کەڵەشێری ئاسنین… ئەرسەلان چەڵەبی
یەکەم:
“هەی ڕۆ، ڕۆڵە ڕۆ، باشە بە کوێدا ڕۆیشتی و بە کوێدا مەیتت هاتەوە سەر کۆشم؟ ڕۆڵە چەندەم پێ گوتی ڕەگەڵ کتێبان مەکەوە، قەت مەیمەنەتیان باش نەبووە ئەو سەگبابخێوانە، سەرشین خۆم ڕۆڵە، خەجاڵەتت خۆم ڕۆڵە، ڕۆڵە جەرگم ڕەش هەڵگەڕا، ڕۆڵە ڕۆ، دا کوا، دا ئەو تارا سوورەم دەنێ با بە مەیتەکەی دادەم، با لاچاوانی بسڕم، هەرتک چاوی دایکت کوێر بێ ڕۆڵە، دایکت بمرێ ڕۆڵە، بریا من لە جیات تۆ بام، بریا بە بریای ئەو خودایە، هۆۆۆۆۆ وەرەن دەی توخوا وەرن، وەرن و ئەو تارا سوورەی بێنن، با بە لاجانگی دادەم، با نێوچاوانی بسڕم ئێستاکەش هەر تەڕە، ڕۆڵە خەجاڵەتی ئارەقی نێوچاوانت خۆم ڕۆڵە، ڕۆڵە ڕۆ!”
مەلاژنە ئێران بەردەوام بوو لە خۆ ڕنین و شین و گریان، لە حەوشەی مزگەوتێ لە سەر چۆکان دانیشتبوو و بە دیار مەیتی کوڕەکەیەوە دەهاتەوە شین لە هەناوی، کۆمەڵێک پیاو هاتبوون مەیتی کوڕەکەی مەلاژنە ئێران دەست دەنێ و بیبەنە مردووشۆرەکە، مەلاژنە ئێران نەیدەهێشت، دەیگوت:
” بۆ کوێی دەبەن؟ بۆ کوێی دەبەن ئەو نەونەمامەی من؟ دەک هەرتک چاوی دایکت کوێر بێ ڕۆڵە.”
لە بن دەرکەی مزگەوتێ وەستابووم ، مردووشۆرەکە بە تەنیشت توالێتەکانەوە بوو، دەرگاکەی کرابۆوە، حەشاماتێکی سەیر کۆ ببوونەوە، چاوم لە کاتژمێرەکەم کرد، خێرایەکی خۆم دزییەوە، دەبوو ڕۆشتبام، مزگەوتەم جێ هێشت، ماتۆڕەکەم هەڵکرد و یەکسەر بەرەو قاوەخانە چووم. کە گەیشتمە ناو قاوەخانە چۆڵ و هۆڵ بوو. سەیعەتای قاوەچی بە تەنیا لە سەر کورسییەکەی بە تەنیشت سەماوەرەکانییەوە دانیشتبوو. کە منی دی هەستایە سەر پێ و گوتی:
“کوڕە میرزاحەیدەر مان نەما، دەک چەند دڵتەزێن بوو؟ ماتۆڕەکەت پێیە سەیدەوان؟”
سەی عەتا پرسیارەکەی و قسەکەی بە تەواوی نەکردبوو، هێشتا زمانم بە تەواوی نەگەڕابوو چایەکی لە بەر دەمم دانا و گەڕاوە پشت سەماوەرەکانی. چایەم هەتا نیوە هەڵقوڕاند و ڕووم بۆ سەی عەتا وەرگێڕاوە و گوتم:
” بەڵێ ماتۆڕەم پێیە، خێرە سەیی گیان؟ ئەزقەزا ئێستا پەرژینێکی قایم بێ دوول لە ڕووت هەتا دەسبەئاوی مزگەوتێ چووم، لەوێ مەلاژنم دی بە سەر تەرمی میرزا حەیدەرەوە دەڵاڵاوە، تازەیان تەرمەکەی لە نەخۆشخانە هێنابۆوە مزگەوت. تەواو سڕ و کاس ببووم. وەک خەون دەچوو ئەو مزگەوتە!”
سەی عەتا خێرا خێرا دەسرەیەکی بە ناوچاوانی دادێنا و ئاخ و داخانی هەڵدەکێشا! پاش چەند خولەکێک سەماوەرەکانی کووژاندەوە و گوتی:
“ئەوە قاوەخانەکەی دادەخەم، با بە ماتۆڕەکەی تۆ بڕۆین بۆ قەبران و لە کفن و دفنیدا بەشدار بین، دە هەستە هەڵیکە بەقوربانت بم درەنگە.”
دووهەم:
کەڕەی بەیانی هەڵدەستا و دەچووە حەوشە، دۆخینی هەڵکردنی سێتەگەرییەکەی لە نزیک جێکەوشەکان هەڵدەگرت و دەچووە زگ ماتۆڕی سێتەگەرییەکەی، دۆخینەی تێدەهاڵاند و چەند دەور وەک دۆخینی پانتۆڵی کوردی لە ناو قەدی ماتۆڕەکەی توند دەکرد و بە هەموو هێزی دەیخولاندەوە و پاش چەن دەور هەڵیدەکرد. تڕەتڕ و تسەتس و تەقەتەقی سەرەتای وەکارکەوتنی سێتەگەرییەکەی سەیلوقمان ڕێک گەڕەکەماڵێکی وەخەبەر دێنا. سەیجەعفەری عەترفرۆش ناوی نابوو:
“کەڵەشێری ئاسنین”
سەیلوقمان لە پاش هەڵکردنی سێتەگەرییەکەی دەچووە دەست بەئاو و پاش تاوێکی دەچووە هاڵەکە و چاوەڕوان دەبوو ژنەکەی پاروور نانێکی بداتێ و سێتەگەرییەکەی لێ خوڕێ بۆ شوێن و مەکانی.
خێزانی سەیجەعفەر هەموو دەم بۆڵەی دەهات، دەیگوت هەموو کەڕەی بەیانیان سەیلوقمان بە زەڕە زەڕی ئەو سێتەگەرییە هەم ئێمە و هەم گەڕەکیشی لێ هەراسان کردووین. خێزانی هەموو جارێک دەیگوت:
«ئەوەتا ئەو داشقەشکاوەی کڕیوە خەو و ئیسراحەتمان نەماوە. بە ناشکوری نەبێ لای ئەو خودایە، هەی گوو بە تمەنەکانیش وا پێی پەیدا دەبێت.”
سەیلوقمان زۆر گوێی لە بۆڵەبۆڵی خێزانی نەبوو. ناشتای دەخوراد و سێتەگەرییەکەی لێ دەخوڕی بۆ قەراغ شاری، لە سەر جادەکەی بیمارستان و گۆڕستان بەرانبەر دەرگاکانیان کەپرێکی بە چەند دار و تێڵا ساز کردبوو و دەورووبەری هەموو بە تەلیس داپۆشیبوو. سەیلوقمان سێتەگەرییەکەی لە تەنیشت کەپرەکە ڕادەگرت و هەر هەموو کەل و پەلەکانی ناو سێتەگرییەکەی دەگواستەوە بۆ ناو کەپرەکە. بە سندووقی میوە چەند کورسی و مێزی سازی کردبوو. هەر لە ئاوی میوە و کۆلا و پۆفەکەوە بگرە تا دەگاتە شیرینی و خورما و سیگار و هتد! مشتەرییەکانی سەیلوقمان یان لە گۆڕستانەوە دەهاتن یان لە نەخۆشخانە! سەیلوقمان ماوەی ساڵێک دەبوو لە قەراغ جادە ئیسفاڵتەکە دووکان و دەستەکی خۆی کردبۆوە. جگە لە ڕۆژانی شەممە کە دەچووە بازاڕی حەیوانان، ڕۆژەکانی دی لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لە بن کەپرەکەی بە دیار سێتەگەرییەکەی بۆی دادەنیشت و خەریکی کار و کاسبی خۆی بوو.
سێهەم:
زۆر جاران بە تەنیا دەمدی، کەم وا هەبوو لەگەڵ کەس بێت. لە قاوەخانەکە لە گۆشەیەک دادەنیشت و مەرحەبایی هەموو دۆست و ناسیاوێکی دەکرد، سڵاوی پێش سڵاوی هەموان دەکەوت، چاکەی دەخواردە و مت دادەنیشت. جانتایەکی پێ بوو و جار جار کتێبێکی لێ دەردێنا و چاوێکی لێ دەکرد و دیسان دەیخستەوە ناو جانتاکەی. هەموو دەم پاش ئەو کارەی هەرتک دەستی خۆی بە سەر و چاوی دادێنا و تاوێکی لە بن خۆوە ورتە ورتی بوو. خێرا خێرا چاوی لە دەرەوە و سەر شەقامەکە بوو.
” ئەوەش بابۆڵەی میرزا حەیدەر، فەرموو میرزا گیان، نۆکەرتم.”
ئەوە سەیعەتای قاوەچی بوو وای گوتبوو، چایەکیشی بە دەستەوە بوو، ڕاست هێنایە بەر دەمی من و داینا و گوتی:
“سەیدەوان گیان سیگاریشت دەوێ؟”
دوو دەنکم وینستۆن لە سەیعەتا هەستاند، یەکیانم داگیرساند و چاوم دەگێڕا بۆ حەیدەر، دیسان کتێبەکەی درێنابوو، بابۆڵەکەی لە سەر کۆشی دانابوو، کتێبەکەی لە وەسەتەوە کردبۆوە و کۆمەڵیک کاغەز و نەقشەی لە ناوەوە دابوو. هەمووی دوو کورسی لێی دوور بووم، جار جارە نەقشەکەی دەکردەوە هەموو سەر و چاوانی دادەپۆشی. ورد ورد چاوی بە ناو نەقشەکە دا دەگێڕا و جار جاریش چاوێکی لە ناو کتێبەکە دەکردەوە. حەیدەر بابۆڵەکەی بۆ لای دەمی برد و بە قەپاڵێک نیوەی کردبوو. سەیعەتا هاتبووە بن حەیدەر و لێی پرسی:
“میرزاحەیدەر گیان خەبەراتی قەڵا؟ دەنگ و باس؟ لێ نەبوویەوە؟”
حەیدەر بابۆڵەکەی لە سەر جانتاکەی دانا و هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:
“بەخودای سەیی گیان خۆ هیچیان نەهێشتۆتەوە، بێسێحەبن بێسێحەب! بە داخەوە.”
سەیعەتا هەودای مشت و مڕەکەی لە حەیدەر هەستاندەوە و گوتی:
“بەخوا میرزاحەیدەر گیان هەموویان کردنە وێرانە، ئەو ساڵە چی خشتی تەڵای ئەو قەڵایچییە بوو لە دیوارانیان دەرێنا و بە تاڵان بردیانن بۆ عەجەمستانێ!”
دوو قومم لە چایە دابوو و سیگارم نیوە نەببوو، حەیدەر بابۆڵەی خواردبوو، هەستابوویە سەر پێ و پووڵی دەدا بە سەیعەتای، هات و بەلاما تێپەڕی و لێی دا ڕۆیشت، حەیدەر پاڵی وە چل ساڵەوە نابوو، کوڕە گەورەی مامۆستای مزگەوتی گەڕەکمان بوو، سەر و سمێڵێکی مەخمەری هێشتبۆوە بە قژێکی ماش و برینجی، هەڵیدابۆوە بۆ سەرێ، هەموو دەم جل و بەرگێکی خاوێن و ڕێک و پێکی لەبەردابوو، لە پاش چوونە دەرەوەی حەیدەر، سەیجەعفەر وەژوور کەوت، سەیعەتا ڕووی تێکردک و گوتی:
“میرزا حەیدەر لە ئاوی شەوێ پارێز دەکا، بۆوەی دەبێ پیاو سەر و ماڵی پێ بسپێرێ، بە خودا دەڵیی مەلایکەیە هێندە ئارام و لەسەرەخۆیە، مرۆڤێکی دڵسۆزی مێژوو و ئاسەواری ئەو وڵاتە بێسێحەبەمانە، شەو و ڕۆژێ مشووریان دەخوا و فیکر و زیکری بۆتە ئەو ئاسەوارانە.”
لەوێ بوو سەیجەعفەری عەترفرۆش هەڵیدایە و گوتی:
“وەڵڵاهی بۆخۆی چاک نازانم، بەڵام فڕکە فڕکی ئەو ماتۆڕەی شەو و ڕۆژان لە بن گوێمان دایە و هیچ ئارامشێکمان نییە. ماڵتە هی ئەوەش نییە بیگۆڕێ و دانەیەک تازە بکرێت. یاماها شکاوێکی کۆنە، بیست و چوار ساعەتەی خودا ئەو بەر و دووکان و بەر ماڵەی خۆشیانی بەو ماتۆڕە قۆڕازەوە پیس و چەپەڵ کردووە. خۆ ئەگەر هەڵیدەکا دەڵیی تەراکتۆر لێدەخوڕێ؛ لێمان بۆتە بەشەرێکیش کە خوا و پێغەمبەرەکەش نایناسێتەوە. کەس نازانێ لە چ دەسووڕێتەوە و چی بە دمەوەیە! جا با تەقەتەقی سێتەگرییەکەی سەی لوقمانیش بمێنێ. بۆ بەدبەختی من ماڵەکەم بە پشت ماڵیەوەیەتی و ماڵی مامۆستاش ڕێک بەرانبەرم!”
سەیجەعفەر جیران دووکانی سەیعەتا بوو، سەیجەعفەر هەموو دەم لە کورسی نزیک سەماوەرەکان دادەنیشت. قەت وا نەبووە جارێک بیبینم کە دێتە ناو قاوەخانە شتێک بە سەیعەتا بڵێ، کە دێ و دادەنیشێ بە بێ ئەوەی هیچ بڵێ سیگارێک دادەگیرسێنێ و پاش ماوەیەک سەیعەتا بە کاو و خۆ هێلکەوڕۆنێکی بۆ ساز دەکا و لەبەر دەمی دادەنێ. سەیجەعفەر هەمیشە دەیگوت:
“سەیرە سەیر، ئەو ژنەم بەیانیان ئەو هەمووە شتە خۆشەم بۆ لە سەر سفرەی دادەنێ مەیلم بۆ هیچیان ناچێ، هەتا نەیەمە دووکان و تۆزێ عەتر لە خۆم نەدەم و نەیەمە قاوەخانەکە و گوێم وە دەنگی زیرەک نەکەوێ و بۆن و بەرامەی ئەو دووکەڵە سیگار و چایەم بە سەر دانەیات، ئیشتیام بۆ هیچ ناچێ. ئەوجار دوای وی، لەو ساعەت نۆ و نیو و دەی بەیانییە دا بێیە زگ سەیعەتا و خۆ تێر کەی.”
کە قاوەخانە چۆڵ دەبوو، مشت و مڕی ئەو دوو سەییە هەموو قاوەخانەکەی قانگ دەدا. پاش تاوێکی خۆم قوتار کرد و چوومەوە دەر. خەریکی هەندیل لێدان بووم لە ناکاوا حەیدەر بە ماتۆڕەکەیەوە فڕک و تیژ بە بن گوێما تێپەڕ بوو. ماتۆڕەی خۆم وەگەڕ خست و شوێنی کەوتم.
حەیدەر بە قەراغ شەقامێکا نەرم بەرەو قەراغ شاری دەڕۆی. گۆڕستانی قەراغ شاریشی تێپەڕ کرد. با بە بڕە تۆزێکی پاییزییەوە عەینەکە ڕەشەکەمی تەواو خۆڵاوی کردبوو. حەیدەرم وەک نوختە دەهاتە بەر چاو، یەکجار دوور ببۆوە. نزیک گوندی “گۆل” ببۆوە. ماتۆڕەم خستە دەندە سێ و پاش تاوێکی چوومە چوار و خۆم گەیاندە حەیدەری. هەرتکمان گەیبووینە ناو گوندی گۆل. بڕیارم دابوو، دەبوو من بزانم حەیدەر هەموو ڕۆژێک دەچێتە کوێ؟ وەستابووم قومە ئاوێک بخۆمەوە، حەیدەر گۆلی جێ هێشتبوو بە هەورازێکدا چووە پشت تەپکێکی و پاش تاوێکی گەییە گوندی “تورکماکەندی“. بە هێواشی دوای کەوتمەوە و لە کۆتاییدا مەقسەدی حەیدەرم پێ زانی. بە سەر قەڵاکەی گوندی “قەڵایچی” یەوە ماتۆڕەکەی ڕاگرتبوو و خەریک بوو بە ناو قەڵا وێرانەکەدا دەخولایەوە و لە دوورەوە چاوی لە ناو شاری بۆکان دەکرد.
بە بن نسێی دارێکەوە خۆم و ماتۆڕم باداوە بەرەو شار. ئێوارە بەسەرداهاتبوو. شەوێ لە ماڵەوە کاتژمێر یازدە گوێم بە دەنگی ماتۆڕەکەی حەیدەر بزووت و لە پەنجەرەی ماڵەوە بۆ کۆڵانم ڕوانی. حەیدەر تازە دەگەیشتەوە ماڵ و ماتۆڕەکەی دەبردە حەوشە.
چوارەم:
“مامۆستا، مامۆستا بەخەبەری؟”
چ بووە ئەوە، چ باسە؟ بانگی داوە؟
“ناوەڵڵا هیشتا ساعەتێکی ماوە بۆ بانگ، هەستام ئاو بخۆمەوە دیم دەرگای ژووری حەیدەر کراوەتەوە و خۆشی لەوێ نەبوو، هەموو ئەو ماڵەی لێ گەڕام بۆم نەدیتراوە. ماتۆڕەکەشی لە حەوشە نییە.”
مامۆستا لە پاش سڵا و سڵاواتان مەلاژنی جێ هێشت و چووە دەزبەئاوێ و دەزنوێژی هەڵگرت و هاتەوە ژوورێ، چووە ژووری حەیدەر و هەموو کون و کەلەبەرێکی گەڕا و پاش تاوێکی هاتەوە دەر و دەرگای ژووری حەیدەری قوفڵ کرد و چووە هاڵەکە و لە نزیک مەلاژن دانیشت. خەریکی بەستنی پێچوکوڵاوەکەی بوو. ڕووی لە مەلاژن کرد و گوتی:
“باشە دوێشەو کەی هاتەوە؟”
مەلاژن زوو هەڵیدایە و گوتی:
“وەڵڵا درەنگدانێکی شەو بوو، نزیک دوازدە ببۆوە. هەستم پێ کرد، چووە ئاشپەزخانەکە و ئاوی خواردەوە و پاشان چووەوە ناو ژوورەکەی.”
“ئەی چووە بۆ کوێ؟ دیسان کەتنێکی ترمان بۆ نەنێتەوە باشە! خوایە پەنا بۆ روحم و ڕەحمەتی خۆت. خوایە لە گوناهی خۆش بە و دەستی لوتف و بەزەییتی بەسەر دابێنە هەتا هەم خۆی و هەم ئێمەش لەو عەزاب و گرفتارییەی ڕزگار بین. خوایە خۆ من ئەوەتەی فامم کردووەتەوە هەر تاعەت و عیبادەتی تۆم کردووە، سەرم چووبا نوێژم نەدەچوو، ئەوە پەنجا ساڵە پێشنوێژی مزگەوتانم، لەو گوندەی بۆ ئەو گوندەی، لەو شارەی بۆ ئەو شارەی و گەڕەکا و گەڕەک هەر فکر و زیکر و هۆشم تۆ بووی بە سەدەقەی ماڵ و مەنزڵت بم! خوایە بۆ خاتری ئەو پێغەمبەرە نازدارە روحممان پێ بکە، بەڵکوو حەیدەر بەر شەفاحەتی کەوێ و هۆش و فکری بێتەوە سەر خۆی، لەونی لێ گۆڕدراوە ئەو کوڕەی من. خۆ وانەبوو، نازانم ئەو فیعلە قۆڕە چ بوو وەدووی کەوت!”
مەلاژن چایەکی لەبەر دەم مامۆستا دانا و گوتی:
“چەندەم پێ گوتی مەهێڵە ئەو کوڕە ئەوەندە هاتوچۆی ڕەفیقان بکا. ئەگەر جوابت نەداباوە و ژنت بۆ هێنابا ئێستا بۆخۆی خافڵابوو، ئەو کوڕە وانەبوو، نوێژ و ڕۆژووی خۆی دەکرد و هەمیشەش لە جەماعەتەکان لەگەڵ خەڵکی لە مزگەوتێ بوو، سەری بە کار و کاسبی خۆیەوە بوو، نازانم ئەو کوڕەم بوای لێهات. هەمووی خەتای تۆیە، باشە ئەمن کوێرم و بە ناشکوری نەبێ هەڕەی لە بڕەی کتێبان ناکەمەوە، ئەتۆ خۆ مەلای و سەوادت هەیە. جارێکی بچۆ چاوێک لەو کتێبانەی بکە بزانە چی خوێندووەتەوە؟! کتێبەکان چن؟ خۆ تۆ پەنجا ساڵە مەلای هەر هێندەی جانتاکەی حەیدەرت کتێب هەیە. دیوی ئەو هەتیوە پڕە لە کتێب. خۆ لەو ئاخرانەیدا هەر لەو ژوورەی خۆی بە دیار ئەو کتێبە سەرشینانەوە حەبس کردبوو. خۆ ماوەیەکی زۆری هەر بۆ خواردن و گوو و میزەکەی دەهاتە دەر، دەنا لەوێ جووڵەی نەدەکرد. دەرێش چووبا هەر دەچووە ئەو گوندە کاول بووەی، نازانم چی دەست دەکەوێ لەوێ!”
مامۆستا بە بێ ئەوەی وەڵامی مەلاژن بداتەوە هەستایە سەر پێ و پشتێنەکەی بەست و ڕووی لە دەرێ کرد و دەرگای حەوشەی بە توندی پێوە دا، هێشتا خۆر سەری نەهێنابووە دەرەوە، پاش تێپەڕ کردنی چەند کۆڵانان گەیشتە مزگەوت و ڕووی لە ژووری نوێژی مزگەوت کرد. چرایانی هەڵکرد و دەرگای کومێدی بڵیندگۆیانی کردەوە و نەوارێکی زیکر و سڵاواتانی تاو دایە و سەر زەبتەکەی هاویشت و هەڵیکرد.
چوار و نیو:
سەر لە بەیانی بە دەنگی سەڵا و سڵاواتی مزگەوتی گەڕەک خەبەرم بۆوە. هەرچیم کرد خەوم لێ نەکەوتەوە، تەقەتەقی سێتەگەرییەکەی سەی لوقمان ئەو کۆڵانەی کردبووە ڕۆژی قیامەت، وەخت بوو بە دووکەڵە گازۆڵی بخنکێم، خێرایەکی لە ناو کۆڵاندا خۆم قوتار کردە قاوەخانەکە، سەیعەتا و سەیجەعفەر لەوێ دانیشتبوون. هەر کە منیان دی سەی جەعفەر هەڵیدایە و گوتی:
“ئەوەتا ئەوە ماتۆڕسەوارێکی تریش، ئەو گەڕەکە لە بەر فڕکەی ماتۆڕ و سێتەگەری ئیسراحەتی نییە، کوڕە خۆ دوێشەو ئەو کوڕەی مامۆستا هەر ڕەسمەن گامانی، وەڵڵاهی ساعەت لە دووی نیوەشەو ئاودیوو ببووینەوە فڕکەی ماتۆڕی دەهات بۆ بن گوێم، کە لە پەنجەرەوە ڕوانیم، تومەز حەیدەرە دیسان، بەو نیوەشەوەی ماتۆڕەی لە حەوشە دەردێنا و دەچووە دەرەوە!”
پێنجەم:
تیشکی خۆری بەرەبەیان بە سەر قەڵای قەڵایچییەوە خۆی هاویشتبووە ناو ئاوێنەی لای چەپی ماتۆڕەکەی حەیدەرەوە، حەیدەر بە سەر لادیوارێکی نزمەوە ڕاوەستابوو و لە ناو شاری بۆکانی دەڕوانی. بە تەنیشت ماتۆڕەکەیەوە ئاورێکی بچووکی کردبۆوە و کتریە ڕەشێکی لەسەر دانابوو. پاش چایی خواردنەوە و هەڵدانەوەی کتێب و دەفتەر و دەستەکی کاتژمێر لە دەی سەر لە بەیانی نزیک ببۆوە. حەیدەر لەو ماوەدا جار جارە ئاوڕێکی بۆ بەری گوندەکە دەداوە و بە دزییەوە چاوی لە ماشێنێک دەکرد کە لە نزیک گوندەکە ڕایگرتبوو. حەیدەر هەستایە سەر پێ و خۆی تەکاند، کەل و پەلەکەی پێچایەوە و لە ناو جانتاکەی هاویشت و ماتۆڕەی گاز دایە بەرەو لێژێکی و تێهەڵبۆوە بۆ خوارێ هەتا گوندی “تورکماکەندی” نەوێستا. لەوێ لە بن نسێی دارێک ڕایگرت و دیسان ئاوڕیکی بۆ پاشەوە داوە، ماشێنەش بە شوێنیدا هاتبوو. حەیدەر قومە ئاوێکی خواردەوە و جانتاکەی لە شان بەستەوە و هەندیلەی ماتۆڕی لێداوە. گۆلی ڕەت کردبوو و کەوتبووە سەر جادە ئیسفاڵتەکە بەرەو بۆکان. گازی دابوویێ، بە کەس نەدەوەستا، نزیک شار ببۆوە، خێرا خێرا چاوی لە ئاوێنەی لای چەپی دەکرد و گەر ماشێن نەهاتبا وەپێش چی ماشێن و ماتۆڕە دەکەوت. خێراییەکەی گەیبووە نزیک سەد و بیست ک.م لە کاتژمێرێکدا. حەیدەر لە ناکاوێکا ماتۆڕەکە لە کەندێکی قەراغ ئیسفاڵتەکە دەدا و ماتۆڕە و حەیدەر بە سەر تگەرانەوە بە جووت باڵیان گرت و چەن مەتر ئەولاتر فڕێ هەڵدرانە قەراغ جادە و وەبەر کەپرێک و سێ تگەرییەک کەوتن. کەپرە لایەکی وەلایەک کەوت و شڕ و وێران ببوو. سێ تەگەرییەکە لە ئاست خۆی جووڵەی نەکردبوو. تگەری پێشەوەی ماتۆڕەکە لە پێشەوەی سێتەگەرییەکە چەقابوو و خوێنێکی خەست بە زنجیری ماتۆڕی سێ تگەرییەکەوە دڵۆپ دڵۆپ دەتکایە سەر تگەری پێشەوەی سێ تەگەرییەکە. خوێن بەو تگەرە ڕەشەدا هێڵی بەستبوو بۆ خوارێ لە ناو خۆڵ و چەند دەنکە خورما و کۆمەڵیک زبڵی بنێشت و شوکولات و پێپسییەکی قووپاو تێکەڵ ببوون. خوێن جۆگەلەی بەستبوو بۆ قەراغ جادەکە، ڕەهیڵەی خوێن چەند مەتر ئەولاتر بە بن چۆکی سەی لوقمانەوە وەستابوو. هەرتک دەستانی بە تەپڵی سەریەوە نابوو و خەریک بوو لە تەرمی کەپر و ماتۆڕ و حەیدەری دەڕوانی.
ههموو شتێك لهپڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر
باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…