بڕیارمدا فڵچەکانم بشکێنم، قوتوی بۆیەکان بڕژێنمە ئاوەڕۆکەوە، مێزی وێنەکێشان و بۆرد و ستاندەکان لەناو بەرم. ماوەیەکە لە ترسی وێنەکان، شەوان لە خەو ڕادەپەڕم و جەستەم دەکەوێتە لەرزین. دایکم دەیوت “لە هۆڵەکەوە لەبەر وڕێنەی تۆ خەومان لێ حەرام بووە، تا درەنگانی شەو ناخەوین و نوێژی بەیانیمان لەدەست دەچێت.”
دەمویست هیچ شتێک لەبەر چاومدا نەمێنێت، تا ماوەیەکی درێژ، وەک ڕۆشتن بەرەو سەفەرێکی نادیار، نەچمەوە بەلای فڵچە و بۆیەکانمدا.
جگە لەوەش قسەی دایکم پێ نەدەشکا، بەڵام خۆشم دەمزانی وێنەکان، وەک مێروو لە دار توویەکدا، لە ناوەوە دەمخۆن. بۆیەکان، وەک لافاوی سەختی بورکانێک، دەخزانە ناو دەمارەکانم و نەیاندەهێشت خوێن بە ئارامی پێیدا بڕوات. هەندێک شەو لە خەو هەڵدەستام، لە کونی گوێ و لوتمدا، بەدوای فڵچەدا دەگەڕام، دایکم وای دەوت:” شەوان هەڵدەستیت و تا بنی پەنجەت لە لووتتدایە، ئەڵێی دایکە فڵچەکانی منت نەدیووە لەم کون و کەلەبەرانەدا”.
من هەر بەو جلانەی وێنەم دەکێشا، لە ماڵیشدا دەسوڕامەوە، سەرئاوم دەکرد، تەنانەت دەهاتم بۆ نان خواردنیش. باوکم زۆرجار دەیوت:”ڕۆڵە تۆ خۆت بۆیاخ دەکەیت یان کاغەزەکانت”، لەسەر مێزی نان خواردن وای پێ دەوتم.
ئەوان دڵیان نەدەهات ڕێگەم لێ بگرن، لە منداڵیەوە خووم گرتبوو بە وێنەکێشانەوە، دادەنیشتم و هەرچیم بەر دەست کەوتبا وێنەم پێ دەکێشا، دواتر قەڵەم و دەفتەری وێنەیان بۆ کڕیم، چەندین جار لێدانم دەخوارد کاتێک لەسەر دەرگای ئاودەست و دیواری ماڵ و دەرەوە وێنەکانی منیان دەبینی. دار و دیوارم ڕەنگ دەکرد. دواجار خوشک و براکانم، وەک ئەوەی بەزەییان پێمدا بێتەوە، وەک نەخۆش بم و چارەم سەخت بێ، خۆیان یارمەتییان دەدام، دەوەستان، دادەنیشتن، پاڵ دەکەوتن و من وێنەم دەکێشان. دەچوومە حەوشە و قەڵەمەکانم لە دەست و گیرفانمدا بوون، وێنەی دار، گوڵ، مەسینە، خانوو، تاکەپێڵاو، هەرچیم دەبینی، وەک ئەوەی بیکڕم، لێی ورد دەبوومەوە و وێنەم دەکێشا. لە ماڵ و قوتابخانە، هەمیشە دەفتەرێکی تر و قەڵەمێکی ترم هەڵدەگرت. لە تەمەنێکی کەمی قوتابخانەدا، پۆلی سێ یان چوار بووم، ببوومە وێنەکێشێکی ناسراوی قوتابخانەکە. چاوم بە هەرچی دەکەوت، بێ ئەوەی بزانم کات و ساتی خۆیەتی یان نا، دادەنیشتم و وێنەکانم دەکێشا.
دەمزانی هەمووان حەزیان لە وێنەکانی منە، لە ماڵ و قوتابخانەش، لە ماڵەوە کەسێک ڕێگری نەدەکرد، گلەیی و بۆڵەیەک لە ئارادا نەبوو، تەنانەت پاشماوەی قەڵەم و بەرگی دەفتەر و کاغەزی دڕاو لە ماڵەکەدا دەکەوت، بێ دەنگ و گلەییەک هەڵدەگیران و پاک دەکرانەوە، کەسیان حەزیان نەدەکرد دڵی من گەرد بگرێت.
ئێستا ماوەی دوو ساڵێک دەبێت، ماڵەکە چۆڵ بووە، خوشک و براکانم لە ماڵی خۆیاندان، جگە لە دایک و باوکم. من لە قاتی سەرەوەی خانووەکەماندا، ژوورێکم بۆ خۆم گرتووە، وێنەی تێدا دەکێشم، مێز و کورسی و ستاند، قوتوی فڵچە و بۆیەکان، لەسەر ڕەفە ڕیز کراون. هەندێکجار پەنجەرەکە دەکەمەوە، لەکاتی وێنەکێشاندا پەنجەرەیەک دەکەمەوە، سەیری دەرەوە دەکەم، باخچە بچووکەکەمان و هەندێک ماڵە دراوسێکان دەبینم، هەوایەکی فێنک خۆی دەکات بەژووردا، وێنەکانم زووتر وشک دەکەنەوە.
لە منداڵییەوە خەونی ئەوەم هەبووە ڕۆژێکی وا بژیم. ژووری خۆم هەبێت، وێنەی تێدا بکێشم و لە ژوورەکەدا هەڵیان بواسم، سەدانجار وێنەکانی مۆدیگلیانی، ڕامبرانت، ڤان کوخ و بیکاسۆم کێشاوەتەوە، من ئەوانە و زۆری تریش وەک خوداوەندی خۆم سەیر دەکەم، دەمەوێت بەیەکجار کۆی دەست و پەنجە و بیرۆکەی ئەو مەزنانە لەگەڵ خۆمدا تێکەڵ بکەم.
شەوان تا کاتێکی درەنگ، هەندێکجار تا ئەو کاتەی سپێدە دەکەوت، وێنەم دەکێشا، پەنجەکانم ماندوو دەبوون، خۆم ماندوو دەبووم، نەمدەتوانی دەستەکانم بشۆم، جلەکانم دانەدەکەند و خۆم دەدا بەسەر جێ خەوەکەمدا.
چێشتەنگاوی ڕۆژێک لەخەو هەستام، دەستم بۆیەی شەوی ڕابردووی پێوە وشک ببوو. دەمویست بچمە خوارەوە نانی بەیانی بخۆم. لە جێگەکەم هەستام، وێنەی شەوی ڕابردووم ڕووە و پەنجەرەکە وەرچەرخاندبوو، بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە، حەزم دەکرد سەیری کارەکەم بکەمەوە. ستاندەکەم سوڕاند، وەک ئەوەی چنگی شێرێک لە وێنەکەوە دەربچێت، و بیەوێت بمخنکێنێت، هاوارێکم کرد و کشامەوە، جەستەم، وەک ئەوەی بە ڕووتی لە چاڵێکی بەفردا بێت، کەوتە لەرزین، بۆیەکەمین جار گوێم لە لێدانی دڵی خۆم بوو، نەمدەزانی لەوکاتەدا دەکرێت چی بکەم، دانیشم یان ڕا بکەم. لەسەر نووکی پێ، وەک منداڵێک لەو ناوەدا خەوتبێت، تا بەر دەرگا ڕۆشتم، بیرم کەوتەوە، شەوی ڕابردوو وێنەی باپیرم کێشا بوو، ئێستا، چرچ و لۆچەکانی ڕوخساری باپیرم، خەندەیەکی تەڵخ، تۆزێک ڕیشی سپی، کەوتوونەتە سەر ڕوخساری خۆم.
گەڕامەوە لای وێنەکە، دەترسام، قاچەکانم دەلەرزین، بە هەموو هێزی خۆمەوە ستاندەکەم فڕێدا، چوارچێوەکە بەر پەنجەرەکە کەوت، لە خوارەوە دەنگی شکانی شوشە و ستاندەکە دەهات.
دایکم لە حەوشەدا بوو، لە هاوار و قیژەی ئەو بە ئاگا هاتمەوە، بێ ئەوەی لە پەنجەرەکە نزیک بکەومەوە، لە ژوورەکە هاتمە دەرەوە، بەسەر پلیکانەکاندا، وەک بخلیسکێم، گەشتمە خوارەوە، خۆم کرد بە سەرئاوەکەدا. نازانم چەندێک لەوێ مامەوە، بەڵام دەنگی دایکم بوو ئاگاداری کردمەوە، خۆم هەڵکێشا، هاتمە دەرەوە، دەموچاوم شت و هاتمە سەر مێزی نان خواردن.
دەمویست ئارام دەربکەوم، بیانووم بۆ دایکم دەهێنایەوە. دەمووت ماندوو بووم، چاوم، وەک ئەوەی لیمۆی تێگوشرا بێت، چزاوەتەوە. دەمووت بەهەڵە لە جیاتی باپیرم وێنەی خۆم کێشاوە. بیرکردنەوە، وەک ئەوەی بەدەستیك قژم هەڵکەنن، بەرچاوی ڕەش کردبووم. نازانم بەرچایی بەیانیم تەواو کرد یان نا، خۆم کۆ کردەوە، دوشێکم کرد، بێ ئەوەی ئاوڕ لە پارچەی شکاوی پەنجەرە و چوارچێوە و وێنەکان بدەمەوە، ڕۆشتمە دەرەوە.
سێ شەو دواتر، چوومەوە ژوورەکەم، وەک ئەوەی لەسەرەوە شێرێک نوستبێت، نەمدەوێرا لە فڵچە و بۆیەکان نزیک بکەومەوە، وام دەزانی دەستم قووت دەدات. نەمتوانی خۆم بگرم، دەترسام لە سوچێکەوە، شتێک هێرشم بۆ بێنێت، سیحرێک فڵچەکان بکات بە مار.
هەفتەیەکی تر تێپەڕی. دەمویست ترسم لە ئامڕازەکانی وێنەکێشانەکەم بشکێت. دەستم کردەوە بە وێنەکێشان لەسەر کاغەز، لەسەر مقەبا. هەفتەکان دەڕۆشتن و ماوەیەکی خایاند، دووبارە بڕیارم دایەوە لەسەر ستاندەکە، وێنە بکێشم، وێنەی هەرشتێک بەخەیاڵمدا بێت جگە لە مرۆڤ.
ئەو ڕۆژە بیرم کردەوە، دواجار وێنەی کۆترێک، وەک ئەوەی بەزەیی بەخۆیدا بێتەوە، لە خەیاڵمدا جێگیر بوو. بە ئەنقەست دەمەویست ماندوو بم، وێنەیەک بکێشم و هێزم لەبەر ببڕێت، چیتر نەتوانم خۆم بە پێوە بگرم. وێنەی کۆترەکەم تا نیوەی شەو درێژ کردەوە، وەک ئەوەی بمەوێت کە تەواو بوو، کۆترەکە لە شەققەی باڵ بدات، یان بێتە قسە.
وێنەکەم تەواو کرد، وەک تەواوکردنی خانوویەک، ماندووی کردم. دەستکاریم نەکرد، پەنجەرەکانم کردەوە تا زووتر وشک ببێتەوە. دەرگاکەم داخست. هاتمە خوارەوە. بێ خەیاڵ، وەک گورگی دوای هێرشێکی سەرکەوتوو، خۆم کرد بەژێر جێگەکەمدا.
ڕۆژی داهاتوو، ترسام لەوەی کۆترەکە فڕیبێت، لەوەی بەچکەی کردبێت، لەوەی بوبێت بە پڵنگ، چاوەڕوانی هەموو شتێکم دەکرد. چوومەوە ژوورەکەم. هەستم بە عارەقێکی سارد دەکرد بە پشتمدا دێتەخوار، چوومە نزیکی وێنەکە. دڵم تەپەی دەهات، وەک تەپەی دەفێکی شێدار. ستاندەکەم سووڕاند. وێنەکە هەر کۆتر بوو، باڵ و کلک و پەڕ، بە هەردوو دەست دام بەسەری خۆمدا. دانیشتم، عارەقەی لەشم بوو بە لەرز، ترس و لەرز. وێنەی خۆم لەسەر سەری کۆترەکە بوو.
چەند ڕۆژێکی تر تێپەڕین، وەک یەکەمجار نەدەترسام، بەڵام حەزی وێنەکێشان لە ناوەوەمدا لە سەرە مەرگدا بوو. مانگی وێنەیەک، یان دوو وێنەم دەکێشا. وەک ئەوەی ژوورەکە هەوای لێ بڕا بێت، دەچوومە سەرەوە و دەخنکام. هەستم دەکرد دەستەکانم هی خۆم نین. چاوم بە قەرز لەکەسێک وەرگرتووە. پێیەکانم بەلەشی نامۆیەکەوە نوساوە و بێ ویست خۆم بەرەو سەربان دەڕوات، وەک ئەوەی پەتێک لە ملم بکەن و ڕامکێشن، نەمدەتوانی بە پلیکانەکاندا سەرکەوم.
لەگەڵ وێنەی تردا بەختی خۆم تاقی کردەوە. چۆلەکەم دەکێشا، هەموو شتێکی وەک خۆی بوو، تەنها وێنەی من نەبێ، لەجیاتی سەری، سەری خۆم بەپەڕ داپۆشرابوو. وێنەی بەردم دەکێشا، بەیانی دەبوومە وێنەی بەرد. ترسم نەما، وە لێ نیگەرانی لە ناوەوە دەیخواردم. نەمدەتوانی وێنەکان هەڵگرمەوە، تەنها بەلاچاو سەیرم دەکردن. ئەگەر وێنەکە خۆم بام، ئەگەر ڕوخسارم لەسەر لەشی ئەژدیها، ئەسپ، یان قالۆنچەیەک بایە، پێش ئەوەی تەواو سەیری بکەم، دەمدڕاند.
هەر ڕۆژە و دەبووم بە کەسێک یان شتێک، دەبووم بە ڤان کوخ و گوێم بڕا بوو، لە وێنەیەکی ئێدوارد مۆنشدا دەمقیژاند، بەیانییەک ببوم بە مۆنالیزا، ببومە گیتارژەنە پیرەکەی پیکاسۆ.
ساڵێک تێپەڕی و دەستەکانم وەک دەستی کرێکارێک، ڕەق ببوون، دایکوباوکم هەستیان پێ کردبووم، نەیاندەزانی بۆ وەک جاران جلەکانی خۆم پیس ناکەم. بۆ لەسەرەوە ناخەوم. بۆچی شەو درەنگ دەگەڕامەوە بۆ ماڵ. لە نیگایاندا هەستم پێ دەکرد. تا ئەو ڕۆژەی بڕیارمدا فڵچەکانم بشکێنم، بۆیەکان بڕژێنم. ئەو ڕۆژانە، وەک ڕۆژگاری جەنگ، بێدەنگ لە ماڵەوە دانیشتبوون و سەیری ئاگری ئەو وێنە و ئامڕازانەی منیان دەکرد، لە حەوشەکەدا دەسووتان.
شەوێک، وەک شەوی هاتنەوەی تەرمی ئازیزێک، نەمدەتوانی بخەوم. لە ئێوارەوە چوومە ژێر جێگە، بیرم دەکردەوە. دەترسام وێنەی تر بشکێنم، بەڵام لە دڵەوە دەسووتام، حەزم دەکرد فڵچە، قەڵەم، خەڵووز، هەر شتێک بێ دەستی بدەمێ و وێنە بكێشم.
دوای نیوەشەو، وەک شێت، هەستام و ڕامکرد، چوومەوە سەربان، دەرگای ژوورەکەم کردەوە، هێمن بوو وەک گۆڕستان. گڵۆپەکەم داگیرساند. لەو ناوەدا لەتە کاغەزێک و قەڵەمێکم پەیدا کرد. دانیشتم بەرامبەر ئاوێنەیەک و بۆ یەکەمجار وێنەی خۆمم کێشا.
وێنەکەم لەسەر مێزی کارکردن دانا. وەک دزی لە ماڵی ئەفسەرێک بکەم، دەترسام زۆر بمێنمەوە. پەنجەرەی ژوورەکەم کردەوە. خۆم گەیاندە دەرگاکە، گڵۆپەکەم کوژاندەوە، وامدەزانی لە کورەی ئاگردام، خێرا ئەوێم بەجێ هێشت.
دوا نیوەڕۆ لەخەو هەستام، پێش ئەوەی بیر لە هەرشتێکی تر بکەمەوە، ڕامکردەوە سەربان. دەرگاکەم کردەوە، دەستەکانم دەلەرزین. وەک ئەوەی بەسەر هەوردا بڕؤم، بەرەو مێزی کارکردن ڕۆشتم، هەستم دەکرد بەسەر وردە شوشەدا دەڕۆم. ئاوێنە و قەڵەم و هەموو شتەکان لە شوێنی خۆیان بوون، دەستم لە وێنەکە نزیک کردەوە، وەک ئەوەی چزووی پێوە بێ، نەمدەوێرا هەڵیگرم و سەیری بکەم. وەستام، چاوم داخست. هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا. دواجار دەستم خستە سەر وێنەکە، و هەڵـم گرت. بەرزم کردەوە تا ئاستی چاوم، بڕیارم دا بێ ترس سەیری وێنەکەی خۆم بکەم کە کێشاومە. چاوم کردەوە. شەققەی باڵی کۆترێک، ترساندمی، کەوتم بە پشتدا، چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد. کۆترەکە، وەک بیەوێ لە قەفەزی ژوورەکە دەربچێت، باڵەکانی بەیەکدا دەدا و بەسەر سەری مندا دەسوڕایەوە. وادیار بوو دەترسێت، منیشی ترساندبوو، هێشتا لەسەر زەوی کەوتبووم، دەمبینی بەدوای شتێکدا دەگەڕێت. دواجار، بێ ئەوەی سەیری من بکات ، بەرەو پەنجەرەی کراوەی ژوورەکە ڕۆشت، باڵی گرت و لەسەر درەختی حەوشەکە هەڵنیشت.
٢٠١٧