هەموو كاتێك باوكم خەوی بە پەپوولەوە ئەبینی… پەپوولەی سپی، پەپوولەی شین و ڕەش و خۆڵەمێشی، هەموو كات ئەیبینین بە دەوریا ئەسووڕێنەوە، ئەویش بێ هیچ جموجۆڵێك لەسەر زەوی خەونەكانی، ئەوەستا و بە خۆشییەوە سەیری ئەو مەخلوقاتە جوانانەی ئەكرد.
هەر كە لە نەشئەی خەونە جۆراوجۆرەكانی خەبەری ئەبووەوە، ئاواتی ئەوەی ئەخواست ببێت بە پەپوولە..
باوكم بە درێژایی ژیانی، خۆشی و سەرسووڕمانی منداڵی و گەشیی گەنجی و ئارامیی پیرێتی بە خۆیەوە نەبینی.
هەر لە هەرەتی لاوییەوە كەوتە سەر جێ چونكە كە لە دایك بووبوو خوارەوەی لەشی تووشی ئیفلیجی بووبوو، ئەم نەخۆشی و خەمۆكییە كە بۆی مابوونەوە، نەیانهێڵا خۆشی و گەشیی ژیان ببینێت، جگە لە نیوە خۆشییەك نەبێت، مەبەستم ژنهێنان و مناڵ خستنەوەیە..
كەمكەم لە بەیانیاندا نەبێت جێگاكەی خۆی جێ نەئەهێڵا.. گشت وەختێكیش بە ئامادەبوونی دایكم لە سەر كورسییە گەڕۆكەكەی دائەنیشت.
گەشتەكانی باخچەی ماڵی تێنەئەپەڕاند.. تاكە هۆی دەرچوونیشی ئارەزووی بەردەوامی بوو بۆ بینینی پەپوولە، بەڵام ئەم ئارەزووەی هەرگیز بەدی نەهات.. هەر كە ئەچووە باخچەی ماڵەكەمان پەپوولەكان بەشێوەیەكی نامۆ ون ئەبوون.
پاش هەموو هەوڵێكی بۆ چەژوەرگرتن لە بینینی پەپوولە باوكم بە دایكمی ئەوت:
- هەر تەنها پەپوولەیەك ببینم، ئیتر شێوە و قەوارە و ڕەنگی چۆن بێت یەكسەر دەمرم. باوەڕم پێ بكە لە خۆشیدا ئەمرم.
بۆ دەربڕینی ئەم بێبەشییە ڕەهایەی، بە هەموو باڵندە و ئاژەڵەكانی ماڵەكەمانی ئەوت پەپوولە.
هەر لە پشیلە ڕەشە چەمووشەكەوە تا سەگە سپییە بە تەمەنەكە و باڵندە خۆڵەمێشییە مۆمیاكراوەكەی قەفەزی چێشتخانەكە، تا كار گەیشتە ئەوەی، هەر ئاژەڵێك یا بێگیانێكیشی ببینیایە پێی ئەوت پەپوولە.
جارێكیان لە گەرمەی مەستی و گەرمیی ناولێنانەكانیدا بوو.. ئەو كاتەی كە بەیانیان وەك ڕۆژانی ئاسایی لە باخچەكەدا لەگەڵ دایكمدا پیاسەی ئەكرد و بە دوو چاوی شەكەتەوە بە دوای پەپوولەیەكی ڕاستەقینەدا ئەگەڕا. یەكسەر لە ناخی بێئومێدییەوە بە پەنجە ئاماژەی بۆ دڵی كرد و وتی:
- ئەها ئەوەتا پەپوولە..
پاش چەند ڕۆژێك.. ئێوارەیەكی زۆر ئاسایی.. بە هێمنی لەسەر جێگەكەی ڕاكشابوو كتێبێكی گەورەی لە كتێبەكانی خۆی ئەخوێندەوە كە لەسەر پەپوولە بوو، پڕبوو لە وێنەی جوانی سەرسووڕهێنەری پەپوولە، دایكم بە تەنیشتییەوە دانیشتبوو، باوكم كتێبەكەی لە تەنیشت خۆیەوە دانا، لە پەنجەرەكەوە كە كرابووەوە بە خۆشییەوە ئەیڕوانییە باخچەكە، دایكم سەرنجیدا ڕەنگی دەموچاوی ئەبزڕكێ و گرژ ئەبێتەوە، دواتر باوكم دەستی خستە سەر دڵی و ئاخێكی ئێجگار درێژی هەڵكێشا و.. ئیتر یەكسەر پەپوولەیەك كە بەقەد مشتی ئەبوو لە دەمییەوە هاتەدەر.. پەپوولەیەكی سپی بە ژوورەكەدا ئەهات و ئەچوو، لە پەنجەرەكەوە چووە دەرەوە و بەخێرایی بۆ دوورایی فڕی.