هەپی لایف… گۆران ڕەسووڵ

چونکە وەک شۆفێر و سەرنشینەکان کاتژمێرم لە دەست نییە، نازانم کات چەندە! بەڵام لە وەها ڕۆژێکی گەرم و تاقەتپڕوکێنی هاویندا دەتوانم بە گرژیی و ئارەقەی نێوچەوانی شۆفێر و سەرنشینی ناو ئۆتۆمۆبیلەکانەوە بزانم کە کاتژمێر چەندە. بۆ نموونە ئێستە کە شۆفێری ئەم ئۆتۆمۆبیلە سوورەم دەبینم، نێوچەوانی بە جۆرێک تێکناوە و شاخێک لە نێوان برۆکانی دروست بووە، تێدەگەم کە ئەمە کاتژمێر دوو لای داوە! ئەو کاتەیە کە داپیرەم بە نرکە نرکەوە و لەبەر خۆیەوە دەڵێت “کوڵاین” “کوڵاین!” ژیانی سەر شەقام و مانەوەی بە درێژایی ڕۆژ لەسەری، ڕایهێناوم کە گەرما و سەرما زۆر نەبن بە کێشە بۆم. بەڵام ئەوەی کە بێتاقەتم دەکا نەفرۆشتنی کلێنیکسەکانمە. ڕۆژانی پێشتر تاکو ئێستە زیاترم فرۆشتبوو! بەڵام هێشتا ئەم ترافیکلایتە لەوانی تر خێری زیاترە، بە تایبەت ئەو سایدەی کە ئاڕاستەکەی بەرەو باڵەخانە بەرز و بریقەدارەکان دەچێت.

وەک هەر ڕۆژێکی دیکە، ترافیکلایتەکە كاره‌بای نییه‌ و پۆلیسێکی هاتوچۆ له‌ دووره‌وه‌ خۆی له‌ ژێر سێبه‌رێكی بچووكدا هه‌ڵكوڕماندووه‌ و به‌ ده‌ستی ڕاستی هێما بۆ ئوتۆمۆبیله‌كان ده‌كات و له‌ ده‌ستی چه‌پیدا مۆبایلێكی هه‌ڵگرتووه‌، كه‌ جارجاره‌ به‌ سیله‌ی چاو سه‌یرێكی ده‌كا و له‌گه‌ڵیشیدا به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌ست ڕاوه‌شاندن.

“هۆو کوڕە، ڕەشۆ”، لە ناو ئۆتۆمۆبیلێکەوە کە نیوەی جامی لای شۆفێرەکەی کرابووەوە، پیاوێک بانگی کردم: “وەرە”.

لە ڕاستییدا من خۆم سپیم، بەڵام ئەو خۆرەی کە لە بەیانییەوە تا ئاوابوونی، چاوم لێ ناتروکێنێت، وای لێ کردووم ئەو پیاوە بە “ڕەشۆ” بانگم بکات! کە چوومە بەردەمی ویستم تیشێرتەکەی بەرم هەڵکەم و سپیێتی ورگمی نیشان بدەم و پێی بڵێم ئەوە بەس  قۆڵ و ڕووخسارمە کە خۆر ڕەنگی گۆڕیون، بەڵام لەپڕ دەنگە گڕەکەی لەناو هەڵمی قیڕی جادەکەدا بۆم هات.

– ئەوە دانەی بە چەندە؟

+ دوو هەزار.

– گران نییە؟ (هەر خۆی بە پێکەنینەوە ڕووی کردە سەرنشینەکەی تەنیشتی و گوێم لێ بوو پێ گوت “ئەمنیش سەیرم ها، معامەلەی کلێنیکس لەگەڵ منداڵێک دەکەم!”)

– ها ئەوە دوو هەزار.

(دوای ئەوەی پارەکەم لێی وەرگرت، بە دەم داخستنەوەی جامی ئۆتۆمۆبیلەکەیەوە گوتی، ئەو کلێنیکسە ناوی هەپی لایفە)

ئەرگەچی بەردەوام جۆری کلێنیکسەکان دەگۆڕان، بەڵام هەرگیز نەمدەزانی ناویان چییە، بە ڕەنگەکانیان دەمزانی کە باوکم کلێنیکسێکی نوێی هێناوە.

بەرەو ڕووی ئۆتۆمۆبیل بۆ ئۆتۆمۆبیل لە کاتی وەستانیان لە ترافیکەکەدا دەچم. خۆم بە دەرگە و جامە داخبووەکانیانەوە دەنووسێنم و بەو هیوایەم شۆفێرێک یان سەرنشینێک جامەکەی بهێنیتە خوارەوە و بڵێت “بە چەندە؟”.

ڕۆژانە لە سەر ئەو شەقامانە لە یەک شت تێناگەم، خەڵک ئەگەر نایانەوێت کلێنکیس بکڕن بۆ تووڕە دەبن!

ڕۆژێکیان ویستم بەرەو ڕووی ئۆتۆمۆبیلێک بڕۆم، هەر لە دوورەوە شۆفێرەکەی مۆڕەی لێم کرد و بە ئاماژەی دەستی هەر وەک ئەوەی کە من بەردەوام سەگی سەرکۆڵانەکەمان لە خۆم دوور دەخەمەوە، لە ئۆتۆمۆبیلەکەی دووری خستمەوە. ئێوارە کە چوومەوە ئەمەم بۆ داپیرەم گێڕایەوە، دەستی خستە سەر سەرم و بە دەنگێکی کزەوە گوتی “هیچ نییە ئۆخەیش”. ئەمەی گوت و دەستی بردەوە بۆ تەسبیحە شینەکەی.

لەگەڵ لەدایکبوونی خوشکەکەم دایکم مردووە، من لەوە تێنەگەیشتووم بۆچی؟ بەڵام داپیرەم، هەمیشە کە ئەو پرسیارەم لێی دەکرد دەیگوت: “کە فریشتەیەک هاتە سەر زەوی، دەبێ یەكێکی تر ئێرە جێبهێڵێت”. باوکم، تەنیا بەیانی و ئێواران دەبینم، ئەو کاتەی کە من و خوشکەکەم دەهێنێت و لە نزیک ترافیکلایتەکان دامان دەنێت و بە خێرایی دەڵێت “ئاگاتان لە خۆتان بێت و هەمووی بفرۆشن” و دەڕوات. ڕەنگە هەر ئەمە و دواتریش “چەندتان فرۆشت”، “کوا پارەکە”، “دیارە هەر دانیشتووی و هیچت نەفرۆشتووە” لەگەڵ چەند جنێوێک کە لە کاتی شۆفێریدا بە شۆفێرەکانی تری دەدات، لە باوکمەوە گوێ لێ بووە. باوکم کەمدو نییە، بەڵام لەگەڵ من و خوشکەکەم هەر ئەم چەند وشەیە دەڵێت و دەڵێتەوە.

بەڵام داپیرەم بەردەوام قسەمان بۆ دەکات و هەمیشە حیکایەتی خۆش و سەیرمان بۆ دەگیڕێتەوە. سەرەتا کە حیکایەتی بۆ دەگێڕامەوە تێنەدەگەیشتم! کە پرسیارم دەکرد، دەیگوت پەلە مەکە “فێری ئەو زمانە دەبی”. ئەگەرچی داپیرەم هەر لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و وەک ئێمە ئێواران ماندوو نییە، کەچی ئەو ماوەیە ئەویش تاقەتی قسەی نەماوە و حیکایەتەکانی یان دووبارەن یان زوو لە کورتی دەیبڕێنێتەوە! ئەو ماوەیە کەمتر چاوە قاوەییەکەی دەبینم، زۆرتر پێڵوە چرچ و لۆچەکانی دەکەونە بەر چاوم.

“زۆر قسە دەکەی. دەوت شل نەبوو!”

کوڕێک کە لەناو ئەو کۆمەڵە منداڵەی کە لە ترافیکلایتەکەدا پێکەوەین و جامی ئۆتۆمۆبیلەکان خاوێن دەکاتەوە، لەو کاتەی کە یەکێک لە حیکایەتەکانی داپیرەمم بۆ منداڵێکی تر دەگێڕایەوە، وەهای پێگوتم.

من چەند چێژ لە گوێگرتن لە داپیرەم و حیکایەتەکانی وەردەگرم، ئەوەندەش تامەزرۆم کە زوو بگەمە منداڵێک و حیکایەتەکەی بۆ بگێڕمەوە. هەموو جارێکیش ئەو کوڕە ئەو قسەی پێ دەگوتم و بێ دەنگی دەکردم. چونکە لە هەموومان گەورەتر بوو، سەر و دەست گەورە، لێی دەترساین! ئەو “ڕەشۆ” بوو نەک من. پۆلیسەکە زوو زوو پێی دەگوت: “لەوەی زیاتر ڕەش نەبی عەبۆ ڕەش، ئەگەرنا بە شەو کەس ناتبینێ”.

نازانم بۆچی زۆربەی ئۆتۆمۆبیلەکانی ئەم ترافیکلایتە گەورە و بەرزن! بەڵام من چونکە باڵام کورتە، زۆرجار شۆفێری ئەو ئۆتۆمۆبیلە بەرزانە هەر نامبینن. ناچار، دەبێت لەبەردەم جامەکەدا هەڵپەڕم و پاکەتە کلێنسەکەی ناو دەستم وەک فڕفڕۆکە بهێنم و ببەم.

هیچ نەبێت تاکو ئەو کاتەی باوکم بە دواماندا دێتەوە، دەبێت چەند دانەیەک لە کلێنیکسی هەپی لاف بفرۆشم. بۆیە چاوەڕێ بووم، دەستی ڕاستی پۆلیسەکە بەرزببێتەوە و ئەم لایەی ترافیکلایتەکە بوەستێنێت و منیش خۆم بە جام و ئاسنی داخبووی چەند ئۆتۆمۆبیلێک بنووسێنم و هەپی لافیان پێ بفرۆشم.

شۆفێرەکە کورێکی گەنج بوو، بەڵام پیاوێک بە قات و ڕیباتەوە لە پێشەوە دانیشتبوو، عەینەکێکی ئاویی پێچەوانەی عەینەکە ڕەشەکەی شوفێرەکە لە چاو بوو. ئۆتۆمۆبیلەکەیان بەرز، سپی، نوێ بوو. دوو دڵ بووم کە یەکەم جار بچمە بەردەم جامی لای کابرای قات لەبەری عەینەک ئاویی یان لای شۆفێرەکە. لەو کاتەدا بینم کە عەبۆ ڕەش بە خۆی و فڵچە و دەبە ئاوەکەییەوە خۆی گەیاندە جامی لای شوفێرەکە. ناچار منیش بە خێرایی خۆم بە جام و دەرگە داخبووەکەی لای کابرای قات لەبەری عەینەک ئاویی نووساند. بە تیلەی چاو لە ژێر عەینەکە ئاوییەکەیەوە منی بینی. وەک هەر شوفێر و سەرنشینێکی دیکە خۆی لێم نەبان کرد، وەک ئەوەی هەر کەس لەوێ نەبێت و وەک فڕفڕۆکە کلێنیکسەکەی دەستی نەهێنێت و نەبات!

ئەوە ناخۆشە کە خەڵک یان توڕە دەبن یان وا نیشان دەدەن کە ناتبینن!

هەر چەند دەستم هێنا و برد ئەو نە خۆی و نە چاوی لە ژێر عەینەکەکەوەیە نەجوولاند. چەند جارێک گوتم “کلێنیکس” “کلێنیکس” “هەپی لایف” “هەپی لایف!” لەولاوە بینم شۆفێرەکە بە ئاماژەی دەستی چەپی هەر وەک چۆن کە من بەردەوام سەگی سەرکۆڵانەکەمان لە خۆم دوور دەخەمەوە، ئاوا دەیوسیت عەبۆ ڕەش لە خۆی و خاوێنکردنەوەی جامی ئۆتۆمۆبیلەکەی دوور بخاتەوە.

بێ هیوابووم، ویستم بەرەو جام و دەرگەی داخبووەوەی ئۆتۆمۆبیلێکی تر بڕۆم، کەچی بینیم شۆفێر و چەند سەرنیشنی دوو ئۆتۆمۆبێلی پشت ئۆتۆمۆبیلە بەرز، سپی، نوێیەکە مۆبایلەکانیان دەرهێناوە و لە گۆشەی جیاوازەوە وێنەی من و عەبۆ ڕەش و ئۆتۆمۆبیلە بەرز، سپی، نوێیەکە دەگرن.

سەیر بوو!

هەرگیز بەم شێوەیە چەند کەسێکم نەبینیوە بەیەکەوە بە مۆبایلەکانیان وێنەمان بگرن!

بیرم کەوتەوە، باوکم جار جارە ئەوەشی دەگوت کە “نابێ خەڵک وێنەتان بگرێت!” “ناوی خۆتان و ناونیشانی ماڵ و هیچ شتێک بە کەس مەڵێن”.

خۆم لە کامێرای مۆبایلەکان دزییەوە، بەڵام گوێم لێبوو یەکێک لەو سەرنشینانەی ناو دوو ئۆتۆمۆبیلەکەی پشت ئۆتۆمۆبیلە بەرز، سپی، نوێیەکە بەو کەسەی تەنیشتی کە بە مۆبایلەکەی خەریکی وێنەگرتنمان بوو دەگوت: “با تابلۆ شینەکەی سەیارەکە دەرچێت، با مافی مرۆڤەکە باش دیار بێت”. گوێم لە یەکێکی تریان بوو گوتی: “حەی تڕ لەو مافی مرۆڤە”.

بەڵام من هیچ لەو شتانە نەگەیشتم!

پۆلیسەکە ئەمجارە دەستی چەپی بەرزکردەوە و ئاماژەی بۆ ئۆتۆمۆبیلەکان کرد.

ئۆتۆمۆبیلەکان ڕۆیشتن! نە من هیچ کلێنیکسێکم فرۆشت و نە عەبۆ ڕەش لە خاوێنکردنەوە و سڕینەوەی جامی ئۆتۆمۆبیلەکان هیچی دەستکەوت!

لەسەر شۆستەکە دانیشتم و چاوەڕێی دەستی پۆلیسەکەم جارێکی تر بە ئاماژەی وەستان ڕوو لە ئێمە بکات!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *