گاکوژ… بێهزاد قادری

بە "فارسی" لێی پرسیم، تۆ کوردی؟ بە سەر وەڵامم دایەوە، ئەرێ.

بە “فارسی” لێی پرسیم، تۆ کوردی؟ بە سەر وەڵامم دایەوە، ئەرێ.

تاقەتی قسەکردن و وەڵامدانەوە بە کەسێکم نەبوو. بە تەنیا لەسەر مێزێکی دوو کەسی دانیشتبووم. لە هەموو کەس وەڕەز بووم. لە دار و بەرد بێزار بووم. بیرم دەکردەوە؛ بیر لە بیرەکانم؛ بیر لەوانەی هەڵمدەشێوێنن یان دەمفڕێنن و وەک ئەوە وایە خەڵکی هەسارەیەکی تر بم. هەندێکجار بیر لە شتانێکی ناشۆ دەکەمەوە.

سەیری نێو شەقامم دەکرد: “بۆنی هیچ هه‌نگاو و په‌ڕانه‌وه‌یەک نایەت! که‌س به‌ دوای دڵی ونبووی خۆیدا ناگه‌ڕێت! ده‌سته‌کان له‌ یه‌ک بێگانه‌ن! پێڵاوەکان تف لە شەقام دەکەن. شەقامەکان لە هەنگاوەکان بێزارن و هەنگاوەکان لەوەی کە هەن قەڵسن”.

بە “فارسی” پێی گوتم، کێشە نییە لێرە دابنیشم. فوویەکم لە دووکەڵی جگەرەکەم کرد. پیرەپیاوێکی چەماوە لە تەنیشتم ڕاوەستابوو. سەیری دەکردم؛ ماقم ببوو. ئەرێ چیت لە گیانم دەوێت پیرەپیاو؟ دەمەوێت تەنیا بم، دەمەوێت بیر بکەمەوە. بەڵام هەمووی لێ تێکدام. چاک بوو ئەو وشانەم نەهێنایە سەر زار، پیرتر لەوەی بوو بەرگەی قسەی ناخۆش بگرێت. گوتم، فەرموو، دابنیشە.

ڕیشێکی درێژی هەبوو، یەک تاڵی ڕەش بە سەر و ڕووخساریەوە نەبوو. “سەرم بەفری زستانە”، ئەمەیە! سەیری ناوچاوانی دەکردم. هەردوو ئانیسکم لەسەر مێزەکە دانابوو. جگەرەم دەکێشا؛ بە قووڵی سینەکێشم دەکرد. گوتی، چیت پێخۆشە بۆمان بێنن. بە بێتاقەتی گوتم، هیچ. لەسەری نەچوو و قاوەیەکیان بۆ خۆی هێنا. گوتی، وادیارە پێت خۆش نییە قسە بکەیت، ببوورە تەنیاییەکەتم تێک دا، کە بە مۆبایل قسانت دەکرد، زانیم کوردیت و پێم خۆش بوو چەند چرکەیەک کاتت بگرم.

لێوی دەلەرزی! دڵۆپە ئاوێک لە چاویدا پەنگی خواردبووەوە. جگەرەیەکی دەرهێنا. بە قامکەکانیەوە ڕانەدەوەستا. چاوەڕێ بوو من بۆی هەڵگیرسێنم، بەڵام تاقەتی بچووکترین جووڵەشم نەبوو. لە کۆتاییدا هەڵیگیرساند، دووکەڵێکی خەستی دایە دەرەوە. گوتی، ساڵەکانی شەستی ‌هەتاوی لە کوردستان بووم. بۆ شەڕ دژی دژەشۆڕشەکان هاتبووم. خۆ دەزانی مەبەستم کێیە ها؟! “کۆمەڵە و دێموکرات” دەڵێم. فەرماندەش بووم و پێشتریش ئەندامی “ساواک” بووم و بەر لە شۆڕش، پەیوەندیم بە جەماعەتی ئیمامەوە گرت و بووم بە پیاوی ئەوان.

جگەرەکە بە دەستیەوە دەسووتا، خەیاڵ لەگەڵ خۆی بردبووی و بیری لەلایەوە نەمابوو. چاوم لە چاوی بڕیبوو. جگەرەیەکی ترم هەڵگیرساند. گوێم بۆی شل کردبوو. گوتی، لەمانە گەڕێین. باسی ئەوەم دەکرد. لە کوردستان بووم. ئەوکات بۆ شەڕی کوردە یاخییەکان هاتبووین. دەمانکوشت و بە لێشاو لێیان دەکوشتین. بریندارمان دەکرد و بە هەزارانیان لێ بریندار دەکردین. هەتا دیلێکمان گرتبا بە برینداری، سەدان دیلیان بە ساغی لێ دەگرتین! بەڵام ئێمە زۆر بووین. مردن بۆ ئێمە بە واتای ژیانێکی نوێ بوو. سەربازی ئیمام حوسێن و ئیمام مێهدی بووین. پاسدارانی ویلایەت بووین. ئاخوندەکان باسی بەهەشتیان بۆ دەکردین، باخ و باخاتی هەردەم سەوز، ڕووبارە شەراب، حوورییەکان، دەزانیت خۆ؟!

چاوێکی لێ قرتاندم. بەشی کۆتایی بە گاڵتەوە پێ گوتم. وا دیار بوو کە چیتر باوەڕی بەو شتانە نییە، ڕووبارە شەرابی چی و حووریی چی! هەر چاوەڕێ بوو من شتێک بڵێم، بەڵام تاقەتم نەبوو تەنانەت زمانیشم هەڵچەرخێنم. نازانم چۆن بوو کە تاقەتی گوێگرتن و بیستنم هەبوو! هەستێک لە دڵمدا دروستت ببوو، تێکەڵاوییەک لە ڕق و بەزەیی! درێژەی دایەوە، بڕوا ناکەم تۆ ئەو کاتە لەدایکبووبێتی! خودی ناوی شەڕ پیسە، تا بگات بەو کارانەی لە شەڕدا دەکرێت، ئیتر نازانم ناوی دەنێن تۆڵەسەندنەوە یان خولقاندنی “تاوان”. کوشتن و بڕینەکەی با بووەستێت. بە “ستوون” دەڕۆیشتین، چوار کەسمان لێی دەرنەدەچوون، بەڵام ستوونگەلی دیکە دەهاتن تاکوو کاتێک کە ئەوان فیشەکیان پێ نەدەما. نەماندەزانی چی بکەین. دەمانگوت ئەم کۆمەڵە و دێموکراتانە وەک “جندۆکە” وان، کەس نازانێت لە کوێن و لە کوێ دەردەکەون. لە یەک خولەکدا خاکیان لە عەرزدا نەدەهێشت؛ فیشەکیان بە خەتا نەدەچوو؛ سەربازی وامان هەبوو بە ئاوات بوو شەڕکەرێکی کورد ببینێت؛ دەیانگوت لە کوردستان مرۆڤ شەڕ ناکات، ئەوە دار و بەردەکانن چەکیان لەشان کردووە. دانی پێدا دەنێم، وەک پڵینگ بازیان دەبرد و وەک هەڵۆ بەرزایەتییەکانیان دەگرت.

جگەرەکەی کوژاندەوە، تەنیا یەک جار نەفەسی لێ دا. قاوەکەشی سارد بووەوە. داوای یەکێکی تری کرد. لەرزینەکەی دەست و لێوی نەمابوو. بەڵام شەوقێک لە چاوەکانیدا بوو. جگەرەیەکی ترم هەڵگیرساند. چاوم لێ هەڵنەدەبڕی. گوتی، ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان کوشتەیەکی زۆرمان دابوو. یەک کەس لە هێزەکانی ئێمە دەرنەچووبوو. پێیان ڕاگەیاندین کە دێموکرات لێی داوین و نەوەد کەسی لێ کوشتوویین. پێشمەرگەکان بە خەڵکیان گوتبوو کە تەرمەکانی ئێمە هەڵبگرن و لە مزگەوتی گوندەکە دایانبنێن. ئەوێیان بەجێ هێشتبوو. کە چووین بۆ ئەوێ، تەرمی براکەمم لەوێ دیتەوە! مەراقم کرد. پێم خۆش بوو فیشەکێک بەر ناوچاوانم کەوتبا و ئەوەم نەدیبا. دونیا لە پێش چاوم ڕەش هەڵگەڕا. مەرگی برا زۆر سەختە زۆر.

فرمێسکێک بەسەر گۆنایدا هەڵخلیسکا و لەنێو ڕیشیدا نوقم بوو. هیچ بۆم گرینگ نەبوو. پێم خۆش بوو هەر ئەوکات پێی بڵێم کە بە جەهەندەم کە تۆپێندرا. بەڵام تاقەتم نەبوو. گوتی، هێزێکی زۆرمان لەگەڵ خۆمان بردبوو کە تەرمەکان لەگەڵ خۆمان ببەینەوە. دەستەیەک فەرماندە لەوێ بووین. کۆبوونەوەیەکمان گرت و هەر لە هەمان گوند بڕیارێکمان دەر کرد. کۆمەڵێک لە کەسانی زۆر باوەڕپێکراوی خۆمان کۆ کردەوە و چووینە نێو تەرمەکانەوە و سەربازانی دیکەمان وەدەر نا. بڕیار ئەوە بوو، سەری زۆرێک لە کوژراوەکان لە تەرمەکانیان جیا بکەینەوە، لووت و گوێی هەندێکیشی ببڕین. بڕیارێکی سەخت و بێڕەحمانە بوو، بەڵام چارەمان بۆ نەمابووەوە. وەک گەڵای دار لێمان هەڵدەوەرا.

ڕاوەستا و تا قاوەکەی تەواو نەکرد، هیچی نەگوت. منیش جگەرەم بە جگەرە هەڵدەگیرساند. زۆرتر لە چەند چرکەی پێش ڕقم لە دڵدا بوو. ماسوولکەکانم توند توند ببوون؛ پێم خۆش بوو هەر لەوێ بیدەمە بەر چەقۆ و لەتوپەتی بکەم. تفێکی قورت دا و گوتی، خۆم سەری براکەی خۆمم بڕی. ڤیدیۆ و وێنەمان لێ هەڵگرتن و ڕامانگەیاند کە کوردەکان سەر دەبڕن، گوێ و لووت دەبڕن و دیلەکانمان “گاکوژ” دەکەن. ئەوەندەی مسقاڵێک ڕۆحم لە دڵیاندا نییە، هیچ لە مرۆڤایەتی تێنەگەیشتوون. تەنانەت ڕۆحمیان بۆ خەڵکی سڤیلی خۆیشیان نییە. ئەوان لە دڕندەترین ئاژەڵانیش دڕندەترن. ئەوان لە بەراز و سەگ گڵاوترن. دەبێ قەڵاچۆیان بکەین، دەبێ ئێمەیش گاکوژیان بکەین.

قامکەکانم هاتنە لەرزە. مێشکم خەریکبوو دەتەقی. جگەرەکەم کوژاندەوە و بە تووڕەییەوە و بە “فارسی” گوتم: “تەواوی بکە. پێم خۆش نییە یەک وشەی دیکەت لێ ببیستم”. دەنگی لێوە نەهات و هەستا و لە قاوەخانەکە چووە دەرەوە. سەیری نێو شەقامم کرد، شەقامەکانیشیان دیکتاتۆرە، وەک ڕوانینیان، بیریان و… .

بۆرەتاری ئێوارە بوو. منیش هەستام و چوومە دەرەوە. ئەو وێنانە دەهاتنە پێش چاوم و وەک سەگێکی هار لێم دەوەڕین. ڕێگایەکم گرتە بەر، خۆیشم نەمدەزانی بۆ کوێ دەڕۆم. هەنگاوەکانم توندتر کردەوە. بە کۆڵانێکدا داگەڕام. پیرەپیاوێک لە پێشم بوو. لێی تێپەڕیم. هەستم کرد ئاشنایە! ئاوڕێکم دایەوە، هەمان پیرەمێردی نێو قاوەخانەکە بوو! شەلە شەل ڕێگای دەبڕی. کەس لەو کۆڵانەدا نەبوو. نازانم چۆن چۆنی بوو کە لێی هەڵگەڕامەوە. بەتوندی ناقیم گرت و بۆ نێوان دوو ترۆمۆبیلی نێو کۆڵانەکە ڕامکێشا. هەناسەی دەرنەدەهات و لەژێر دەستمدا پەلەقاژێی دەکرد و چاوی دەرپەڕیبوو. ئەوەندە توند ناقیم گرتبوو کە هەستم بە هاڕینی مۆرەکانی ملی دەکرد. دەمم بردە لای گوێی و گوتم، لای کەسێکی باش بیرەوەرییەکانت نەگێڕایەوە سەگی پیر، ساڵەکانی شەست بابم پێشمەرگە بوو، دیلتان کرد و لە دوای ترۆمۆبیل ڕاتانکێشا و شیتاڵ شیتاڵتان کرد. گوندەکەمانتان خاپوور کرد. منی پێنج ساڵانتان هەتیو خست. ئەوەی بیست؛ سپێنەی چاوی دەرکەوت و لەژێر دەستمدا گیانی دەرچوو. هەستامەوە، بەڵام هێشتا ڕقم لە کەلاکەکەشی بوو. زیاتر لە پێش تووڕە بووم و ڕقم لە دڵدا بوو. خۆزگە دەمتوانی ئاگر لە ماڵ و منداڵیان بەر بدەم. خۆزگە دەمتوانی شارەکانیان خاپوور بکەم. خۆزگە دەمتوانی بە قامچییەک بەر ببمە گیانیان و بیانخەمە نووزە نووز. خۆزگە دەمتوانی، خۆز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس

لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی…