لە خەڵکەکە دەڕوانن، لەو کەسانەی مامەڵە لەسەر ئازادبوونیان دەکەن. هەر جارێک کوڕە کڵاو لەسەرە ڕیشۆڵەفرۆشەکە دەرگەی قەفەزەکە دەکاتەوە، هەموو ڕیشۆڵەکان لە پەنجەکانی دەڕوانن. ئەم، پیاوە چەتر لەدەستەکە وای دەبینیت هەر یەکێک لە ڕیشۆڵەکان دەیەوێ پەنجەکانی ئەو بگرێت، بیگرێت و ئازادی بکات. زووتر، پێش ئەوانی تر بیگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.
خەڵک بە تەنیشت قەفەزەکە تێدەپەڕن و پێدەکەنن. چەند کەسێک وێنە دەگرن. یەکێکیش دەیەوێ وێنەی ئەو ساتە بگرێ کە ڕیشۆڵەیەک لە نێو پەنجەکانی کوڕە کڵاو لەسەرەکە، هەوڵدەدا بخزێ و بفڕێ. یەکێک نەیگرتووە هێشتا، زووم دەکات. دەیەوێت یەکێک بخاتە نێو گۆشەی ڕەنگی زەردی شاشەکەی و (فۆکەس) بخاتە سەر ئەو و ئەوانی تر (ئاوت فۆکەس) بکات. دوگمەی تەنیشتی مۆبایلەکەی دانەگرتووە هێشتا، دوو ڕیشۆڵەی تر دێنە نێو چوارچێوەکەوە.
ئەم کە چەترێکی لە دەستە، لە نزیک قەفەزی ڕیشۆڵەکان وەستاوە، دەبینێ تەڕن ڕیشۆڵەکان، دەجوڵێنەوە و باڵەفڕێیانە و ئاو دەپرژێننە گیانی ئەم و ئەوانەی وەستاون، ئەوانەشی بەوێدا تێپەڕیوون. دووردەکەوێتەوە هەندێک. بە دەستەکەی دیکەی ئەو ڕیشۆڵانە دەژمێرێت، کە پانزە خولەک جارێک یان زیاتر، کەسێک دانەیەک، یان دوو دانە دەکڕێت و ئازادی دەکات. دەیەوێت یەکجار هەموو ڕیشۆڵەکان لە کوڕە کڵاو لەسەرەکە بکرێت. چەند دانەن؟ بیری نەماوە، بیری ماوە، لێی شێوا. لێی دەشێوێ کە بیر لە پارەکانی گیرفانی دەکاتەوە. دەژمێرێتەوە دیسان؛ یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج… پێنج ڕیشۆڵەی دووەم بوو جوڵابووەوە. شەش، حەوت، هەشت، هەشت، ڕیشۆڵەی چوارەم بوو جوڵابووەوە. بۆ شتێک دەگەڕێت لێکیان جیا بکاتەوە، دەنووکیان؟ هی هەموویان زەردە. قاچیان؟ باریکە هی هەموویان. هەموویان یەکن. یەک ڕەنگن، خاڵە سپییەکانی جەستەیان وەک یەک دابەشکراوە، نە ئەم، نە کەس ناتوانێ یەکێک لە ئەوانی تر جیا بکاتەوە، بەڵام ئەو موكڕە لە سەر ژماردنیان. چۆن؟ نازانێ هێشتا… یەک، دوو، سێ…
“هەمووی بکڕین؟” یەکێک لەو دوو کەسەی لە تەنیشتی ئەمەوە، پیاوە چەتر لەدەستەکە، وەستاوە، ئەوەی گوت. ئەوان سەبارەت بە کڕینی هەموو ڕەشۆڵەکان قسە دەکەن. پیاوە چەتر لەدەستەکە زیاتر گوێی شل دەکات، دڵخۆشە و پێدەکەنێت. واز لە ژماردن دەهێنێ. لە زەوییەکە دەڕوانێ، بۆ سێبەری ئەو دەنگەی بیستی، چاوەڕێییە سێبەرەکە بجوڵێتەوە بێتە پێشەوە، بچێتە نزیک قەفەزەکە و بە کوڕە ڕیشۆڵەفرۆشەکە بڵێت:
“ژمارەیان چەندە؟”
“هەموویان؟”
“بەڵێ”
“چل و یەک دانە، تەنیا چوار دانەم لێی فرۆشتووە”
“بگرە، ئەمە پارەی هەموویان، دەرگەکە بکەرەوە، بەڵام واباشە کارێکی تر بدۆزیتەوە!”
کوڕە کڵاو لەسەرە ڕیشۆڵەفرۆشەکە دوای کردنەوەی دەرگەکە و فڕینی هەموو ڕیشۆڵەکان، قەفەزەکە دادەخات. عەربانەکە بە سووکی پاڵ دەنێت و دوور دەکەوێتەوە. پیاوە چەتر لەدەستەکە دەچێت سوپاسی کەسەکە بکات.
بەڵام ئەوە چیرۆکی خەیاڵی پیاوەکەیە. لەو چیرۆکە پەروەردەییانە کە هەر تەنیا لە نێو گۆڤاری منداڵانەی کتێبفرۆشی خوار شەقامەکە هەیە. ئەم، پیاوە چەتر لەدەستەکە خۆی بە قێزەوە گۆشت دەخوات، یان نایخوات. بیری نییە تەنیا لە گۆڤار و کتێبەکان باڵندەکان گۆشتیان ناخورێت. ئەم هێشتا نازانێت ئەو دوو کەسەی پشتییەوە -کە ئێستا هێواشتر دەدوێن- ڕەشۆڵەکانیان بۆ خواردنە.
یەکێک لە دوو کەسەی پشتەوە، ئەوەیان کە ملپێچێکی ڕەنگ سووری لە سەر بلوزێکی ئەستووری ڕەنگ زەرد ئاڵاندووە؛ هەر ئەوەی کە پێش هەندێک بە ئەوەی دیکەیانی گوتبوو: “هەمووی بکڕین؟” دەڵێت:
“خواردووتە گۆشتیان؟”
“گۆشتنن؟”
“هەموویان پێکەوە، حەتمەن!”
“دەی!”
“بوەستە، کەمێکی تر هەرزانتر دەیانفرۆشێ!”
منداڵێکی بچووک دەستی چەپی لە ناو دەستی باوکیەتی، لە پێش پیاوە چەتر لەدەستەکە، لەبەردەم قەفەزی ڕیشۆڵەکان دەوەستێ و سەیری ڕیشۆڵەکان دەکات. ئەم پێی واییە باوکەکە لە بەر ڕۆژنامە لولدراوەکەی دەستی ڕاستی، پیاوێکی بەڕێزە و ئێستا یان پاش هەندێکی تر بە منداڵەکە دەڵێت:
“نابێت وا لە باڵندەکان بکرێت”
“مامۆستاکەشمان وادەڵێ”
“چاکە، دەتەوێ ریشۆڵە ئازاد بکەیت؟”
“ئا، دەمەوێت”
پارەی دوو ڕیشۆڵە دەدات بە کوڕە کڵاو لەسەرەکە، ڕیشۆڵەفرۆشەکە بە شارەزاییەوە دووان لە قەفەزەکە دەردەهێنێت و دەیانداتە دەست باوکەکە، باوکەکە دانەیەک دەفڕێنێ و بە کوڕەکە دەڵێ: تۆش ئەوەیان بفڕێنە. منداڵەکە بەپێکەنینەوە دەڵێت: فڕی! دوای بەرز بوونەوە و ون بوونی ڕیشۆڵەکان چەپڵە لێدەدات. بەرلەوەی بڕۆن، باوکەکە بە کوڕە کڵاو لەسەرە ڕیشۆڵەفرۆشەکەی گوت: “کارێکی باش ناکەیت، مایەی دڵخۆشی نییە گرتن و ئازادکردنی ئەو باڵندانە!” پێکەوە شوێنی ڕیشۆڵە فرۆشتنەکە جێدێڵن.
پیاوە چەتر لەدەستەکە کەوتە مەزەندەیەکی دیکەی هەڵەوە. ئەوان تەنیا دوای یەک خولەک سەیرکردنی قەفەزەکە، لەو شوێنە دوور کەوتنەوە.
دەژمێرێتەوە؛ نۆ، دە، یازدە، یازدە نۆیەم بوو جوڵایەوە. دوازدە، بیست، بیست و نۆ. بۆچی هەر ئەو ژمارەیەن؟
هەنگاوێک دەچێتە دواوە؛ سی، سی و یەک، سی و دوو. دەوەستێت «ئێستا، دەی» لە یەکێک لە دوو کەسەکەی پشتییەوە، گوێی لەمە بوو. چاوەڕێیە خاوەن دەنگەکە بێتە پێشەوە و قەفەزەکە بکرێتەوە. گوێی بۆ دەنگی دوو پێ و بۆ دەنگی شەقەی باڵی ڕیشۆڵەکان و فڕینان بە ئاسمان هەڵدەخا. ئێخەی چاکەتەکەی ڕێک دەکاتەوە. خۆی بۆ ستایشیکردنی دوو کەسەکە ئامادە دەکات.
“دانەیەکم بۆ دەربێنە” کوڕە کڵاو لەسەرەکە ڕیشۆڵەیەک لە قەفەزەکە دەردێنێت (یەکەم جار دانەیەک ئازاد دەکات، ئەمجارە هەموویان پێکەوە. حەتمەن!) ئەمە لە نێو زەینی درەوشاوەی پیاوە چەتر لەدەستەکە دێ و دەچێ. کوڕە ملپێچ سوورەکە بە پەنجە ئەستوورەکانی باڵی ڕیشۆڵەکە بەرز دەکاتەوە، باڵەکەی تریشی. ئەمجارە وەک ئەوەی دایکێک بووکەڵەیەکی منداڵانە، بۆ کچەکەی بکڕێت، ژێر پێستی سکی ڕیشۆڵەکە هەڵدەداتەوە، پشت و زگی بۆ یەک دەهێنێتەوە، قاچە باریکە نوشتاوەکانی ڕادەکێشێت. سەیری ملی دەکات، لە نێو پەنجەکانی دەستی توند دەیگرێت و دەیهێڵێتەوە. هەروا هێشتوویەتیەوە. پیاوە چەتر لەدەستەکە و ڕیشۆڵەکانی ناو قەفەزەکە نازانن کەسە ملپێچ سوورەکە بۆ وا دەکات. پێکەوە لە پەنجەکانی دەستی دەڕوانن و چاوەڕوانن ڕیشۆڵەکە ئازاد بکات. دوای ئەو، ئەوانیش… کەسە ملپێچ سوورەکە بە کوڕە کڵاو لەسەرەکە
دەڵێت: «چەقۆت لایە؟» «ئم» ئەمەی گوت و گورج دەست دەخاتە گیرفانی پێشەوەی قەمسەڵە سەبازییەکەی. پیاوە چەتر لەدەستەکە و ڕەنگە ڕیشۆڵەکانیش پێیان وایە ئەم دەست خستنە بەپەلەیەی کوڕە ڕیشۆڵە فرۆشەکە بۆ گیرفانی، بۆ هەر شتێک بێت، بۆ دەرهێنانی چەقۆیەکی باریکی دەسک سپی خوێناوی نییە! ئەوان بیریان لە شتێکی ئاوا نەکردووەتەوە. بەڵام تەنیا ئەوانن توانای بیرکردنەوەیان نییە لەمەی خەریکە ڕوو دەدا.
بە بینینی چەقۆکە، خۆیان دەکێشن بە سیمی دەوروپشتی قەفەزەکە، یەکێکیان تەواو بێ ئۆقرەیە، دوو، نۆ، سی… بە بینینی چەقۆ، ژمارەکان لە پیاوە چەتر لەدەستەکە تێکدەچن، ناژمێردرێن چیتر. ڕیشۆڵەکان فڕینیان بیردەچێتەوە. دەرگەکە دەکرێتەوە، بەڵام لە دەرگەکە دوور دەکەونەوە. ئەم و ڕەنگە ئەوانیش چیتر ئارەزوو ناکەن دەرگەی قەفەزەکە بکرێتەوە.