بە چاوپۆشین لە گفتوگۆی دووروودرێژی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی گەنج و پیر، نەوەی کۆن و نوێ درووستە یان نا، بەڵام میللەتان، نەوە دوای نەوە نووسەر بەرهەم دەهێنن، ئەم نووسەرانە وەک چۆن لە بیرکردنەوە و نووسینیاندا جیاوازن، ئاواش قۆناغەکانی نووسینیان جیاوازە.
بەشی فەرهەنگی ئاژانس لە تەوەرەیەکی تایبەتدا بەشێک لە چیرۆکنووسە گەنجەکان لەسەر پرسی شووناس، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان و خاڵە جیاکەرەوەکانیان لە نەوەی پێش خۆیان سەبارەت بە «چیرۆک» دەدوێنێت. لەم گفتوگۆیەدا، کارۆخ فەهمی، چیرۆکنووس، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
پرسیار: سەبارەت بە جیاوازیی ئەم نەوە چیرۆکنووسە نوێیە لەگەڵ نەوەی پێشوو چ قسەیەکت هەیە، ئەگەر بە کورتییش بێت دەتوانی چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی و زەق بۆ ئێمە شی بکەیتەوە؟
کارۆخ فەهمی: من زۆر باوەڕم بەم دابەشكارییە نییە، چونكە مێژووى سەرهەڵدانى چیرۆكنووسین بە مانا مۆدێرنەكەى مێژوویەكى ئەوەندە دێرین نییە. لە سەرەتاى سەدەى بیستەم چەند هەوڵێكى تاكەكەسى هەیە و چەند چیرۆكنووسێك دەردەكەون، دواى ئەوە تا ساڵانێكى زۆر بێدەنگییەكى درێژ باڵ دەكێشێت بەسەر نووسینى چیرۆكدا. لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستدا دیسان چەند چیرۆكنووسێكی تر دەردەكەون و ئیدى لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتاى حەفتاكانەوە بە گوژمتر ئەم مێژووە دەست پێ دەكات، بۆیە لەم چەند ماوە كورتەى ئەو كاتەوە تا ئێستا خەرەندێكى گەورە و دابڕانێكى بنەڕەتى درووست نەبووە، بۆیە ناكرێ ڕەوایەتى بەم دابەشكارییە بدرێ. چونكە زۆرێك لەوانەى ئەوكات دەیاننووسى ئێستاش بەردەوامن. بە هەر حاڵ گریمان بۆ ماوەیەكى كاتی باوەڕمان بەوە هێنا دابڕانێكى تەواوەتى ئەم نەوەى ئێستا دەنووسێ لەگەڵ ئەوانەى پێش ڕاپەڕین درووست بووە، ئەوا دەكرێ چەند خەسڵەتێكى گشتیی لە یەكتریان جیا بكاتەوە. بەر لە هەموو شتێك گۆڕانكاری و دەستبەرداربوونە لە هەندێ وشە و ئەو دەستەواژانەى كە نەوەى پێشوو بە كاریان دەهێنا، ئەم نەوەیە هیچ ناچار نییە چیرۆكەكەى پڕ بكات لە ڕەمز و كۆد لە ترسى ئەوەى ڕژێم ڕاستەوخۆ لە مەبەست و نیەتى پشتەوەى چیرۆكەكە نەگات. ئەم نەوەیە ناچار نییە ماناى هەندێ وشە لە هەندێ وشەی تر بار بكا تا سەرئێشەى بۆ درووست نەبێ. ئەوەى هەیە ماناى ڕاستەوخۆ و بێ پێچوپەناى خودى وشەكە، ڕەشەبا هەر ڕەشەبایە نەك شۆڕش، هەڵۆ و باز هەر هەلۆ و بازن نەك پێشمەرگە.
خەستەڵەتێكی ترى جیاكارى دەشێ دەستبەرداربوونى ئەو تەكنیەكە دووبارەیە بێ كە زۆرێك لە چیرۆكنووسانى نەوەى پێشوو باوەڕیان پێى بوو، بەوەى كە دەبێ ڕووداوەكانى چیرۆكەكە لە ڕووى زەمەنییەوە كرۆنۆلۆژیانە بگێڕدرێتەوە و بە دەگمەن ڕووداو پێش و پاش بخرێ. ئەم نەوەیە لەسەر تێكشكاندنى ئەم زنجیرە زەمەنییە ئیش دەكات. واتا مەرج نییە چیرۆك دابەش بكرێ بەسەر سەرەتا، ناوەڕاست و كۆتایی. دەشێ كۆتایی چیرۆكەكە بكەوێتەوە دێڕەكانى سەرەتاوە و وە بە پێچەوانەشەوە.
ڕەنگە جیاوازییەكی تر ئەوەبێ كە ئەم نەوەیە تا ڕادەیەك دەستەبەردارى ئەم زمانە شیعرییەى پێشوو بووە كە زۆرجار زیانى بە بیناى چیرۆكەكە دەگەیاند. زمانى شیعرى یان زمانێكى ناڕوونى نووسین كە زۆرجار ئاسان خۆى بە دەستەوە نادات، دەشێ بە زیانى چیرۆك تەواو ببێت. خوێنەر زۆرجار نازانێ شیعر و پەخشان دەخوێنێتەوە یان چیرۆك، هەڵبەتە زۆرێك لەو نەوەیەى پێشوو وەك بەشێك لە جوانكارى و سەرنجڕاكێشانى خوێنەر بەم زمانە دەینووسى. لە پاڵ ئەم زمانە شیعرییە وەسفێكى دوورودرێژ لە چیرۆكەكەدا درێژ دەبووەوە بە بێ ئەوەى ڕووداوێكى گرینگ ڕوو بدات. ئەم نەوەیە دەستبەردارى ئەو زمانە شیعرییە و ئەو وەسفە درێژە بووە، زمانێكى چڕ و قووڵتر جێگاى گرتووەتەوە كە ناچار بە وەستان و بیركردنەوە یان دووبارە خوێندنەوەت دەكا.
لە چیرۆكى ئەم نەوە نوێیەدا زۆرجار ڕووداوى زۆر و بابەتى جیاواز و لە یەكتر دوور كە هەندێكجار هیچ شتێك بە یەكەوە نایانبەستێتەوە(هەڵبەت هەندێكجار شارەزایانە ئەم كارە دەكرێ)، لە نەوەى پێش خۆى جیاى دەكاتەوە كە بابەتێكى سەنتراڵ هەیە و كۆى چیرۆكەكە لە خزمەتى ئەو بابەتە دیاریكراوەدایە. چیرۆكى ئەم نەوە نوێیە زۆرجار ناگێڕدرێتەوە و ناتوانى بڵێى بە دیاریكراوى باس لە چى دەكات. دەشێ لەسەر زیاد بابەت و تەوەرەیەك ئیش بكات و پەل بهاوێت بۆ چەند جیهانێكى دوور لە یەكتر و لەنگییش لە چیرۆكەكەدا درووست نەبێت.
پرسیار: تۆ وەک چیرۆکنووسێک، لە نووسینی چیرۆکدا چ شتێک زیاتر ڕاتدەکێشێت و بایەخی پێ دەدەیت، تەکنیک، زمان یان بابەتی چیرۆکەکەت، بێگومان کە هەموویان ڕەگەزی گرنگن، بەڵام زیاتر لە ڕووە تەکنیکییەکەوە لە چیرۆک دەڕوانیت یان وەک بابەت و کەرەستە؟
کارۆخ فەهمی: بۆ من یەكەمجار دەبێ كەرەستەى نووسین هەبێت، ماوەیەكى زۆر ڕووداوێك لە سەرمدا دەمێنێتەوە و وەك ماددەیەكى خاو هەر لەوێدا كارى لەسەر دەكەم. دەبێ سەرەتا فیگەرێك، كەسایەتییەك، ڕووداوێكى بچووك، دەنگێكى دوور، هەندێكجار شوێنێك.. هەبێت، بە بێ ئەم سەرەتایە نووسین كارێكى زەحمەتە. واتا هەمیشە بابەت زووتر دێت، من هەرگیز ناتوانم یەكەمجار شێوازى گێڕانەوە یان ئەوەى پێى دەڵێن تەكنیك دابڕێژم و كارى لەسەر بكەم. چۆنیەتى گێڕانەوە بەردەوام هەنگاوى دووەم بووە، زۆرجار خودى چیرۆكەكە ڕێگەى گێڕانەوەى خۆى دەدۆزێتەوە كە پێشتر بیرت لەو ڕێگایە نەكردووەتەوە، بۆیە چیرۆك یان بابەت پێش تەكنیك دەكەوێ. هەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نایەت كە ڕەگەزێك لەوەی تریان گرینگترە، بەڵكوو هەموویان بە یەكەوە و بە بێ ئەوەى یەكێكیان بكەوێتە ژێر هەرەسى ئەوەی تریان بونیادى چیرۆكى سەركەوتوو پێك دەهێنن. ناكرێ هەرگیز لەبەر چۆنیەتى گێڕانەوە چییەتى گێڕانەوە فەرامۆش بكەین، لەبەر تەكنیكى تازە و شێوازى نوێ بابەت و كەرەستەى گێڕانەوە فەرامۆش بكەین. دەشێ چیرۆك هەڵگرى بابەتێكى گرینگ یان ڕووداوێكى مەزن بێت، بەڵام ئەمە بە تەنیا نایكات بە چیرۆكێكى باش و زیندوو ئەگەر یەكێك لە ڕەگەزە پێكهێنەرەكانی تر فەرامۆش بكرێت. بە پێچەوانەشەوە ستایلى نوێ و تەكنیكى سەرنجڕاكێش ناتوانێ هیچ نەگووتن بشارێتەوە.
پرسیار: ئەگەر چیرۆکنووس و چیرۆکێک پێشنیار بکەیت دوای ئەم چاوپێکەوتنە خوێنەران بیخوێننەوە، کام چیرۆکنووس و چ چیرۆکێکە؟
کارۆخ فەهمی: من ناتوانم یەك چیرۆك یان چیرۆكنووس دیارى بكەم، لەناو نووسەرە كوردەكاندا چەندین چیرۆكنووس هەن كە حەز بە خوێندنەوەى چیرۆكەكانیان دەكەم. ئەوانەى خێرا لەگەڵ پرسیارێكى لەم شێوەیەدا دێنە زەینم دەشێ چیرۆكەكانى عەتا نەهایی، كاروان كاكەسوور، ئارام كاكەى فەلاح، عەتا محەمەد، یووسف عیزەددین و هەندێك ناوی تر بن.
پرسیار: چۆن دەتوانین خەسڵەتەکانی چیرۆکی ئەم نەوە نوێیە دیاری بکەین، ئایا ئەم نەوەیە گەیشتوونە شوێنێک لە چیرۆکنووسین کە توانیبێتیان بە هەندێ خەسڵەتی گشتیی هاوبەش بناسرێنەوە؟
کارۆخ فەهمی: چیرۆك یان نووسن بە شێوەیەكى گشتى منداڵى سەردەمەكەى خۆیەتى، لەناو سیاقى زەمەنیی خۆیدا بیر دەكاتەوە و خەمەكانى خەمى ڕۆژگارى خۆیەتى. ڕاستە گەلێك چیرۆك و ڕۆمان نووسراون كە پێشبینیی ڕووداوى داهاتوویان بە شێوەیەكى سەرسامكەر كردووە، بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕێ كە زەمەنى نووسین كاریگەرىی لەسەر نووسین هەیە و هەمیشە بە تێگەیشتن لە ئێستا بۆ داهاتوو دەڕوانێت. ئەو نووسین و چیرۆكەى قسەیەكى بۆ ئێستا پێ نەبێت، ناتوانێت پێشبینى و غەیب وەك شاكار بە خوێنەر بفرۆشێتەوە. بۆیە گرینگە نووسەر لە ئێستادا بژى و منداڵى سەردەمەكەى خۆی بێت.
كارێكى زەحمەتە كۆمەڵێك سیما و ئەدگارى هاوبەش لەناو ئەم نەوە نوێیەى چیرۆكنووساندا دیاری بكەیت. یەكێك لە ئاماژە باشەكان ئەوەیە كە بە دەگمەن دوو نووسەرى چیرۆك دەبینى وەك یەك بنووسن و چیرۆكەكانیان لە یەك بچێت، لە نووسینى ئەم نەوەیەدا ستایلى جیاواز و زمانى جیاواز و خەونى جیاوازى گێڕانەوە بەدى دەكرێ. پێشتر ئەم ڕەخنەیە بە تووندى ڕووبەڕووى شیعرى نوێ دەكرا، بەوەى كە زۆرێكیان یەك پڕۆژەى نووسینیان هەیە و زۆر لە یەكترى دەچن. بە جۆرێك ناونیشان و ناوەكان لاببردرێن نازانیت كام شیعرە هى كام شاعیرەیە. بەڵام ئەم گشتاندنە بەسەر چیرۆكدا ناكرێت، بە دەگمەن دوو چیرۆكنووس دەبینین بەو ڕادەیە لە زمان و ستایل و بەكارهێنانى وشە و داڕشتنى ڕستەوە لە یەكترى نزیك بن. ڕاستە دەكرێ هەندێ خەسڵەتى هاوبەش هەبێ كە سیماى نەوەیەكى پێ بناسرێتەوە، بەڵام نووسین پرۆسەیەكى زاتییە هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەى باس لە خەونى هاوبەش و خەسڵەتى هاوبەش و كتومتى لە گێڕانەوەدا بكەین. ئەم نەوەیە سوود لە میراتى ئەدەبیاتى دونیا دەبینێ و هەیانە بە چەند زمانێكى جیاواز دەخوێنێتەوە. لە ڕووى شوێنیشەوە دابەش بووە بەسەر ئەم زەوییە فراوانەدا و تێكەڵ بە كولتوور و ژینگەی تر بوون. هەموو ئەمانە وا دەكەن جیاوازییەكە قووڵتر ببێتەوە و بە دەگمەن دوو چیرۆك تا ڕادەیەكى زۆر لە یەك بچن.
ئەم نەوەیە زۆرتر دەست بە وشەوە دەگرێ، سوود لە سینەما وەردەگرێ بۆ دابەشكارى و مۆنتاج و بەستنەوەى بەشەكان بە یەكترى و نیشاندانى وێنە (وەك چۆن سینەماش سوود لە ئەدەب دەبینێ)، سادەبوونەوەى زمان و لەگەڵیشیدا بەرهەمێنانى ماناى قووڵ. كێشەى ئینسان لە چیرۆكى ئەم نەوە نوێیەدا ڕەهەندێكى گەردوونى وەردەگرێت، چیتر لە بازنەیەكى داخراودا گیر ناخوات و بە چاو و زمانێكى ناسیۆنالیستییەوە، تاكى كورد بە تەنها نابێتە سەنتەرى ڕووداوەكان. شوێنیش چیتر كوێرە گوندێك و ژینگەیەكى جوتیاریی نییە، چیتر بە تەنها شار و شارۆچكەكانى كوردستان مەیدانى ڕووداوەكان نین. بەڵكوو زۆرجار لە جوگرافیایەكى دوور و نائاشنا و هەندێكجاریش شوێنى نەناسراو و ناشوێنیش دەبن بە گۆڕەپانى ڕووداوەكان. ئەمانە دەكرێ وەك دابڕانێك سەیر بكرێ و بەشێك بن لەو جیاوازییانەى چیرۆكى نەوەى نوێ لەگەڵ پێش خۆیدا درووستی كردووە.
پرسیار: چیرۆکی کوردیی ئێستا لە دیوە باو و کلاسیکییەکەی وەڕسووڕاوە، تەکنیکی گێڕانەوەی چیرۆک، زمان، خەیاڵ و بابەت گەشەی سەندووە؟
کارۆخ فەهمی: بە دڵنیاییەوە چیرۆكى كوردى گەشەى سەندووە، ئەم چەند هەوڵەى كە بۆ وەرگێڕانى چەند دەقێكى كوردى كراوە و ئەو پێشوازییەى لێیان كراوە، نیشانەى ئەوەیە چیرۆكى كوردی شایانى خوێندنەوە و لەسەروەستانە. چیتر وەك حیكایەتى گوێئاگردان سەیرى چیرۆكى كوردى ناكرێ. ئەدەبى كوردى بە گشتی لەو خەونە لۆكاڵى و بابەتە خۆماڵییانە دەرچووە، چیتر ئەو ڕەخنانەى باس لە نامۆبوونى چیرۆكى كوردى دەكەن بە كۆمەڵگەكەى گوێیان لێ ناگیرێ. ئەدەبیاتى كوردییش ڕەهەندێكى گەردوونى وەرگرتووە. بە دڵنیاییەوە ئێمە خاوەنى كۆمەڵێك چیرۆكى نایابین كە هەرگیز وەرگێڕانیان مایەى شەرم نییە و دەكرێ وەك سەفیرى ئەدەبیاتى كوردى نیشانى دونیا بدرێن. چیرۆكیش بە بەراورد بە ژانرەكانی تر ل ەگەشەكردنێكى خێراتردایە، ئەدەبیاتى كلاسیكى ئێمە كە بەشێكى زۆرى شیعرە، ساڵانێكى زۆر لە قۆناغ و دۆخێكى چەقبەستوودا بوو بە دەگمەن نوێبوونەوە و گەشەى بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەمە بۆ چیرۆك شتێكی ترە، چیرۆكى كوردى لە ماوەى سەد ساڵدا چەندین گۆڕانكاریى گەورەى بەسەردا هاتووە، لە قۆناغى چیرۆكى سەرەتاییەوە بۆ قۆناغى تەكنیك و ستایلى نوێ. لە چیرۆكى ناسیۆنالیستى/ شۆڕشگێڕییەوە بۆ چیرۆكى ڕەخنەیی یاخیگەرانە و دژە سیستم. لە چیرۆكى كلاسیكییەوە بۆ ڕیالیزم و ڕیالیزمى سیحرى. چیرۆكى كوردى لە هەموو ئەو قۆناغانەدا بەردەوام لە گەشە و جوڵەدا بووە. گۆڕانكارىی بەرچاو بەسهر ئاستى بهگهڕخستنى زمان و چۆنیەتى گێڕانەوەدا هاتووە. ئەو زمانەى شێرزاد حەسەن پێى دەنووسی و دەنووسێ هەمان زمان نییە كە توانا ئەمین یان ئارام شێخوەسانى پێى دەنووسێ. ئەو بابەتەى حوسێن عارف یان موكرى و مەم بۆ چیرۆك هەڵیان دەبژارد هەمان بابەت نییە كە بەختیار حەمەسوور یان مەحمود نەجمەدین و فەرهاد چۆمانى هەڵی دەبژێرن. ئەو تەكنیكە و شێوازەى عەبدوڵڵا سەڕاج و ڕەئوف بێگەرد و سەڵاح عومەر چیرۆكەكانیان پێ دەگێڕایەوە هەرگیز هەمان شێواز و ستایل نییە كە سیروان كەریم و سوارە نەجمەدین بۆ گێڕانەوەى چیرۆكەكانیان دەیگرنە بەر. بۆیە بە ڕاى كرچوكاڵى من چیرۆكى كوردى لە گەشە و گۆڕانكاریى بەردەوامدایە، هەموو ڕەگەزە پێكهێنەرەكانى چیرۆك لە دەیەكەوە بۆ دەیەكی تر بە شێوزای تر وەزیفەی تریان پێ دەبەخشرێ، گۆڕانكارى لە هەموو ئاستەكاندا خێرایە و هەنگاوێكە بۆ چوونە دونیایەكی تر كە پێشتر ئاشكرا نەكراوە. خۆى ماناى تازەگەرى و گەشەسەندن چییە جگە لەوەى شوێنى نوێ بدۆزینەوە و بچینە جیهانێكی ترى پێشتر نەدۆزراوە.
كارۆخ فەهمى
– خوێندنى سەرەتايی لە هەولێر و ئامادەيی لە سلێمانى و زانكۆى لە سۆران تەواو كردووە.
– هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرە لە ئەدەبى كوردى.
– لە ساڵى 2008 لە چوارەمين فێستيڤاڵی لاوان لە سلێمانى خەڵاتى يەكەمى چيرۆكى وەرگرتووە.
– لە ساڵى 2018 لە بيستويەكەمين فێستيڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتى يەكەمى چيرۆكى وەرگرتووە بە هاوبەشى.
– لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە كولتوورییەكاندا چەند شيعر و چيرۆك و وتارى ئەدەبیى بڵاو كردووەتەوە.