کورتهێنانی تیۆر لە بەرامبەر دەقدا… کارزان عەلی

گابرێڵ گارسیا مارکیز لە کتێبی “چۆن ڕۆمان دەنووسرێت”دا دەڵێت: باشترین قسەکردنێک لەمەڕ نووسینی چیرۆک یان ڕۆمان، نووسینی باشترین چیرۆکە. جارێک لە ئارسکین کاڵدوێل دەپرسن، تۆ چۆن دەنووسیت؟ دەڵێت: پاش ئەم هەموو ساڵە لە نووسین، هێشتا نازانم چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام باشترین ڕێگەی فێربوونی نووسین، تەنها خودی نووسینە.
یەکێک لە گرنگترین ئەدگارەکانی ڕۆمانی نوێی فەرەنسی، بە پێشڕەوی ئالان ڕۆب گرێی، ناتالی ساروت و میشێل بوتۆر، جەختکردنەوەیان بوو لە سەر تێکشکاندنی کۆی یاسا و ڕێساکانی نووسینی ڕۆمان تا ئەو سەردەمە.
تەنانەت بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی ئەدەب، بۆمان دەردەکەوێت، کە داهێنان و دەرکەوتنی ڕێبازە ئەدەبییەکان، هەر لە دادایزم و سوریالیزمەوە، بەگژداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوە، یان بە مانایەکی دیکە، کورتهێنانی ڕێبازەکانی پێش خۆیان بووە، لە لێکدانەوەی دیاردە و نووسینە نوێیەکانی ناو ئەدەبدا.
کاتێک مارسێل پرووست، ڕۆمانی “گەڕان بۆ کاتی لەدەست چوو” دەنووسێت، ئیدیتەری دەزگای چاپخانەکە، ڕەددی دەکاتەوە کە ئەم ڕۆمانە جیهانییە نەمرە چاپ بکات، بە بیانووی ئەوەی نزیکەی سیونۆ پەڕەی ڕۆمانەکەی تەرخان کردووە، تەنها بۆ گینگڵدانی کەسێتییەکی ناو ڕۆمانەکە لەسەر چەرپای نووستنەکەی. بەڵام دواجار دەبینین کە جیهانی خوێنەرانی ئەدەب لە نێوان دوو تایپدا دابەش دەبێت، ئەوانەی ئەم ڕۆمانەیان خوێندوەتەوە و ئەوانەی نەیانخوێندووەتەوە.
هەر لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە و هاوکات چەند ڕۆمانێکی تری ڤێرجینیا ووڵف، بە تایبەتی، ئۆرلاندۆ، شەپۆلی هۆش، وەک یەکێک لە گرنگترین تیۆرە ئەدەبیەکان دێتە ناو جیهانی گێڕانەوەوە.
بە درێژایی مێژووی ئەدەب، بە تایبەتی گێڕانەوە، هەمیشە ئەو نووسەرانە، سوپرایزیان درووست کردووە کە بازیان داوە بە سەر کۆت و بەندەکانی تیۆردا، تەنانەت بە داهێنانی جۆرێکی جیاواز لە نووسین، تیۆری تازە و نوێیان زیاد کردووە بۆ تیۆرە ئەدەبیەکان.
لەبەر ئەوە زۆر گرنگە، کاتێک دەقێکی ئەدەبی، بە تایبەتی چیرۆک و ڕۆمان، دەنووسین یان دەخوێنینەوە، کۆی ڕێسا و بەند و پێوانەی تیۆرە کرچ و کاڵە ئەدەبییەکان، بیر خۆمان بەرینەوە، چاومان لەسەر بڕی ئەو چێژە بێت کە دەقێک پێمانی دەبەخشێت، چونکە ئەوەی دەقێکی وەکو ئەلیادە و ئۆدیسەی هۆمیرۆس، یان ڤێرجیڵ، یان سێرڤانتس، زیندوو ڕادەگرێت، پێوانە و چەمک و تیۆرە ئەدەبییەکان نین، بەڵکو بڕی ئەو چێژەن، بڕی ئەو هاودڵییەن کە لەگەڵ دەقەکەدا تێکەڵی دەبین و ڕامان دەگرێت.
ئیمبەرتۆ ئیکۆ لە کتێبی “شەش گەشت بە نێو دارستانی گێڕانەوەدا” قسە لەسەر خاڵی ئەرخەوانی دەکات، بەو  مانایەی کە لێرەدا، بوارێک بە خوێنەر دەدرێت، بۆ ئەوەی پشوویەک وەربگرێت و کۆی وێنەکانی ناو دەقەکە کۆ بکاتەوە لە مێشکی خۆیدا، بەڵام ئیکۆ، پاش خوێندنەوەی بەشێکی زۆر لە دەقی جیهانی، پاشان دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دەکرێت تیۆرێکی نوێ بە ناوی خاڵی ئەرخەوانی لە هەموو دەقێکدا بدۆزینەوە.
ئیکۆ، کە مامۆستا و فەیلەسوفی زۆر بوار و کایەی ئەدەبی و فەلسەفییە، لەم کتێبەیدا، دەق وەک دارستان دەشوبهێنێ، بەو مانایەی دەکرێت لە دارستاندا چاومان بە دەیان دیمەن بکەوێت، کە هێشتا چاومان پێی نەکەوتووە. گوێمان لە سەدان دەنگ و چرپە بێت، کە پێشتر گوێمان لێی نەبووە، بەم مانایەش دەکرێت دەق، هەڵگری هەمان ئەو ئەدگار و سوپرایز و ناکاوانە بێت، کە چاو و گوێی ئێمە هەستیان پێ نەکردوون.
ئەوەی کە وا دەکات، تیۆر و ڕێبازە ئەدەبیەکان، زیندوو بمێننەوە و هەمیشە لە تازەبوونەوەدا بن، نووسینی دەقی نوێ و تێهەڵکێشی بیرۆکەی نوێیە لە دەقە ئەدەبییەکاندا. دەقەکانی بەلزاکی فەرەنسییە، ڕێبازی ڕیالیزمی ئەدەبی دادەهێنێت،  ڕۆمانەکانی ئەمیل زۆلایە، نەچراڵیزم دەچەسپێنێ. مارکیزە کە ڕیاڵیزمی جادوویی دەخاتە نێو تیۆر و ڕێبازە ئەدەبییەکانەوە.
بەڵام تیۆر و ئەکادیمیا و لێکدانەوەی دەقی ئەدەبی بە پێودانگ و پێوانە و چەمکەکانی، هەمیشە دوای نووسین هاتوون و بۆ هەمیشەش بەو شێوەیە دەمێننەوە،  وەگەر نا، بەر دەقێکی ئەدەبی کرچ و کاڵ و بێ ڕۆح دەکەوین و تا هەتایە تیۆرە دوای دەق دەکەوێت و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

کۆمەڵە چیرۆکی لەنێو گێژاوی ژیاندا بڵاو دەبێتەوە

گۆران سەمەد، بەمنزیکانە، دووەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناونیشانی ”لەنێو گێژاوی ژیاندا&#…