ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵەچیڕۆکی (سەحەر)ی سەلاحەددین دەمیرتاش-دا

لە پشت هەرنووسینێکەوە، بە بڕوای من دەبێ پەیامێک هەبێت. نووسین بە گشتی و ئەدەبیات بە تایبەتی، بەرلەوەی چێژو ئستاتیکا بێت، بەرلەوەی تەکنیکی نووسینی دەقێک بێت، ئەوا گوتارو پەیامە کە تیایدا ئاراستەی وەرگر دەکرێت. واتە نووسەر لە ڕێی نووسینەکانیەوە، دنیابینی خۆی دەردەخات.نووسین بۆ من وەک خوێنەرێک، گەیشتنە بەو پەیام و مەبەستانەی لە دوو توێی دەقدا خۆی بەرجەستە دەکات. بەو مانایەی ئەو نووسەرە چەند توانیویەتی لە دەقەکانیدا پەیامێک بگەیەنێت.بەدەر لەوەی ئەو پەیامە سیاسییە یا کۆمەڵایەتی، مرۆییە یا نەتەوەیی. ئەوە گرنگە لە خزمەت مرۆڤایەتی بێت. واتە پەیامێک بێت ئامانج تیایدا جوانتکردنی بوون و ژیان بێت. یان سڕینەوەی هەموو ئەوخەوش وناشرینیانە بێت، کە دەشێ لە ژیانماندا بوونیان هەبێت.ئەوەی لە میانەی خوێندنەوەی دەقێکدا لە هزری خوێنەر دەمێنێتەوە، زمان و تەکنیکی نووسین نییە، ئستاتیکای وشە و فۆڕم نییە، بەڵکو پەیامی نووسینەکەیە.بە تایبەتیش لە دەقی چیڕۆک و ڕۆماندا کە ڕەگەزی گێڕانەوەیان تێدایە و بۆ گێڕەرەوە کە خوێنەرە، ئامادەیی هەیە. بۆیە خوێنەر دوای خوێنەوەی هەردەقێک، دەشێ ئەو پرسیارەی لادروست بێت، کەچی لە پشتی ئەو دەقەوە هەبوو؟ئەو نووسینە چ پەیامێکی ئاراستەی منی خوێنەر کرد؟ کۆمەڵە چیڕۆکی(سەحەر)*ی دەمیرتاش، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە باسمان کرد.پەیامێک کە مرۆڤ دەکاتە چەقی باسەکان. پەیامێک کە پرسەکانی ئازادی و خۆشەویستی و جیاوازی چینایەتی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی مرۆڤەکان، لە ئاست نەتەوەیەکی دیکەی شۆفێنیدا،لە خۆدەگرێت .پێشر ئێمە هەموومان، دەمیرتاشمان وەک تێکۆشەرێک و خەباتگێڕێکی کوردی باکوور ناسیوە، بەڵام ئەمجارەیان لە ڕێگەی چیڕۆکەکانییەوە، دەمیرتاشێکی جیاواز دەناسین. جیاواز بەو مانایەی وەک نووسەرێک دەیبینین کە پەیامێکی هەیە و مەبەستیەتی لە ڕیگەی چیڕۆکەکانییەوە، بیگەیەنێتە خوێنەر.ئەمجارەیان لە بری سیاسەت، بە ئەدەب ئەو پەیامە دەگەیەنێت. بەڵام پەیامێک دوور لە هەموو هزرێکی شۆفینیانە و ڕاسیزمیانە. لە کۆی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا، لە تاکە یەک شوێنیش هەست بە هزری شۆفێنیانەی دەمیرتاش ناکەین. بەڵکو بیرکردنەوەکانی سنووری سیاسەت و ئایدۆلۆژییا و نەتەوە دەبڕن.ئەم چیڕۆکانە، لە فۆڕمدا سادەن و لە زماندا ساکارن. گێڕانەوەکەیان لە ئاستێکدایە کە هەموو خوێنەرێک بە ئاسانی تێیان دەگات. ئەمە وێرای تەکنیکێکی جوان کە لە چیڕۆکەکانەوە هەستی پێدەکەین ئەویش بیناکردنی چیڕۆکە لە نێوچیڕۆکێکی دیکەدا. کە مەبەستی ئەو نووسینەی ئێمە نییە. ئەوەی بۆ من وەک خوێنەرێک لەو چیڕۆکە سادانەوە جێگەی هەڵوەستەکردنە، تیمەی چیڕۆکەکانە. واتە ئەو بابەتانەی دەمیرتاش هەڵیبژاردوون و دواتریش بوونەتە پلوتی چیڕۆکەکان. کە پەیوەستن بە چەندین پرسی مرۆیی و فەلسەفی. بۆ نموونە وەک:_( ئازادی _ مافی مرۆڤ _ ژنکوشتن _جیاوازی چینایەتی _ بێکاری _ کارکردنی منداڵان)وگەلێکی دیکەش.ئەوەی لە کۆمەڵە چیڕۆکی (سەحەر) جێگەی هەڵوەستەکردنە، ئەو پەیامەیە کە دەمیرتاش لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەیگەیەنێتە خوێنەر. ئێمە دەیانجار گەواهیدەری دیاردەی کوشتنی ژنانین لە سەرخۆشەویستی و بەناوی کڕینەوەی شەڕەف. بەڵام ئایا پرسەکە لێرەدا کۆتایی دێت؟ بێگومان نەخێر، بەڵکو دەبێ هەوڵی سڕینەوەی ئەو کولتوورە بدەین. ئەم هەوڵەش دەشێ لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیڕۆکێک بەرجەستە بکرێت. خوێنەر کاتێ چیڕۆکەکانی کۆمەڵە چیڕۆکی سەحەر دەخوێنێتەوە،درک بەو پەیامە مرۆییە دەکات کە چیڕۆکنووس مەبەستییەتی لە پشتەوەی دەقەکانەوە ئاراستەی خوێنەری بکات.بۆ نموونە:_لە چەندین چیڕۆکدا،دەمیرتاش باس لەوەدەکات کە کارەکتەرەکان خوێندنیان تەواو نەکردبوو،ناچاربوون لە پێناو ژیان کاربکەن. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە دۆخی ژیانی کوردانی باکوور لە ڕووی نەتەوەیی و سیاسییەوە لە چ دژواریی و سەختییەکدایە لە سایەی حوکمڕانی تورک. دەنا منداڵێک دەبێ هەموو مافێکی بۆ دەستە بەربکرێ بۆ ئەوەی بخوێنێت، نەک ناچار بەکارکردن بکرێت. بۆیە دەبینین ئەم چیڕۆکانە هەموویان فەزایەکی هاوبەشیان هەیە و ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ژیارییەن،کە کوردانی باکوور سەدان ساڵە تاڵاوەکەی دەچێژن.بارودۆخێک کە تەژییە لە دیاردەکانی(بێکاری_وازهێنان لە خوێندن_نەبوونی خزمەتگوزاری_ زیندانیکردن و بوارنەدان بۆ گوزارشتکردن لە مافەکانییان) و چەندانی تریش کە لە دووتوێی چیڕۆکەکاندا هەستی پێدەکەین. کاتێکیش بە وردی ئەو چیڕۆکانە دەخوێنینەوە، باشتر لەو  ئازارە قووڵە تێدەگەین. لە چیڕۆکی(پیاوەکەی ناخمان) چیڕۆکنووس باسی دوو کارەکتەر دەکات کە یەکێکییان ناوی عەبدوڵا زەیدانە. ئەمانە لە زیندان دانە و زیندانەکەش هەرتەنها شوێنی ئەوان نییە،بەڵکو لە گەڵیان مێروولە وجاڵجاڵۆکە دەژین و ڕۆژانە پاڵەوانی چیڕۆکەکە دەیانبینێت. هاوکات لە سووچێکی گوێسەبانەی زیندانەکەشدا، دووباڵندە دەبینرێن کە لانەیەکییان بۆ خۆیان چێکردووە. بەڵام ئەو باڵندانە جیاوازن. چونکە دەمیرتاش سیفەتی هوشیاری داوەتە پاڵ ئەو باڵندانە. بەوەی کە وەک حەزرەتی سولێمان قسەیان لەگەڵ دەکات و دەیاندوێنێت. بەڵام چیڕۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەست پێدەکات. پرسیار ئەوەیە بۆچی چیڕۆکنووسی ئەو سیفەتەی کە قسەکردنە و بەشێکە لە پرۆسەی هزری و مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، داوەتە پاڵ باڵندەکان؟بێگومان بۆ ئەوەی باڵندەکانیش فێری بەرگری و یاخیبوون بکات.چونکە کاتێ پیاوانی دەوڵەت دێن داوا لەو جووت باڵندەیە دەکەن ئەو شوێنە جێبێڵن، چونکە بەبێ مۆڵەت لانەیان دروستکردووە، ئەوا باڵندەکان بە تایبەتیش مێیەکە بەو داوایە ڕازی نابێت وبەرگری دەکات. تا دواجار وازی لێدێنن. دەمیرتاش لەو چیڕۆکەی دەیەوێت پەیامی بەرگری لە ناسنامە و لانە کە هێمایە بۆ شوێن و شوێنیش بەشێکە لە نیشتمان، بگەیەنێتە هەموومان. بەوەی کە دەبێ داکۆکی لە زێد و لانەی هەمیشەییمان بکەین. کاتێکیش مێیەکە زۆرخورتر و جۆشتر لە نێرەکە ئەو شەڕە دەکات، ئەوا بە بڕوای من چیڕۆکنووس ئاماژە بۆ ئازایەتی ژنی کورد لە باکوور وگەریلا ژنەکان دەکات کە هەموومان لەو ساڵانەی دواییدا، ئازایەتی و قارەمانیەتی ئەوانمان بینی. لە چیڕۆکی(سەحەر)دا، کە ئەم چیڕۆکە بۆتە ناونیشانی کۆمەڵە چیڕۆکەکەش، چیڕۆکنووس باس لە دیاردەی ژن کوشتن بە ناوی قەرەبووکردنەوەی شەڕەف دەکات. سەحەر کە کارەکتەری سەرەکی چیڕۆکەکەیە، لە ماڵەوە لەگەڵ دایک و خوشک و براکانی دەژیت. هاوکات کرێکاری کارگەیەکی ئامادەکردنی جل و بەرگیشە. لە شوێنی کارەکەی، کەسێک دەناسێت بە ناوی خەیری. سەحەر زۆر پاکانە و ڕوحیانە، دەکەوێتە داوای خۆشەویستی خەیری و لە خەیاڵی خۆیدا، بینای ژیانێکی تازە و نوێ دەکات کە لەگەڵ خەیری ماڵ دروست دەکەن. بەڵام بێ ئاگایە لە مەرامی گڵاوی خەیری کە لە پای خۆشەویستی ئەو خۆی شاردۆتەوە. بۆیە ڕۆژێکییان خەیری داوای لێدەکات بیگەیێنێتەوە ماڵ،سەحەریش چونکە خۆشی دەوێت و متمانەی پێیە، هەرچەندە گومانیش دەیگرێ، بەڵام لەگەڵی دەڕوا. دواتر دەبینێت خەیری دووهاوڕێی تریش لە گەڵدایە و دواجار لە بری ئەوەی سەحەر بگەیێنێتەوە ماڵ،  خەیری دەیباتە شوێنێکی دیکە و ئەو کارەی لە گەڵ دەکات کە مەرامی هەزاران پیاوی ترە و لە پەنای خۆشەویستییەکی ساختە خۆی حەشارداوە. بۆیە سەحەر دەبێتە قوربانی خۆشەویستییەکی ساختە و دواجاریش باجی ئەوکارەی دەدات و لەلایەن غانی باوکی و هادی برای،لە چۆڵەوانییەک دەکوژرێت. بەمەش ژن وەک قوربانی پیشان دەدرێت.هاوکات بەشێکی گەورەش لەو مەرامە شاراوەیەی پیاوان پیشان دەدات، کە هەمیشە بەناوی خۆشەویستییەوە دەریدەبڕن و دواجاریش ئامانج تیایدا تێرکردنی ڕەمەکە سێکسییەکانی خۆیانە. سەحەرلێرەدا پتر هێمایە بۆ هەموو ئەوانەی پاکانە خۆشەویستی ڕاستەقینە دەکەن نەک ژن کوشتن. کە بە داخەوە سەرەنجامیش بە هەڵە دائەبردرێن.لە چیڕۆکی(نازۆی پاککەرەودا) کارەکتەری چیڕۆکەکە کە ناوی نازۆیە،بە منداڵی باوکی دەمرێت و بە خێوکردنی دەکەوێتە ئەستۆی دایکی.بۆیە دایکی لە ڕێگەی کارەکەریی ماڵانەوە،نازۆ پێدەگەیێنێت و گەورەی دەکات. کاتێکیش گەورە دەبێت، دەیەوێت پاداشتی دایکی بداتەوە.بۆیە پێی دەڵێت ئیدی من کاردەکەم و نابێ تۆ چیترکاربکەی.ڕۆژێک نازۆ لە ڕێگەی چوونە سەرکاری دەکەوێتە نێو خۆپیشاندانێکەوە و دواتریش ژەندرمەکانی تورک، زامداری دەکەن. کاتێ بە ئەمبۆلانس دەیگوازنە بۆ نەخۆشخانە،لەوێش پیاوانی دەوڵەت وازی لێناهێنن و لە نەخۆشخانەدا بە دوای ناسنامەی ئەوانەدا دەگەڕێن کە لە خۆپیشاندانەکەدا زامداربوونە.سێڤگی کە پزیشکی نەخۆشخانەکەیە، دەیەوێت زامداربوونەکەی نازۆ ببەستێتەوە بە ڕووداوێکی ترلە دەرەوەی سیاسەت. بۆیە بەپۆلیسەکان دەڵێت:_ لە شوێنێک کەوتۆتە خوارەوە. وەلێ هێشتا پیاوانی دەوڵەت وازی لێناهێنن وسەرەنجام دەیگرن. ئەوئەگەر چی بۆ ژیان و لە پێناو دایکیدا ویستی کاربکات، بەڵام چونکە لە باکووری کوردستان ڕژێمی تورکیا بۆنی سیاسەت لە هەموو شوێنێک دەکات، بۆیە دەیبەنە زیندان. بەڵام نازۆ لە زیندان فێری خۆڕاگری و باوەڕ بە خۆبوون و گیانی قوربانیدان دەبێت لە پێناو کێشەیەکدا.بۆیە هەرگیز ناڕەزایەتی خۆی لەوە پیشاننادا کە بۆچی زیندانیکراوە.لە چیڕۆکی(وەک تێگەیشتوون وانییە) کارەکتەری چیڕۆکەکە ڕۆژێک ئەوەی بە خەیاڵ دادێت کە بە ملپێچەکەی خۆی بخنکێنێت. کارەکتەرەکە کە ناوی(موستی)یە، ئەم کارە ناکات و پە شیمان دەبێتەوە.دواتر ویستی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە و نێرگزی خۆشدەوێت. بەڵام ئەڤینێک هەیە گەورەتر لە ئەڤینی نێوان ئەوان. کە ئەویش ئەڤینی نیشتمانە. موستی و نێرگز هەرتەنها بیرلە خۆشەویستی نێوانیان ناکەنەوە، بەڵکو ئەڤینێکی گەورەترشک دەبن کە ئەویش نیشتمانە.بۆیە هەوڵدەدەن ئەڤینی خۆیان بکەنە پۆڵایەکی ڕەق بە مەبەستی هاتنەوە بە گژستەمکاران و دنیای چەوسێنەراندا. دەمیرتاش چونکە ئازاری بێ نیشتمانی دەچێژێت، لە گەلێک لە چیڕۆکەکانی، ئەوئازارە ڕەنگیداوەتەوە.لە چیڕۆکی(سڵاولەچاو ڕەشەکان) دەمیرتاش باسی دووکارەکتەرمان بۆدەکات کە ناویان حوسێن و جەمالە. ئەوانە تەمەنیان شانزە ساڵە. خوێندنیان تەواو نەکردووە و بۆکارکردن ناچاربوونە گوندەکەیان جێبێڵن و ڕوو بکەنە شار. بۆیە دەبنە کرێکارو لە دروستکدنی باڵەخانەکانی شارکرێکاری دەکەن.چیڕۆکنووس واقیعی سەختی ژیانی ئەوانمان بۆ باس دەکات، کە دوای چەندین مانگ لەکارکردن کرێکەیان پێ نادەن.بۆیە ڕۆژێکییان بە مەبەستی وەرگرتنی ئەو مافەیان، هەموو کرێکارەکان ڕێزدەبەستن.بەڵام دواجار ژمێریارەکە ئاگاداریان دەکاتەءە کە دەبێ بچن لە ئیستەنبۆل کرێکەیان وەرگرن! لەم چیڕۆکەدا پەیامی ستەم لە کرێکاران وجیاوازی چینایەتی و سەرمایە دەبینرێت. ئەگەر بە پپێی یاسا بێت، ئەوان نابێ هەرکاربکەن. چونکە تەمەنیان هێشتا منداڵە.بەڵام وێرای ئەوەش ستەمیشیان لێدەکرێت. کاتێکیش هەردوو کرێکارەکە لە کارەکەیان تەواودەبن و ئەو باڵەخانە جێدێڵن کە پێشترکاریان تێدا کردبوو،دیمەنێکی سەیرو هەژێنەر دەبینن. ئەوەیش ئەوەیە لە سەردیوی دەرەوەی باڵەخانەکە نووسراوە:-(زیندانی پیتی -ف).بەمەدا بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو باڵەخانەیە کراوەتە زیندان.بۆیە نیگەران دەبن و هەست بە پەشیمانییەکی گەورە دەکەن. بەڵام تاوانێکی ئەوانی تێدانییە. چونکە ئەوان لە پێناو ژیانیاندا، ناچاربوونە کاربکەن. لە چیڕۆکی(کچی دەریا)دا، کارەکتەری چیڕۆکەکە ناوی مینایە،لەبەر بارودۆخی شەڕو ئەو وێرانکاریەی بە سەر سوریا داهاتووە، ناچاردەبێت لەگەڵ دایکی (چونکە باوکی نەماوە) حەمما بەجێبێڵێت وبەقاچاغ لە ڕێگەی دەریاوە بچێتە هەندەران. بەڵام گەمییەکەیان لە نێو دەریادا نغرۆدەبێت و شەپۆڵەکان تابینە قاقایان دێت.بەم جۆرە لە نێودەریا دەمێنێتەوە تا دواجارخۆی لێ دەبێتە پەری دەریا. دەمیرتاش لەو چیڕۆکەیدا پەنجە دەخاتە سەر ئەو برین و دیمەنە تراژیدیانەی کە بە هۆی شەڕەوە دروست دەبن کە پەڕاگەندەیی و بە ناچاری جێهێشتنی نیشتمان یەکێکییانە.بە تایبەتیش لە سوریا.لە چیڕۆکی(کولیرە بەقیمەی حەلەب)یشدا، چیڕۆکنووس دیسانەوە ئاماژە بەدۆخی وێران بووی سوریا بەهۆی شەڕەوە دەکات. کاتێک باسی حەلەب دەکات کە یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی دنیاو لانکەی مرۆڤایەتی بووە.بەڵام ئێستا ئاسەواری ژیانی تێدا نەماوە و فوارەی خوێن لە شەقامەکانەوە دێت.هەروەک خۆشی لە بارەی شارەکەوە دەڵێت:_ (ئەم شارە حوزن دەفرۆشێت).ڕوقیە کە خەڵکی حەلەبە و لە ترسی شەڕچووتە شاری هاتای، ڕۆژێک بە مەبەستی هێنانی چەند پێداویستییەک دەگەڕێتەوە حەلەب.بەڵام بە داخەوە بەر تەقینەوەیەک دەکەوێت کە جگە لەو، شەست و هەشت کەسی تریشی تیادا دەبنە قوربانی.دەمیرتاش ئەم چیڕۆکەشی لە ژێرکاریگەریەتی دیمەنە دڵتەزێنەکانی حەلەب نووسیوەکە هەموو دنیا ئێستا چیڕۆکی دڵتەزێنی ئەوشارە وێرانکراوە دەزانێت.لە چیڕۆکی(ئاه ئاسومان) کە لای من جوانترین چیڕۆکی نێوکۆمەڵە چیڕۆکەکەبوو، دەمیرتاش هونەریانە بابەتێکی جوانمان بۆدەکاتە چیڕۆک. کە ڕەنگە ڕۆژانە چەندین کەس لە ئێمە بیبینێت. ئەوچیڕۆکە، باسی سەرنشینی ئوتووباسێک دەکات کە شوفێرکە بە گەنجۆ ناوی دەبات. گەنجۆ قوتابی کۆلیژی یاسایە دەیەوێت بگەڕێتەوە. لە نێوئوتووباسەکە لەگەڵ کاپتن کە شوفێرەکەیە دەکەوێتە گفتوگۆ. ئەوگفتوگۆیە،لەءەءە دروست دەبێت کە کاپتن زۆر بە سستسی لە دوای کامیۆنێکەوە دەڕوات. کاتێ گەنجۆ پرسیاردەکات کە بۆچی خێرا لێناخوڕێت، ئەویش چیڕۆکەکە دەگێڕێتەوە. لەپشتی کامیۆنەکە،وێنەی گەورەی ژنێک هەیە. بۆیە کاپتن لە سۆنگە ئەو وێنەوە نایەوێت کامیۆنەکە تێپەڕێنێت. بەڵکو سەیری وێنەکە دەکات. تا دواجارباسەکە بۆ گەنجۆ باس دەکات. کە ئەو پێشتر کەوتۆتە داوی ئەڤینی ژنێک بە ناوی ئاسومان. گەرچی ژن و منداڵیشی هەبووە. بەڵام دەیخوازێت. تا دواجار جێی دێڵێت. ئیدی کاپتن بە خەیاڵی ئاسۆمان،وێنەی ئەو ژنەی دیوی دەرەوەی دەرگای دواوەی کامیۆنەکە دەبینێت. دوای ساڵانێکی زۆر کاپتن پیربووە و قژی سپی بووە.بەڵام بە هۆی ئەوەی کوڕێکی لە خۆپیشاندانێکدا(لەو چیڕۆکەش دەمیرتاش لە پاڵ خۆشەویستییەوە باسی ستەمی سیاسی دەکات) گیراوە ئیدی بە دوای پارێزەرێکدا دەگەڕێت. بە ڕێکەوت ڕوولە نووسینگەیەکی پارێزەری دەکات کە هی گەنجۆیە. ئەو گەنجۆ ناناسێتەوە،بەڵام گەنجۆ کاپتن دەناسێتەوە.بۆیە چیڕۆکی ئاسۆمانی بیردێنێتەوە وخەیاڵیان دەگەڕێتەوە ڕابردوو. دواترکوڕەکەشی ئازاد دەکات.لە چیڕۆکی(حیسابات لەگەل دایکم)دەمیرتاش باس لە سەرمایە و دابەشکردنی داهات و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان لە ژیان دەکات.ناوەڕۆکی ئەم چیڕۆکە، سەرگوزشتەی دوومنداڵ باس دەکات کە دایکیان داوایان لێدەکات بچن پێداویستی ماڵ بکڕن.بەڵام لە شوێنێکی دورترلە دوکانی نزیک ماڵەکەیان.چونکە لەوێ پەنجا لیرە لە نرخی دیاریکراو لە نزیک ماڵەکەیان کەمترە. کاتێکیش هەردوو براکە دەڕۆن بۆ ئەوشوێنە و پێداویستییەکان دەکڕن کە بەهاکەی دووسەدوو پەنجا لیرەیە، دەبینن ناتوانن ئەوکەل وپەلانە بەدەست ببەنەوە بۆ ماڵ.بۆیە دەچن کرێکارێک کە کاری گواستنەوە بە عەرەبانەکەی دەکات،بەکرێ دەگرن و لە بەرامبەرئەم کرێیەشدا،پەنجا لیرەی پێدەدەن.بەمەش خەرجییەکە دەکاتەوە هەمان ئەو تێچووەی کە دەیانتوانی لە نزیک ماڵییان پێی دابین بکەن. کە کۆی گشتی سێسەد لیرە بوو. بەڵام ئەوان دەڵێن بۆیە ئەوکارەیان کرد تاکو هەموو سەرمایە بە تەنها لە دەست تاکە کەسێک کۆنەکرێتەوە.بەڵکو دووسەدوو پەنجا لیرە بۆخاوەن دوکانەکە،پەنجا لیرەش بۆ ئەو کرێکارەی کاری گواستنەوە بە عەرەبانەکەی دەستی دەکات.تاکوهەردووکییان سەرچاوەی گوزەرانی ژیانیان پێ دابین بکرێت. پەیامی پشت ئەوچیڕۆکە،پەیامی یەکسانخوازی و هاوبەشییە لە ژیانێکی شایستە بۆ هەموو تاکەکان. پەیامێک کە دژی ئەوەیە سەرمایە مۆنۆپۆل بکرێت.کە تیایدا کەسانێک زەنگین و دەوڵەمەند ببن، کەسانێکی دیکەش هەژار و لات. بەڵکو مرۆڤەکان دەبێ هەموویان وەکویەکتری بژین.لە چیڕۆکی(کۆتاییەکی دڵڕفێن دەبێت)کارەکتەری چیڕۆکەکە دکتۆر بێکەس لە زگی دایکی دەبێت کاتێک باوکی دەکوژرێت. واتا دوای مردنی باوکی لەدایک دەبێت. دایکی بێکەس،بە سەختی و دژوارییەکی زۆرەوە کوڕەکەی پێدەگەیەنێت وشوێنی باوکیشی بۆ دەگرێتەوە. بێکەس دەچێتە قوتابخانە و هەموو قۆناغەکانی خوێندن وێرای نەبوونی و هەژاری بە سەرکەوتوویی دەبڕێت.دواجار کۆلیژی پزیشکی تەواو دەکات و دەبێتە پزیشک. بۆ خزمەتی هاوشاریانیشی دەگەڕێتەوە شارۆچکەکەیی و خزمەتی هاوشاریانی دەکات. لە هەمان کاتیشدا بە ئەندامی ئەنجوومەنی شار هەڵدەبژێردرێت و سەرەنجام بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەن داوەتی ئەمریکا دەکرێت بۆ بە شداربوون لە کۆنفڕانسێک. بەمەش دکتۆر بێکەس زۆرخۆشحاڵ دەبێت. بەرلەوەی سەفەریش بۆ ئەمەریکا بکات، دەچێتە سەر گۆڕەکەی(ئەحمەد تونج)ی باوکی و پێی دەڵێت:_ ئاسوودە بە. دەمیرتاش بەوچیڕۆکەی، نەهامەتی هەموو ئەو منداڵە بێ باوکانە پیشان دەدات کە دواجار دایکییان گەورەیان دەکەن و سەرەنجامیش دەبنە کەسی داهێنەر لە ژیان. دەمیرتاش لەوچیڕۆکەی ئەو پەیامەمان پێ دەدات، کە هەرگیز نەبوونی،بێ باوکی، هەژاری، نابنە ئاستەنگ لە بەردەم مرۆڤەکان ئەگەر ئیڕادە و ڕوحی هەوڵدانیان هەبێت. بێکەس بەم شێوەیە لە دایک بوو، وەلێ دواجار بووە ئەو کەسە ناودارە. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە وەک خوێنەرێک چێژم لە خوێندنەوەی ئەوچیڕۆکانە وەرگرت. چیڕۆکەکان بە گشتی لە زمان و دەربڕین سادەن. لە گێڕانەوەشدا زمانێکی واقیعیان بەسەردا زاڵە کە هەموو خوێنەرێک تێیان دەگات. بەڵام بۆمن گوتارو پەیامی چیڕۆکەکان گرنگ و جێی هەڵوەستەکردن بوو. تواناکانی نووسینی چیڕۆکم لە دەمیرتاش بەدی کرد و ئاواتم ئەوەیە ڕۆژگارێک دابێت بە زمانی کوردی بنووسێت. هەرچەندە فەزای چیڕۆکەکان کوردییانەیە. دەستخۆشانەش لەوەرگێری چیڕۆکەکان دەکەم.ئومێدەوارم بەرهەمی دیکەش لەزمانی تورکی وەربگێڕێت.

*پەراوێز_ سەحەر،کۆمەڵە چیڕۆک،نووسینی:سەلاحەددین دەمیرتاش،وەرگێڕانی لە تورکییەوە:فەرهاد چۆمانی بڵاوکراوەی ناوەندی غەزەلنووس_ 2018..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *