتییەکی زۆر قوڵ بۆ دایکی، بەڵام ئەوە هیچ کاری نەکردە سەر بڕیارەکەی.

شەمەندەفەرەکە چووبووە دەرەوەی تۆکیۆ و یەک دوو وێستگە بەر لەوەی لە ویلایەتی چیبا[13] بچنە دەرەوە، پیاوەکە گۆڤارەکەی خستەوە ناو بریفکەیسەکەی و هەستایە سەر پێ، بەرەو دەرگەکە چوو. یۆشییا بۆ ناو وێستگەکە شوێنی کەوت. پیاوەکە بە خێرایی لە دەروازەکەوە چووە دەرەوە، بەڵام یۆشییا دەبوو لە ڕیزێکدا بوەستێت و پارەی زیاتر بدات بۆ ئەو ماوە زیادەیەی لە شەمەندەفەرەکەدا مابووەوە. هەرچۆنێک بوو توانی خۆی بگەیەنێتە ئەو تەکسییانەی بە هێڵ وەستابوون و پیاوەکە چووبووە یەکێکیانەوە. سواری تەکسی دواتر بوو و پارەیەکی نوێی دە هەزار یەنی لە جزدانەکەی دەرهێنا.

“دوای ئەو تەکسییە بکەوە.”

شۆفێرەکە بە گومانەوە سەیری کرد، دواتر چاوی بڕییە پارەکە.

“هێی برادەر، ئەمە ئیشێکی مافیایی نییە؟”

“خەمت نەبێت، تەنها دوای کەسێک دەکەوم.”

شۆفێرەکە کاخەزە دە هەزار یەنەکەی وەرگرت و لە شۆستەکە دوورکەوتەوە، “باشە، بەڵام هێشتا کرێکەی خۆمم دەوێت. مەترەکە دەڕوات.”

هەردوو تەکسییەکە لە کۆڵانێکی پڕ لە فرۆشگەی داخراودا خاویان کردەوە، بە لای چەند گۆڕەپانێکی تاریک و چۆڵدا ڕۆیشتن، چەند پەنجەرەیەکی ڕوناکی نەخۆشخانەیەکیان تێپەڕاند، دواتر بە ناو پڕۆژەیەکی نوێی پڕ لە خانوی پاکەتی و بچووک دروستکراودا. شوێنکەوتنی ئەو پیاوە، نە هیچ کێشەیەکی بۆ یۆشییا دروست کردبوو، نە هیچ خۆشیەکیشی پێدابوو. شۆفێرەکەی یۆشییا هێندە ژیربوو ماوەی نێوان خۆی و تەکسییەکەی پێشەوەی بپارێزێت.

“لە پەیوەندیدان یان چی؟”

“نا پیاو ڕاودەکەین، دوو کۆمپانیاین شەڕ لەسەر یەک کەس دەکەین.”

“بەڕاست؟ بیستبووم کۆمپانیا هەیە بە دوای خەڵکدا ڕادەکەن، بەڵام پێموانەبوو بەم جۆرە خراپ بێت.”

ئێستە گەیشتبوونە شوێنێک، بە ئەستەم ماڵ دەبینرا لەسەر شەقامەکە، دواتر گەیشتنە بانکی ڕوبارێک و چوونە ناوچەیەکی پر لە کارگە و کۆگای گەورەوە. تەنها شت کە بۆشاییە خاڵییەکەی نێوانیانی نیشانە دەکرد، ڕوناکی گڵۆپە نوێکانی سەر شەقامەکە بوون، کە لە زەوییەکەوە دەرپەڕیبوون. لەو شوێنەدا کە دیوارێکی بەرزی کۆنکرێتی بە درێژایی جادەکە درێژبووبووەوە، تەکسیەکەی پێشەوە لەناکاو وەستا. کاتێک شۆفێرەکەی یۆشییا بەگلایتی ئوتومبیلەکەی پێشەوەی بینی، سەد یاردێک لە پشتی ئەوەوە بەپەلە وەستا و لایتەکانی کوژاندەوە. تیشکە بە هێز و توڕەکەی ڕوناکی گلۆپی سەر شەقامەکان، لە سەرەوە بەر قیری سەر جادەکە دەکەوتن. هیچ شتێ نەدەبینرا، بێجگە لە دیوارەکە و نوکی تەلە زییەکانی سەری کە وا پێدەچوو بەرەنگاری هەموو دونیا بکەن. دوور لەوان، دەرگەی تەکسییەکە کرایەوە و پیاوە بێ نەرمایی گوێکە دابەزی. یۆشییا دوو کاخەزی دیکەی دە هەزار یەنی دا بە شۆفێرەکە، بێجگە لە دە هەزار یەنی کرێکەی.

“بەڕێز هەرگیز لەم ناوە تەکسیت دەستناکەوێت، دەتەوێت لەم دەوروبەرە چاوەڕێت بکەم؟”

“قەیناکە،” یۆشییا وایگوت و لە تەکسییەکە دابەزی.

پیاوەکە دوای ئەوەی لە تەکسییەکە دابەزی، بێ ئەوەی سەیری هیچ شوێنێکی دیکە بکات، بە هەمان ئارامی و هەنگاوە باڵانسەکانییەوە، وەک ئەو ساتەی وێستگەی شەمەندەفەرەکە، ڕاستەوخۆ بە درێژایی دیوارە کۆنکرێتییەکە دەستی بە ڕۆیشتن کرد. لە بوکەڵەیەکی میکانیکی دەچوو زۆر شارەزایانە دروستکرابێت و لە لایەن موگناتیسێکی گەورەوە ڕابکێشرێت. یۆشییا هەردوو ملیوانی چاکەتەکەی بەرزکردەوە و هەناسەیەکی قوڵی وەک هەورێکی سپی لە بۆشایی نێوان ملیوانەکانیەوە دایەوە. لەکاتێکدا شوێن پیاوەکە کەوت، ماوەیەکی لە نێوان هەردووکیاندا پاراست، تا درکی پێنەکرێت. تەنها شت گوێی لێ بوو، دەنگی پێڵاوە چەرمەکانی پیاوەکە بوو لەسەر قیرەکە. پێڵاوە نەرمەکانی یۆشییا، بێ دەنگ بوون.

هیچ ئاماژەیەک نەبوو مرۆڤێک لەوێ بژی. شوێنەکە لە ستەیجێکی خەیاڵی ناو خەونێک دەچوو. لەو شوێنەی دیوارە کۆنکرێتییەکە تەواو دەبوو، گۆڕەپانێکی سکرابکردنی لێبوو: شاخێک لە ئوتومبیلی کەڵەکە کراو، بە سیم پەرژینکرابوو. لەژێر ڕوناکی فلاتی گڵۆپەکانی سەر شەقامەکەدا، کانزا کەڵەکەبووەکان وەک یەک شێوەی نائەندازەیی بێڕەنگ دەردەکەوتن. پیاوەکە بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن بە ڕێکی بەرەو پێشەوە.

یۆشییا بیری دەکردەوە دەبێت ئەو پیاوە مەبەستی بە تەکسی هاتن بۆ ئەم شوێنە دوورەدەستە چی بێت. پیاوەکە بەرەو ماڵەوە نەدەڕۆیشتەوە؟ یاخود ویستبێتی لە ڕێگەی ماڵ لابدات و سەردانی کەسێک بکات. هەرچەندە شەوانی فێبریوەری لەوە ساردتربوو بتوانیت پیاسە بکەیت. جارجار بایەکی سارد لە پشتەوە دەیدا لە یۆشییا و شەقامەکەی بەرەوخوار دەبڕی.

لەو شوێنەدا کە ناوچەی سکرابەکە تەواو بوو، دیوارێکی کۆنکرێتی عەبوسی دیکە درێژ دەبووەوە تەنها ناو بە ناو بە کۆڵانی باریک دەبڕدرا. ئەمە واپێدەچوو ئەم شوێنە ئاشنابێت بۆ پیاوەکە: بێ دوودڵی لەسەر سوچەکە سوڕایەوە. کۆڵانەکە تاریک بوو. یۆشییا نەیتوانی هیچ بەدیبکات لە قوڵاییەکەیدا. بۆ چەند خولەکێک ڕاڕابوو، دواتر هانگاوی نا و بە دوای پیاوەکەدا ڕۆیشت. تا ئێرە هاتبوو، ئامادە نەبوو لێرە پاشگەز ببێتەوە.

دیوارە بەرزەکان بە درێژایی هەردوو لای ڕێڕەوە ڕێکەکە درێژدەبوونەوە. بە ئەستەم جێگە دەبووەوە دوو کەس بە لای یەکدا تێپەڕن و هێندەی نیوەشەوێکی بنی دەریاش تاریک بوو. یۆشییا تەنها بە دوای دەنگی پێڵاوەکانی پیاوەکەدا دەڕۆیشت. تەقەی پێڵاوەکان بەردەوام و بە جێگیڕی لە پێشییەوە دەڕۆیشت، بێ ئەوەی باڵانسەکەی بگۆڕێت. تەنها بە شوێنکەوتنی دەنگەکە، یۆشییا بەرەو پێشەوە ڕۆیشت، بەرەو ئەو جیهانە بێ ڕوناکییە. دواتر دەنگیش بونی نەما.

بڵێیت پیاوەکە هەستی بەوەکردبێت کە شوێنی کەوتوون؟ بڵێیت ئێستە لە شوێنێک بێ جوڵە وەستابێت، هەناسەکانی ڕاگرتبێت، چاو و گوێی هەڵخستبێت تا بزانێت کێ بە دوایەوەتی؟ دڵی یۆشییا لە تاریکییەکەدا گوشرا، بەڵام ترپە بەرزەکانی لە سنگیدا نوقم کردەوە و بەدەروام بوو. هەرچی دەبێت بە دۆزەخ، وا بیری کردەوە. ئەی ئەگەر بەسەرمدا قیژاندی بۆچی شوێنی کەوتووم؟ یەکسەر ڕاستییەکەی پێدەڵێم. ئەوە خێراترین شێوەیە تا شتەکان ڕونبکەمەوە. بەڵام دواتر کۆڵانەکە داخرابوو و دەرنەدەچوو، بە پەرژینێکی ئاسن داخرابوو. یۆشییا کەمێکی پێ چوو تا بۆشاییەکەی دۆزییەوە، کرانەوەیەک بوو هێندەی کەسێکی پێوە بچێت، کەسێک ئاسنەکەی بە پشتا چەماندبووەوە. خوارەوەی چاکەتەکەی کۆکردەوە و خۆی گوشی و بە بۆشاییەکەدا تێپەڕی.

بۆشاییەکی گەورە و کراوە و فراوان لەودیوی پەرژینەکەوە کرابووەوە. گۆڕەپانێکی خاڵی نەبوو، لە گۆڕەپانی یاری دەچوو. یۆشییا لەویدا وەستا، لە ژێر ڕوناکی مانگدا بۆ هەر شتێک دەگەڕا. پیاوەکە دیارنەمابوو.

یۆشییا لە گۆڕەپانێکی یاری بەیسبۆڵدا وەستابوو، شوێنێک لە دەرەوە، لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی کراوە و گەورەی گیا پانەوە بوو و بەژێرەوە بوو دا. لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا وەک هەمیشە کەمێک لە چیمەنەکە ڕوتابووە، وەک جێبرینێک دەردەکەوت. دوور لەسەر هۆم پلەیتەکە[14]، شەبەکەی پەرژینەکە[15] باڵەکانی کرابووەوە وەک دوو باڵی ڕەش. لە شوێنی لێدانەکەوە[16] نزیک بوو، کەمێک لە زەوییەکەوە بەرزبووبووەوە. پەرژینە کانزاییە بەرزەکە، دەوری تەواوی گۆڕەپانەکەی دابوو. شنەیەک دەیدا لە گیاکان، لەگەڵ خۆیدا زەرفێکی چپسی پەتاتەی لەگەڵ خۆیدا هێنا و بەرەو جێیەکی نادیار بردی.

یۆشییا هەردوو دەستی خستە ناو گیرفانی چاکەتەکەی و هەناسەی ڕاگرت، چاوەڕوانی کرد شتێک ڕوبدات. بەڵام هیچ ڕوینەدا. گۆڕەپانەکەی لای ڕاستی پشکنی، دواتر ئەوەی لای چەپ، دواتر شوێنی تۆپهەڵدانەکە و زەوییەکەی ژێر پێی، بەر لەوەی سەربەرزبکاتەوە و سەیری ئاسمان بکات. چەند تۆپەڵە هەورێک بەوێوە هەڵواسرابوون، لێوارە تیژەکانی مانگیش ڕەنگێکی سەیریان هەبوو. کەمێک بۆنی گوی سەگ، تێکەڵی بۆنی گیاکان بووبوو. پیاوەکە دیارنەمابوو، بێ ئەوەی شوێنەوارێک جێبهێڵێت. گەر بەڕێز تاباتا لەوێ بوایە، ئەوا دەیگوت، “ئێستا بینیت یۆشییا، خالق لە چاوەڕواننەکراوترین شێوەدا خۆی دەردەخات.” بەڵام بەڕیز تاباتا مردبوو.

سێ ساڵ بەر لە ئێستە بە شێرپەنجەی بۆری میز کۆچی دوایی کرد. بینینی دوا مانگەکانی ئازارچەشتنی، زۆر بە ئازار بوو. بە درێژایی ئەو هەموو کاتە، تەنانەت یەک جاریش خودای تاقینەکردەوە؟ تەنانەت یەک جاریش بۆ شیفایەکی بچووک لە خودا نەپاڕایەوە تا لەو ئازارە قورسە ڕزگاری بکات؟ بەڕێز تاباتا ئیمانەکەی زۆر توند و پتەو بوو، زۆر ئاگاداری ڕاسپاردەکان بوو. بەوردی و بێ لادان و لە پەیوەندییەکی بەهێز و قوڵدا لەگەڵ خودا ژیا، ئەو لە هەرکەس زیاتر شیاوی ئەو نزایانە بوو بیانکات (هەرچەندە کۆنکرێتی و کاتیش بن). لەگەڵ ئەوەشدا، یۆشییا بیری کردەوە، ئەگەر بۆ خودا ڕەوابێت مرۆڤ تاقیبکاتەوە، بۆچی هەڵەبوو مرۆڤ خودا تاقیبکاتەوە؟

یۆشییا لە هەردوو لای سەرییەوە هەستی بە لێدانی ترپەکانی دەکرد، نەیدەزانی ئەوە سەرئێشەکەی شەوی ڕابردووە و بە باشی بەری نەداوە یاخود شتێکی دیکەیە. بە بێزاری و ڕقێکەوە هەردوو دەستی لە گیرفانی چاکەتەکەی دەرهێنا، دەستیکردەوە بە ڕۆیشتن، هەنگاوی خاو و گەورەوە بەرەو ماڵەکە[17] ڕۆیشت. چەند خولەکێک پێشتر، تەنها شت لە مێشکیدا ئەو ماندووبوونە بوو بۆ شوێنکەوتنی پیاوێک کە پێ دەچوو باوکی بێت، ئەوەش هێنای بۆ ئەم گۆرەپانی یارییە لە گەڕەکێک کە پێشتر هەرگیز نەیبینی بوو. ئێستا کە کەسە نەناسەکە دیارنەمابوو، هەرچۆنێک بێت، گرنگی سەرکەوتنی ئەو کارەی کە هێندە دوور هێنابووی، لای بوو بە شتێکی ناڕوون. ماناکەی بە جۆرێک لەدەستدا، کە هەرگیز جارێکی دی وەک خۆی لێ نەیەتەوە، وەک ئەو پرسیارەی پێشتر لە خۆی دەکرد، ئایا دەتوانێت تۆپێکی یاری بەیسبۆل بگرێتەوە یاخود نا، چیتر لەوە کەوت پرسیاری ژیان و مردنی بێت.

بەهیوابووم چی لەمە بەدەست بهێنم؟ لەکاتێکدا بەرەو پێشەوە هەنگاوی دەنا، لەخۆی پرسی. دەمویست دان بەو پەیوەندییەدا بنێم کە لێرەبوونمی دەکرد بە شتێکی شیاو؟ بەهیوابووم ببمە بەشێک لە پلۆتی چیرۆکێکی ئاڵۆز، ڕۆڵێکی نوێ و باشترم پێبدرێت؟ نەخێر، بیری کردەوە، ئەوە هۆکارەکە نییە. ئەوەی لەم بازنانەدا شوێنی کەوتووم، دەبێت تەواوکراوی ئەو تاریکییەی ناخم بێت. تەنها نیگایەکیم بینی و شوێنی کەوتم، توند خۆمم پێدا هەڵواسی، لە کۆتاییدا بەرمدا تا زیاتر بفڕێتە ناو قوڵاییەکی تاریکترەوە. دڵنیام جارێکی دی هەرگیز نایبینمەوە.

ڕۆحی یۆشییا ئێستا زیاتر لە ئارامی و جێگیریی یەکێک لە کات و شوێنەکانی بووندا مایەوە. ئێ چی دەبوو ئەگەر ئەو پیاوە باوکی بێت، یان خودا، یاخود نەناسێک کە بە ڕیکەوتێک نەرماییەکی گوێی لەدەستداوە؟ چیتر هیچ جیاوازییەکی نەدەبوو بۆ ئەو، ئەمە خۆی لە خۆیدا مانەفێست بوو، ئاهەنگێکی پیرۆز بوو: پێویستی دەکرد بە گۆرانییەوە ستایشی بکات؟

چووە سەر شوێنی لێدانەکە، لەسەر جێ پێکانی وەستا، خۆی کشاندەوە و ڕێک وەستا. پەنجەکانی کردن بە ناو یەکدا، هەردوو قۆڵی بۆ سەرەوە بەرزکردەوە، پڕ بە سییەکانی هەوای ساردی شەوی هەڵمژی، جارێکی دی سەری بۆ مانگ بەرزکردەوە. زۆر گەورە بوو. بۆچی مانگ هەندێک کات گەورەیە و هەندێکی دی بچووک؟ کورسی دانیشتنی تەختەی سادە بە درێژایی ڕیزی یەکەم و سێهەمی هێڵەکانی گۆڕەپانەکە درێژ بووبوونەوە. هەموو خاڵیبوون، بێگومان: نیوە شەوێکی فێبریوەری بوو. سێ ڕیزی کورسی تەختە بە ڕێکی بە یەک لە دوای یەک بە هێڵی درێژ و سارد بەرزبووبوونەوە. چەند باڵەخانەیەکی بێ پەنجەرە، تاریک –پێدەچوو کۆگا یاخود شتێکی لەو بابەتە بن- پێکەوە گردبوونەوە لە پشتی پەرژینەکەی دواوە. بێ ڕوناکی. بێ دەنگ.

لەسەر شوێنی تۆپ هەڵدانەکە وەستابوو، بەشێوەیەکی بازنەیی دەستەکانی برد بۆ سەرەوە. لەگەڵیدا قاچەکانیشی جوڵاند، بۆ پێشەوە و بۆ لاکان. لەگەڵ ئەم جوڵە سەمائاسایەدا، جەستەی دەستیکرد بە گەرمبوونەوە و هەموو ئەندامەکانی لەشی هەستی زیندووبوونەوەیان بۆ گەڕایەوە. پێشتریش هەستیکردبوو کە هیچ سەرئێشەکەی نەماوە و ڕۆیشتووە.

بە درێژایی ساڵانی کۆلێج، هاوڕێ کچەکەی بە یۆشییای دەگوت ‘بۆقە گەورەکە’. چونکە کاتی سەماکردن لە بۆقێکی زۆر گەورە دەچوو. کچەکە زۆر حەزی لە سەما بوو و هەمیشە ئەمیشی ڕادەکێشایە دەرەوە و دەیبرد بۆ یانەکان. بە یۆشییای دەگوت، “سەیری خۆتبکە، زۆرم حەزلێیە کە ئاوا دەست و قاچە درێژەکانت دەجوڵێنیت! لە بۆقێکی ژێرباران دەچیت!”

یەکەمجار کە وای پێگوت، پێی ناخۆش بوو و ئازاری دا، بەڵام کاتێک زیاتر پێکەوە ژیان، یۆشییا حەزی بە سەماکردن کرد. کاتێک ڕێگەی بەخۆی دەدا بڕوات و جوڵەی جەستەی دەدایە دەست مۆسیقاکە، دەگەیشت بەو هەستەی کە ڕیتمە سروشتییەکەی ناخی، لەگەڵ ڕیتمە بنچینەییەکانی جیهاندا بە پێرفێکتی گونجاون. هەڵچوون و داچونی دەریا، سەمای ڕەشەبا بەسەر گیاکاندا، درەوشانەوەی ئەستێرەکان لە بەهەشتەوە: دڵنیابوو لەوەی ئەم شتانە لە شوێنێکەوە ڕوودەدەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەمەوە نییە.

هاوڕێ کچەکەی هەمیشە کێری یۆشییای دەگرت و پێیدەگوت کە هەرگیز هی وا زلی نەبینیوە. لە کاتی سەماکردندا ڕێگەی لێناگرێت؟ نەخێر، یۆشییا وەڵامی دەدایەوە کە ڕێگەی لێناگرێ. ڕاستە، ئەوەی ئەم زۆر گەورە بوو. بە منداڵیش هەر گەورە بووە. ئەگەرچی بیریشی نایەت هەرگیز سودێکی پێگەیاندبێت. لە ڕاستیدا، زۆر کچ ڕەتیانکردەوە سێکسی لەگەڵ بکەن، چونکە هینەکەی زۆر گەورە بوو. لە ڕوی ئیستاتیکییەوە، لە شتێکی خاو و ناشرین و گەمژە دەچوو. بۆیە بەردەوام هەوڵی دەدا بیشارێتەوە. دایکی بەردەوام زۆر بە دڵنیاییەوە دەیگوت، “شتە گەورەکەت ئاماژەیە، ئەوە نیشان دەدات کە تۆ منداڵی خودایت.” ئەمیش بڕوای کرد. بەڵام ڕۆژێک شێتیەتی شتەکەی لێیدا. تەنها شت کە نزای بۆکردبێت، توانای گرتنەوە تۆپی بەیسبۆڵ بوو، بەڵام لە وەڵامی ئەو نزایەدا، خودا شەرەفی پێدانی ئەو شتە زلەی پێ بەخشی کە لە هی هەر کەسێک زلتر. لەم سەودا و مامەڵەیەوە، چ جیهانێکی گەمژانە بەدەستهات؟

یۆشییا چاویلکەکەی داکەند و کردییە ناو کیفەکەیەوە. سەما، هم؟ بیرۆکەیەکی خراپ نییە. هیچ خراپ نییە. چاوی داخست و، لەسەر پێستی هەستی، بە ڕوناکی سپی مانگ کرد، بە تەنها دەستی کرد بە سەماکردن. هەناسەیەکی قوڵی پڕ بە سییەکانی هەڵمژی و بە قوڵیش هەناسەکەی دایەوە. نەیتوانی بیر لە هیچ گۆرانییەک بکاتەوە لەگەڵ مەزاجیدا بگونجێت، لەگەڵ جوڵەی گیا و ڕۆیشتنی هەورەکاندا سەمای دەکرد. هەستی دەکرد کەسێک، لە شوێنێک تەماشای دەکات. هەموو جەستەی، پێستی، ئێسکەکانی، پێیان گوت کە لە ناو جوگرافیای نیگاکانی کەسێکدایە. جا چییە؟ بیری کردەوە. لێیانگەڕێ چۆنیان پێخۆشە تەماشابکەن، هەرچ کەسێکن. هەموو منداڵانی خودا دەتوانن سەما بکەن.

بە ئارامی بەسەر زەوییەکەدا هەنگاوی دەنا و باڵەکانی دەسوڕاندەوە، هەر جوڵەیەکی ئارام و جوان، بە ئەسپایی جوڵەی دواتری بەدوای خۆیدا بانگهێشت دەکرد، بێ بچڕان، جەستەی بە جوڵەی پلان بۆ دانەنراو، شوێن نەخشەیەکی ئەندازەیی دەکەوت، لە ناوەڕاستی ڕیتمێکی نادیاردا بوو. لەگەڵ هەر جوڵەیەکی خراپ لە خاڵێکی سەماکەیدا، دەیتوانی لەگەڵ جوڵەکانی پێشتر و دواتردا بیانبەستێتەوە پێکەوە و تێکەڵیان بکات. ئاژەڵەکان لە ناو دارستانەکەدا خۆیان ماتدابوو وەک ئەوەی لە وێنەیەکی کۆلاجکراودابن، هەندێکیان دڕندەی مەترسیداربوون کە پێشتر نەیبینیبوون. دەبوو بە خێرایی بە لای دارستانەکەدا تێپەڕێت، بەڵام هەستی بە هیچ ترسێک نەکرد. بێگومان دارستانەکە لە ناو ئەمدا بوو، دەیزانی، ئەوە کردبووی بەوەی کە هەیە. دڕندەکان ئەوانە بوون کە داگیریان کردبوو.

چەندە بە سەماکردن ڕۆیشت، نەیدەزانی. بەڵام هێندە زۆر بوو کە بنباڵی ئارەق بکاتەوە. دواتر بیرکردنەوە لەوەی کە لە قوڵاییەکی ژێرزەویدایە، لەو شوێنە ئەم بە ئارامی قاچەکانی دادەنێت، وەک بروسکە لێیدا: تاریکییە قووڵە قەترانییە مەترسیدارەکە، ڕوباری نهێنی کە خولیاکانی لە ناو خۆیدا پەنهان کردووە، جوڵەی بونەوەری بچووک، لانەی بومەلەرزەی ئامادە بۆ گۆڕینی شارێکی تەواوەتی بۆ خۆڵ و خاشاک. ئەمانیش هاوکاربوون لە دروستبوونی ڕیتمی زەویدا. لە سەماکردن وەستا، ئینجا هەناسەکانی ڕاگرت، لە زەوییەکەی ژێر پێی ڕاما، وەک ئەوەی سەیری کونێکی بێ بن بکات.

بیری لە دایکی کردەوە لە ناو ئەو شارە وێرانبووەدا. بیریکردەوە چی دەبوو ئەگەر خۆی وەک ئێستە بمایەتەوە، بەڵام زەمەنی بگەڕاندایەتەوە و چاوی بە دایکی بکەوتایە ئەو ساتەی هێشتا گەنج بوو و تاریکی بوونی داگیرکردبوو؟ گومانی تێدا نەبوو کە هەردوو وەک یەک خۆیان لە ناو پیسییەتی نائاگایاندا نوقم دەکرد و بە چەند شتێکی شێتانە ئازاری یەکترییان دەدا، دواتریش توشی سەختترین سزا دەبوونەوە. جا چییە؟ “سزا؟” من لە مێژە چاوەڕوانی سزام. شارەکە دەبوو ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستە پارچەپارچە و هەلاهەلا بووبووایە.

دوای تەواوکردنی زانکۆ، هاوڕێ كچەکەی داوای لێکرد هاوسەرگیری بکەن. “دەمەوێت شوو بە تۆ بکەم بۆقە گەورەکە. دەمەوێت لەگەڵت بژیم و منداڵم لە تۆ ببێت. کوڕێکم لێت ببێت، هینەکەی بەقەد ئەوەی تۆ زل بێت.”

یۆشییا گوتی، “ناتوانم هاوسەرگیریت لەگەڵ بکەم، دەزانم دەبوو زووتر ئەمەم پێ بگوتیتایە، بەڵام من منداڵی خودام. من ناتوانم هاوسەرگیری لەگەڵ کەس بکەم.”

“بەڕاست؟”

“بەڵێ، بمبوورە.”

چووە سەر چۆک و پڕ مشتێک لمی لەسەر زەوییەکە هەڵگرت، لە نێوان پەنجەکانیدا ڕشتنیەوە بۆ سەر زەوی. چەند جارێکی دیکە هەمان شتی دووبارە کردەوە. دەستدان لە خۆڵە سارد و زبرەکە، دواهەمین ساتی بەیادهێنایەوە کە بەڕێز تاباتای لە ئامێز گرت، دەستە لاواز و بێ هێزەکەی تاباتا.

بەڕێز تاباتا بە دەنگێکی زبر و توندەوە گوتی، “یۆشییا، زۆرم نە ماوە لە ژیاندا.” یۆشییا ناڕەزایی دەربڕی، بەڵام بەڕێز تاباتا بە جوڵەیەکی دەستە لاوازەکەی وەستاندی.

“گوێی مەدەرێ، ژیان هیچ نییە لە خەونێکی کورت و بە ئازار زیاتر. سوپاس بۆ ڕێنیشاندەرییەکانی خودا کە توانیم بگەمە ئێرە و ئێستا. بەر لەوەی بمرم، شتێک هەیە دەمەوێت پێت بڵێم. شەرم لە وتنی دەکەم، بەڵام هیچ چارەیەکی دیکەم نییە: چەندین جار بە شێوەی زۆر شەهوەتبازانە بیرم لە دایکت کردووەتەوە. وەک دەزانیت، من خێزانێکم هەیە کە لە ناخی دڵمەوە خۆشم دەوێت، دایکیشت ژنێکی دڵپاکە، بەڵام هێشتا، هەر شێتانە و توندوتیژانە تامەزرۆی جەستەی بووم، تامەزرۆیی و ویستێک کە هەرگیز نەمتوانی کپی بکەمەوە و خامۆشی بکەم. دەمەوێ لێت بپاڕێمەوە تا لێم خۆشببیت.”

پێویست ناکات داوای لێخۆشبوون لە کەس بکەیت بەڕێز تاباتا. تۆ تەنها کەس نیت کە بە شێوەیەکی شەهوانی بیرت لێ کردبێتەوە. تەنانەت منیش، کوڕەکەی خۆی، هەندێک جار شوێن حەزە خراپەکانم کەوتووم … یۆشییا ویستی بەم جۆرە ناخی بۆ هەڵبڕێژێ، بەڵام دەیزانی کە ئەوە تەنها دەبێتە هۆی زیاتر توڕەکردنی بەڕێز تاباتا. دەستی بەڕێز تاباتای گرت و تا ماوەیەکی زۆر لە دەستی خۆیدا هێشتییەوە، بەو هیوایە بوو بیرکردنەوەکانی ناو سنگی، لە دەستییەوە قسە لەگەڵ دەستی بەڕێز تاباتا بکەن. دڵمان بەرد نییە. ڕەنگە بەرد بە تێپەڕبوونی کات لێی هەڵبوەرێت و بڕوشێت و شیببێتەوە و فۆرمەکەی لەدەستبدات، بەڵام دڵ هەرگیز ناڕوشێت. لە دەرەوە هیچ شێوەیەکیان نییە، گەر میهرەبان بن یان شەڕانگێز، هەمیشە دەتوانین پەیوەندی بە یەکەوە بکەن. هەموو منداڵانی خودا دەتوانن سەما بکەن. ڕۆژی دواتر، بەڕێز تاباتا دوامین هەناسەی هەڵكێشا.

لەسەر شوێنی تۆپ هەڵدانەکە لەسەر ئەژنۆ بوو، بە تێپەڕینی کات خۆی هەستاندە سەر پێ. لە شوێنێکی دوورەوە، گوێی لە دەنگی فیکەی وریاکەرەوە بوو. ڕەشەبایەک هات و گیاکانی خستە سەما و ئاهەنگ گێڕان، ئینجا خامۆش بوو.

یۆشییا گوتی، “ئای خوایە،”

وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی: جەی ڕۆبن

سەرچاوە: Haruki Murakami, After The Quack, New York, Vintage International, 2002

[1]  – Kansai

[2]  – Asagaya

[3]  – Chuo

[4]  – Yotsuya

[5]  – Marunouchi

[6]  – Kasumigaseki

[7]  – ‌Hibiya

[8]  – Kaniya-Cho

[9]  – Oshima

[10]  – Oppongi

[11]  – تیاکۆ: جانتا

[12]   – Kobe

[13]  – Chibs Prefecture

[14]  – پارچە کانزایەکی شێوە مەیلەو سێگۆشەیە، لە یاری بەیسبۆڵدا یاریزانێک لەسەری دەوەستێت و بە دارێک لە تۆپەکە دەدات و بە سەر هێڵەکەدا رادەکات و دەبێت بێتەوە سەر هەمان خاڵ.

[15]  – لە هەندێک گۆڕەپانی یاریکردندا، پەرژینێک بە شەبەکە دروست دەکرێت، تا تۆپەکە نەچێتە ناو ئامادەبوانەوە و بیانپارێزێت.

[16]  – ئەو یاریزانەی کە تۆپەکە هەڵدەدات، لە خاڵێکدا دەوەستیک، کەمێک زەوییەکەی لە تەواوی گۆرەپانەکە بەرزترە.

[17]  – ئەو شوێنەی کە پارچە کانزاکەی لێیە (هۆم پلەیت) پێیدەوترێت ماڵ. دوای ئەوەی یاریزانەکە بە دارەکە لە تۆپەکە دەدات، دەبێت بە بەسەر هێڵەکەدا بە ڕاکردن بڕوات و بگاتەوە هەمان خاڵ.

Check Also

هه‌موو شتێك له‌پڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر

  باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…