چیرۆکی کوردی لە کۆنتێکستی پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا

لە کتێبێکی نوێیدا، کە ساڵی ڕابردوو بە ناونیشانی “کورتەچیرۆکی هاوچەرخی کوردی” بڵاوبوویەوە، شاعیر و نووسەری کورد “فەرهاد شاکەلی” بەدواداچوون بۆ پەیدابوون و پەرەسەندنی کورتەچیرۆکی کوردی دەکات کە ڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. کتێبەکە بە ناونیشانی “The Modern Kurdish Short Story”، کە زانکۆی “ئۆپسالا” لە سووید بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردۆتەوە، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو دەروازانەی کە چوونە نێو جیهانی کورتەچیرۆکی کوردیی ئاسان دەکەن، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، لە بواری ڕۆنان و گێرانەوە و خستنەڕووی دۆزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەتی بە پەیڕەویکردن لە شێوازە نوێیەکانی نووسین. لە ڕاستیدا، زیاد لە دەروازەیەک هەیە بۆ گەڕان بەدوای مێژووی لەدایکبوونی چیرۆکی کوردی، چونکە لەلایەکەوە پەخشان لە ئەدەبی کوردیدا ئامادەیی هەبووە و، لەلایەکی دیکەیش ڕۆحی شیعر و گێڕانەوەی کەرنەڤاڵی و ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ئەدەبی کوردیدا غایب نەبووە. ئەم هۆکارە وا لە نووسەر دەکات لەداکیبوونی چیرۆکی کوردی و قۆناغەکانی پەرەسەندنی ناوەڕۆکەکەی و فۆڕمە ئێستاتیکییەکانی بخاتە ئەو کۆنتێکستە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەوە کە کۆمەڵگەی کوردی پێیدا تێپەڕبووە و کاریگەرییەکانی دابەشکردنی کوردستان لەسەر زمان و کولتوور و ئەدەب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، دیاریی بکات.

ساڵێک بەر لە حەنگی یەکەمی جیهانی، وشەی “چیرۆک” (Çîrok) هاتە نێو خەزنەی زمانی کوردییەوە. وەرزە گۆڤاری “ڕۆژی کورد” پەخشانە دەقێکی نووسەری کوردی “فوئاد تەمۆ”ی بە ناونیشانی “چیرۆک” بڵاوکردەوە، واتە چیرۆک ناونیشانی دەق و ژانرێکی ئەدەبی بوو پێکەوە، هەتا ئێستایش ڕوون نییە کێ ئەم ناونیشانە گشتییەی داناوە، نووسەر یان سەرنووسەر، بەڵام ئەوەندە دەزانین ئەمە لە دواتردا بووە پەنجەرەیەک بۆ ناونانەکانی دیکە. لە دەیەی چل و پەنجاکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، گۆڤاری “هاوار” و “گەلاوێژ” چەندین دەقی چیرۆکئاسایان لەنێو پۆلێنی هەمان ژانری ئەدەبییەوە، بەڵام هەر دەقێک ناونیشانی تایبەت بەخۆی هەبوو، واتە چیرۆک بووە ژانرێکی ئەدەبی. لە دەیەی یەکەمی نیوەی دووەمی هەمان سەدەدا، “عەبدوڵا گۆران”ی شاعیر چەند دەقێکی چیرۆکی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و بۆ یەکەمجار لە نێژووی ئەدەبی کوردیدا ناونیشانی “کورتەچیرۆک” بەکارهات، هەروەها ناوی “چیرۆکنووس” هێنرا وەک بڵێی پێش ئەو و لەبری ئەو دەستیکردووە بە “گێڕانەوە”. ئەو تازەگەرییەی کە گۆران کردی، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو، نەک تەنیا لەسەر پرۆسەی ناونان، بەڵکو لەسەر ناوەڕۆک و فۆڕمەکانی چیرۆکی کوردییش، ئەوەیش لەبەرئەوەی پێشتر چیرۆکە بیانییەکان وەرنەگێڕدرابوونە سەر زمانی کوردی.

فەرهاد شاکەلی لەم قۆناغەدا ناوەستێ تاوەکو تەمومژی سەر دیوارەکانی ژووری چیرۆکی کوردی بڕەوێنێتەوە، بەڵکو ڕۆدەچێتە نێو مێژووەکانی واتاکانی چیرۆکەوە لە ئەدەبی کوردیدا، واتە مێژووەکانی ئەو ژینگە ئەدەبی و ئایینی و کۆمەڵایەتییە جیاوازانەی کە یەکەمین ئەدگارەکانی چیرۆکیان پێکهێناوە و بە ڕەگەز و فۆڕمەکانی گێڕانەوەیان لێک جودا کراونەتەوە. ئەم ژینگانە لەنێوان ماوە زەمەنییە لێکدوورەکاندا دابەش بوون، بۆیە ناکرێت بیانخەینە کرۆنۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە. لەپاڵ ئەو ڕۆڵەدا کە ڕۆژنامەوانیی کوردیی لەدوای یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییەوە بە ناوی “کوردستان” لە بڵاوبوونەوەی نووسینی پەخشانئامێزدا گێڕاویەتی، کە ڕۆژنامە لە ساڵی 1898 لە قاهیرە دەرچووە، ناوەند و بازنە ئاینییەکانی پێش دەرچوونی ڕۆژنامەی “کوردستان”ـیش ڕۆڵیان لە دامەزراندنی نووسینی پەخشاندا هەبووە. ئەوەی نووسەر دەیەوێت لەم کۆنتێکستەدا بیڵێن ئەوەیە چیرۆک لە جیهانی شاعیرە کوردەکاندا ئامادەیی هەبووە، ناوی زۆربەی ئەم شاعیرانە لە ناوەندییە ئاینییەکان و مزگەوتەکانەوە دەرکەوتوون، بەڵام پەخشان بووە بەژێر شاڵاوی شیعر خۆیەوە؛ لە سەدەی شازدە و حەڤدەدا، هەموو شاعیرە کلاسیکییەکانی وەکو مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران ڕەگەزەکانی چیرۆکیان لە دەقە کوردییەکاندا بەکارهێناوە، یان چیرۆکیان بەشێوەی شیعر نووسیوە، وەکو لە داستانی “مەم و زین”ـی ئەحمەدی خانیدا دەردەکەوێت. لە سەدەی هەژدەدا جۆرێکی دیکەی حیکایەتیی کوردی لای نووسەرانی کورد دەردەکەوێت، وەکو شێخ حسێنی قازی و مەلا مەحمودی بایەزیدی، وشەی “حیکایەت” وشەیەکی باو بووە بۆ ناونانی دەقە ئاینی و فۆلکلۆری و داستانییەکان، وەکو لە “مەولودنامە”کەی شێخ حسینی قازی و “عەقیدەی کوردی”ی شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندیی شارەزووریدا دەردەکەوێت. ئەم دەقانەی بەلای نووسەرەوە سەرەتاکان یان هەوڵەکانی لەدایکبوونی چیرۆکی کوردی نین، بەڵکو ویستویەتی لە ڕێگەیانەوە بچێتە نێو لایەنی مێژوویی و ڕیشەکانی هونەری گێرانەوەوە لە کولتووری ئەدەبی کوردیدا. لە هەمان کۆنتێکستدا دەبینین لێکۆڵینەوە لە ئاگاداریی نووسەر و شاعیرە کوردەکانی سەدەی هەژدەی کورد لە ڕۆمان و مانا نوێیەکانی دەکات. لە دەیەی سێیەکی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، شاعیری کلاسیکی “حاجی قادری کۆیی” لە دەقێکی شیعریدا دەربارەی داستانی “مەم و زین” ئەوەی نوسیوە کە: ئەو و نووسەرانی سەردەمەی، زۆر باش ئاگاداری ڕۆژنامەوانی و ڕۆمان بوون. نووسەر وای بۆ دەچێت کە حاجی قادر ئەم دەقەی لە ماوەی سەفەرەکەیدا بۆ ئەستەنبوڵ نووسیوە، کە بەهۆیەوە زانیاریی لەسەر ڕۆژنامەوانی و ڕۆمانی ئەوروپی بەدەستهێناوە.

وێڕای دەرکەوتنی ئەدگارە بەراییەکانی کورتەچیرۆکی کوردیی هاوچەرخ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، بەڵام تەنیا لە دەیەی چل و پەنجاکاندا بوو کە ئەو ئەدگارانە ڕوون بوونەوە، ئەوەیش بە کاریگەری گۆڤاری “هاوار” و “گەلاوێژ”دا کە پێشتر باسمان کردن. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا، لەگەڵ پەرەسەندنی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردی و ڕۆژنامەوانیدا، چیرۆکی کوردی پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەتیش لەنێوان ساڵانی 1970 و 1980دا، کە جووڵەی وەرگێران لە ئەدەبی جیهانییەوە بۆ زمانی کوردی چالاک بوو. نیوەی دووەمی سەدەکە، بەشێوەیەکی گشتی، دەرکەوتنی چەندین ڕەوتی ئەدەبیی لێکجودای بەخۆیەوە بینی لەوانە: ڕیالیزمی سۆشیالیستی و بوونگەرایی و ئەدەبی بەرەنگاری، ئەمەیش بۆ ئەو سەردەمە ئاسایی بوو و لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەو پەرەسەندنانەدا بوو کە لەلایەکەوە لە بوارە سیاسییەکان بەخۆیانەوە بینیان، لەلایەکی تر بڵاوبوونەوەی ئەدەبی وەرگێڕدراو. دواتر کورتە چیرۆکی کوردی لە سێ دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا نەخشەیەکی هەمەچەشنی بەخۆیەوە گرت لە ڕووی ئەو بابەت و فۆڕمە ئەدەبییانەوە کە هەمەڕەنگی کردن و هێڵەکانی کێشان. هەروەها سنوورە نەریتییەکانی پۆلێنکردنی باوی ئەدەبی تێپەڕاند، وەکو ڕیالیزم و ئەدەبی مولتەزیم و…هیتر، ئیدی دەیتوانی بپەرژێتە سەر کێشە و دۆزە گشتییەکانی وەکو دوورەپەرێزی، تەنیایی، غەم و بژاردە تاکەکەسییەکان، مافەکانی ژنان و ئازادیی ڕادەربڕین.

دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دژ بە ڕژێمەکەی سەدام حسێن و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەی کۆتایی سەدەی بیست گۆڕانێکی چەندێتی و چۆنیەتی لە پەرەسەندنی کورتەچیرۆکی کوردیدا بەخۆیەوە بینی، چونکە لە کوردستانی عێراقدا ڕێژەیەکی زۆر چیرۆکی بیانی لە زمانە جیهانییەکانەوە، لە زمانی یەکەمەوە، بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدران و بڵاوکرانەوە، لە کاتێکدا پێشتر وەرگیران لە زمانی دووەمەوە دەکران، بە تایبەتیش لە زمانی عەرەبییەوە. لەپاڵ ئەمەدا، پەیدابوونی خانەکانی چاپ و بڵاوگردنەوە، حکومی و ئەهلی، دەورێکی گەورەیان گێڕا، بە تایبەتیش لە سلێمانی و هەولێر، بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمە چیرۆکییەکانی ئەو نووسەرانەی کە پێشتر هەلی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ نەڕەخسابوو. هەر لەم ماوەیەدا هەمەجۆرییەکی بەرچاو، نەک تەنیا لە ئاراستەکانی نووسین و ڕەخنەدا هاتە کایەوە، بەڵکو لە چیرۆکدا ئاوڕ لە حەرامکراوە سێکسی و کۆمەڵایەتییەکانیش درایەوە.

سەرچاوە:
الشرق الأوسط، 19 فرایر 2018، العدد 14328.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *