چیرۆکێکی ترسناک… مارکۆ دینێڤ

خاتوو سمیسۆن کە خەڵکی لەندەنە بڕیاریدا مێردەکەی خۆی بکوژێت ( ئەم چیرۆکانە هەمیشە لەنێوان ئینگلیزەکاندا روو دەدەن)، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەر ئەوەی دوای پەنجا ساڵ لە ژن و مێردایەتی تاقەتی نەمابوو.

بە مێردەکەی گوت:
سادیۆس… دەتکوژم!
مێردەکەی بە پێکەنینێکی ماندوویەتییەوە پێی گوت:
ئۆفیمیا، تۆ گاڵتە دەکەیت؟.
– من کەی گاڵتەم کردووە؟.
– هەرگیز.. ئەوە ڕاستە.
– ئەی بۆچی لەم ساتەدا و لە بابەتێکی مەترسیداری وەک ئەمە گاڵتە بکەم؟

مێردەکە پێکەنینەکەی درێژە پێ دا و گوتی:
– ئەی چۆن دەمکوژیت..؟
– تا ئێستا نازانم. لەوانەیە رۆژانە کەم کەم ژەهر بکەمە خواردنەکەتەوە، یاخود دەستکاری ئۆتۆمبێلەکەت بکەم و پارچەیەکی لێ بکەمەوە تا وەرگەڕێیت، یاخود پاڵێکت پێوەبنێم و لەقاڵدرمەکانەوە بتخەمە خوارەوە، یان لەوانەشە کاتێک خەوتویت فرسەتت لێ بێنم و بەشەمعدانە زیوینیەکە بکێشم بەسەرتا و بتکوژم، یان کارەبا بخەمە سەر حەوزی حەمامەکەوە. بابزانین چۆنەبێت..!

بەڕێز سمیسۆن تێگەیشت ژنەکەی گاڵتە ناکات.

خواردن و خەوی لەدەستدا، دواتر تووشی نەخۆشی دڵ و مێشک بوو.

دوای شەش مانگ گیانی لەدەستدا.

ئۆفیمیا سمیسۆن کە ژنێکی ئیماندار بوو، سوپاسی خودای کرد کەوا نەیکردووە بە بکوژ و لە ئەنجامدانی ئەو کوشتنە رزگاری کردووە.

————————–
مارکۆ دینێڤ، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسێکی ئەرجەنتینییە لە ١٢ی ئازاری ١٩٢٢ لە بۆینس ئایرس هاتووەتە دونیاوە، سەرەتا دەستی دایە پیانۆژەنین، دواتر ڕووی کردە کۆلێژی یاسا و بەر لەوەی بە تەواوی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە.

 ڕێوڕەسمە نهێنییەکان ئەو تاقە ڕۆمانەیەتی کە کراوە بە فیلم، ڕۆزا لە کاتژمێر دە  یەکەمین ڕۆمانی ئەو نووسەرەیە لە ساڵی ١٩٥٥ کە خەڵاتی کرافتی بە هۆیەوە بەدەست هێنا. هەروەها لە ساڵی ١٩٦٤ هەمان ڕۆمان “ڕۆزا لە کاتژمێر دە“ـی ئەم نووسەرە کرا بە زمانی ئینگلیزی و بووە پڕفرۆشترین ڕۆمانی ئەو ساڵە.

دینێڤ لە چەند کاتێکی جیاوازدا چەند شانۆنامە و درامایەک دەنووسێت، بەڵام دانی پێدا دەنێت کە ئەوەندە بەهرەمەند نییە بۆ نووسینی شانۆنامە، هەر بۆیە دەستبەرداری ئەو خولیایە دەبێت.

دینێڤ لە ساڵی ١٩٥٥ تا ١٩٩٣ بەردەوام بوو لە نووسین، لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ کۆچی دوایی کرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *