سه‌رم له خۆم سوڕماوه!. ئه‌مڕۆ به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕۆژانی تره‌وه، سه‌ماوه‌ره تێكقوپاوهكهی جارانم لێ بووه‌ته‌وه كه‌مانێكی نه‌شمیله و خۆشترین ئاواز ده‌ڕژێنێته ده‌روونمه‌وه، قۆریە گه‌ڕه له تهلگیراوهكه، كه جاران قێزم لێ ده‌كرده‌وه، ئێستا زۆر خنجیله و خاوێن دێـته پێش چاوم. بگره پیاڵه پۆرخزهكان و جامه ژه‌نگاوییه‌كه و شهكردانه ڕهزاقورسهكهش، ده‌ڵێی ئه‌مڕۆ خۆیان له ئاوی جوانی هه‌ڵكێشاوه و به‌ده‌م منه‌وه ده‌خنێنه‌وه. داووده‌زگای چالێنانهكه هه‌موو، نازانم بڵێم من بۆ ئه‌وان یا ئه‌وان بۆ من، پێ ده‌كه‌نن و گه‌شكه ده‌یانگرێ؟. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مڕۆ وا هه‌ست ده‌كه‌م، كه هێزێكی ئه‌فسووناوی له‌ناخی دڵ و ده‌روونمدا، ره‌گی داكوتاوه و ئارامی له‌به‌ر بڕیوم. ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانییه، بۆچی تا دوێنێش ئه‌م چوار قۆڵی چا خواردنه‌وه‌یه (من و وه‌ستام و وه‌ستاژنم و له‌گه‌ڵماندا ئافتاوی كچیان)، هێنده دڵته‌نگ و په‌ستی ده‌كردم؟!، ده‌توت بهكوتهكهوه به‌سه‌رمه‌وه راوه‌ستاون و ناچاری ئه‌م چا خواردنه‌وه‌یه‌م ده‌كه‌ن. كه‌چی ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ، هه‌موو جوڵه و تهقهوڕهقهیهكی، ختوكه‌ی هه‌ست و نه‌ستم ده‌ده‌ن!. هه‌تا دوێنێ له شه‌رم و ته‌ریقیدا، ئارامم له‌به‌ر ده‌بڕاو جێگه‌م به‌خۆم نه‌ده‌گرت. كه‌چی بێ‌ئارامی ئه‌مڕۆم، ئه‌نجامی ئه‌و هێزه ئه‌فسووناوییه‌یه، كه گیان و هۆشمی هێناوه‌ته جۆش‌وخرۆش.
ئا له كاتێكدا كه من هه‌ر لهسوچهكهی جارانمدا، ماتومه‌لوول دانیشتبووم و به‌م جۆره له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌دوام، ئافتاو و دایكی وه‌ك هه‌موو رۆژانی تر، ته‌داره‌كی چالێنانهكهیان دامهزراندبووهوه. كڵۆ خه‌ڵووزه‌كانی ناو ته‌نووری سه‌ماوه‌ره‌كه، كه‌وتبوونه نێڵهنێل و كڵپه‌یان لێ هه‌ڵده‌ستا. ئاوه‌كه‌ی مێرووله‌ی ده‌كرد و زیلهیهكی به‌چه‌شنی ئاوازێكی ناسكی پێك ده‌هێنا. ئیتر له‌وه‌دابوو ها ئێستا ها ساتێكی تر، بكه‌وێته كفهكف و جۆش‌وخرۆش. بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم، تاسێكی قووڵ بردمییه‌وه. كاره‌ساته‌كه‌ی دوێنێ، بۆ جاری جاره‌ها سه‌رنجی راكێشامهوه…
به‌ڵێ دوێنی هه‌ر ئه‌م كاته‌بوو، كه هه‌مان چوار قۆڵی به‌ده‌وری پیره سه‌ماوه‌ردا كۆمه‌ڵه‌مان به‌ستبووه‌وه. هێشتا فه‌رمانه‌كه‌ی وه‌ستا ژنم له‌گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه كه به ئافتاوی وت:
– ده‌ی چایهكهیان بۆ تێكه.
ئافتاویش وه‌ك هه‌موو رۆژانی تر، پیاڵه‌كانی ئاماده‌كرد. به‌ڵام بۆچی به‌تایبه‌تی یهكێكیانی له‌وانی تر باشتر ده‌شت؟. بگره شه‌كریشی دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وانی تر تێ دهتهپاند؟!. ئای چه‌ند حهپۆلكه بووم!!. هه‌موو رۆژێ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌م لهئافتاو ده‌دی، كه‌چی جارێك سه‌رنجم بۆ ئه‌وه نه‌چوو له خۆم بپرسم: ئه‌رێ ئه‌مه بۆچی و یانی چی؟!. چا دابه‌شكرا. پیاڵه تایبه‌ته‌كه وه‌ك هه‌موو رۆژان، به‌ر من كه‌وت. ئه‌و كرده‌وه‌كه‌ی خۆی لێ سه‌دباره كردمه‌وه. منیش ئه‌وه‌ی خۆمم لێ سه‌دباره كرده‌وه. چایه‌كه‌م دایه‌وه دواوه و وتم:
– چایه‌كه‌م هه‌م دیسان زۆر شیرینه، كه‌مێكی تاڵم بۆ به‌سه‌ریدا بكه.
كه‌چی ئافتاوم ئافتاو، خێسه‌یه‌كی پڕ له ڕقوكینه‌ی لێ كردم. لچێكی لێ ههڵقورتاندم و به‌نیمچه تووڕهییهكهوه لێی وه‌رگرتمه‌وه. دیاربوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی، ئه‌نجامی پیشخواردنهوهیهكی دوور‌و درێژ بوو. چاوم تێوه بوو، له باتیی ئه‌وه‌ی ته‌نیا پیاڵه‌كه‌م بۆ پڕ بكاته‌وه له‌چای تاڵ، هێنده‌ی تێ قڵپاند تا ژێرپیاڵهكهشی پڕ كرد. بێگومان ئه‌مجاره‌یان لهتاڵیدا نه‌ده‌خورایه‌وه. منیش شه‌پۆلێكی رقوكینه زۆری بۆ هێنام و له دڵی خۆمدا وتم: (توخوا ده‌وه‌ره چۆن تووشی ئه‌م چه‌تیوه دهعهجانییه بووم؟!). ئیتر وه‌ها پیشم لێ خوارده‌وه كه ئه‌گه‌ر شووره‌یی نه‌بوایه، چایه‌كه‌م ده‌كرد به‌چڕوچاوی نه‌گریسیدا و كارێكم پێ ده‌كرد، با به ده‌واری شڕی نه‌كردبێ. به‌ڵام وه‌ستاژنم وه‌ك هه‌ستی بهكهتنهكه كردبێ، به‌دڵسۆزییه‌وه لێی پرسیم:
– ده‌ترسم چایه‌كه‌ت تاڵ بووبێ؟.
له‌گه‌ڵیدا سه‌رنجم دا ئافتاو چاوێكی له‌دایكی مۆڕ كرده‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ:
– چاكم كرد.. ده‌ستم خۆش بێ.. خه‌تای ئه‌وه.
منیش لهشهرمنیی خۆمه‌وه، ناچار له‌وه‌رامدا وتم:
– نه‌و.. ئێستا زۆر باشه.
ئیتر بێ ئه‌وه‌ی بتوانم نقه بكه‌م، دوو چای تری له‌و بابه‌ته‌م كرد بهگهروومدا. له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێكیشیاندا كه بۆی تێ ده‌كردم، ده‌مبینی وه‌ستاژن به‌تیله‌ی چاو، خێسه‌یه‌كی لێ ده‌كا و ئه‌ویش بهلالووتێكهوه، رووی لێ وه‌رده‌گێڕێ. ئه‌م كه‌ینوبه‌ینه هه‌مووی رووی ده‌دا و وه‌ستام له‌ولاوه، وه‌ك له ده‌ریای بیركردنه‌وه‌ی خۆیدا مه‌له بكا،په‌یتا په‌یتا چای به‌دوای چادا ههڵدهقوڕاندا!
به‌درێژایی رۆژی دوێنێ، ئه‌م كاره‌ساته له دڵمدا په‌نگی خوارده‌وه. ئارامی له‌به‌ر ده‌بڕیم و لێم بوو به مه‌راق. به خۆمم ده‌وت: «باشه ئه‌م كچه بۆ وا ده‌كا؟ چ رقێكی لێ هه‌ڵگرتووم؟!.. ئاخۆ هیچ خراپه‌یه‌كم بۆی هه‌بووه؟ به‌شیم خواردووه؟ ئه‌ی چی؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوێنێ ئێواره له دایكمم بیست (خوا سه‌رفرازی بكا)، ئه‌و مه‌راقه‌ی له‌دڵمدا ره‌وانده‌وه و هه‌موو شتێكی بۆ یه‌كاڵا كردمه‌وه.
هه‌ردووكمان و نه‌سرینی خوشكیشم له‌گه‌ڵماندا، دانیشتبووین و باس هاته سه‌ر باسی ژنهێنان و شووكردن. ئه‌مانیش بێ قهزاوبهڵابن، خۆ خوا نه‌كا له گفتوگۆیاندا جگه له‌م باسوخوازه، بزانن له باسێكی تر بدوێن!. واچوونه خوازبێنی فڵان و فیسار وا گوێزرایه‌وه! ئیتر باس به‌سه‌ر باس‌دا هات و منیش خۆم پێ ڕانه‌گیرا. ئه‌وه‌كه‌ی خۆمم دركاند و له‌نووكه‌وه بۆم گێڕانه‌وه. كه‌چی هێنده‌م نه‌زانی، دایانه قاقای پێكه‌نین و یه‌ك به‌سه‌ر یه‌كتریدا ده‌كه‌وتن! من لای خۆمه‌وه واقم وڕما و له ته‌ریقیدا له‌شم داگیرسا. به حه‌په‌ساوییه‌وه لێم پرسین.
– ئه‌وه بۆچی پێ ده‌كه‌نن؟
ئه‌وان له‌تاو پێكه‌نین، وه‌رامیان بۆ نه‌ده‌درایه‌وه. من وه‌ختابوو له‌داخاندا شه‌ق به‌رم و له‌دڵدا وتم:»تۆ بڵێی شتێكی ناشیرینم لێ وه‌شابێته‌وه؟». ئیتر لهبارمدا نه‌ما. رووی ده‌مم له نه‌سرین كرد و ویستم، لێشاوی توورهییم به‌سه‌ر ئه‌ودا بڕێژم و وتم:
– ئه‌رێ تۆ شه‌رم ناكه‌یت؟!.. بۆچی وه‌ها پێم پێ ده‌كه‌نیت؟
كه‌چی ئه‌و به‌ده‌م قاقای پێكهنینهكهیهوه، وه‌رامی دامه‌وه و وتی:
– به چایه شیرینه‌كانی ئافتاوی براژنم پێ ده‌كه‌نم.
من هه‌ر به تووڕه‌ییه‌وه وتم:
– وڕێنه ده‌كه‌یت؟!.. ئافتاوی براژنتی چی؟
ئه‌وسا دایكم زانیی زۆر په‌ست و دڵگرانم. له پێكه‌نن كه‌وت و وتی:
– به‌خێر نۆزده ساڵت ته‌مه‌نه و هیشتا به‌وه‌ت نه‌زانیوه، كه چای شیرین مانای خۆشه‌ویستییه؟
كه به سه‌رسامییه‌وه لێم پرسی:
– خۆشه‌ویستی؟!.. مه‌به‌ستت چییه؟
ئه‌م جاره به بێزارییه‌وه وتی:
– ئۆی!.. به‌راستته یا خۆتم لێ گێل ده‌كه‌یت؟!. به كورتییه‌كه‌ی ئافتاو حه‌زی لێ كردوویت..ئیستا تێ گه‌یشتیت؟.
(قه‌ت ناشێ؟!… ئافتاو حه‌زی لێ كردووم؟. ئای له‌و فێڵبازی و زۆرزانییه؟. كه‌وابێ ئه‌و چایه شیرینانه، بێ مه‌ڵامه‌ت نه‌بوون. ئا..ئێستا تێ گه‌یشتم. ئێستا زانیم له كوێوه قسه‌ی ده‌كرد. ده‌ی قهیناكا ئافتاو.. خۆ من وام ده‌زانێ هێنده‌ت قین لێمه، كه چاوت پیامدا هه‌ڵنایه‌ت! تومه‌ز من له گوێی گادا نووستبووم!. ده ڕاوه‌سته بۆم… من و تۆ و سبه‌ینێ).
كاتێ دایكم ئه‌و مژده خۆشه‌ی دامێ، من له‌گه‌ڵ خۆمدا ئاوه‌ها ده‌دوام. به‌م جۆره‌ش دوێنێ شه‌و تا دره‌نگ، خه‌و نه‌چووه چاوم. چونكه زۆر به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی، ئه‌م سبهینێیهم ده‌كرد كه چی بكه‌م؟ چۆن ئه‌و ئافتاوه جانانه‌یه تێ بگه‌یه‌نم، كه من مهتهڵهكهیم هه‌ڵهێناوه و ئه‌ویش، ده‌بێ پاداشتهكهیم بداتێ…
– رۆڵه مه‌حموو.. ئه‌وه بۆ واكشوماتیت؟
وه‌ستاژنم وه‌ك له دڵی گهرابێ.. كه بیر له باسه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆم و ئافتاو ده‌كه‌مه‌وه،له گه‌رمه‌ی ئه‌م بیركردنهوهیهمدا و له كاتێكدا كه دیمه‌نه‌كانی كاره‌ساته‌كه‌ی دوێنێ به‌بیر و هۆشمدا رادهبوردن. ئه‌و پرسیاره‌ی به ته‌نگه‌م دادا. منیش زمانم به‌یه‌كدا هات و نه‌مزانی چ وه‌رامێكی بده‌مه‌وه. ته‌نیا له‌به‌ر خۆمه‌وه بڵمهبڵمێكم كرد و خۆشم نه‌مزانی چیم وت. ئه‌ویش ئیتر به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی پڕ مانا و سه‌رله‌قاندنێك، وازی لێ هێنام.
كه چاوێكم به‌ملاو به‌ولادا گێڕا، سه‌یرم كرد وا چایه‌كه ده‌می كێشاوه. ئافتاویش ئاماده‌ی تێكردنێتی و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تێكه‌ڵ له‌گله‌یی، له‌نێوان لێوهكانییهوه سه‌ره‌تاتكێم لێ ده‌كا. من تا دوێنێ به‌درێژایی ماوه‌ی چاخواردنهوهكه، رووم نه‌ده‌هات ته‌نانه‌ت كورته سهرنجێكیشی بده‌مێ. كه‌چی ئه‌مرۆ ئاره‌زوویه‌كی به‌جۆش،پاڵی پێوه نام تێی وردببمه‌وه. هه‌ر هه‌لێكم بۆ هه‌ڵبكه‌وتایه،تێر تێر سه‌رنجم ده‌دایه به‌دوایدا وام به‌بیردا ده‌هات، كه ئیتر له سه‌یركردنی تێر بووم. كه‌چی هه‌ر هێنده‌ی رووم لێ وه‌رده‌گێڕا. ئه‌و ئاره‌زووه‌م زیاتر جۆشی ده‌سه‌ند و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆم بكه‌م، سه‌رنجم لێ گیر ده‌كرده‌وه. ئا له‌م كاتدا له ده‌رگه درا. وه‌ستا ژنم راپه‌ڕی و چوو به پیر دهنگهكهوه. زۆری پێ نه‌چوو بانگی كرده وه‌ستام و وتی:
– باوكی ئافتاو .. وه‌ره داوات ده‌كه‌ن.
هه‌ر كه ئه‌وان ژووره‌كه‌یان چۆڵ كرد و من خۆم له‌گه‌ڵ ئافتاودا به ته‌نیا بینی، له هیچی نه‌بوو دڵم كه‌وته كوتهكوت و له‌شم داگیرسا. ئاره‌قێكی گه‌رم دڵۆپ دڵۆپ ، نیشته سه‌ر رووم. هه‌ناسه‌م سوار بوو. ده‌توت به شاخێكی سه‌ختدا هه‌ڵزناوم. له‌دڵدا ده‌موت: ئای كه هه‌لێكی له‌باره. ده‌بێ له‌ده‌ستی نه‌ده‌م و ئه‌وه‌ی له‌دڵمدایه بیدركێنم. هاكا هاتنه‌وه. دره‌نگه. دره‌نگه. له‌لایه‌كه‌وه ترسی هاتنه‌وه‌ی ئه‌وان و له‌ده‌ستچوونی ئه‌م هه‌له به نرخه دڵمی دهكرماند، له‌لایه‌كی تریشه‌وه شه‌رمنی ده‌مكوتی ده‌كردم و زمانمی ده‌برده كلیله. خۆ ده‌روونیشم جۆشێكی وه‌های سه‌ندبوو، كه ده‌توت ئاگری نه‌ورۆزی تێدا كراوه‌ته‌وه. له ئه‌نجامدا بڕیارم دا پێ بنێم به جه‌رگمدا. چونكه ئه‌و هه‌سته‌ی زۆری بۆ هێنابووم، ترس‌و سام و شهرموشۆ، نه‌یانده‌توانی به‌ری لێ بگرن‌و كۆڵی پێ بده‌ن. ده‌مم هه‌ڵهێنایه‌وه چیم له دڵدایه ده‌ری ببڕم وتم:
– ئافتاو!…
كه‌چی له‌وه زیاترم بۆ نه‌وترا. ته‌نیا ئه‌و وشه‌یه و ئه‌وانی تر،له گه‌روومدا گیریان خوارد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ته‌نیا وشه‌یه، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئافتاو،له‌و په‌ڕی مه‌به‌ستم تێ بگا، له‌گه‌ڵ وتنی‌دا لێشاوی ئه‌و هه‌سته بهجۆشهم، له‌ناخی ده‌روونمه‌وه هوروژمی هێنایه ده‌ره‌وه. له دووتوێیدا ئه‌و په‌ڕی سۆز‌و خۆشه‌ویستیم روون ده‌بووه‌وه. بۆ ئه‌ویش هه‌ر كه سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌رنجی دامێ، روومه‌ته‌كانی هێنده‌ی تر سوور هه‌ڵگه‌ران. چاوه‌كانی كه‌وتنه بریسكه بریسكو گهشكهیهكی به‌ختیاری پرژایه سه‌ر سیمای. ئیتر كه له وه‌رامدا وتی:
– به‌ڵێ.
ده‌توت ساڵه‌هایه چاوه‌ڕوانه من بڵێم: ئافتاو و ئه‌و بڵێ: به‌ڵێ. دوایی بێده‌نگییه‌كی دڵپروێن، باڵی به‌سه‌رماندا كێشا. بێگومان ئه‌و چاوه‌ڕوانی من بوو ده‌م ههڵبێنمهوهو قسه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م. منیش چاوه‌ڕوانی وته‌یه‌كی كاریگه‌ری ته‌ڕوبڕ بووم، كه بۆم پێك بێ‌و ئه‌و لێشاوی هه‌ست و نه‌سته‌می پێ ده‌رببڕم. كه‌چی دوای ئه‌و ماوه‌ی بێده‌نگیه‌ی كه به چه‌رخێك ده‌چوو، ته‌نها هێنده‌م به‌ده‌مدا هات كه پچڕپچڕ وتم:
ئافتاو گیان..من..من تۆم خۆش ده‌وێ
ئه‌وی راستی بێ، ده‌توت وتهكان به‌نه‌شته‌ر له قورگم هه‌ڵده‌پچڕن. چونكه یه‌كه‌م جار بوو به گوێی كچێكمدا هه‌ڵده‌دان. ئینجا ئه‌وه‌یش له‌لای خۆیه‌وه، سه‌رنجێكی قووڵی دامێ‌و چاوێكی نازو رازی بۆ ترووكاندم و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی شادمانییش كه‌وته سه‌ر لێوانی. ئیتر من پێویستم به‌وه نه‌بوو، ئه‌و به‌ده‌م و زمان وه‌رامم بداته‌وه، بگره چاوه ره‌شه گه‌شه‌كانی، به ئاشكرا پێیان ده‌وتم:
منیش تۆم زیاتر خۆش ده‌وێ
ئه‌وسا زمانم به‌ربوو. به گاڵتهوگهپێكهوه وتم:
– ئاخۆ چایهكانی ئهمرۆشم، وه‌ك رۆژانی تر شیرین ده‌بن؟
ئه‌و به ده‌م بزه و نازێكی دڵڕفێنه‌وه وتی:
– ئا.. ئه‌گه‌ر وه‌ك جاران ره‌تیان نه‌كه‌یته‌وه.
كه ده‌مم هه‌ڵهێنایه‌وه وه‌رام بداته‌وه، ته‌په‌ته‌پی پێی وه‌ستا ژنم ده‌مكوتی كردم. زۆری پێ نه‌چوو خۆیان به ژووردا كرد. ئیتر چوار قۆڵی وه‌ك هه‌موو رۆژانی تر، كه‌وتینه چا خواردنه‌وه. من زۆر به تام‌و كام و بێ هیچ بێزاربوونێك، سێ پیاڵه‌م له چایهشیرینهكانی جاران ههڵقوڕاند. بگره ئاواته خواز بووم كه ئه‌م كۆمه‌ڵی چاخواردنهوهیهمان، هه‌رگیز دوایی نهیهتو چایه شیرینه تامدارهكانی ئافتاویش، قه‌ت له‌بن نه‌یه‌ن.
به‌سره- شوعه‌یبه- 1957