چاوساغ… محەمەد مەخزەنچی

لە عەرەبییەوە: بەختیار خورماتوویی

لەسەر پشتی بەلەمێكی شەقوشڕی لەكاركەوتووی دارستانێكی چڕ، لە كەناری دەریاچەكەوە وەستام و چاودێریی ئەو ڕووداوەم دەکرد. پشتم بە دووربینێك دەبەست بۆ نیشانكردنی ئەم چەشنەی ڕاوەسۆنەی كێویی، بێ ئەوەی باوەڕی پێ بكەم.. سەرەتا نەکردەنیی و پووچ دەینواند. پاشان زۆربەی  ئەو ڕاوچییانەی ئەم كارە دەکەن، هیكسۆس[1]ـیان بیر دەخستمەوە. دەمزانی لە كۆندا دزەیان بۆ ئەم بەشە کردبوو و نیشتەجێی کەناراوی دەریاچەكە بوون. یادەوەری (تانیس)[2]ـی نوقومبووی ژێرئاوم بیر هاتەوە، كە ئاماژە بوو بۆ دووپاتبوونەوەى شتێكی نەخوازراو. كاتێك ڕاوچییەكەم بینی خۆی ئامادە دەكات، بە تەوسەوە پێكەنیم… چەقۆیەكی یایلیی لە مەچەكی بەست و كڵاوێك، سا کڵاوەکە لە سەری سۆنەی كێویی دەچوو، لە سەری كرد و هاژەی کردە نێو ئاوەکە… تا لووتی نوقمی ئاوەكە كرد و لە ناوەڕاستی دەریاچەكەدا چمان سۆنەیەكی كێوەیی بێ، مەلەی دەکرد. بەڵام سۆنەیەكی ساختە بوو… گەر كەسێك تەنیا یەک چركە لێی هەڵڕوانیبا، زۆر ساختە دەینواند.

پۆلەمراوییەکە لە ئاسۆوە دەركەوت و سۆنەنێرەیەک چاوساغییان دەكات. پۆلەکە وەك سەرەڕمێكی زلی ڕەش لە پەڕەی ئاسمانی درەوشاوەدا بۆ پێشێ دەهاتن. لە فڕینیاندا، شامانێ گەورەترین واتای گەردوونی بوون. بەڵام كاتێ بینیم مەلەوانییە ئاسمانییەكەی لا دەدات و بۆ ئاوەكە دادەبەزێت، ڕاچڵەکیم… بەرەو باڵندە ساختەكەی خوارەوە… گوێم لە ترپەی دڵم بوو، چاوەڕێم دەكرد سۆنە چاوساغەكە جووڵە خەڵەتێنەرەكەی بەرچاو بكەوێت و دەبێت ئەمە ڕوو بدات گەر لە كۆتا چركەكانیشدا بێت. بەڵام چاوساغەكە نەگەڕایەوە و ڕمەكە هەر وا دەنیشتەوە، یەکڕا گوێم لە شڵپەی ئاوەكە بوو، كە قاچ و سنگی سۆنەكانی بەر دەكەوت. ڕمەكە لە ئاوەكەدا نیشتەوە و بوو بە سێگۆشەیەكی چڕ لە باڵندە، بۆسەكە لە ناوەڕاستی سێگۆشەكەدا بوو.

باڵندەكان لە نزیكی سۆنە ساختەكە تۆمارەیان بەست  و لە چاوتروكانێكدا دانەیەكیان نەپەنیی دەبوو و بۆشاییەكی بچووكی لە شوێنی خۆی جێ دەهێشت، گورج باڵندەكان بۆشاییەكەیان پڕ دەكردەوە. لەم چاوترووكانەدا پێش ئەوەی هیچ باڵەفرتێیەک بکات و هاوڕێكانی هەستی پێ بكەن هیسکۆسییەکە هێواشێک لەژێر ئاوەكەوە دەستی برد و  پڕی بە قاچی نزیكترین سۆنەدا کرد، پەلکێشی کرد و سەری بڕی، ئینجا قاچەكانی بە پشتوێنەكەی كەمەریی هەڵدەواسی. تا دەهات باڵندەكان بۆ کەمیی دادەکشان، هەینێ سۆنەكان كەمبوونەوە و خوێناوڵبوونی ئاوەكە نەیدەترساندن، واقم وڕ ما. تێگەشتم  کاتی ڕاو هیسکۆسییەکە  لاتراسکەى لە چاوساغەكە دەبەست.

دەركەوت ڕاوچییەكە بە ئەنقسەت چاوساغەكە بۆ كۆتایی دەهێڵێتەوە، سۆنەكان لەگەڵ هەر كەمبوونەوەیەكدا سەرلەنوێ بە شێوەی خۆكرد ڕیزیان دەبەستەوە و پارێزگارییان لە وەستانی سێگۆشەیی خۆیان و چاوساغەكەش دەكرد، تێگەشتنم هەموویان لەم مەلەوانییە دوورودرێژەدا هیچ ئاوڕیان لە دەروبەری خۆیان نەدەداوە. تەنها مانەوەی چاوساغەكەیان لا گرنگ بوو و دوای دەكەوتن. مەبەست لە فڕینیان بە شێوەی سەرەڕم و ڕیزبوونیان لەو سێگۆشەیەدا، كە ڕێكخستنێكی خۆكردی بوو، بینینی چاوساغەكە بوو… بە بینینی ئاسوودە دەبوون. گرنگ مانەوەی چاوساغەكە بوو نەك ئەوەی تەنیشت خۆی!… بە فڕینی، دەفڕن… بە نیشتنەوەی، دەنیشنەوە. مسۆگەر هیسکۆسەکە ئەمەى دەزانی، بۆیە چاوساغەكەی دەهێشتەوە. ئەی چاوساغەكە ئەمەى دەزانی؟

چۆن بە ئاگا بێتەوە، كە منیش ماوەیەكی زۆر بە دووربینەكەم چاودێریم دەكرد…؟!

ئاوڕی بۆ دەوروبەر و پشتەوەی خۆی نەدەدایەوە. زانیم تەنها سەیری خۆی دەكات، چونكە دڵنیابوو شوێنكەوتەی هەیە. كۆتا شوێنكەوتە هیسکۆسییە ژێرئاوییەكە بوو، پاشان سۆنە ساختەکە بە نەڕەیەکی سەرکەوتنەوە هاشاوڵی دا، ئەمجارەیان ڕاوچییەكە نێچیرەكەی ڕانەكێشایە ژێر ئاوەكە تا سەری ببڕێت، بەڵكوو بە زیندوویی گرتی و هێشتییەوە. تۆ بڵێی چۆن بێ ژیانی ئەو چاوساغەى وا لە نێو لەپی ڕاوچییەکدایە. کە بە خۆشنودیی لە ئاوە كارەساتبارەكە بێتە دەرێ و بە كەمەرییەوە لاشەی سۆنەكانی تر بە قاچەكانیانەوە شۆڕ ببنەوە و بلەرنەوە… ئەو پۆلەسۆنە سەربڕاوە بوون بە ڕابردوو!

 

[1] نەتەوەیەک بوون لە میسڕ و ڕۆژهەڵاتی دەلتای نیل ژیاون، دەڵێن کۆچەریی بوونە و لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتوون، دەڵێن گوایە میسڕیان داگیر و وێران کردووە و سەت ساڵ فەرمانڕەوای میسڕ بوون. وەرگێڕ

[2] شارێکی میسڕی کۆنی پێش زایینە، لە ترسی نوقمبوونی چۆڵ کراوە. وەرگێڕ

 

محەمەد مەخزەنچی
لە دایکبووی ۱۹٤۹ لە شاری المنصورەی وڵاتی میسڕ، بواری پزیشکی لە زانکۆی ئەو شارە خوێندووە، دواتر پسپۆڕی باڵای لە پزیشکی دەروونییدا له ئۆکرانیا بە دەست هێناوە، کاری پزیشکیی بەجێ هێشتووە و ڕووی کردووەتە کاری ڕۆژنامەوانیی، وەک هەوڵسازی زانستی لە گۆڤاری ئەلعەرەبی کوەیتیدا کاری کردووە، لە زۆرێک لە ڕۆژنامە بەناوبنگەکانی میسردا بابەتی بڵاو کراوەتەوە، یەکێکە لە کورتەچیرۆکنووسە بەناوبانگەکانی جیهانی عەرەبیی، خاوەنی چەندین کۆمەڵە چیرۆکە: الموت يضحك، البستان، اوتار الماء، سفر…هتد. چەندین خەڵاتی بە دەست هانیوە: خەڵاتی باشترین کۆچیرۆکی میسڕ ۱۹۹۲، کە کۆمەڵە چیرۆکی البستان-ـە. خەڵاتی دامەزراوەی ساویرس بۆ باشترین کۆمەڵەچیرۆکی بڵاوکراوە لە نێوان ساڵەکانی ۲٠٠-۲٠٠٤ کە کۆمەڵەچیرۆکی اوتار الماء-ـە خەڵاتی ئەدەبی میسڕیی بۆ گەورەنووسەرانی کورتەچیرۆک ساڵی ۲٠٠۵

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس

لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی…