یەکشەممەی جەژنی پاک بوو و من و خوشکەکەم ‘ئێمی’ لە شیکاگۆ بووین و «جان»ـی هاوڕێمان بۆ خوانی ئێوارە لە ماڵەوە دەعوەتی کردین. هەوا خۆشبوو و ‘جان‘ مێز و کورسی لە حەوشە دانابوون تا لەبەر هەتاو دابنیشین. هەموو لە جێی خۆیان دانیشتن و من یارمەتیم خواست چووم بۆ سەرئاو و لەگەڵ چوونەژوورەوەدا ڕووبەڕووی گەورەترین خراپەکاری ژیانم بوومەوە. کلێنکسی لێ نەبوو، تەنیا ئەم شتە پێچخواردووە، درێژ و ئەستوور.
سیفۆنم ڕاکێشا و شتی ئاماژەبۆکراو کەمێک لەرزی. کەمێک جێگۆڕکێی کرد، بەس ئەوەندە، ئامادە نەبوو بۆ هیچکوێ بڕوات. بۆ چرکەیەک وام بە زەیندا هات بچمە دەرەوە و جێی بهێڵم بۆ ئەوەی کەسێکی تر بە خزمەتی بگات، بەڵام درەنگ بووبوو. بە بەڵگەی ئەوەی کاتێک لە جێ هەستام وەک گەمژەکان بە هەموویانم گوت بۆ کوێ دەڕۆم. «دەبێت بچم بۆ سەرئاو.» هەموو دەیانزانی ئێستا لە کوێم. دەبوو بمگوتبایە بۆ تەلەفۆنکردن دەچم. دەمویست میزێک بکەم و ئاوێک بە دەموچاومدا بکەم، بەڵام تووشم بوو بە تووشی ئەمەوە.
حەوزی سیفۆن پڕ بووبووەوە و من بەڵێنم بە خۆم دا. بەڵێنم دا ئەگەر گۆڕی ون بکات کارێکی چاکەی چاوەڕواننەکراو ئەنجام بدەم. دووبارە سیفۆنم ڕاکێشا و دێوەکە پێچێکی تەمبەڵانەی بە دەوری خۆیدا خوارد. لەژێر لێوەوە گوتم: «بڕۆ ئیتر، هووش! بووو!» ڕووم وەرگێڕا و خۆم بۆ ئەنجامدانی کارە خێرەکە ئامادە کرد، بەڵام کاتێک ئاوڕم دایەوە لە جێی خۆی بوو و سەری لەژێر ئاوە پاکەکەوە دەر دەهێنا.
هەر لەم کاتەدا کەسێک لە دەرگای دا و زراوم تۆقی.
“ئێستا دێم.”
کاتێک منداڵ بووم جارێک دایکم داینیشاندم و بۆی ڕوون کردمەوە کە سکی هەموومان کار دەکات. گوتی: «هەموو، تەنانەت سەرۆککۆمار و ژنەکەیشی.» بە هەمان شێوە ناوی چەند درواسێیەکی هێنا و قەشە و زۆرێک لەو هونەرمەندانەی ڕۆژانە لە تەلەفیزیۆندا دەیانبینم. زانیاریی گشتیم لە بارەی ئەم ڕووداوەوە هەبوو، بەڵام ئامادە نەبووم بەرپرسیارێتیی ئەمە بگرمە ئەستۆ.
“ئێستا دێم.“
ڕاستی بیرم لەوە کردەوە پڕی پێدا بکەم و لە پەنجەرەوە فڕێی بدەمە دەرەوە. ڕاستییەکەی وام بە زەیندا هات، بەڵام «جان» لە نهۆمی عەرزیدا دەژیا و دە- دوازدە کەس چەند مەترێک لەولاتر لە حەوشە دانیشتبوون. دەیانبینی پەنجەرە دەکرێتەوە و شتێک دەکەوێتە سەر زەوی؛ دڵنیابووم هەموو لە جێی خۆیان هەڵدەستان و لە دەوری کۆ دەبوونەوە تا ببینن چ باسە. پاشان منیش بە دوو دەستی پیسەوە لە بەردەمیان ڕاوەستاوم و دەڵێم هیی من نییە. ئیتر بۆچی خۆم عەزێت بدەم و لە پەنجەرەوە فڕێی بدەمە دەرەوە کاتێک کە هیی من نییە؟ هیچ کەس باوەڕم پێ ناکات جگە لە تاوانباری سەرەکی، هیچ چاوەڕوانیش نەبووم بێتە پێشەوە و ددان بە تاوانەکەیدا بنێت. گیرم خواردبوو.
“هەر ئێستا دێمە دەرەوە.”
پەمپی سەرئاوەکەم هەڵگرت و سوودم لە کلکەکەی وەرگرت بۆ پارچەپارچەکردنی، بەردەوام لەبەر خۆمەوە دەمگوت، ئەمە ڕەوا نییە، ئەمە ئیشی من نییە، سیفۆنێکی تر و دیسان نەڕۆیشتە خوارەوە. باوکە دە ئیتر بجووڵی هاوڕێ. کاتێک چاوەڕێی پڕبوونی حەوزی سیفۆنەکە بووم وا بیرم کردەوە باشترە سەرم بشۆم. چڵکن نەبوو، بەڵام دەبوو بۆ مانەوەی زۆرم لە سەرئاو بیانوویەکم هەبێت. بیرم کردەوە، زوو بە، کارێک بکە. ئێستا میوانەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون، من لەو کەسانەم وا لە میوانی دەڕوانن دەرفەتێک بێت بۆ خۆخاڵیکردنەوە و کتێبخوێندنەوە.
“وا دێم. دەستم دەشۆم و دێم.”
سیفۆنێکی ترم ڕاکێشا و هەموو شتێک تەواو بوو. لە شەڕی نەجاتم بوو. دەرگام کردەوە و «جانێت»ـی هاوڕێم بینی. گوتی: «لە کاتی خۆیدا هاتیت.» و من بیرم لەوە کردەوە ئەو کەسەی ئەو شتەی لەوێدا بەجێ هێشتبوو هیچ کێشەی نەبوو، بەڵام بۆ بوو بە کێشەی من؟ بۆ هێندە گرنگ بوو بەلامەوە؟ لەوێدا جێهێڵرابوو تا دەرسێکم دابدات؟ شتێک فێر بووم؟ پەیوەندیی بە جەژنی پاکەوە هەبوو؟ بەو ئاکامە گەیشتم بیر لە هیچ شتێک نەکەمەوە و چوومە حەوشە تا بە دوای گومانلێکراودا بگەڕێم.
سەرچاوە: بالاخرە یە روزی قشنگ حرف میزنم، دیوید سداریس، ترجمە: پیمان خاکسار، نشر چشمە.
زیاتر
دەیڤد ڕەیمۆند سێداریس، نووسەری کورتەچیرۆک، تەنزنووس و پێشکەشکاری بەناوبانگی ڕادیۆیییە لە ئەمەریکا. بە کورتەچیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ناسراوە. چیرۆکەکانی پلارتێگرن و زیاتر لە دەوری بابەتی ژیانی خێزانیی، گەورەبوون لە چینی ناوەند دەسووڕێتەوە. -چیرۆک نێت-