کورتیلە چیرۆکێک… ئێرنیست هێمینگوەی

ئێوارەیەکی گەرمی بادوا[1] پیاوەکەیان هەڵگرت و بردیانە سەر بانیژەکە تا بتوانێت لەوێوە تەماشای بەشی سەرەوەی شارۆچکەکە بکات. لە ئاسماندا خەنجەرباڵەکان[2] دەهاتن و دەچوون. پاش کەمێک ئاسمان تاریک داهات و پڕۆجێکتۆرە بزۆکەکە کەوتەکار. سەربازەکانی تر چوونە خوارەوە و بتڵەکانیشان لەگەڵ خۆیاندا برد. لوز و پیاوەکە لە باڵکۆنییەکەوە گوێیان لە قسەی سەربازەکانی خوارەوە بوو. لوز لەسەر جێخەوەکە دانیشت، تەنانەت لەو شەوە گەرمەشدا، لوز خاوێن و فێنک دەهاتە بەرچاوان.

لوز ماوەی سێ مانگ بوو ئەرکی چاودێری شەوانەی هەبوو. سەربازەکانی تر بە خۆشحاڵییەوە ئەم ئەرکەیان پێدابوو. کاتێک نەشتەرگەرییان بۆ پیاوەکە کرد، لوز پیاوەکەی بۆ سەر مێزی نەشتەرەکە ئامادەکرد، سەربازەکان ئەمەیان کردبووە نوکتەیەک، کە ئایا لوز دۆستە یا دوژمن کاتێک ئەم پیاوە بەرەو ئەو جێیە دەبات. پیاوەکە لە کاتی بەنجدا خۆی تووند گرت تاوەکو لە کاتی بەربوونی بەنجەکەیدا قسەی گەمژانە و زیاڕۆیی نەکات. کاتێک لە نەشتەرگەرییەکە بووەوە و کەوتە سەر دارشەقەکانی، هەرزوو خۆی ڕاهێنا کە پلەی گەرمی خۆی بگرێت تاوەکو لوز لە جێگەکەی خۆی هەڵنەستێت. ژمارەی نەخۆشەکان لە چەند دانەیەک تێپەڕینەدەکرد و هەموویان ئاگاداری ئەم بابەتە بوون. هەمووشیان حەزیان بە لوز دەکرد. کاتێک پیاوەکە بە ڕاڕەوەکەدا دەگەڕایەوە، بیری لای لوز بوو کە لە جێگە خەوەکەی ئەودا پاڵکەوتبوو.

پێش ئەوەی بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگ بگەڕێتەوە، پێکەوە چوون بۆ دوۆمۆ[3] و نزای خۆیان خوێند. کڵێساکە تاریک و بێدەنگ بوو، خەڵکی تریش بەهەمان شێوەی ئەوان سەرقاڵی نزا خوێندن بوون. دەیانویست هاوسەرگیری بکەن، بەڵام ئەوەندە کاتیان نەبوو کە پەیمانی هاوسەرگیرییەکەیان ببەستن و هیچیشیان بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان پێ نەبوو. هەرچەندە بەجۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ یەکدا دەکرد وەک ئەوەی هاوسەری یەکتربن، بەڵام دەیانویست هەموو کەس بە پەیوەندییەکەیان بزانێت تا پەیوەندییەکەیان لە دەست نەدەن.

لوز چەندین نامەی بۆ پیاوەکە نووسیبوو بەڵام تا پاش ئاگربەستەکە هیچیانی بەدەست نەگەیشتبوو. پانزە نامەی بە چەپکەیەک بۆ هاتە بەرەی پێشەوەی جەنگ و بە پێی ڕۆژەکان جیایکردنەوە و هەموویانی یەک لە دوای یەک خوێندنەوە. هەموو نامەکان لەبارەی نەخۆشخانەکەوە بوون، لەبارەی ئەوەی چەند خۆشی دەوێت، باسی لەوە کردبوو کە هەڵکردن بێ ئەو چەند مەحاڵە، شەوان و بیرکردنی ئەو چەند پڕ ئازارە.

پاش ئاگربەستەکە بڕیاریدا کە بەرەو نیشتیمان بگەڕێتەوە و کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە تاوەکو بتوانن هاوسەرگیری بکەن. لوز بڕیاریدابوو نەگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان هەتاوەکو پیاوەکە کارێکی باش نەدۆزێتەوە، پاشان بڕیاربوو بەرەو نیویۆرک بچێت تا لەوێ لوز ببینێن. بڕیاریدابوو کە نابێت بخواتەوە، نەشیدەویست هاوڕێکانی یاخود هیچ کەسێکی تر لە وڵاتە یەکگرتووەکان ببینێت. تەنها دەیویست کارێکی دەست بکەوێت و لەگەڵ لوز هاوسەرگیری بکات. لە وێستگەی ئەو شەمەندەفەرەی لە بادواوە بەرەو میلان دەڕۆیشت، دەمەقاڵێیەک کەوتە نێوانیانەوە لەبارەی ئەوەی کە لوز نەیدەویست ڕاستەخۆ بگەڕێتەوە نیشتیمان. کاتێک دەبوو لە وێستگەکەی میلان ماڵئاوایی بکەن، ماچی ماڵئاواییان کرد، بەڵام هێشتا لە دەمەقاڵێکەیان نەبووبوونەوە. پیاوەکە بەو جۆرە ماڵئاواییە دڵتەنگ بوو.

پیاوەکە بە کەشتی لە جەنەواوە بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت. لوزیش گەڕایەوە بۆ پۆردینۆنی[4] تا لەوێ نەخۆشخانەیەک بکاتەوە. ئەو شارۆچکەیە ناوچەیەکی چۆڵ و باراناویی بوو، بەتالیۆنێکی ئاردیتی[5] لەوێ بارگەیان خستبوو. پاش تێپەڕینی زستانی ئەو شارۆچکە باراناوی و قوڕاوییە، لەکاتێکدا هەرگیز لوز پێشتر ئیتاڵییەکی نەناسیبوو بەڵام لەگەڵ ئەفسەرێکی پلە باڵای بەتالیۆنەکەدا خەوت. لە کۆتاییدا نامەیەکی بۆ ئەمریکا نارد، تێیدا نووسیبووی کە ئەو پەیوەندییەی تەنها خۆشەویستییەکی هەرزەکارانە بووە. لوز داوای لێبوردنی لێکرد و دەیشیزانی کە بەدڵنیاییەوە پیاوەکە لێی تێناگات، بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک بتوانێت لێی ببوورێت و بەخشندەبێت. لەم پەیوەندییە چاوەڕواننەکراوەدا، چاوەڕوانبوو لە بەهاردا هاوسەرگیری بکات. وەک هەمیشە پیاوەکەی خۆشدەویست، بەڵام درکی بەوە کردبوو کە ئەوە تەنها پەیوەندییەکی هەرزەکارانە بووە. لە نامەکەدا هیوای خواستبوو کە پیاوەکە کارێکی باشی هەبێت چونکە بە دڵنیاییشەوە متمانەی بە تواناکانی هەبوو. پێیوابوو ئەمەش خێری پێوەیە.

ئەفسەرە پلە باڵاکە لە بەهاردا، لەڕاستیدا هیچ کات هاوسەرگیری لەگەڵ لوز نەکرد. لوزیش هەرگیز وەڵامی ئەو نامەیەی بەدەست نەگەیشت کە بۆ شیکاگۆی ناردبوو. پاش ماوەیەکی کەم پیاوەکە لە کاتی گەڕان بە نێو پاڕکی لینکۆڵندا بە تاکسییەکەوە، لە ڕێگەی کچە فرۆشیاری فرۆشگەی شەقامی بازنەییەوە تووشی نەخۆشی سیلان[6] بوو.

 

پەراوێز

[1] شارێکە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا.
[2]  (Chimney Swift) باڵندەیەکی بچووکە و باڵێکی درێژی باریکی چەماوەی هەیە. ئەم باڵندەیە لە فەرهەنگی باڵندە بە خەنجەرباڵ یان شەمشێرباڵ ناوی هێنراوە، لە دانانی ئەحمەد بەحری، لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن دەزگای ئاراسەوە بڵاوکراوەتەوە.
[3] کڵێسای ئیتاڵییە.
[4] ناوچەیەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا.
[5] هێزێکی تۆقێنەری تایبەت بوون لە سوپای ئیتاڵیادا و لەلایەن هێزەکانی بەرامبەرەوە بە تۆقێنەرترین هێزی جەنگی جیهانی یەکەم ناسرابوون.
[6] نەخۆشییەکە لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *