پێنج کورتەچیرۆکی بچکۆلە… ئاڵتای ئۆکتەم
وەرگێڕانی: باوەڕ مەعرووفی
تەقەمەنی
چوار ساڵه بێکارم. ئەگەر هاوسەرەکەم کاتێک لێم جوێ بووەوە ئەو نیوە و چارەک و گرامە زێڕانەی لە زەماوەندەکەماندا پێوەی هەڵواسرابوون، بۆی جێ نەهێشتبایەم ئێستا دەمێک بوو لە برسان قڕم دەهات و دەمردم. هێندەشی بە خۆدا نەکردن [هەژارە].
ئەگەر من مردبایەم، ئەم دێڕانەم بۆ نەدەنووسرا. ئێوەش ئێستا نەتاندەخوێندنەوە. ڕەنگه ئەم بارودۆخە چ زیانێکی بۆ ئێوە نەبوایە، بەڵام لێم سوور و عەیانە منی زیانبار دەکرد.
چەند ساڵ دواتر، هەواڵێکی خۆشم پێ گەیشت. لە یەکێک لەو شوێنانەی سەردانم کردبوون بۆ ئیش، وەرگیرابووم. سبەی، لە ‘گرووپی دۆزینەوە و لەناوبردنی تەقەمەنیی نەتەقاوە’دا کە لە ژێر چاوەدێریی وەزارەتی ناوخۆدا دامەزراوە، دەست بە ئەرک دەکەم.
نازانن چەندە کەیفم سازە. چیتر گوێم لە زێڕ و مێڕ نیه.
چیای قاف
لەگەڵکوو یەکەم ئوتوبوس پاڵی وە وێستگەکەوە دا، ملم بۆ ناوەوەی درێژ کردەوە و پرسیم: “بە چیای قافدا دەڕوا؟” ئاژۆکارەکە وڵامی دامەوە: “بە پەنایدا تێپەڕ دەبێ”.
شۆفێری بە تانە و توانجم خۆش دەوێ. هەروەها ئەوانەی بە زمانبازی وڵامی زمانبازی دەدەنەوە. چ دەبێ با ببێ، دوو چەل کارتم لێدا و خێرا سوار بووم.
کابرای ئاژۆکار لە وێستگەیەک دایبەزاندم. وتی: “بەو شەقامی لای ڕاستەدا یەکڕاست بڕۆ، چاوت بە چیای قاف دەکەوێ.”
چوار ساڵە بەڕێوەم.
جارێکیدیش گاڵتە لەگەڵ کەس ناکەم.
ئەسپ
وتی: “لەسەر ڕێگەڕۆیشتن و ڕاوەستان و بازدانی ئەسپ لێکۆڵینەوە دەکەم.”
وڵامم داوە: “کارێکی جوانه. چۆن دەتوانم یارمەتیتان بدەم؟”
بە حەیاتم ئەسپم نەبینیبوو. بۆ جارێکیش بووە سەیری بەڵگەفیلمی ئەسپم نەکردبوو. تاکە زانیاریم سەبارەت بە ئەسپەکان ڕستەیەکی ناو ڕۆمانێکی ئورهان پامووک بوو کە دەڵێ: “وێنەی ئەسپەکە لە ئەسپ دەچوو.” ئەو ڕستەیە بۆم ببوو به مایەی خەیاڵ، لە زەینمدا ڕەوە ئەسپێکم وێنا کردبوو، یەک لە بەفر سپیتر، یەکیان ڕەش وەک قیر، یەک بەڵەک… هەموویان وێکڕا چوارناڵ غاریان دەدا.
یانی زانیاریم له بارەی ئەسپەوە بە مانای ڕاستەقینەی وشە تا ئاستی خەیاڵکردن بوو.
بەڵام ئەو کەسەی بەرامبەرم گەورەترین لێکۆڵەری ئەسپ، پسپۆڕی ئەسپ، تەنانەت، ئەگەر چەمکێکی ئاوها هەبێ، زانای ئەسپناسی بوو. نەدەکرا جوابی بکەم، ئەویش بە شێوەیەکی عەوامانە، پێی بڵێم “ببوورن، ئەمن لە بارەی ئەسپەوە هەڕە لە بڕە ناکەمەوە” و داواکەی ڕەد بکەمەوە.
ناچار، کاتێک ئەرکی ‘پسپۆڕایەتی لە بواری خەیاڵکردنی ئەسپ’م خرایە ئەستۆ، قەبووڵم کرد و بە ئامادەبوونی تۆ بڵێ سێ کەس من دەڵێم پێنج کەس له ڕێوڕەسمێکی خۆمانەدا، خەڵاتێکی ڕێزلێنانم پێ بەخشرا که لە تەنیشت قەدەحە زێڕئاژنەکانی ناو کابینەتەکەی ژووری دانیشتنم دانا.
ئەگەر سەبارەت بە ئەسپ پرسیارێکتان هەبوو، دۆستانه پێتان دەڵێم، هەر پرسیارێک بێ، لێی ڕامەوەستن، لە منی بپرسن.
مێز
کاتێک باوکم مرد، دایکم –نازانم بۆچی- ئەخت و چاری کرد لەسەر مێزی ناو هاڵەکە ڕایکێشین.
لاموجومیم کرد و وتم دامنا سەر و سینگی جێیان بۆوە، جا خۆ قاچی لە مێزەکەوە بەرەوخوارەوە شۆڕ دەبنەوە.
گوێی نەدامێ. وتی: “قسەی تۆ مسقاڵە زەڕەیەک چیه بایەخی نیە، من شەست ساڵ ژنی [ئەو پیاوە] بووم.” باوکم کاتی زەماوەندەکەیان 24 ساڵی بووە. بەپێی ئەوەی لە تەمەنی 84 ساڵیدا مردووە، حیساباتەکەی دایکم درووست بوو.
باوەشم بە باوکمدا کرد و به هەزار تەقەلا هێنامە ناو هاڵەکە. جەستەی مردووی لە چاو ئەو کاتەی زیندوو بوو قورستر بوو. لە دایکم پرسی، باشه ئەگەر ڕۆح لە جەستەی هاتبێته دەرێ، نابێ سووکتر بێ؟ وڵامی نەدامەوە. تازه لە دوعاکردن ببووەوە؛ سەری هەڵێنابوو، خەریک بوو فووی بە دەوروبەریدا دەکرد.
ڕێک وای لێهات. هەردوو قاچی باوکم لە مێزەکەوە بەرەو خوارەوە شۆڕ بوونەوە.
ئێستا دایکم لە تەمەنی مەرگی باوکمدایە. سەر و سینگی ساغ و سەلیمن. دوکتۆرەکان لەسەر ئەوەی سەر و باسک و سینگی وەک سەر و باسک و سینگی کەسێکی هەژدە ساڵان تازه و زیندوون، هاوڕان.
کەچی قاچەکانی هێزیان تێدا نیه. وەک دوو قاچ کە لەسەر مێزێکەوە شۆڕ بووبێتنەوە، مردەلۆخە و بێجووڵەن.
دڵی دایک
دایکی، دڵی زۆر به منداڵەکەی خۆش بوو.
ڕۆژێک بەرامبەری دانیشت، وتی: “بڕوانه کوڕی خۆم. دەزانم بە نیازی خۆت بکوژی. بۆیە هەموو کێرد و چەقۆکانی ماڵێم لە زبڵدانەکەی سەر شەقام هاویشتوون. تاقه چەرخێک، تاقه شەقارتەیەکم لە ماڵێدا نەهێشتووەتەوە. حەبیش نیه. نه حەبی سەرئێشە نه ویتامین. هەمووم لە تەوالێتەکە هاویشتن، سیفۆنەکەشیم کێشا. لە زبڵدانم نەهاویشتن، عیسان دەرکی بێ چاکە، نەکا سەگ و پشیلان بیانخواردبا. نەردەم لە پەنجەرەکان گرتووە. لە تەبەقی یەکەمین ڕاسته، ئەما ئەگەر خۆت فڕێ بدەیە خوارێ، لاربوونەوەی بەدەنت دەبێته هۆی مردنت، نەک بەرزاییەکە. ئەوەی بەژنباریک بێ بەژنی دەچەمێ و ئەوەی ڕۆحناسک بێ ڕۆحی دەترینجێ. کەپسوولی گازەکەشم قەپات کردووە. ئەگەر ویستت خۆت بشۆی دەنگ بکە، بە پکنیکە بچکۆلەکە ئاوت بۆ گەرم دەکەم. نەکەی خۆت لەو پکنیکە خۆش بکەی. هەموو شەوێ دەیبەمە بەرهەیوان گازەکەی بەتاڵ دەکەم. بەیانیانیش تەلەفۆن بۆ گازفرۆش دەکەم پکنیکی نوێم بۆ بێنێ. دەرکەی حەمامیشم به قفڵ ژەندووە. لە بازاڕی کۆنەفرۆشەکان قفڵی قایمم بۆ کڕیوە. ئەو قفڵانە وا چوار دەور زنجیریان تێدەئاڵێ، لەوان. هەرچەند دەزانم، ئەو فکری خۆکوشتنە تازه چووەتە مێشکتەوە. چی لەگەڵ ناکرێ. هەرچۆنێک بێ، ڕێگەی خۆت دەدۆزیەوە، بێشک دەیدۆزیەوە…”
منداڵەکەی، خۆکوشتنی تەنانەت تاقیش نەکردەوە.
شەوێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر تێفکری. پاشان بە ئەسپایی چووە ژووری دایکی.
دایکی لە شینەخەودا بوو. دەستی خستە سەر دەمی دایکی و بە تەواوی هێزی خۆی گوشی.
تا بەرەبەیان هەر وا چاوەڕێی کرد.
[1] وەرگێڕانی ئەم چیرۆکانه پێشکەشە به کلارا ئامیتزبۆل برەینهۆڵت
ههموو شتێك لهپڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر
باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…