ئه‌و ساڵه زستانه‌که‌ی سارد بوو. مرۆڤەکان له تاو سه‌رما چووبوونه یه‌ک و بچووک بووبوونه‌وه، ئه‌وانه نه‌بێ که پاڵتۆی چهرمیان هه‌بوو.
ڕیچارد[1]، دادوه‌ری ناوچه، پاڵتۆیه‌کی چه‌رمی گه‌وره‌ی هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له پێداویستییه‌کانی ئه‌رک و پله‌وپایه‌که‌ی بوو، چونکه ئه‌و سه‌رۆکی به‌ڕێوه‌به‌ریی کارخانه‌یه‌کی یەکجار نوێ بوو. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه دوکتۆر هێنک[2]ی کۆنەدۆستی، پاڵتۆی چه‌رمی نه‌بوو: لە بەرانبەردا، ژنێکی جوان و سێ منداڵی هه‌بوو. دوکتۆر هێنک، له‌ڕولاواز و که‌مڕه‌نگ بوو. هێندێک که‌س که ژیانی هاوسه‌ری پێک دەهێنن، قه‌ڵه‌و ده‌بن، هێندێکیش به پێچه‌وانه‌وه له‌ڕولاواز. دوکتۆر هێنک له‌ڕولاواز بووبوو؛ شەوی کریسمەس[3]یش هات.
وەختێک سه‌عات سێی دوانیوه‌ڕۆی کریسمەس، ڕێک لهزهردهپهڕدا، دوکتۆر هێنک به‌ره‌و لای جان ڕیچاردی کۆنه‌دۆستی خۆی که‌وته ڕێ هەتا پاره‌ی لێ قه‌رز بکا، به ده‌م ڕێوه له‌به‌رخۆیه‌وه دەیگوت:
ئه‌مساڵ، ساڵێکی ناخۆشم هەبووە. ساڵێکی یەکجار ناخۆشم هەبووە. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ته‌ندروستیم تێک ڕووخاوه، لانی که‌م ده‌بێ بڵێم هاتووه‌تە لەرزە. نهخۆشهکانیشم بگره هه‌ر هه‌موویان چاک بوونه‌ته‌وه؛ ماوه‌یه‌که به ده‌گمه‌ن ده‌یانبینم. لەوێ دەچێ بەم نزیکانە بمرم. ژنهکەیشم هه‌ر به‌م جۆرە لەبارەمەوە بیر ده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌م له نیگایدا بینیوە. ئه‌گه‌ر وا بڕیاره مه‌رگ له ده‌رگام بدا، ئاواتەخوازم بەر لە کۆتاییهاتنی مانگی بەفرانبار[4] له دەرگام بدا، چونکه ئەو وەختە دەبێ پارەی بیمه لهعنهتییهکە بدرێ.
وەختێک هه‌ودای بیری دوکتۆر هێنک گه‌یشتبووه ئێره، له سووچی شه‌قامی ڕییهرینگ[5] و شه‌قامی هامن[6] بوو. وەختایەک ویستی له چوارڕێیانه‌که بپه‌ڕێته‌وه هەتا پاشان به شه‌قامی ڕییهرینگدا به‌ره‌و خوار ببێته‌وه، له شوێنێکی ساف و لووسدا که سورتمهی پێداچوو بوو، پێی هه‌ڵخلیسکا و کەوت. له‌و کاتوساته‌دا دروشکه‌یه‌ک به خێرایی دەهات. دروشکهوان جوێنێکی دا و ئهسپهکەیش بە شێوەیەکی واڕسکی بەو لادا شکاندیەوە، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا شانی دوکتۆر هێنک لە سۆنگەی یه‌ک لەو میلانەوە کە سورتمەی لەسەر دەڕۆن، زه‌برێکی بەر کەوت. بێجگه لهمەیش، پێچێک یان بزمارێک یان شتێکی له‌م بابه‌ته له پاڵتۆکه‌ی گیری کرد و کونێکی گه‌وره‌ی تێ کرد. خه‌ڵک دەوری کۆ بوونه‌وه. کارمه‌ندێکی پۆلیس یارمه‌تیی دا تا هه‌ستێته‌وه سه‌ر پێ، کچێکی گه‌نج به‌فره‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌کاند. پیره‌ژنێک پاڵتۆ دڕاوهکهیی ئهمدیووئهودیو کرد و ملێکی بۆ به لاوه نا که دەریدەخست ئه‌گه‌ر توانیبای، ئه‌وا هەر لەوێ بۆی پینه ده‌کرد. شازاده‌یه‌ک له ماڵی پاشایه‌تییه‌وه کە به ڕێکه‌وت گوزه‌ری که‌وتبووه ئه‌وێ، کڵاوه‌که‌ی له سه‌ر زه‌وییه‌که هه‌ڵگرت و نایه‌وه سه‌ری و به‌م جۆرە هه‌موو شتێک دووبارە وه‌ک خۆی لێ هاته‌وه، پاڵتۆکه‌ی نه‌بێ.
دادوه‌ر ڕیچارد، وەختێک که هێنک ڕۆیشتە ده‌فته‌ره‌که‌ی، گوتی:
ئه‌ی هاوار، ئه‌وه بۆ وات لێ هاتووه، گوستاڤ[7]؟
هێنک گوتی:
کوڕه کردمیان به ژێره‌وه.
ڕیچارد به خۆشییەوە پێکه‌نی و گوتی:
تۆ که دایم بەو جۆرەی. بەڵام نابێ به‌و جۆرە بگەڕێیتەوە ماڵه‌وه. ده‌توانی پاڵتۆ چه‌رمه‌که‌ی من به ئه‌مانه‌ت وه‌ربگری، من منداڵێک ده‌نێرم بچێ پاڵتۆکه‌ی دیکه‌م له ماڵەوە بۆ بهێنێ.
دوکتۆر هێنک گوتی:
سوپاس.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌د کرۆنه‌ی وه‌رگرت که پێویستی بوو، لێی زیاد کرد:
بە خێریش بێی بۆ شێو.
ڕیچارد سه‌ڵت بوو و ڕاهاتبوو شه‌وی کریسمەس له ماڵی هێنک بباتە سەر.
*
هێنک، وەختێک به‌ره‌و ماڵ بووەوە، هه‌ستی به دڵخۆشییەک کرد که له‌مێژ بوو نەیکردبوو.
له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی:
ئه‌وه له‌به‌ر خاتری پاڵتۆ چهرمەکەیه. من ئه‌گه‌ر ژیر بوایەم، ده‌بوایە ده‌مێک ساڵ بەر لە ئێستا پاڵتۆیه‌کی چه‌رمم به قه‌رز بۆ خۆم گیر بهێنایە. پاڵتۆی چەرم باوهربەخۆبوونمی به‌هێز ده‌کرد و له به‌رچاوی خه‌ڵکیش شانوشه‌وکه‌تی پێ دەدام. پیاو ناتوانێ حه‌قده‌ستێکی زۆر که‌م بە دوکتۆرێک بدا که پاڵتۆی چه‌رمی له به‌ردایه وەک چۆن دەیدا بە دوکتۆرێک که پاڵتۆیه‌کی ئاساییی له به‌ردایه کە گشت دوگمه‌کانی هه‌ڵکه‌نراون. جێی داخه که پێشتر بیرم لەمە نەکردووەتەوە. ئێستا زۆر دره‌نگه.
ساتێک بەنێو باغی پاشایه‌تیدا خولایه‌وه. تاریک داهاتبوو، به‌فر سەرلەنوێ باریبوو. ئه‌و ناسیاوانەی که چاوی پێیان ده‌که‌وت، نه‌یانده‌ناسییه‌وه.
هێنک له به‌ر خۆیه‌وه درێژەی دا:
له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه کێ ده‌زانێ ئێستا زۆر دره‌نگه؟ من هێشتا پیر نیم، دەکرێ له‌باره‌ی تهندروستییشمهوه به هه‌ڵه‌دا چووبم. من هێندە هه‌ژارم ئه‌سپێ له گیرفانمدا سهوزهڵهوخانم ده‌ڵێ[8]؛ به‌ڵام زۆر نابێ کە جان ڕیچاردیش، ئاوا بوو. ماوه‌یه‌که هاوسەرەکەم بەرانبەرم ساردوسڕ و بێمەیل بووه. بێگومان ئه‌گه‌ر بمتوانیایە پاره‌ی زیاتر ده‌ربێنم و پاڵتۆی چه‌رمم لە بەردا بوایە، سه‌رلەنوێ عاشقم دەبووەوە. هەستم بەوە کردووە، وەک بڵێی له‌و کاته‌وه‌ی جان پاڵتۆی چه‌رمی کڕیوه، هاوسەرەکەم له جاران زیاتری خۆش دەوێ. هه‌ڵبه‌ت وەک ژنێکی گەنجیش، تۆزێک عاشقی بوو؛ به‌ڵام جان هەرگیز نه‌چووه خوازبێنیی، به پێچه‌وانه‌وه به‌و و بە هه‌موو مرۆڤەکانی گوتبوو که تا ده هه‌زار ساڵی دیکه‌یش ناوێرێ ژن بێنێ. به‌ڵام من وێرام؛ ئێلن[9]یش کچێکی هه‌ژار بوو و خواخوای بوو[10] مێرد بکا. پێم وا نییە بە جۆرێک عاشقم بووبێ، کە ئەگەر بمویستایە، دەمتوانی هەڵیبخەڵەتێنم. به‌ڵام بێگومان منیش ئه‌وه‌م نه‌ده‌ویست. چۆن ده‌متوانی خه‌ون به عیشقێکی ئه‌وتۆوه ببینم؟ له ته‌مه‌نی شانزه ساڵیمه‌وه که بۆ یه‌که‌مین جار ئۆپێرای فاوستم لەگەڵ ئارنۆلدسۆن[11] بینی، خەونی لەو جۆرەم نەبینیوە. بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا، له‌وه دڵنیام کە لە سه‌ره‌تای ژیانی هاوسهریماندا، خۆشی ده‌ویستم. پیاو له‌باره‌ی ئه‌م شتانه‌وه هه‌ڵه نه‌کا. بۆچی نه‌توانێ جارێکی دیکه منی خۆش بوێته‌وه؟ له‌و سه‌ره‌تایانه‌ی ژیانی هاوسهریماندا، زۆربەی کاتەکان کە چاوی بە جان دەکەوت، دایم قسه‌ی ناشیرینی پێ ده‌گوت. به‌ڵام دوایه جان کارخانه‌یه‌کی دانا و جاروباریش بانگهێشتی تیاتری ده‌کردین و پاڵتۆیه‌کی چه‌رمیشی بۆ خۆی کڕی. ئیتر هه‌ڵبه‌ت به تێپه‌ڕینی کاتیش، هاوسەرەکەم له‌وه ماندوو بوو چیی دیکە خراپەی جان بڵێ.
*
هێنک هێشتا چه‌ند ئیشێکی ما بوو که شێو بیانکا. سه‌عات پێنجونیو بوو وەختێک که به ده‌ستی پڕ له پاکه‌ته‌وه گه‌یشته‌وه ماڵ. لە شانی چه‌پیدا هەستی بە ئازارێکی زۆر دەکرد؛ جگه له‌مه، هیچ شتێکی دیکه نه‌بوو نەهامەتییەکەی پێشنیوەڕۆ[12]ی بخاته‌وه یاد، پاڵتۆ چه‌رمه‌که نه‌بێ.
دوکتۆر هێنک له به‌ر خۆیه‌وه گوتی:
ئای کە خۆشە ببینم هاوسەرەکەم چ کاردانه‌وه‌یەکی دەبێ، وەختایەک بمبینێ پاڵتۆی چه‌رمم له به‌ردایه.
داڵانه‌که یەکجار تاریک بوو. له کاتی سه‌ردانی نه‌خۆشاندا نه‌بوایە، چرا هەرگیز پێ نەدەکرا.
دوکتۆر هێنک بیری کرده‌وه: “ئێستا له ژووری میوانه‌وه گوێم لێی ده‌بێ. سووک، وه‌ک باڵنده‌یه‌کی بچکۆلە، ڕێ دەکا. سه‌یره، کە هێشتا، هه‌ر جارێک له ژووره‌که‌ی ته‌نیشتمه‌وه گوێم له ترپه‌ی پێی ده‌بێ، دڵم گەرم دەبێ.
مه‌زه‌نده‌که‌ی دوکتۆر هێنک ڕاست بوو که هاوسەرەکەی، ئه‌گه‌ر هێنک پاڵتۆی چه‌رمی له به‌ردا بێ، به پێچه‌وانه‌ی جاران، به خۆشه‌ویستییەوە دێته پیرییه‌وه. هاوسەرەکەی، له تاریکترین گۆشه‌ی داڵانه‌که‌وه خزایە باوەشیەوە، هه‌ردوو ده‌ستی له گه‌ردنی ئاڵاند و به گه‌رمی و له دڵه‌وه ماچی کرد. پاشان سه‌ری بەنێو یه‌خه‌ی پاڵتۆ چهرمهکهیدا کرد و به چرپه گوتی:
گوستاڤ هێشتا لە ماڵ نییە.
دوکتۆر هێنک، له حاڵێکدا به هه‌ردوو ده‌ست قژی هاوسەرەکەی دەلاواندەوە، به ده‌نگێکی تا ڕادەیەک له‌رزۆک گوتی:
با، لە ماڵە.
*
لە ژووری ئیشکردنەکەی دوکتۆر هێنکدا، ئاگرێکی گەورە دەگڕا. له سه‌ر مێزه‌که، ویسکی و ئاو دانرابوون.
دادوه‌ر ڕیچارد لەسه‌ر کورسییه‌کی ده‌سته‌دار و ڕاحه‌تی چه‌رمین ڕاکشابوو و چروتێکی ده‌کێشا. دوکتۆر هێنک له سووچی قەنەفەیەکدا کرووشکهی کردبوو. ده‌رگای ژووری میوان کراوه بوو، لەوێدا خاتوو هێنک و منداڵه‌کان خه‌ریک بوون درەختی کریسمەس دابگیرسێنن.
شێو بە کڕوکپی خورابوو. ته‌نیا منداڵه‌کان ژاوەژاویان کردبوو و دووابوون و دڵخۆش بووبوون.
ڕیچارد گوتی:
پیره‌مێرد، هیچ ناڵێی. لەوانەیە دانیشتووی و بیر له پاڵتۆ دڕاوه‌که‌ت بکه‌یته‌وه؟
هێنک وه‌ڵامی دایه‌وه:
نا، به‌ڵکو بیر له پاڵتۆی چه‌رم ده‌که‌مه‌وه.
بەر لەوەی درێژە بدا، بێده‌نگی چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک زاڵ بووبوو:
بیریش له شتی دیکه ده‌که‌مه‌وه. دانیشتووم و بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که ئه‌مه دوایین کریسمەسە پێکه‌وه جەژن ده‌گێڕین. من دوکتۆرم و ده‌زانم زۆرم به دنیاوه نه‌ماوه. ئێستا دڵنیام و سوور دەزانم. بۆیه ده‌مه‌وێ سوپاست بکەم له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو دڵسۆزییانه که له‌م دوایییانه‌دا لە ئاست من و هاوسه‌ره‌که‌مدا پێشانت داوە.
ڕیچارد ڕووی وه‌رگێڕا و به مینگهمینگه گوتی:
کوڕه تۆ هه‌ڵه ده‌که‌ی.
هێنک وه‌ڵامی دایه‌وه:
نا، هه‌ڵه ناکه‌م. ده‌مه‌وێ سوپاسیشت بکه‌م که پاڵتۆ چه‌رمه‌که‌ی خۆتت به ئه‌مانه‌ت پێ دام. پاڵتۆ چەرمەکەت دوایین ساته‌کانی بهختهوهرییەکی پێ به‌خشیوم که من پێشتر له ژیاندا هه‌ستم پێ نه‌کردبوو.
1897
[1] Richardt
[2] Henk
[3] Julafton – شەوی کریسمەس: دەکاتە ڕۆژی بیست‌وچواری مانگی دوانزە و لەم ڕۆژەدا خەڵک دیاری بە یەکتری دەدەن و جەژن دەگێڕن. وەرگێڕ
[4] Januari
[5] Regeringsgatan: شەقامی ڕییەرینگ. ڕییەرینگ واتە: حکوومەت. وەرگێڕ
[6] Hamngatan: شەقامی هامن. هامن واتە: بەندەر. وەرگێڕ
[7] Gustav: ناوی یەکەمی هێنکـە. وەرگێڕ
[8] وەرگێڕانی دەقاودەقی ئەم دەربڕینە بەم جۆرەی لێ دەهات: “هەژارم وەک ڕێوییەکی بچووکی نێو دارستانەکە.” وەرگێڕ
[9] Ellen
[10] لە دەقەکەدا: بە دڵ حەزی دەکرد مێرد بکات. وەرگێڕ
[11] Arnoldson: مه‌به‌ست له کارڵ ئۆسکار ئارنۆڵدسۆن (١٨٣٠-١٨٨١)ـه که ئۆپێراخوێنێکی ناسراوی سوێدی بووه. ئه‌مه ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌وینی گرێتچن که لێ ده‌گه‌ڕێت فاوست بیخاته داوه‌وه و گومڕای بکات. وەرگێڕ
[12] هێنک سەعات سێی دوانیوەڕۆ بەرەو لای جان دەکەوێتە ڕێ، بەڵام نووسەر لێرەدا دەڵێت: “نەهامەتییەکەی پێشنیوەڕۆ”، ڕەنگە پێی وا بووبێت چارەڕەشیی هێنک بەر لە نیوەڕۆ دەستی پێ کردووە. وەرگێڕ