پرد.. فرانز کافکا

پردێک بووم سەخت و سارد، بەسەر هەڵدێرێکەوە، ئەمسەر پێیەکانم و ئەوسەر دەستەکانم لە زەمین چەقاندبوون. چنگم لێ گیر کردبوو، کە خۆڕاگر بمێنمەوە. داوێنێ باڵاداپۆشەکەم لە دوو لاوە بەدەست باوە دەشەکانەوە. لە قوڵایی هەڵدێرەکەدا ئاوی ساردی جۆگەلەی ״قزڵئاڵا״ بە خرۆشانەوە تێدەپەڕی. هیچ ڕێبوارێک ڕێی نەدەکەوتە ئەو بەرزاییە سەختەڕێیانەوە. هێشتا پردێکی لەم شێوەیەش لە نەخشەدا جێگیر نەکرا بوو. لە بارودۆخێکی ئاوادا، کە بەسەر هەڵدێرەکەوە بووم، چاولەڕێ بووم. ناچار بووم چاولەڕێ بم. هیچ پردێک ناتوانێت بەبێ ئەوەی بڕووخێت کۆتایی بە پردبوونی خۆی بهێنێت.

جارێک دەمەو ئێوارە، یەکەمین ئێوارە بوو یان هەزارەمین، نازانم. خەیاڵەکانم بەردەوام گێژیان دەخوارد و ئاڵۆز دەبوون، نزیک دەمەو ئێوارەیەک لە هاویندا، ئاوی جۆگەکە بە گوڕتر لە هەمیشە دەڕۆیشت. لەپڕ دەنگی هەنگاوی پیاوێکم بیست! بەرەو ڕووی من، بەرەو ڕووی من.

– ئەی پرد خۆت جوان پان بکەرەوە. ناوقەدت ڕێک بکەرەوە، ئەی داری بێ پایە، کەسێک، کە بە تۆ سپێردراوە، بیپارێزە. بێ ئەوەی خۆی پێ بزانێت، لاوازیی و دوودڵی لە هەنگاوەکانی دوور بخەرەوە. ئەگەر هاوسەنگیی خۆی لەدەست دا، دەستگری بە و وەک خودای کوێستان، بەرەو کەناری ببە.

پیاوەکە گەیشت، نووکی گۆچانە ئاسنینەکەی لە لەشم گیر کرد، دواتر داوێنی باڵاداپۆشەکەمی بەو گۆچانە کۆکردەوە و خستییە سەر دەموچاوم. پاشان نووکی گۆچانەکەی بەناو قژە لوولەکانمدا چەقاند و لە کاتێکدا کە ״وایبۆدەچووم״ بەملاولادا دەیڕوانی، بۆ ماوەیەک لە ناو قژەکانمدا ڕایگرت. بەڵام دواتر لە خەیاڵی خۆمدا وام دەبینی، کە لە کێو و دۆڵەکە پەڕیوەتەوە. کە کتوپڕ بە هەردوو قاچ خۆی هەڵدایە سەر جەستەم. لە تاو ئازار ڕاچڵەکیم، بێ ئاگا لە هەموو شتێک. ئەمە کێ بوو؟ منداڵێک؟ خەونێک؟ قۆڵبڕێک؟ کەسێک، کە نیازی خۆکووژیی هەبوو؟ شەیتانێک؟ تێکدەرێک؟

دواتر ڕووم وەرگێڕا بۆ ئەوەی بیبینم (پرد ڕوو وەردەگێڕێت!) بەڵام هێشتا بە تەواوەتی ڕووم وەرنەگێڕا بوو، کە ڕووخانم دەستی پێکرد؛ ڕووخام. لە چاوتروکاندنێکدا لێکترازام و بەردە تیژەکان، کە هەمیشە لە قووڵایی ئاوەکەدا ئارام و بێ ئازار لێیان دەڕوانیم، لەشیان پارچەپارچە کردم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *