چۆن بیر لە چیرۆک دەکەیتەوە؟

شاڵاو حەبیبە

دەتوانیت مەزندەی بکەیت کراسەکەی بۆچی ئوتوو نەکراوە؟ ئەوەی تۆ دەیبینیت تەنیا تەماشاکەیەتی بە کراسێکی نەختێک لۆچتێکەوتووەوە. ڕەنگە پێشت وا بێت خۆی زۆر سەرنجی نەداوە، یان خەمگین بووە بۆیە نەیپەرژاوە ئوتووی بکات، یان ئەسڵەن بینیویەتی و بە لایەوە بایەخی نەبووە، یان بە پەلە لەناو تاکەکەیدا، کە دەری هێناوە لۆچەکانی نەدیوە، یان بینیویەتی و گوتوویەتی جا ئەم نەختەلۆچە چییە مەگەر، یان ئەسڵەن ئوتووی نییە و زۆر بایەخ بە جلئوتووکردن نادات، یانیش ئوتووی هەیە و ئەسڵەن تاقەتی لێی نییە، دەشکرێت گوتبێتی بۆ هاتنەدەرەوەیەکی بچووک لە بەری دەکەم، یان لە بەری کردووە و ڕاستییەکەی ئەسڵەن پێشییەوە نەچووە بۆ هیچ کوێ، خۆ دەشکرێت لە لات ئەمە جوان بێت کەسێک ببینیت کراسەکەی نەختێک لۆچی تێدا بێت، بێگومان باسی پێنج-شەش لۆچێک دەکەین، نەک کراسێک کە لوول بووبێت، کەواتە خەیاڵت بۆ ئەوە دەچێت ڕەنگە ئوتووی کردبێت بەڵام لە شوێنێک بە جۆرێک- لەسەر قەنەفەیەک- دانیشتبێت یان نەختێک پێوەی ڕاکشابێت بۆیە ئەم لۆچانەی تێ کەوتووە، ڕەنگیشە ژیانی ئەوەندە تاریک بێت ئەگەر ئاگای لەم بیرکردنەوانەی تۆ بێت، بزە بیگرێت، کە ئەو لە چ ژیانێکدا و تۆ لە چ خەیاڵێکدا، ئەگەرێکی زۆریش ئەوەیە یەکەم جاری بێت لە ژیانیدا هێندە بێسەرنج بووبێت کە بە کراسێکی چرچولۆچەوە لە ماڵ دەرچووبێت و تۆ بینیبێتت، بۆیە ڕەنگە ئەمە ناو بنێت نەگبەتی، کە ئەگەر چەند ساڵێک دواتر بیری بخەیتەوە ئەسڵەن بیری نەمابێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بە کراسێکی لۆچتێکەوتووەوە لە ماڵ دەرچووبێت، چونکە ئەو ئاسایی بایەخێکی ئەوتۆ بە شیکپۆشیی خۆی دەدات، دووریش نییە لە ژیانیدا هێندە سەرقاڵ بێت ئەم شتانە بە پڕوپووچ بزانێت کاتیان پێوە بکوژێت!

مەگەر دەکرێت ژیانێکی وا فراوان لە لۆچێکی کراسدا کورت بکەینەوە؟ ئەدەبیات هێندێک جار ئەو کاتە ڕوو دەدات کەسێک بە کراسێکی چرچولۆچەوە دەردەکەوێت، سەیرەکە ئەوەیە ئەگەر کەسەکە کراسەکەی ئوتووش کردبێت دیسان ئەگەری زۆرە ئەدەبیات ڕوو بدات، پەیوەستە بەوەوە تۆ لە ڕیزی کام نووسەرانەدایت. مەسەلەکە پەیوەندیی نییە بە شتە گەورەکان یان بچووکەکانەوە. ناتوانین بڕیارێکی دادپەروەرانە بدەین تەنانەت ئەگەر دەمانچە لەسەر سەرمان ڕابگرن و ناچارمان بکەن هەڵبژێرین کە ئاخۆ “جەنگ بابەتێکی گەورەیە؟” و ئەوەی کەسێک چونکە خەمگینە تاقەتی نەبووە کراسەکەی ئوتوو بکات “بابەتێکی بچووکە بۆ ئەدەبیات”؟ ئەسڵەن هێندێک جار خودی ئەوەی مرۆڤ بخەیتە بەردەم هەڵبژاردنەوە، شتێکی دادپەروەرانە نییە. بۆ نموونە ئەوەی ناچارت بکەن لە نێوان دوو گوڵدا یەکیان هەڵبژێرێت. ئەدەبیاتیش گەرەکە ئێمە لە بەردەم تخووبە کراوەکاندا بەجێ بهێڵێت. ئەدەبیاتێکی وا زۆر مایەی سەرنجم نییە بزانێت بە دیاریکراوی چی ڕووی داوە/ یان دەدات، هەڵبەت ئەدەبیاتێکیش هیچ شتێک نەزانێت، دیارە هێشتا نەیتوانیوە بە پێی پێویست لەوەی دەیگێڕێتەوە قووڵ ببێتەوە.

کەواتە لۆچەکانی کراسی کەسێک، لەناو ئەدەبیات و بگرە لەناو ژیانیشدا، بە کوێمان دەگەیەنن؟ ئایا ئەم لۆچانە بۆ ئەوەن ئێمە سەرنج بدەین؟ کە کەسێک لێرە هەیە بە چەندان ئەگەرەوە؟ کە بێکات یان خەمگین یان گوێپێنەدەر یانیش ماندووە لەم باسوخواسانە؟ ئەسڵەن تۆ پێت وایە ئەم کەسە بە وردی بناسیت؟ یان هەر لە دوورەوە دیوتە، لەسەر جادەیەک، یان لەوسەری ژوورێکدا، یانیش هەر بە وێنەیەک. ئێستا وای بۆ دەچیت بشێ و بکرێ لە ڕێی ئەم لۆچانەوە لە ژیانی نزیک ببیتەوە؟ زۆر جار وا ڕاهاتووین بڵێین لە ڕێی چاوەکانییەوە دەکرێت بیناسیت، گوایە چاوەکانی زۆربەی ئەو شتانە دەڵێن کە تەنانەت لە قووڵاییی ژیانە خراپەکەیشیدا خۆی نەیتوانیوە دەریان ببڕێت، کەچی تۆ پێت وایە لۆچەکانی کراسەکەی دەتوانن زیاتر لە خۆی و بگرە لە چاوەکانیشی قسە بکەن. ئەی ئەو کاتەی خۆی دەبینیت چی؟ کە بتوانیت قسەی لەگەڵدا بکەیت، لێی بپرسیت فڵان ڕۆژ کراسەکەت بۆ لۆچی تێدا بوو؟ ئایا خەمگین؟ بێزار؟ یانیش هیچیان نەبوویت.

لێرەدا ئەدەبیات چی بەسەر دێت؟ دەبێتە گاڵتەجاڕ؟ یان ئەوەی کە ئەدەبیات ئنجا دەست پێ دەکات، کاتێک زۆر کورت و پوخت وەڵامت دەداتەوە کە “بیرم نییە.” نە ڕۆژەکەی بیرە نە کراسەکەیش. بۆ نموونە ئەگەر وێنەیەکی ئەو ڕۆژەی هەبێت چی؟ گریمان هەیبوو، ڕەنگە هەستی وێنەگرتنەکەی بیر بێت بەڵام کاتێک سەرنج دەخاتە سەر لۆچەکانی کراسەکەی لە وێنەکەدا، تەنیا بڵێت ئەوانە لۆچی ئاسایین، یان هیچ هەستێکی شایەن-بە-باسی بۆ لۆچەکان لەو کراسەدا نەبێت. ئایا چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی دێت؟ بۆ چیرۆکێک کە بە لۆچەکانی کراسی کەسێک دەست پێ دەکات، ڕەنگە ڕووداوەکە بە بۆچوونی من وا بە سانایی کۆتایی نەیەت. ئاسایییە ئەگەر چاوەڕێی شتی زۆر ڕووکەشانە و پووچ بین، بەڵام ئەوەی بە دوای وەڵامێکی درووست و بێئەملاولادا بگەڕێین نەختێک لە مەحاڵ نزیکە. کەسەکان کاتێک دەزانن سەرنجمان لە سەریانە، تۆز‌ێک مەیلیان بۆ خۆپێچەڵپێچکردن و ئەملاولاپێکردنمان دەجووڵێت. بۆیە وەڵامی “ئەوانە تەنیا لۆچی ئاسایین” کۆتاییی چیرۆکەکەمان نییە و نابێت، یان ئەگەر بڵێت “نازانم، سەرنجم نەداوە”، یانیش “بیرم نییە کە بۆ چرچە”، زیاتر بۆ ئەوەیە مێشکمان جەنجاڵ بکات، نەک ڕاستیی ڕووداوەکە بێت، هەڵبەتا مەرجیش نییە ڕاستیی ڕووداوەکە بە دیاریکراوی لای ئەو کەسە بێت کە کراسە چرچەکەیمان لە بەریدا بینیوە. ئەگەر ئوتوونەکردنەکە پەیوەندیی بە بێتاقەتیی ئەوەوە هەبێت، کەواتە کاتێک بە دوای هۆکاری بێتاقەتییەکەیدا دەچین دەگەینە کەسی تر و ڕووداوی سەیروسەمەرە، تا کاتێک دەبینین هەر لە ڕێی لۆچەکانی کراسەکەی ئەوەوە، زۆر لە خۆی دوور کەوتووینەتەوە. لێرە لە چیرۆکەکەدا بە زیاد لە چیرۆکێک دەربارەی یەک شت دەگەین. هەڵبەت ئەگەر یەک شت بێت.

ئاسایی مرۆڤ لە کاتی خۆگۆڕین و جلهەڵبژاردندا یەکێک لە سەرنجەکانی بەردەوام لەسەر سافبوون و ئەوەیە ئاخۆ پیسە یان نا؟ شۆردراوە یان نا؟ بۆیە زۆر شایەن بە باوەڕ نییە ئەگەر پێمان وا بێت کاتێک ئەم کراسەی بۆ لەبەرکردن هەڵبژاردووە سەرنجی ڕێک لەم دوو شتە نەداوە. بۆ نموونە ئەی بۆچی کراسەکەی بە پەڵەیەکەوە دەرنەکەوتووە؟ کەواتە بۆی گرنگ بووە چڵکن نەبێت. ئنجا دیسان پرسیارەکە دەکەینەوە: ئەی کەواتە بۆ گوێی نەداوەتێ کە چرچولۆچە؟ دەی کەواتە بۆچی ڕۆژەکانی تر بەم جۆرە دەرنەکەوتووە؟ بێگومان تۆیش ڕۆژی تر و لە شوێنی تر بینیوتە، بۆیە ئێستا ئەوا شاگەشکە بوویت کە بە لۆچەکانی کراسەکەیەوە دەیبینیتەوە، کەواتە لێرەدا (ئنجا لای ئێمە) زۆر ڕوون نییە ئاخۆ (تۆ) ئەم لۆچانەت خۆش دەوێن یان پێیان پەستیت! لەبەر ئەوە، بۆ ئەدەبیات چیرۆکی چرچیی-کراس-ڕوانەکە باسێکی دیکەیە، کە ئەگەر ئەم لۆچانە لەبەر خەمگینیی کراسلەبەرەکە بن، ئەوا کراسڕوانەکە دەیەوێت چی بکات؟ مەگەر هیچی لە دەست دێت؟ یان پێی خۆشە و خۆزگە لە دەستی هاتبا؟ ئەی ئەگەر تەنیا لەبەر ئەوە بێت کە بیری چووە ئوتووی بکات، یان تاقەتی نەبووە، مەگەر دەکرێت چیرۆکەکە بگاتە ئەو ئاستەی کراسڕوانەکە بڵێت باشە من دێم بۆت ئۆتووی دەکەم؟ چی ئوتووی دەکەیت؟ کراسەکە ئێستا وا لە بەریدایە. مرۆڤ وا باشە سەرەڕای شاگەشکەبوون و فەنتاسیبوونەکانی، نەختێک مەنتیقی بێت، هەتا لە نووسینێکی فەناسییشدا.

هێندێک جار کە دەتەوێت چیرۆکەکەت زۆر ئەدەبی یانیش سینەمایی بێت، ئەوا حەز دەکەیت دەست بەسەر لۆچەکانی کراسەکەیدا بهێنیت، کەواتە بۆ پۆستەری فیلم یان ڕۆمانەکە، ڕەنگە کراسێک بە چەند لۆچێکی زەریفەوە لەسەر سکی جوانترین بیرۆکە بێت. مەبەستم ئەوەیە لێرەدا نەختەنەختە ئاخۆ دەردەکەوێت کراسەکە بابەتی سەرەکییە؟ کەواتە کەسەکە چی بەسەر دێت؟ کاتێک دەری دەخەین کراسەکەی زیاتر لە خۆی سەرنجی خراوەتە سەر، ئاخۆ ئەگەر ڕەخنەگر ڕەخنەمان لەم بارەیەوە لێ بگرێت کە زۆر کاڵاگەراین، دەبێت وەڵامەکەمان چی بێت؟ چی لەوە باشتر کە ناکرێت کاڵاگەرا بین مادام باسی کراسێک دەکەین کە مرۆڤێکی تێدایە. باشە. کراسەکە بەتاڵ نییە. ئاخۆ تەنیا لەبەر ئەوە سەرنجی تۆی ڕاکێشاوە کە ئەمە یەکەم جارتە بە کراسێکی لۆچتێکەوتووەوە دەیبینی؟ ئەی ئەگەر هەموو ڕۆژێک دیتبات ئاخۆ دیسان ئەگەری هەبوو ئەدەبیات ڕوو بدات؟ یاخود ئەوەی هێندە سەرنج لە کراسەکەدا چڕ بکەینەوە بگاتە ئاستێک (مەبەستم چیرۆکەکەیە) وەک بەتاڵێک دەربکەوێت (مەبەستم کراسەکەیە)، کەچی هێشتا پێویستمان بە سەربوردەکەیەتی، بەڵام کارەکتەرەکەیمان چیرۆکبەدەر کردووە. زۆر لە چیرۆکەکە دوور کەوتینەوە و کارەکتەری ونمان درووست کرد و منیش زۆر پەیوەستم بە مرۆڤەوە. کەواتە دەبێ مرۆڤەکە بگەڕێنینەوە بۆ ناو کراسەکەی.

هەر لەو ئەگەرانەوە؛ ئەگەر ئێمە وادەیەک لەگەڵ ئەم کەسەدا بۆ تۆ دابنێین، کە تۆ بتەوێت پرسیاری سەبارەت بەم ڕۆژە لێ بکەیت، ئەگەر هیچ شتێکی بیر نەکەوێتەوە چی؟ ئەسڵەن بە لایشییەوە سەیر بێت ئەومان بۆ پرسیارێکی ئاوا هیچ بانگ کردبێت؟ لێرەدا لەوە گەڕێ ئەگەر کەسەکە لێمان تووڕە ببێت، کە هەڵبەت ئازاردەرە، خەیاڵشکاو دەبین، بەڵام ئەی ئەدەبیات چی بەسەر دێت؟ ڕەنگە بۆ ئێرە ئەدەبیاتی پاتریک مۆدیانۆ چارەسەر بێت، کە کنەکردنی بیرەوەری و بیرچوونەوەیە. ڕەنگە ناچار بین چیرۆکەکە بەو ئاقارەدا بەرین واز لە کراسلەبەرەکە بهێنین و بپەرژێینە سەر تۆ لە ئاستی چرچیی-کراس-بینێکدا، کە چۆن ئەم کراسە دەستکاریی ژیانتی کردووە، هەراسانتی کردووە، ڕەنگیشە وەک چیرۆکەکەی پاتریک زۆسکیند هەستی قووڵاییت لە دەست بدەیت و پاشان نەختەنەختە بەرەو لەناوچوون و بەهەڵمبوون بچیت، ئەوکات دووریش نییە کەسانێک جواب بۆ کراسلەبەرەکەت- جێناوی (ت) لەبەر ئەوەی وەختێک هێندە بیر لە کەسێک دەکەیتەوە، سەرەڕای ئەوەی نەشتناسێت وا دەزانیت ئەو هیی تۆیە- بنێرن، بە جۆرێک لە جۆرەکان (کە چیرۆکەکە دیاریی دەکات) فریات بکەوێت، بەڵام بۆ نەگبەتی ڕەنگە هەر لە سەرەتای چیرۆکەکەوە ڕاوی ئەوی بە چەشنێک ون کردبێت کە تازە هیچ شتێک فریای تۆ نەکەوێت. کە وا بوو هەوڵ دەدەیت بە تەنیایی کێشەکەت چار بکەیت. وەک دەبینیت نەختەنەختە دۆخە ئاسایییەکە لە چرچیی کراسێکەوە- هیی کەسێک کە تەنانەت تۆیشی نەدەناسی، گەیشتە ئەوەی کێشەیەک لە گۆڕێ بێت. ئنجا ئاخۆ بە نیاز دەبیت قسە لەگەڵ هاوڕێیەکانیدا بکەیت؟ کە ئاخۆ فڵان ڕۆژ ئەوتان بینیوە کراسێکی ئاوا کاڵ و ئاوا چرچ و ئاوا سەوز و ئاوا گوڵگوڵی و ئاواوئاوای لە بەردا بووبێت؟ کە لێرەدا ڕەنگە هێندێک کەس ڕۆژەکەیان بە ڕەنگی کراسەکەیدا بیر بکەوێتەوە، بەڵام بیرکەوتنەوەی خودی چرچولۆچەکان نەکردەیە. بۆ نەگبەتیی تۆ، تەنانەت ئەو کەسەش کە ڕۆژی کراسلەبەرکردنەکەی بیر دەکەوێتەوە دوور نییە لە کۆتاییی قسەکانیدا بڵێ نا ئەوە هیی ڕۆژێکی تر بوو. ڕەنگە کەسێکیان بڵێ ئەسڵەن ئەو هێندە بەسەرنجە بە کراسی ئوتوونەکراوەوە قەت دەرناکەوێت. ئاخری وات لێ دەکەن لە خۆت بکەویتە گومانەوە ئاخۆ هەر بەڕاستی خۆت بینیت کراسەکەی لۆچی تێدا بووبێت؟ سەرئەنجام ڕەنگە ڕستەیەکی ئاوا لە چیرۆکەکەدا کاریگەر بێت: «حەز دەکات بمرێت و بە کراسی ئوتوونەکراوەوە نەچێتە دەر.» کەواتە هەر بەڕاستی یەکێک خەریکە بە ئەنقەست ئازارت دەدات. ئەمە بۆ چووە زەینتەوە؟ کەی چووە زەینتەوە؟ بۆ چوو؟ چۆن چوو؟ ئەی بۆچی ئەگەر و هۆیەکان خەریکن شوێنگۆڕکێ دەکەن؟ ئێ منیش وا ئەوەت بۆ ڕوون دەکەمەوە. ئەگەر خراپتری نەکەم.

باشە. ئاخۆ تۆ بە زۆری زۆرداری دەتەوێت واتایەک بۆ ئەم لۆچانە بدۆزیتەوە؟ ڕاستییەکەی زۆری زۆرداریی ناوێت، کاتێک ئەدەبیات سەرنج دەخاتە سەر ئەم لۆچانە واتاکان خۆبەخۆ کەڵەکە دەبن، یان وەک دەڵێن قەڵاچن دەبن. ئەمە واتا، بەڵام چۆن چیرۆکی ئەو ڕۆژەی درووست بکەینەوە؟ ڕۆژێک کە ئێمە لەوێ نەبووین. دووریش نییە ئەو نەیویستبێت ڕاستییەکەی بە تۆ بڵێت، چونکە ئاسایی ئینسان لە یەکەم بینیندا ناچێت وردودرشتی ژیانی بۆ کەسێکی دیکە باس بکات. هەڵبەت ئەگەر دەردەدار بێت باسێکی ترە. هێندێک لەو پرسیارانەی لە سەرەتای پەیوەندییەکاندا دەکرێن، لە قۆناغی دیکەدا، بە وەڵامی جیاوازتر یان ورد و قووڵتر دەگەن. کەواتە دەپرسم ئێمە دەبێت لە کراسەکەوە بچین بۆ کەسەکە یان لە کەسەکەوە بچین بۆ کراسەکە؟ دیارە مەسەلەکە بەو ڕادەیە ئاڵۆز و بێهوودە نییە کە ئاخۆ سەرەتا مریشک لە هێلکە بووە یان هێلکە لە مریشک بووە! لە-کراسەوە-بۆ-کەس-چوون و لە-کەسەوە-بۆ-کراس-چوون پرسێکی ئەهوەنترە و دەیهێنێت چیرۆکنووس بیری لێ بکاتەوە.

لە چرچەکانی کراسەکەوە ئەگەر دەست پێ بکەین بۆ ئەوەیە دەستپێکێکمان هەبێت و پێمان وایە لەم هەموو باسوخواسەدا ئەمە باشترینە و بۆشی هەیە کورت بهێنین، بۆیە لە کەسەکەوە دەکرێت درێژەی بدەینێ بۆ ئەوەی قووڵتر ببینەوە و زەینمان ڕووناک ببێتەوە و لانیکەم لە خۆیەوە شتێک سەبارەت بە خۆی تێ بگەین، کەواتە کە دەمانەوێت قووڵ ببینەوە دەبینین کاڵاگەرا نیین بە قەولی ڕەخنەگر کە دەیویست ڕەخنە بگرێت، بەڵکوو کەسێکمان لە کراسێکدا خۆش دەوێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *