ئیلیان یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە وێژەی گێڕانەوە و ئەو بابەتە تیۆرییانەیە وا گرێدراوی ئەدەبییاتی گێڕانەوەن. لەو سۆنگەوە سەرباشقەی گۆڤاری تایبەتمەند بووە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هاوینی ساڵی ٢٠١٥ لە دووتوێی ١١٨ لاپەڕەدا ژمارەی یەکەمی بڵاو بووەتەوە. لەو دەمەوە تاوەکوو هاوینی ٢٠١٧، واتا لە ماوەی دوو ساڵدا، شەش ژمارە لە گۆڤارەکە و پەڕتووکێکی بڵاو کردووەتەوە. بەهۆی خراپی دۆخی دارایی گۆڤارەکەوە، کە بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکە، خۆیان تێچووی چاپ و ئەرکی دیزاین و دابەشکردن لەئەستۆ دەگرن، پاش بڵاوبوونەوەی ژمارەی شەشەم، گۆڤاری ئیلیان لە وەشاندن وەستا.
خۆشبەختانە، دوای پتر لە سێ ساڵ وا دەیسان ژمارەیەکی تری ئیلیان بڵاو دەبێتەوە، سا بە هەندێ بەرنامە و پلانی تازەوە، درێژە بە وەشانی ئیلیان دەدەینەوە. دەکۆشین پڕۆژەکەمان بۆ درێژمەودا بێت.
لەو شەش ژمارەیەدا، ئیلیان لە دوو ئاستدا کاری کردووە، وەرگێڕانی چیرۆک و بابەتی تیۆریی پەیوەست بە گێڕانەوە. هاوشان لەگەڵ گرینگییدان بە چیرۆک و چیرۆکنووسانی هەموو زارە کوردییەکان و گێڕانەوەی کوردیی. کە ئەمەی دواییان دەکرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی تایبەت، یان هەر لەنێو ئیلیاندا جێگایەکی تایبەت و مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان بکرێت. مسۆگەر گەر ژینگەی لەبار بێت، خەونی گەورەمان لەو چوارچێوەدا هەیە.
تاوەکوو ئێستا لە گۆڤاری ئیلیاندا; لە نۆ زمانەوە بابەت وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردیی (فەڕەنسیی، ئینگلیزیی و سویدیی و ڕووسیی، ئەرەبیی و فارسیی، ئیسپانیی و تورکیی و ئەڵمانیی). کە نزیک بە ٤٠٠ چیرۆک وەرگێڕدراون. جگە لە وتار و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن.
ئێستاش ژمارە حەوتی ئیلیان لە دووتوێی 425 پەڕەدا و بە گورزێک چیرۆک و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن و لێکۆڵێنەوە و ڕاڤەوە ئامادەیە و لە چاپخانە هاتووتەوە، لەم چەند ڕۆژەدا لە کتێبخانەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست دەکەوێت.
ئەم ژمارەیە، لە تەنیشت ستافی بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکەوە (36) وەرگێڕ کاریان لە ئامادەکردنیدا کردووە.
ڕووبەرگی گۆڤارەکە کاری هونەرمەندی بەناوبانگی کورد: ڕۆستەم ئاغالەیە و پشتبەرگیش کاری هونەرمەندی دەستڕەنگینی کورد: ئەحمەد نەبەز، هەروەها نەخشەسازیی ناوەوە: بەڵێن باقی.