لا ( پێنج چرکە )
خەونی دەبینی، خەونێکی خۆشی دەبینی. لە حەسارەکە دانیشتبوو، سازەکەی لە ناو باوەشدا بوو. پلی بەسەر ژێیەکانیدا دەھێنا. نۆتەکان لە ژێر پەنجەی ھەڵدەپەڕین وەک جلی سەر تەناف بەدەم باوە سەمایان دەکرد. لە پڕ بەفر باری، بەفرێکی زۆر بەسەر سەری دادەباری.
لە قاقای پێکەنینی دا. زۆر دڵخۆش بوو. سازەکەی دانا سەر زەوی و دەستی بە سەما کرد.
دەستەکانی لێک دەکردەوە و بە ھەردوو دەستی چەقەنەی لێ دەدا. بە دەوری خۆی دەسووڕایەوە.
پەنجەکانی مینا پیانۆ ژەنێک کڵوە بەفرەکانی دەژەنی، کە بەسەریدا دەبارین. قژی پەرشووبڵاو دەبوو. تارە ڕەشەکانی وەک پۆلی ڕیشۆڵەی ئاسمانێکی پڕ لە ھەوری سپی بەدەم (با)وە باڵەکانیان لێک دەدا. چاوەکانی دادەخست و زەردەخەنە دەخزایە سەر لێوانی. زۆر دڵخۆش بوو.
سەما… سەما… بێزار نەدەبوو. چاوی بە دەووروبەریدا گێڕا، چ دیمەنێکی سەیر بوو! بەفر تەنیا بەسەر سەری و سازەکەیدا دەباری.
لە ھیچ لایەک بەفر نەبوو. تەنیا خۆی و سازەکەی.
دڵخۆشانە ڕایدەکردە ژوورەوە و بەفرەکە لەگەڵی دەچوو. بەفر وەک نسێ بەدواوەی بوو.
سازەکەی لە حەسار جێھێشت. بەر لەوەی بچێتە ژوورەوە ئاوڕێکی لە سازەکەی داوە، سەیر دەھاتە پێش چاو. لە سازێکی پارچە پارچەبوو دەچوو.
ھەموو خێزانەکەی و چەند ھاوڕێییەکی لە ژوورەوە بوون. سەیریان دەکرد، بەفر بەسەریدا دەباری.
نم نم کڵوەبەفرەکان بەسەر ژێی سازەکە دەبارین. دەنگێک لە گوێیدا دەنگی دەدایەوە. دەنگی ژەنینی سازەکەی بوو، کڵوەبەفرەکان دەیان ژەنی.
دەنگێک، کە لە دەنگی شەپۆلی دەریا دەچوو، دەنگێکی بەرز و وردە وردە نزم دەبووە. دەنگی سازە بەجێماوەکەی، نرکەی غەریبی و بێنازی بوو.
لا ….. سین…. دۆ …. ڕێ … می..فا.صۆڵ
دۆ ( ھەڵوەرینی نۆتەکان )
لە پشت پەردە وەستا بوو، کەمێک ترسی ھەبوو. بە دەستێک سازەکەی گرت بوو، بەدەستێکیش تووند ڕانی چەپی دەگووشی. چاوەڕێ بوو ئاماژەیەکی بدەنێ و بچێتە سەر سەکۆ.
نزیک بوو لەوەی ئاواتی چەند ساڵەی بێتە دی. دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕاھێنان، یەکەم ئەزموونی خۆی نمایش دەکرد.
بانگیان کردە سەر سەکۆ، ئیستێکی کرد و ھەناسەیەکی قوڵی ھەڵمژی. چووە سەر سەکۆ و سەیرێکی ئامادەبووانی کرد. دەنگی چەپڵە چێژی پێ دەبەخشی. زەردەخەنەیەکی کرد، سەری دانەواند و چووە سەر ئەو کورسیەی بەرانبەر ئامادەبووان بۆی داندرابوو.
ئامادەبووان چەپڵەیان لێ دا… ئاوازێکى ژەنى. ئاوازێکی بەچێژی کوردەواری…
دەوای کەمێک ھەستی بە بێھێزی کرد، چاوەکانی خەریک بوو وێنەکانی بەردەمی ون بکەن. پلی لەسەر پەردەکان دەترازا و وردە وردە ھاوسەنگی لەدەست دەدا. نەیدەتوانی بەباشی پەنجەی لە پەردەکان گیر بکات.
پەنجەی لەسەر پەردەی (دۆ) جێما و نەگەیشتەوە پەردەی (سی). غەڵبەغەڵبێک لەنێوان ئامادەبووان پەیدا بوو. لاشەی لەسەر کورسی خزی و بەربووەوە. سازەکەی کەوتە سەر زەوی.
تەق ـ تینگ .. تەق ـ تینگ .. تەق ـ تینگ.. تینگ تینگ
سی (ئاماژەی خەونەکان)
کاتژمێر یازدەی بەیانی بوو لە خەو ھەستا. دەستەکانی لێک کردەوە و باوێشکێکی دا. ڕووە و پەنجەرە تەمگرتووەکە چوو. بەدەستی پەنجەرەکەی پاک کردەوە و سەیری دەرەوەی کرد. باران نم نم دەباری. بەوردی تێی ڕاما، بە پێچەوانەی خەونەکەی ھچ بەفرێک نەباری بوو.
دەم و چاوی شووشت و قەیرێک بەرامبەر ئاوێنە وەستا. زەردەخەنەیکی خۆشیی کەوتە سەر لێوى.
چووە ناندێن و سەری مەنجەڵەکەی ھەڵدایەوە:
“چ خواردنێکی خۆشە! زۆرم برسییە”
دایکی وەڵامی دایەوە:
” لە سەلاجەکە شتێک دەربێنە بیخۆ، تا خواردن پێ دەگا.”
سێوێکی لەسەر مێزی نانخواردن ھەڵگرت و خواردی.
“دایە، دەزانی خەونێکی سەیرم بینی؟”
” بە چییەوە”
خەونەکەی بیر کەوتەوە، خێڕا خۆی گەیاندە کتێبەکان.
لە ناو کتێبەکان، کتێبێکی خەون نامەی دەست دایە.
خەون نامەی ( ابن سیرین). کردیەوە و بە ناو تیپەکاندا گەڕا. تیپی ب .. بەفر.
خوێندییەوە.
موچڕکێکی پێدا ھات. ترسێک گیانی داگرت، بەخۆی دەگوت : “ئەمرۆ دەبێ سەرکەوتوو بم؟ دەتوانم لە بەرامبەر ئەو ھەموو خەڵکە مۆسیقا بژەنم؟ دەبێ چ ڕوو بدا؟”
بە دڕدۆنگی کتێبەکەی لە جێگای خۆی داناوە.
ئاھێکی ھەڵکێشا. “ئااااھ !”
ڕێ ( ئاواتەکان دێنە دی)
ئیمێڵێکی بۆ بنکەی فیستڤاڵی مۆسیقای تاکژەنى نارد. دوو ئاواز کە لە ماڵەوە تۆماری کردبوو. تاکو بتوانێت لەو فیستڤاڵە بەشداربێت.
دوای چەند ڕۆژێک زەنگی مۆبایلەکەی لێی دا:
” بەڵێ”
“بەڕێزت شێنێ خانی”
“بەڵێ، فەرموو”
” ئاوازەکانتمان گوێ لێ گرت، بەڕێزتان بانگێشتکراون بۆ فیستڤاڵی مۆسیقای تاکە کەسی. خۆشحاڵ دەبین بە ئامادە بوونت.”
مۆبایلەکەی داخستەوە و زەردەخەنەیەک کەوتە سەر لێوى. لە زیقەی دا و دەستی بە سەما کرد. دایکی و باوکی بە پڕتاو خۆیان گەیاندە ژوورەکەی.
“شێنێ، چیبووە؟”
لە سەماکردن نەوەستا و دەستی باوکی گرت و خستیە سەما.
“ھەی نار، وەی نار
با وانم یار
ھات و ڕۆی
بە لەنجە و لار “
“قوربانت بم
ئەی بایی شەوێ
خەوبێ لە چاوم من ناکەوێ”
باوەشێکی توندی لە باوکی دا و گوتی:
” باوە، بۆ فیستڤاڵەکە بانگێشت کراوم”
فا ( پشکنین)
کە چاوی کردەوە لە نەخۆشخانە بوو. باوکی کە بینی چاوی کردووتەوە، بەرەو ڕووی چوو و دەستی بەسەری داھێنا و نێوچاوانی ماچ کرد.
دایکی لەبەر دەرگا وەستابوو، شانی دابووە پاڵ کڵێشەی دەرگاکە. تنۆک تنۆک فرمێسک لە چاوانی دەھاتنە خوارێ. فرمێسکەکانی دڵۆپە شەونم بوون لە گەڵا دەخزان، بە ڕووی خاکا دەگەوزان.
ئەوەی ھێزی لێ بڕی بوون، ئەنجامی پشکنینەکان بوو. ئەو میوانە ناوەختەی ھەرگیز چاوەڕوانی ھاتنی نەبوون. شێرپەنجە.. شێرپەنجەیەک کە مۆخەکانی دەکرۆشت. شێرپەنجەیەک کە چڕنووکی لە کەللــەی سەری گیر دەکرد، تا بنە پێیەکانی دادەماڵی. شێرپەنجەیەک، کە وردە وردە دەیتواندەوە. شێرپەنجەیەک کە ئێسکەکانی دەکرۆشت.
دکتۆر بە باوکی گوتبوو:
” شێرپەنجەکەی گەیشتۆتە خاڵی کۆتایی و ھیچ چارەسەرێک نییە. تاکە شتێک بتوانین بیکەین، ئەوەیە بەدەرزی کیمیایی وا بکەین چەند مانگیکی تر بژیت.”
قسە لە قورگی خنکا و نەیدەزانی چی بڵێت، تەنیا سەری بۆ دکتۆر دەلەقان و سەددی لەبەردەم چاوەکانی درووست دەکرد، تا فرمێسکەکان گل بداتەوە و نەڕژێن. قاچی توند لەزەوی گیر دەکرد، تا لە خەمان نەلەرزێن، بۆ ھەواڵی وا نەبەزێن.
دەیزانی بەیانییەک ھەڵدەستێ و تەرمی کچە نازدارەکەی دەخاتە سەر شانی و دەیباتە گۆڕستان.
دەیزانی دەبێ مشتێ خۆڵ لەو چاوانە بکات، کە کانگای ئومێد و ھیوای بوون. ئەو چاوانەی، کە ھەر بەسەرنجدان لێیان، تێردەبووی.
لەگەڵت دەدوان، بێدەنگ .. بێدەنگ.. بێدەنگ..
می ( چەند تاڵ قژی هەڵوەریوو بەشی ژەنینی ژیان ناکا)
کە ھەستا لەخەو و چاوی کردەوە سەیرێکی سەرینەکەی کرد، وەک چەند ڕۆژی پێشوو، دەستی پێداھێنا، مشتێ تاڵە قژی کۆ کردەوە، ھەستا ڕووە و ئاوێنە چوو.
لە لەخۆى ڕوانى ، سەیرکردنێک تەواو جیاواز لە پێشووتر. ئەمجارە بۆ تەقاندنی وردە زیبکەی ڕووخساری نەبوو، ئەمجارە بۆ ڕەشکردنی چاوەکانی و سوورکردنی لێوەکانی نەبوو. ئەمجارە بۆ شانەکردنی پرچی و بەستنی قردێڵەی نەبوو.
ئەمجارە دەیویست تەماشاى دواین تاڵە مووی جێماوی سەری بکات. سەرێکی لوس، ڕوخسارێکی بێ برۆ. پێڵوویەکی بێ برژانگ ، ڕووێکی بێ ڕەنگ. دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک لە چاوانی دەتکا.
چوار چاو ، چوار قەترە فرمێسک، خۆی حەقیقەت و خۆی مەجازی ناو ئاوێنەک.
لە سەری ڕووتی ڕامابوو، وێنەی خۆی دەھاتەوە یاد، کە قژی بەسەر شانی دەھاتە خوار. قامکی بەسەر سەری لووسی دادەھێنا، بەخەیاڵی شانەکردنی ڕۆژانی ڕابردووی.
لە ئاوێنەکە سەرنجی کەوتە سەر سازەکەی، کە لە سوچێکی ژوورەکەی ھەڵواسرابوو. لەخۆی پرسی:
” تابووتێک، چەند سازی لێ دروست دەبێت؟”
نەی توانی بەر لە گریانی بگرێت و لە نرکەی دا.
ڕووە و سازەکە چوو:
“ھەناری مێلاقی بە سەقفی ژوورەکەم، لە تەنیایی شەق دەبەی.” سازەکەی ھێنایە خوارەوە. بە چاوی پڕ لەفرمێسک و بە ھەنسکی گریانەوە، سەیرێکی کرد. دەستی بەسەر ڕوویدا دەھێنا و پەنجەی لە ژێیەکان دەخشاند.
سازەکەی بە ھەردوو دەستی بەرزکردەوە سەر سەری و بە ھەموو تینی بە زەویدا کێشا.
پارچە پارچە بوو.
دەستەکانی لێک کردەوە و بە پەنجەکانی چەقەنەی لێ دەدا. نەرم نەرم بەسەر پارچە شکاوەکانی سازەکەی سەمای دەکرد و بەدەوری خۆی خولی دەدا. لە ماسییەک دەچوو لە حەوزەوە خۆی فڕێدرابێتە وشکانی. ماسییەک سەمای مەرگ بە خرۆشی ھینا بێت.
نوکی تیژی پارچە شکاوەکان لە بنەپێی ڕادەچوون، تنۆک تنۆک خوێنی لێ دەتکا و قەترە قەترە فرمێسک لە چاوانی دەڕژا.
تک.. تک.. تک ..تک..
سۆڵ ( گۆڕێک پڕ دەبێت لە نۆتە)
ھاوڕێکانی لە دەوری گۆڕەکەی کۆ ببوونەوە، ھەریەکەی لەشوێنی خۆی خەریکی نەسف کردنی سازەکەی بوو.
دوای کەمێک یەکێکیان ئاماژەی دا:
“ئامادەن؟ “
“بەڵێ ، بەڵام ئاوازی کام گۆرانی بژەنین؟ “
“ئاواتی ئەوە بوو جارێکی تر پرچی درێژی خۆی ببینێت”
“ئەو پەرچەم و ئەگریجە ھەموو دووژمنی دێنا”
یەک…دوو …س”
ـ لا ڕێ ڕێ/ ڕێ ڕێ ڕێ ڕێ / ڕێ دۆ ڕێ دۆ ڕێ / می ڕێ دۆ|| دووبارە لە سەرەتاوە.
ـ می می ڕێ / ڕێ ڕێ ڕێ سی / دۆ ڕێ دۆ دۆ / می دۆ سی|| دووبارە ئەم بەشە لە سەرەتاوە.
ـ لااا گریانێکی بەکوڵ لااا
ئەم چیرۆکە، خەڵاتی یەکەمی لە فێستیڤاڵی حەبیبەخاتوون 2020 بەدەست هێناوە
پیرۆزە کاک جێگر. پێموایە ئەگەر منیش داوەر بوومایە، نەمدەتوانی ئەم چیرۆکە دڵنەواز د دڵهەژێنە بێ ناز کەم. چێژم برد لە بیر و هیزر و چیرۆکێکی دەوڵەمەند