یەکەمجار ویستم چیرۆکێک بنووسم، چیرۆکێک لە چیرۆکی نووسەرە ئەمریکییەکان بچێت. وەک چیرۆکی (The Gun)ـی (مارک هادۆن). دوای زانیم ئەمریکی نیم، پەشیمان بوومەوە… ماوەیەکە ئەو نووسەرە ئەمریکییانە منیان گاوە، بە تایبەت ژنەکەی (کارڤەر)، کاتێک بە شەش خاڵ باسی چۆنیەتی بەستنی بۆینباخ دەکات؛ زۆر جوان. هەر چەند بۆینباخیش بۆ خۆم نابەستم، بەڵام ئاساییە دەتوانم لە چیرۆکەکە بێمە دەرەوە و بۆینباخەکانتان بۆ ببەستم. پێشتریش ئەمەم بۆ هاوڕێکانم و براکەم کردووە. من لە چیرۆکی (بۆینباخەکانی کاک ڤدریج)ـی (تیس گالاگەر)ـەوە فێر بووم بۆینباخ ببەستم. هەرکات بیرم بچێتەوە دەچم جارێکی تر چیرۆکەکە دەخوێنمەوە. چیرۆکەکە ڕووداوەکانی پچڕ پچڕ و تەکنیکێکی سینەمایی هەیە، وەک ئەم چیرۆکە. (کاک ڤدریج) لەو چیرۆکەدا جگەرە دەکێشێت، بۆنی جگەرەکەی دەکەم لە چیرۆکەکەدا، جگەرەیەکی بۆنناخۆش، بۆیە منیش ناچار جگەرەیەک دەکێشم… کە براکەم مرد، ئیتر بیرم کردەوە چیرۆکێک بخولقێنم، ڕەوتی ڕووداوەکانی سەر بە یەک هێڵی گشتی نەبێت، خۆ ناکرێت تۆ خەڵکی ئەمریکا نەبیت و چیرۆکی جوان نەنووسیت، ئەوەتا من خەڵکی نیویۆرک نیم و دەتوانم وەک (شێرمەن ئالێکسی)، باسی ئاودەستی پاک بکەم. نایشارمەوە بۆ من زۆر خۆشە، کاتێک لە ئاودەستێکی پاکدا گوو دەکەم. یان دەتوانم وەک (تۆبیاس وۆڵف)، باسی شۆردنی قاپ بکەم. براکەم دەیگوت: “ناوی ئەم نووسەرانەم زۆر خۆش دەوێت.” براکەم مرد، بە تەنیشت قەوانەکانەوە، لە قەمسەڵەیەکی موغاویری دەڵبدا مرد… بەهەرحاڵ، لە ئێستادا زیلێک چووەتە سەرمەوە، زیلێک تایەکانی تا نیوەی قوڕە. براکەم لە زیلەکەدا لە شوێنی سەکنەوە دانیشتووە، جگەرەیەکی بە دەستەوەیە و دوور دوور دەڕوانێت، لە تەمدا دەڕوانێت. دەزانم گرانە زیل بکەیتە ناو زەینی خوێنەرەوە، دەزانم گرانە ئەم چیرۆکە لە بیرەوەرییەکانتا بهێڵیتەوە.
**** **** ****
جگەرە بۆ ئەم ڕۆژانەی من خراپ نییە
نزیکم لە کافەشۆپەکەوە. لە گەرمادا هەموو شتەکان بێتاقەتن. ئۆتۆمبێلەکان بەر سێبەری ئاپارتمانەکان دەکەون. مرۆڤەکان لە گەرمادا ماندوو بە تەنیشت یەکدا دەڕۆن. دەنگی هۆڕنەکان بەسەر شەقامەکاندا پەخش دەبن. پاس و ئۆتۆمبێلە بچووکەکان بە نێو یەکدا تێدەپەڕن. چەند هەنگاوێکم ماوە بگەم بە کافەشۆپەکە. لە کافەشۆپەکەوە دەنگی مۆسیقایەک دەمبڕێت. کافەشۆپەکە پڕە لە دووکەڵی جگەرە، کەسەکانی ناو کافەشۆپەکە، دەڵێی لە تەمدا وەستاون! بە تەنیشت دوو کورسیی بەتاڵ و تەپڵەکێکەوە دادەنیشم، تەپڵەکەکە پڕە لە قنگەجگەرە. وەک هەموو جارەکانی تر جگەرەیەک پێ دەکەم. لە بەردەم کوپێکی قاوەدا جگەرەیەک پێ دەکەم. جگەرە بۆ ئەم ڕۆژانەی من خراپ نییە.
دەست بۆ قاوەکە دەبەم. بیر لە براکەم دەکەمەوە. دەیگوت: “چاخواردنەوە لە سەنگەردا تامی خۆی هەیە. دەیگوت، کە دەنگی قۆرییەکە دەهات، زیاتر لە قۆرییەکە نزیک دەبووینەوە، هەریەکەمان کوپێکمان پێ بوو. کوپەکان لە دەستماندا دەتەزی. دەیگوت، بە هەموومان یەک کەوچکەچامان هەبوو. ون دەبوو، دەماندۆزییەوە. ون دەبوو، دەماندۆزییەوە. ون بوو، نەماندۆزییەوە.” قاوەکە تاڵ گەرووم دەبڕێ… لە تەمدا، لە پاڵ زیلێکدا پێکرا. زیلەکە لەناو تەمەکەدا خزابوو. کچێک لە ڕادیۆی زیلەکەوە، باسی دابەزینی پلەکانی گەرمای کردبوو، تەقە کرابوو، دەنگی ڕادیۆکە پچڕابوو. خوێنەکەی لە تەمدا جێما. کڵاوخودەکەی و نوکتە نەوتراوەکانی لە تەمدا جێما! قەمسەڵەکەی شوێنی فیشەکی پێوە بوو، پۆستاڵەکانی دڵۆپەخوێن. هەوا سارد بوو، فیشەکەکان گەرم لاشەیان بڕیبوو. فیشەکەکان جلەکەیان بڕیبوو، چەقیبوونە گۆشتەکەی، حەزم دەکرد فیشەکەکان وایان نەکردایە! هەندێک قسە لە قوڕگیدا گیر بووبوون، قسەکان دوایین قسەی تەزیوی ناو تەم بوون. بیری ئەو قسانە دەکەم کە لە قوڕگیدا گیر بووبوون، بیری هاوڕێکانی دەکەم، ئەکبەر و پیکابەکەی، ماجد و دووربینەکەی.
جگەرەیەک لە توێی پەنجەکانمایە، لە جگەرەی براکەمە. بە عادەتی خۆم، جگەرە بە نیوەیی دەکێشم، ڕۆژێکیان پێی گوتم: “تۆ جگەرە ناکێشیت، جگەرە دەگێیت، گوناحە ڕۆژی بیست جگەرە ئاوها دەگێیت.” ئێستا زیاتر جگەرە دەکێشم، یەعنی زیاتر جگەرە دەگێم، ڕەنگە براکەم ئەمەی پێ خۆش نەبێت. گوێم لە مۆسیقایەکی خەمگینە. مۆسیقایەکی خاوی ساکسیفۆن بە کەمێک خشەخشەوە. مۆسیقاکە کۆنە، بەناو ئەو هەموو ساڵانەدا دێت و لە بەردەم کوپێکی قاوەدا کەرتم دەکات… خەڵکی لەودیوی کافەشۆپەکەوە لە گەرمادا دێن و دەچن. شۆستەکان لەبەر چاومدا لوول دەبن، دەئاڵۆسکێن. کەسێک بە عارەبانەیەکەوە لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە، عارەبانەکە ون دەبێت. ئۆتۆمبێلەکان بەناو یەکدا دەڕۆن. ئۆتۆمبێلی براکەم لە دەرەوە وەستاوە، لە بەردەم ئاپارتمانێکی پێنج نهۆمیدا. داشبڵەکەی لە خۆردا گرنج گرنج بووە. بەیانیان چۆلەکە دەبینم بەسەر بۆنیتەکەیەوە. جیقنە چۆلەکەکان نووساون بە بۆنیتەکەیەوە، دایکم ئەمەی پێ خۆش نییە. دایکم ئۆتۆمبێلی براکەمی زۆر خۆش دەوێت. یەک- دووجار دایپۆشی، دوای وتی: “ئەم ئۆتۆمبێلە بە ڕووتی جوانترە.”
زۆر حەزی بە بانیۆ و خواردنی فینگەر بوو. دوایین جار هاتەوە، جانتاکەی مووس و مەعجوون و پسکیتی تیابوو. دەیگوت: “لە سەنگەردا تەراش ناخۆشە و تەراش بە لەتەئاوێنەیەک ناکرێت.” دەمزانی دەموچاوی، لە لەتەئاوێنەیەکدا جێی نابێتەوە. بەردەوام ڕووخسارێکی تەراشاوی و لووسی هەبوو. ئەو ڕۆژە تازە تەراشی کرد بوو. یەک- دوو شوێنی ڕووخساری بڕیبوو. هەمیشە لە کاتی تەراشدا گوپەکانی پڕ دەکردن لە هەوا. بۆ تەراش زۆر لەبەر ئاوێنە دەمایەوە. چەند بابەتێکی کورتیشی لە ڕۆژنامەکاندا لەسەر چۆنیەتی تەراشکردن خوێندبووەوە. بەیانییەکیان لە کاتی تەراشدا پێی گوتم: “قەد فێری تەراش نابیت.” ڕاستی کرد، قەد فێری تەراش نەبووم. لای من نا، لای هاوڕێکانی گوتبووی: “لە سەنگەردا هەموومان لە یەک تاوەدا هێلکە دەخۆین، گوتبووی، شۆردنی تاوە خۆش نییە، شۆردنی تاوە لە هیچ سەردەمێکدا خۆش نییە.” ئەوان لە حەمامێکی تەزیودا خۆیان دەشۆرد. ئەو ڕۆژانە سابوون سارد و لفکە سارد و چینکۆکان سارد بوون. چینکۆی حەمامەکەیان، کۆن و ژەنگاوی بوو. چینکۆکان قوپاو، شوێنی چەندین پارچە تۆپییان پێوە بوو.
لە کافەشۆپەکەدا کەسێک دەبینم، لە خۆیەوە هەندێک قسە بۆ گارسۆنەکە دەهاوێ. جگەرەیەک دادەگیرسێنێت. دووکەڵی جگەرەکەی لەگەڵ ڕیتمی مۆسیقاکەدا تێکەڵ دەبێت. پاکەتوچەرخەکەی لەسەریەک دادەنێت. ڕووخساری تەڵخ لەناو دووکەڵی جگەرەکانەوە دەبینم، وەک ئەوەی ڕووخساری ئەکبەر بێت و قسەیەکی بۆ پشیلەکان هەبێت… لەوبەری شەقامەکە دوو کەس دەبینم، دوو کەس پێدەچێت کەپڵی یەکتر بن. قسە دەکەن و پێدەکەنن. قسەکانیان لەسەر شۆستەکە دەکەون! چەند کەسێکی تر بەسەر قسەکانیاندا دەڕۆن… براکەم قەنافزێکی تەنک و پشتەملێکی تووکاوی هەبوو، هەفتانە پشتەملی چاک دەکرد، بە دوو ئاوێنە پشتەملی چاک دەکرد. براکەم، دەیگوت: “لە سەنگەردا قۆری کۆمان دەکاتەوە.” لە وێنەیەکدا هەموویان بە دەوری قۆریەکدا کۆبوونەتەوە، قۆرییەکە تا ناوقەدی ئاگرە، لە قۆرییەکەوە هەڵمێک هەڵدەسێت، هەڵمەکە لە وێنەکەدا مەییوە! براکەم، لە قەمسەڵەیەکدایە و سەرما هێندەی تر بچووکی کردووەتەوە. ماجد بە سەموونێکی بچووک و ڕەنگێکی خۆڵەمێشییەوە، تەواو خۆڵەمێشییەوە، نزیکترین کەسە لە براکەمەوە. چاوەکانی ماجد ڕەش و بێتاقەتن. کۆمەڵێک تەلەزی و پشیلەیەک لە وێنەکەدا دەرچوون. پشیلەکە هەمان ئەو پشیلەیە، کە لە چیرۆکەکانی (هێمنگوەی)دا هەیە. براکەم تەنانەت پشیلەی ناو چیرۆکەکانیشی خۆشدەویست. هەمیشە ئەو چیرۆکانەی دەخوێندەوە، کە پشیلەی خرپنی چاوڕەشی تیابوو!
خەریکە بیری ئۆتۆمبێلەکەم دەکەم
لە تەمدا قسەیان کردبوو، فیشەکیان تەقاندبوو، فیشەکەکان، تەم و سەرمای ئەو ڕۆژانەیان بریندار کردبوو. نوکتەیان گێڕابووەوە. دەیگوت: “هەندێک شەو نوکتەکان لە دەمماندا دەتەزین.” ئەو ڕۆژانە هەموو شتەکان لە تەمدا بێتاقەت بێتاقەت بوون. یەکەمجار کە چووە سەنگەر، لە باراندا نامەیەکی بە کەمێک هەڵەی ڕێنووسەوە نووسی بوو. لە نامەکەدا باران دەباری! نامەکە بە زیلێکدا هاتەوە ماڵ، تایەکانی زیلەکە زۆر گەورە بوون، زۆر. نووسیبووی: (چەند ڕۆژێکە بارانە، لە باراندا هەموو شتەکان خووساون. هاوڕێکانم باشن و هەندێکیان ئەم بارانەیان پێ خۆش نییە. ئەمڕۆ یەکێک لە سەربازەکان هەزار جنێوی بەو بارانە دا، منیش لە دڵی خۆمدا هەزار جنێوم بە سەربازەکە دا. دەڵێن؛ دوای ئەم بارانە دنیا تەم دەبێت، من بارانم پێ خۆشترە لە تەم و سەرما. شەڕکردن لە تەمدا خۆش نییە… لە باراندا جگەرەکێشان زۆر خۆشە، دوو ڕۆژێکە جۆری جگەرەکەیشم گۆڕیوە، ئەم جگەرەیان کەمێک نیکۆتینی کەمترە. هاوڕێکانم دەڵێن؛ تۆ بە جگەرە دەمریت! شەوان حەبەکان لە کاتی خۆیدا دەخۆم، لە دوێنێوە تۆزێک سەرئێشە و کۆکەکەم کەم بووەنەتەوە… خەریکە بیری ئۆتۆمبێلەکەم دەکەم، ڕەنگە ئۆتۆمبێلەکانیش ئەم بارانەیان پێ خۆش بێت، بەڵام نازانم بۆ زیلەکان… سەربازێک دەڵێ؛ دوای باران ئەم دەشتاییانە دەبریسکێنەوە. هەر ئەو سەربازە دەڵێ، لە شەڕدا هەریەکەمان بەشی خۆمان ترسمان دەکەوێت! دەڵێ، بڕوا ناکەم زەوی ئەم شەڕ و شتانەی پێ خۆش بێت. من دەزانم ئەمانە قسەی سەر قەنەفەن و بە کەڵکی ئەم ڕۆژانە نایەن. بەڵام هەندێک جار لەم شەڕگانەیشدا، قسەی عەنتیکە دەدۆزیتەوە… ماجدی هاوڕێم وەکو جاران، کڵاوەکەی لەسەرە و بەردەوام بە مووکێشێکەوە مووەکانی سەر ڕوومەتی هەڵدەکێشێت… لێرە پشیلەیەکی لێیە، هەموومان خۆشمان دەوێت، پشیلەکە قوڕاویی بووە و بەو ناوەدا جرتوفرتێتی. هاوڕێیەکم دەڵێ: خۆزگە بمزانیایە پشیلە بارانی پێ خۆشە یان نا… چەند ڕۆژێکە خەو و تەراشکردنم کەمبووەنەتەوە، بێمەوە ئەوەندە تەراش دەکەم هەر مەپرسە… شەوان لە باراندا فیشەک دەتەقێنین، دەنگی فیشەکەکان بەناو باراندا دەڕۆن، زۆر دوور دەڕۆن…) براکەم لەژێر تەمدا مرد، لە نزیک شارەمێروولەیەکی کۆن. خوێنەکەی کەوتبووە سەر تەڵاشەبەردەکان، دەزانم بەردەکان و گوێنییە خۆڵەکان و هاوڕێکانی ئەمەیان پێ خۆش نەبوو.
کچێک بنێشت دەجووێت، لە کافەشۆپەکەدا بنێشت دەجووێت. پێڵاوێکی پاژنەبەرزی لە پێیە، ڕێک لەو پێڵاوانەیە کە پێشکەشکارە کچەکان لە پێی دەکەن. کوڕێک بەرەوڕووی کچەکە دەڕوات، کوڕەکە دەچێتە تەنیشتی کچەکە، کوڕەکە قسەیەک دەچرپێنێ بە گوێی کچەکەدا، برۆکانی کچەکە دێنەوە یەک و پێدەکەنێت. کوڕەکە تیشێرتێکی سلفەری لەبەرە و قژەکەی کەمێک بۆ سەرەوەیە، ڕێک لە قژی( John Travotta)ی ناو فیلمی( Faceoff) دەکات. کچەکە لە گەنجێتی(جین ستین) دەچێت، نوسەرە ئەمریکییەکە، ئەوەی لەم ڕۆژانەدا، لە نهۆمی پانزەیەمینی ئاپارتمانەکەیەوە لە نیویۆرک خۆی فڕێدا. پێشتریش یەک- دوو کەسی تر، لە هەمان ئاپارتمانەوە خۆیان فڕێدابوو، بەڵام ئەوانە نوسەر و شتی وانەبوون. کچەکە جووڵەیەک دەکات و کوپی قاوەکە بۆ دەمی دەبات، کوپی قاوەکە دادەنێت… مۆسیقاکە خاو بەناو مێز و کورسییەکاندا دەڕوات، مۆسیقایەکی سارد! وەک ئەوەی لە بەردەم تەرمێکدا لێ بدرێت… براکەم لە سەنگەرەکاندا، لە نزیک بێتاقەتی گوێنییە خۆڵەکاندا گوتبووی: “زۆر بیری ماڵەوە دەکەم، دەترسم ئەمە خیانەت بێت!” دوای یەک یەک باسی هاوڕێ کۆنەکانی کردبوو. گوتبووی: “بەهرام، لە کۆمپانیایەکی ڕیکلامە و بەردەوام ڕیکلام بۆ پێڵاو و جلی مارکە و ماست دەکات. گوتبووی، ڕەسول گەڵابەی پێیە و بەرد بۆ کارگەیەکی چیمەنتۆ دەگوازێتەوە. عەلی سیناریۆی بۆ فیلمێکی ئەنیمەیشن نووسیوە و فیلمەکە باسی بەختەوەرییەکانی بۆقێک دەکات.” لە ساترەکاندا دنیا سارد بوو، دنیا زۆر سارد بوو، بیری زۆپاکەی کردبوو، بیری قۆری و کافەشۆپ و یاریی بۆڵینگی کردبوو. بیری شەقام و شۆستە و ترافیکەکانی کردبوو… براکەم لە پاسدا لە شوێنی سەکنەوە دادەنیشت. لە زیلدا لە شوێنی سەکنەوە دادەنیشت، لە ماڵدا ڕێک بەرامبەر تەلەفزیۆنەکە… قومێکی تر لە قاوەکە دەدەم، تاڵی قاوەکە بەر زمانم دەکەوێت.
**** **** ****
قیتارەکەی ماجد
ماجد هەم هاوڕێی سەنگەری براکەم و هەم لە یەک تیپیش یارییان کردبوو، هێریشبەرێکی باش بوو. ئازار لە یەکێک لە ئەژنۆکانیدا دروست بووبوو، وازی هێنابوو. لە ساترەکاندا قسەی زۆری لەسەر تۆپ کردبوو. لای چینکۆکاندا، لەناو ترس و سەرمای ئەو ڕۆژانەدا گوتبووی: “تۆپ وەک تلیاک وایە!” لای براکەم گوتبووی: “ئۆفساید حیزترین یاسای سەرزەوییە، گوتبووی لە شەڕدا یەکجار دەکەویتە ئۆفسایدەوە.” کەوتە ئۆفسایدەوە! لە سەنگەردا دووربینێکی پێ بوو، بەردەوام لە ملیدا بوو، تەماشای ئەوبەری پێ دەکرد، ئەوبەر هێڵی تەماسی نێوان ئەوان و دوژمن بوو، لەوێ سکەیەکی قیتاری لێ بوو، قیتارێکی کۆن کۆن بەسەر سکەکەوە وەستا بوو، دەیان نا، سەدان فیشەکی پێوە بوو. هەمیشە وەک بەردێک لەو سەحرایەدا وەستا بوو. لەو سەحرایەدا قیتارێکی تەنیا، دەبێت بیر لە چی بکاتەوە؟ ماجد هەموو ڕۆژێک ڕستەیەکی تازەی لەسەر ئەو قیتارە هەبوو بوو. گوتبووی: “قیتار دروستکراوێکی عەنتیکەیە.” حەزی بەوە بوو، ڕۆژێک وێنەیەک لە تەنیشت قیتارەکە بگرێت، نەیگرت. گوتبووی: “بگەم بە قیتارەکە هەموو شتێکی پێ دەڵێم!” ئەو ڕستەیەم زۆر خۆشدەوێت. (بگەم بە قیتارەکە هەموو شتێکی پێ دەڵێم.) حەزی بەوە بوو فیشەکەکان قیتارەکە بریندار نەکەن. لای براکەم گوتبووی: “لە ڕەسمیشدا قیتارم خۆشدەوێت. گوتبووی، دەترسم، شەوێک هەڵسم و قیتارەکە نەمابێت.” بەردەوام کڵاوی لەسەربوو، کڵاوێکی لار، گوتبووی: “حەوت کڵاوم هەیە، کڵاوە ڕەشەکەیانم لە هەموویان زیاتر خۆشدەوێت.” چەندین جار لە بازاڕ و کافتریا و کافەشۆپەکان، بە کڵاوەوە بینیمان. ئەوان بە ویراسی کەچەڵ بوون. ئێوارەیەکیان گوتبووی: “حەزەکەم لە خەویشدا کڵاوەکەم لەسەر بێت.” لە خەویشدا کڵاوەکەی لەسەربوو! بەیانیەک ماجد بە دووربینەکەی، وەک ڕۆژەکانی تر تەماشای قیتارەکە دەکات، فیشەکێک ملی دەبڕێت و دووربینەکەی دەکەوێتە سەر گوێنییە خۆڵەکان. فیشەکەکە خراپ پێست و دەمارەکانی ملی بڕی بوو، ملی گوناح بوو! کڵاوەکەی بە پێچەوانەی لاشەیەوە، کەوتبووە ئەودیوی گوێنییە خۆڵەکان و لەناو باوەشی تەلەزیەکاندا گیربووبوو، ڕەنگە کڵاوەکەی ئێستایش لەوێ بێت! ئەو بەیانییە بە دووربینەکەیەوە، گوتبووی: “لەم شوێنانەدا، قیتار جێگەی نابێتەوە.” ئیتر کەس لە سەنگەردا، باسی قیتار و ئەوانەی نەکرد. ئێمە دەمانزانی، ماجد ئەو سەحرا و شەڕگانەی پێ ناکەوێ و لە ئەسڵدا سەر بەوێ نییە. بە ئێستایشەوە قیتارەکەی ماجد لەو سەحرایەدا وەستاوە.
گەرما دەکەوێتە سەر شۆستەکان، شۆستەکان گوناحن. عاموودەکان گوناحترن! لە شۆستەکە دەپەڕمەوە و کافەشۆپەکە بەجێ دەهێڵم. کچی ناو کافەشۆپەکە بە پێڵاوێکی پاژنەبەرزەوە لە دەماغمدا چەقیوە. سێبەری ئاپارتمانەکان دەبڕم. منداڵێک سەگێکی بچووکی پێیە و لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە، قاچە بچووکەکانی سەگەکە دەکەونە سەر خەتە سپییەکان، خەتە سپییەکان ختووکەیان دێت. سێبەری ئۆتۆمبێلە گەورەکان بەر سەگەکە دەکەون. لە چاومدا ئۆتۆمبێلەکان دەبنە زیل! سەگەکە لە کۆڵانێکدا پێچ دەکاتەوە، منداڵەکەیش بە دوایدا.
حەزی بە شۆفێری زیل بوو. دەیگوت: “دەنگی زیلەکان شەوان تا ئەوسەری سەنگەرەکان دەڕۆیشت. دەیگوت زیلەکان بەختێکی باشییان نییە.” دروست شۆفێری زیلەکانیش بەختێکی باشیان نییە! ئێمە دەمانزانی براکەم زیلی لێ نایەت. لە تەمدا لە پاڵ زیلێکدا وێنەیەکی گرتووە، لە وێنەکەدا زیلەکە قوڕاوی و بێتاقەتە. براکەم لە وێنەکەدا کڵاوخودەکەی لەسەر نییە، حەزم دەکرد کڵاوخودەکەی لەسەر بوایە. کڵاوخودەکەی جێما. بیجامە خەتخەتەکانی و تیشێرتە ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆ هەتاهەتایە جێمان… لە وێنەیەکی تردا لە پاڵ کۆمەڵێک چینکۆ و تەلەزیدا وەستاوە، لە وێنەکەدا هاوڕێکانی ڕیشهاتوو و قوڕاوین. براکەم چڵکن، جگەرەیەکی بە دەستەوە گرتووە، دووکەڵی جگەرەکە لە وێنەکەدا بەستوویەتی، لە وێنەکەدا جل قوڕ و پۆستاڵ قوڕ و تفەنگەکانیان قوڕاوین.
**** **** ****
پشیلەکەی ئەکبەر
گوتی: “لە شەڕگە پشیلەیەکی لێبوو، ئەکبەر شەوان لەگەڵ خۆیدا دەیخەواند.” شەوێکیان ئەکبەر گوتبووی پشیلەیش وەک جگەرە دەچێتە گیانەوە. هەر ئەو شەوە گوتبووی، کەمێکیش مانگام خۆشدەوێت، مانگایش ڕوحلەبەرێکی سەیرە. ئەکبەر پێشتر پیکابی هەبوو بوو. بە پیکابەکەی ئەشیایی دەگواستەوە بۆ ڕێستۆرانتێکی گەورە. خاوەنی ڕێستۆرانتەکە کاری بزنسی دەکرد و هەر ڕۆژەی لە وڵاتێک بوو. ئەکبەر لە شەڕێکدا بە دیل گیرا. لەژێر باراندا، بە تفەنگێکی تەڕ و ملپێچێکی تەڕەوە گیرا. هاواری کردبوو، هاوارەکانی لەناو بارانی ئەو ڕۆژەدا نوقم بووبوون. ئەو ڕۆژە بارانەکە هەموو شتێکی لەو سەحرایەدا تەڕ کردبوو… گوتبووی؛ ئەگەر ببم بە سەرۆک، هەموو پشیلەکان کۆ دەکەمەوە. گوتبووی، گوناحە پشیلەکان بەرەڵڵا بن.” ئێوارەیەکیان لە نزیک سەنگەرێک، پشیلەکە خومپارەیەک کردی بە سێ پارچەوە. براکەم یەکەم کەس چووبووە سەری. خومپارەکە لێیدا بوو گوێیەکانی پەڕیبوون، خوێنەکەی کەوتبووە سەر زەوییەکە. ئەکبەر گریابوو. دوای زۆر لە کۆڵانەکاندا گەڕا بوو، تا پشیلەیەک لە هەمان شێوە بدۆزێتەوە، نەیدۆزییەوە. گوتبووی: “ڕەنگە لە وڵاتێکدا یەک پشیلەی وا هەبێت.” هەمیشە خەمی ئەو خەمی پشیلەکان بوو. شەوێکیان لەژێر مانگدا، براکەم بە درێژی باسی چیرۆکی، پشیلە ڕەشەکەی (ئێدگار ئالان پۆ)ی بۆ ئەکبەر کردبوو، گوتبووی؛ ئەو نووسەرە خراپە بۆ پشیلە و هەزار جنێوی پێ دابوو، گوتبووی: غەدری لە پشیلە کردووە، چۆن دەبێت پشیلە لە چیرۆکدا هەڵبواسی، گوتبووی لە هەر شوێنێک بیبینم دەیگێم! پشیلەیش ڕووحلەبرە ئیتر، نابێت چاوی دەربێنیت. ئەو شەوە سێبەرەکانییان چرچولۆچ بە زەوییەکەدا کشابوو. زۆر باسی پشیلەیان کردبوو. گوتبووی: “کۆڵان یەعنی پشیلە.” بەردەوام براکەم باسی ئەکبەر و پشیلەی بە یەکەوە دەکرد.
**** **** ****
ماوەیەکە بێزارم لە ئەسانسۆرەکان و بە پیلیکانەکاندا سەردەکەوم. براکەم هەتا مرد بە ئەسانسۆرەکاندا سەردەکەوت. بەیانییەکیان بە جووتێک پۆستاڵی قەیتان شلەوە گوتی: “پۆستاڵ قورسە و بۆ پلیکانە نابێت.” پێکەنی. پێکەنیم. ئەو بەیانییە دوایین جار بوو، لە ئەسانسۆرەکە دابەزی، شکڵێکی زۆر سینەمایی هەبوو. جلێکی موغاویری دەڵبی لەبەر بوو، وەک جارەکانی تر جانتاکەی لەشان بوو، جانتاکەی قورس و قەرەباڵخ دیار بوو. جانتایەک بۆ دوایین جار، بە مووس و خاولی و شامپۆوە دەچێتە سەنگەر و ناگەڕێتەوە! زیلەکە چاوەڕوانی بوو، زیلێکی بریندار و ماندوو. چەند کەسێکی تر لە دواوەی زیلەکە بوون، ئەسمەر، لاواز و سەرمابردوو. دەمزانی سەرما تیژ چووەتە ناو ئێسقانەکانییانەوە. دەمزانی لەم ڕۆژانەدا، زیلەکە لە تەمدا دەچەقێت! بۆ هەتاهەتایە دەچەقێت. (من بە خاتری ئەم چیرۆکە، چەند جارێک سواری زیل بووم، بە زیل ڕۆیشتم بۆ لای گوێنییە خۆڵەکان. لەوێ، دووکەڵم بینی، خوێنم بینی. تەلەزیم بینی.) براکەم لە زیلەکەوە دەستێکم بۆ بەرز دەکاتەوە، حەزم دەکرد زیلەکە بە قیرەکەدا بچەقێت و نەڕوات. زیلەکە بە دووکەڵێکی ڕەشەوە بەناو شەقام و سەرماکەدا ڕۆیشت. براکەم حەزی بەوەبوو، بە قیتار بڕوات بۆ دوورگەکانی کیش. بە فڕۆکە بڕوات بۆ لاس ڤێگاس، نەڕۆیشت.
نزیک لە پلیکانەکان
لە حەوشەی ئاپارتمانەکەم، نزیک لە پلیکانەکان. ئۆتۆمبێلی براکەم، لە گەرمادا وەستاوە و تەماشای ئاپارتمانەکە دەکات. هەمان ئەو ژنە دەبینمەوە ماوەیەک لەگەڵ براکەم بوو. ژنەکە بە سترابێکی تەڵباریکەوە، جل لە باڵکۆنەکەدا هەڵدەخات، جلی ڕەنگاوڕەنگ. دەچەمێتەوە بۆ تەشتەکە و شۆرتێکی پۆڕنۆی دەخاتە پاڵ جلەکانی تر. من قژیم بە زۆربەی ڕەنگەکانەوە بینیوە. لە ئێستادا ڕەنگی قژەکەی لە (ئالیس مۆنڕۆ) دەکات، بەتایبەت لەو وێنەدا لەسەر سکەی قیتارەکە دانیشتوە و لە کامێراکە دەڕوانێت. ژنەکە چووبووە دەرەوە. لای براکەم گوتبووی: “چوومەتە ڤینیسیا.” ڕۆیشتبوو بۆ کافە فلۆریان(Florian)، لە گۆڕەپانی سان مارکۆ(San Marco)، لەوێ قاوەیەکی تاڵی خواردبووەوە و چرووتێکیشی کێشا بوو. دوای بە تەنوورەیەکی کورت و گۆرەوییەکی تەنکەوە، ڕۆیشتبووە ڕیستۆرانتی ئەنتیکۆ فۆڕنۆ(Antico Forno). شەوێک چووبووە ڕۆما، لە سان کالیستۆ (San Calisto) ئەوەندەی خواردبووەوە، قاچەکانی شل بووبوون. دوای لەگەڵ پیاوەکەیدا وێنەیان لە پارکە ڕاقییەکاندا گرتبوو. لە وێنەیەکدا پیاوەکەی بۆینباخێکی زیرەیی کورتی لە مل بووبوو، سێبەرێکی تۆخ بۆینباخەکەی لە ملیدا کردبوو بە دوو پارچەوە. بە قسەی ژنەکە، پیاوەکەی حەزی بە بۆینباخی کورت بووە بە هەموو ڕەنگەکانییەوە… پیاوەکەی پارساڵ لە بیجامەیەکی سادەدا، لە باڵکۆنەکەوە بەر بووەوە و مرد. پیاوێک لە نیوەڕۆیەکی گەرمی مانگی ئۆگستدا، بە جووتێک نەعل و چاویلکەیەکەوە بەردەبێتەوە و دەمرێت، مردنێکی سەیرە…
**** **** ****
ئەگەر گەرما و هونەرە کۆلاژکراوەکانی ناو ئەم چیرۆکە بهێڵن، حەزەکەم بڵێم، ئێستا لە نهۆمی پێنجەمی ئاپارتمانەکەم، بەرامبەر مێزی تەوالێتەکەم. هێشتا کچی ناو کافەشۆپەکە لە زەینمدایە، ڕەنگە ئێستا کچەکە، لەناو ڕیتمی مۆسیقا خاوەکەدا، جگەرەیەکی تریشی کێشا بێت، جگەرەیەکی باریک… دایکم لەسەر قەنەفەکەیە، لەوەتەی تووشی نەخۆشی ماخۆلیا بووە، درەنگ درەنگ قاپەکان دەشوات، لە کاتی شۆردنی قاپدا دەستکێش لە دەست دەکات، ئینجا لە قاپێکی قووڵدا زاهیی دەگرێتەوە. لە پێشدا مەنجەڵەکان دەشوات، دوای کەوچک و قاپ و گڵاسەکان. باوکم حەز دەکات، لە پێشدا قاپ و کەوچکەکان بشوات، ئینجا مەنجەڵەکان، بەڵام دایکم ئەمە ناکات. باوکم بەرامبەر تیڤییەکەیە، یان تیڤییەکە بەرامبەر باوکمە، جیاوازی نییە. لە تیڤییەکەوە کۆمەڵێک سەرباز لە زیلێکدان و زیلەکە بە ڕێگایەکی پڕ تاسەی خۆڵدا دەڕوات، کە زیلەکە بەر تاسەکان دەکەوێت، دەڵێی سەربازەکان لە هەوادا سەما دەکەن. دەزانم باوکم، لە زیلەکەدا بۆ براکەم دەگەڕێت! براکەم لە وێنەیەکی سارددا، لە زیلێکدایە و بە قەد مێزی تەوالێتەکەوە وەستاوە. لە وێنەکەدا زیل سارد و جلەکانی سارد و پۆستاڵەکانی ساردن. زیلەکە لە تیڤییەکەوە تۆزێکی زۆر جێدێڵێ. زیلەکە لە تۆزەکەدا دەخنکێت. سەربازەکان لە تۆزەکەدا ون دەبن، دەمرن!