پشیلە بەسمێڵەکانی گەڕەک… فەرهاد چۆمانی

سەرم بە تووندی ژان دەکات، لەجێگاکەم ڕاست دەبمەوە، دیسان پاڵدەکەومەوە، بەلای ڕاستدا ئاوڕ لە پەنجەرەکە دەدەمەوە، لەودیو پشیلەیەک هەڵکوڕماوە و بە چاوی نیوە کراوەوە لێم دەڕوانێ، لە کەیەوە؟ نازانم.. وا سەیری دەکەم وەک ئەوەی لێی بپرسم چۆن لەبارەی منەوە بیر دەکاتەوە.. ناپرسم، دەڵێم، «عەقڵی لەکوێ بوو دەبەنگە!»

دەستێک بەنێوچاوانمدا دێنم، دەمم دەکەمەوە و هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەمژم، هەوا ساردەکە گەرووم دەسمێ، دەکۆکم.. دەڕوانمە ماڵەکانی بەرامبەر و یادەوەریم وەک ئەوەی زێرابێکی گیراوبێ لەپڕ هورژم دێنێ… دەبوو بچمە سەر کارەکەم، درەنگ خەبەرم بووەتەوە، کرێی خانووەکەشم هەفتەیەکە دواخستووە، ئەوە دووەم ئاگاداری نامەیە بۆم دەنێرنە ماڵەوە و هێشتا نەچوومەتە بنکەی پۆلیس، شکاتی لێ کردووم. سێ شەو پێش ئێستا دایکم تەلەفونی کرد و دەبوو هەندێ هەندێک دەرمانی بۆ ببەم، سێ شەو تێپەڕیوە… تۆ بڵێی؟ گومانێک وەک بروسکە بەسەرمدا گوزەر دەکات.

—-

بەسەر شەقامەکانەوە دڵم تێکهەڵدێ، لەوەیە بڕشێمەوە، هێشتا چەند هەنگاوێک نەرۆیشتووم، لەگوێمدا زرمەی بەرکەوتنێکی توند کاسم دەکات، سەرەتا پشتەسەرم بەر بۆنیتی ئۆتۆمبیلەکە دەکەوێ، دواتر قۆڵی چەپم زەبرێکی توند، بە تووندی بەر شووشەی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکە دەکەوم، کەمێک بێئاگایی…

وێنەیەکی تەڵخ، دەنگی جیڕەی ستۆپێکی گوێ کەڕکەر، وێنەی ساتی و چەند درەخت و ستوونێکی هەڵاوگێر، منداڵێکی سەراوژێر و دەمئاوەڵا، حەوزێکی ڕەش.. تۆ مەڵێ قیڕە…

پەنجەیەکم دەجوڵێنم، «نەمردووم!» کەس گوێی لەمە نابێت. کزە ڕووناکییەک درز دەخاتە پێڵووی چاوەکانم، دەمەوێ چاوەکانم بکەمەوە، بەڵام بەیەکەوە نووساون، هەست دەکەم چاوی چەپم پێچرابێ، هەوڵ لەگەڵ چاوی ڕاستم دەدەم…

دایکم بەسەر سەرمەوەیە و دەستێکی ناوەتە سەر نێوچاوانم، ئەویش نەمردوە!.

دایکم دەڵێ: “بمێنەوە، هەفتەیەک بەشی چاکبوونەوەت ناکات، تۆ لەمردن گەڕاویتەوە”.

نامێنمەوە، دەچمەوە ماڵەکەم، دوای تەڵاقدانی ژنەکەم پڕم کردوە لە هەشت کۆتر و سێ بولبول، تووتییەک،کە پەڕ بە لەشییەوە نەماوە، پێدەچێ نەخۆش بێ، کوختییەکیش لەسەرووی پەنجەرەکەوە هێلانەیەکی دروستکردوە.. من تەنیا نیم، بەخۆم دەڵێم باشم، بەڵام درۆ دەکەم، ئەم قسەیەم وەک گۆچانێکە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیم، بەڵام تاکەی بەرگەی قوڕسایی من دەگرێ؟ نازانم!

لە ماڵەوەم. جگەرەیەک دادەگیرسێنم، دوکەڵەکە بە بولبولەکەدا دەکەم، سەغڵەت دەبێ، هەفتەیەکە خۆم نەشۆردوە، بیرهاتنەوەی ئەوەی کە پیسم دەروونم تێکدەدا، بەدوایەوە هەموو ئەو شتانە ریز دەبەستن کە هەریەکەیان وەک تنۆکێک ژەهر دەڕژێنە گیانمەوە، دڵم پڕ دەبێ، خۆم بێچارە دێتە بەرچاو، دەستەپاچە لەبەرامبەر هەموویان دەوەستم، وەک هار و هاج سواری کۆڵم بوون و نایەنە خوارەوە، بیرم کەوتەوە دایکم ئەوەشی گوت: “دراوسێکانم  شکاتیان لێ کردووم کە؛ ‘نابێ زگورتییەک لە گەڕەکەکەی ئێمە بێت’، گوتی: “ئەوان دەڵێن کە لە حورمەتی حەوشە و ماڵی خۆیان دەترسن”. پێدەکەنم، باڵندەکان ئاشنای ئەو قاقا کێشانە نین، دەبوو لای دایکم پێبکەنم، هەر چ نەبێ بزەیەک بکەم.

دەچمە دەرەوە، سەیری هەموو ئەو ژنانە دەکەم کە ئەگەر تەنیا پاژنەی پێشیان بەدەرەوە بێت، لەگەڵ تێپەڕینم ملم وەردەسوڕێنم، سڵاو لە هیچ کام لە پیاوەکان ناکەم، هەندێکیان دانیشتوون و بە سەیر و ڕقەوە تەماشام دەکەن، تفێک هەڵدەدەمە بەر پێم و تێدەپەڕم.

تا دێمەوە، ماڵەکەم پەرێشانە، کۆترەکانم دوور بە بەرزەوە دەفڕن و ناوێرن بنیشنەوە، قەفەسی بولبولەکانم لەسەر ئەرز کەوتوون و دانەیەکیان لە گیاندانە، توتییەکەم وەک شەرمی لە ڕووتییەکەی کردبێ بەسەر خۆیدا چەماوەتەوە، لەبەر خۆمەوە دەڵێم: “پشیلە بەسمێڵەکانی گەڕەکن”.

شەوانە لەناکاو شتێک بەر پەنجەرەیەکم دەکەوێ، دەستێک دەرگا دەکوتێت و دەنگی ڕاکردنی دوو قاچ دێ، بەیانیان هەڵدەستم و نامەیەک بە دەستخەتێکی شێواو و ناخۆشەوە فڕێدراوەتە حەوشەکەمەوە و وێنەی سمێڵێکیان لەسەر کێشاوە و نووسیویانە: “شوێنی ناپیاو نابێتەوە”. هەموو نامەکانم هەڵگرتوون،  ئەو بەرد و پارچە شووشانەیش کە لە پەنجەرکەوە شکاون، جار جار سمێڵی سەر نامەکان بە پارچە شووشەکان دەتاشم.

سێبەری کەسێک لەبەر پەنجەرەکەمەوە دەبینم، گوێم لە چرپەی پێیەکانیەتی، ترسێک دامدەگرێت و هەست دەکەم لەو کاتە دەمم تاڵ دەبێ، ئەم خەڵکە سەیر بەر هەستەکانم دەکەون، سەیرتر  دەکەومە بەر ڕقیان.

گوللەکە شانی سمیوم، دکتۆر دەڵێ: “خودا تۆی داوەتەوە ئەگەر نا دەبوو قۆڵت بیبڕمەوە”. لەبەر خۆمەوە دەڵێم: “خودا بۆچی هێندە خراپە لەگەڵم دەمداتەوە..؟” دکتۆر دەڵێ: “بەڵێ؟” دەڵێم: “هیچ خودا دەڵێم…”. هیچیتر ناڵێ و دوای قەیرێ پەرستارێکی چاو ئەبڵەق، کە دەڵێی هەرگیز ناخەوێ دێت و دەڵێ: “دەتوانی نەخۆشخانە بەجێبهێڵی و بگەڕێیتەوە ماڵەکەت”. دەڵێم: “من لێرە باشم”. دەڵێ: “رێنمایی پزیشکە”، دەڵێم: “هەرچ نەبێ تا سبەی”. دەڵێ: “نەخۆشمان زۆرن”. دەڵێم: “دەزانم نەخۆشمان زۆر زۆرن، بۆیە نامەوێ بچمەوە”. لە مەبەستم تێناگات، بەڵام گومانێک لە قسەکەم دەکات، دەڵێ: “تکایە تا پێنج خولەکیتر شوێنەکەت بۆ نەخۆشێکیتر چۆڵ بکە”. دەڵێم: “دەتەوێ ڕابکشێی”…

لەسەر خانووەکەم نووسراوە بۆ فرۆشتنە، لەوەتەی لە نەخۆشخانە کەوتووم و هاتوومەتەوە کارەبای خانووەکە پچڕاوە، دوو ڕیزیتر شوورای خانووەکە بەرزکراوەتەوە و باخچەکەش لەبێ ئاوی زەرد و خار بووە، تەنیا ئاسمانم لێوە دیارە، کە کۆترەکانمی تێدا دەفڕن و من لە خۆشیی تەقلە لێدانیان خەریکە باڵدەگرم.

زبڵ و کەلاکی تۆپیو فڕێدەدەنە حەوشەکەمەوە، دار پرتەقاڕەکەیان ڕنیوەتەوە، کە تازە یەکەم بارانی پاییزەیان بەر کەوتبوو، قژم ئاڵۆزکاوە و هەفتەیەک دەبێ ئاوی بەر نەکەوتووە، لەبەردەم قەفەسی تووتیەکەم دەوەستم و دەڵێ: “شێتە شێتە… شێتە”. لەنێو هەموو ئەو وشانەی فێرم کردبوو ئەوەی بیرماوە… ئاسودە باوەش بە قەفەسەکەیدا دەکەم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *