گازندەکەی خەنجەرم.. جەلادەت عەلی بەدرخان

بە ئوستادی هیژا و خۆشەویستم، تۆفیق وەهبی پێشکەشە.

دەمێک بوو تەماشام نەکردبوو، لەلای سەرووی کتێبخانەکەم؛ لە گۆشەیەکی تاریک و تۆزاویدا، تەنیشتاوتەنیشت ھەڵواسرابوو، نازانم، زۆر لەمێژ بوو هەڵم نەگرتبوو. چی ببینم، جاڵجاڵۆکەکانی ژوورەکەم، بەجارێک تەونی خۆیان بەسەردا ڕستووە، لەسەرەوە لێی ورددەبنەوە، جارنانیش شۆڕدەبنەوە و بەسەر دەسکەکەیدا ئاموشۆ دەکەن، شوێنپێی خۆیان جێ دەهێڵن و ڕووەو هێلینکەکانیان ھەڵدەکشێن.

چەند ڕۆژێک بوو قەڵەمەکەم کول بووبوو، پێویست بوو تیژی بکەمەوە، قەیرێک لە چەقۆ بچووکەکەم گەڕام، لێ نەمدۆزییەوە، سەیرێکی دەوروبەری خۆمم کرد، لە شتێک دەگەڕام بۆئەوەی قەڵەمەکەمی پێ تیژ بکەمەوە، چاوم بە خەنجەرەکە کەوت، هەستام و چووم بیهێنم، کاتێک دەستم بۆی درێژکرد، وەک بڵێی جاڵجاڵۆکەکان کە دەوریان لە خەنجەرەکە دابوو، هەست بکەن غەوارەیێک دەبین، قاچە قرژاڵییەکانیان بۆ لای سەریان کشاندنەوە و هەریەکەو بەرەو لایەک بازی دا.

 بەتۆپزی خەنجەرە ژەنگرتووەکەم لە کالانەکەدا دەرھێنا و دەنگێکی ناخۆشی لێوە ھات، سەری بۆ تیژکردنەوە و ھەڵخوراندن دەئێشا؛ بە ئەندازەیەک ژەنگی ھەڵێنابوو کاتێک خستمە نێو کاغەزێک و کەمێک سووڕاندم؛ تۆزێکی زێڕینی لێی هەڵدەوەری. خەنجەرەکەم لە نووکی قەڵەمەکە خشاند، نە دەیگرت و نە دەیبڕی، لە دەستمدا گیری دەخوارد، دیاربوو کە نایەوێ بەمشێوەیە کۆمەکم بکات، خەنجەرەکەم ھێنایە بەردەمم و لێی ڕامام. ژەنگەکەی بە نیوە بووبوو و بە سوورێکی کاڵ دەبریقایەوە، ھێدی ھێدی ڕەنگی دەگۆڕا و بوو بە سوورێکی تۆخ و خوێنین، ئەودەم حاڵی بووم کە خەنجەرەکەم لێم زویرە و دەیەوێ گلەیی و گازندەم لێ بکات، سەرلەنێو ھێنامەوە نێو دەستم و پێم گوت:

خێرە خەنجەری دەلال، قەت ناشێت لێم زویر بووبیت؟ باشە من چیم کردووە تۆ وەھا لە شەڕی؟

خەنجەرەکەم کەوتە قسە، بە دەنگێکی پۆڵایین و

بە زمانێکی قەڵس و زاڵمانە گوتی:

بۆ نا، بەڵێ لێت زویرم، چۆن زویر نەبم، تۆ منت فڕێداوەتە نێو کتێب و کاغەزان، منت کردۆتە ھاوڕێی پوش و پەڵاش، و ھاودەمی جاو و پەڕۆی نێو زبڵخانان. نە لێم دەپرسی و نە دێیت تەماشایێکم بکەیت، ڕاستە تا ئێستە دەنگم نەکردبوو، بەڵام خۆمم وەکوو بێکەس و قەلەندەرێک دەھاتە بەرچاوان. بۆیە لەمە زیاتر نەمتوانی ئۆقرە بگرم، بەڵێ نەمتوانی، چونکە دەتەوێ من بێنیتە ڕێزی ئاسنی سۆلینگنی و قەڵەمی خۆتم پێ تیژ بکەیتەوە، دواتریش بڕۆیت پەڕی کتێبەکانت ھەڵدەیەوە. دیارە تۆ دەتەوێ باری کەران، دانێیتە سەر پشتی شێران.

من پۆڵای ڕەسەنم و ئاسنبڕم؛ باووباپیرانی تۆ منیان لە پەراسوواندا دادەچەقاند، پیاو و چەلەنگ و مێرخاسان منیان بە گۆشت و دڵ و جگەر بەخێو دەکرد، تۆیش تەماتە بە دار و لک و پەلکان بمژێنیت، وەکوو کەرێک کە ئالیکی ھەر لە زل و کایە، چێشت و ژەمی منیش ھەر ئەمە بێت، بھێڵە بە برسیێتی بمێنمەوە زۆر چاکترە. بزانە من چوارپێی گیاخۆر نیم، بەڵکوو شێری گۆشتخۆرم.

بەڵێ من خەنجەری دوبان و سنگی پۆڵایینم، بەڵام تۆ فڕێت داومەتە نێو کاغەزی ڕەش و بەڵەک، کە ھیچ کامێکمان ئاشنای ئەوی تر نین. بەڵێ ھاییم لێیە، دەزانم کە ئەمڕۆش گیرۆدەی نووسین و شەنوکەوی کورمانجی دیسان، لە بەیانییەوە تا ئێوارە و نیوەشەوان تەنانەت جاروبار تا بەرەبەیان، سەرت بە نووسینێک قاڵ دەکەیت، جا ئەگەر نێرە، ئەگەر مێیە، ئەگەر جێناوە. ئامراز یان گیرەکە، یان داخۆ ڕیشەکەی کوردییە یاخوود نا، لە زمانێکی ترەوە ھاتووە یانیش کورداندوویانە. تۆ ئەوھالە سەرووڕیش و سمێڵت سپی دەکەیت، لە ساڵێکدا بەقەدەر دە ساڵان ھیلاکی دەبینی و بەسەر تەمەنی بەھارەی خۆتدا، بەفری زستانە دەبارێنی؛ ھەرچەند لەناخەوە دڵشادی و دەڵێیت گەلی خۆم بە خوێندن و نووسین و بەم کورمانجییە زیندوو دەکەمەوە، و دەڵێیت دەبێت گەلەکەم ببێتە خاوەن کتێب و خاوەن شیان، دواجاریش بگاتە کەناری سەربەخۆیی و مرازی کەوناری حاسڵ ببێت، ئیدی گەلەکەم بە شادی و کەیفخۆشییەوە دەژیت، ئیدی کەسێک نامێنێت نکۆڵی لە زمانی کوردی بکات، چیدیکە ناتوانن بڵێن زمانی ئەوان ھەر تەنھا زمانی مامەڵە و ئاخاوتنە، دواجار دەبێت ددان بەوەدا بنێن کوردیش وەکوو خەڵکی، خاوەنی زمان و کتێبی خۆیەتی، زمانی کوردی، زمانێکی ھێژا، دەوڵەمەند و تەکووزە، کورد، نەتەوەیەکی دێرینە و پاشەڕۆژی مادەکانیش ھەر ئەوانن. بەڵێ تۆیش شوێنپێی ئەحمەدی خانیت ھەڵگرتووە و دەتەوێ ئەوەی خانی بۆی نەلوا تەواوی بکات، تۆ تەواوی بکەی، ئەو گوتبووی:

دا خەلک نەبێژتن کو ئەکراد

بێ مەعریفەتن بێ ئەسل و بنیاد

بەڵام تۆ دەتەوێ ئەوھا بڵێیت:

خەلک تەڤ دبێژتن کو ئەکراد

ب مەعریفەتن ب ئەسل و بنیاد

دیارە ھەر لەبەر ئەم مەسەلەیە تۆ پشتگوێت خستووم، نە یادم دەکەیت، نە دێیتە دیدەنیم، خۆ بەجارێک بوومەتە زیارەتگەی جەڵجاڵۆکەکان، ڕۆژ تا ئێوارە ئەو قالۆنچە بێگۆشت و پێستانە بازم بەسەردا دەدەن، ھەوڵ و تەقاڵایانە لە نێو تۆڕ و تەونی خۆیاندا بمشارنەوە و لوولم بدەن، بەڵام ناکرێت، نە زمان، نە خوێندن و نە نووسین، ھیچ شتێک بە بێ من ناگات بە ئاکام، سەرنج بدە تۆ و گەلەکەت ھەتا ئێستە بەهۆی چییەوە ماون، چۆنە ھەتا ئێستە زمانی خۆتان ون نەکردووە و وا ھەر قسەی پێ دەکەن، بزانە ئەگەر من نەبوومایە زۆر دەمێک بوو خۆت و گەلەت زمانی دایکیان لێ ون بووبوو. جاخۆ نەیارانت چەندین جار ویستوویانە زمانی ئێوە تەفروتونا بکەن، زمانێک کە پێش ھەزاران ساڵ زمانی مەسکەن و زمانی حکوومەت بووە. من ھەر لەو دەمەوەیە لە پێناوی تۆدا قوربانیمە و ئازار دەچێژم، دەیان و سەدان کەڕەت بوومەتە پشت و پەنای ئێوە و زمانی تۆم پاراستووە، بەڵام قەڵەمەکت نا.

ئەگەر باوەڕم پێ ناکەیت سەیرێکی دەوروبەری خۆت بکە، ڕون و ڕەوانە ئەوانەی کە پشتیان لە من کرد و بە شاراندا گەڕان؛ ئێستە چۆن زمانی دەیکیان لەبیرچۆتەوە. خویایە ئەمڕۆ نە دەزانن بڵێن “لۆ!” نە دەیشزانن بڵێن “لێ!”، ئاخر پیاوانی بێچەک وەک مرۆڤی بێ‌نەینووک وان. قێچێکیش دەرەقەتیان دێت و باریان دەبات. بۆیە گەورەم قەدری من بگرە و خۆت لە من و منیش لە خۆت دوورمەخەرەوە. بە من، قەڵەمەکت نا، بەڵکوو پەراسووی نەیارانتی پێ لەت بکە!

لێرەدا خەنجەرەکەم لە قسەکانی بوویەوە، ھەرچەند حەزم دەکرد وەڵامی بدەمەوە، بەڵام وا دیاربوو کە نایەوێت گوێ لە ھیچی دیکە بگرێت، ھەستا خۆی ھاوێشتەوە نێو کالانەکە و خۆی کەڕ کرد و فەرامۆشی کردم.

٢٧ـی سەرماوەزی ١٩٣٢

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *