گردگەلی وەک فیلگەلی سپی.. ئێرنست هەمینگوەی

بۆ فارسی، ئەحمەد گوڵشیری
بۆ کوردی، تێکۆشەر خالید

نە سێبەر بوو نە درەخت؛ و وێستگەکە، لە نێوان دوو ستوونی هێڵی ئاسن، لەژێر تیشکی خۆردا بوو. لە ڕوویەکی وێستگەکە، سێبەری گەرمی خانوویەک کەوتبووە سەری و لە دەرکەی کراوەی شەربەتفرۆش، پەردەیەک لە مووروی حەیزەران بە بەن پێکپێوەند کرا بوون، تا ڕێ لە هاتنی پشیلەکان بگرێت.

پیاوە ئەمەریکییەکە و کچێک لەگەڵیدا پێکەوە لەسەر مێزەکە، دەرەوەی خانووەکە، لەژێر سێبەرەکەدا دانیشتبوون. هەوا زۆر گەرم بوو. چل خوولەکی دیکە قیتاری تیژتێپەڕ لە بەرشەلۆنەوە دەگات. لە ئەم  شوێنەی کە بەیەکگەیشتنی دوو هێڵە، دوو خوولەکێک دەوەستێت و بەرەو مەدرید دەکەوێتە ڕێ.

کچەکە پرسی: «چی بخۆین؟» کڵاوەکەی لەسەری داگرتووە و خستوویەتییە سەر مێزەکە.

پیاوەکە وتی: «دنیا زۆر گەرمە»

«باشە خواردنەوەیەک بخۆینەوە»

پیاوەکە ڕووی کردە پەردەکە و وتی: «دۆس سێرڤیساس*»

ژنێک لەبەر دەرکەکە پرسی: «پەرداخی گەورە؟»

«بەڵێ، دوو پەرداخی گەورە».

«ژنەکە دوو پەرداخ و دوو قوماشی ژێر-پەرداخی هێنا. ژێر-پەرداخەکان و دوو پەرداخەکەی لەسەر مێزەکە دانا و سەیری پیاو و ژنەکەی کرد. کچەکە چاوی بڕیبووە دوور، سەیری هێڵی گردەکانی دەکرد. گردەکان لەژێر خۆردا سپی دەچوونەوە و دەوروبەریشیان قاوەیی وشک بوو.

کچەکە وتی: «وەکو فیلە سپییەکانن».

پیاوەکە پەرداخەکەی خۆی نا بە بینیەوە: «من هیچ کاتێک گردی سپیم نەبینیوە».

«چاوی بینینت نییە».

پیاوەکە وتی: «هەمە، قسەی تۆ خۆ هیچ شتێک ناسەلمێنێت.»

کچەکە سەیرێکی پەردە لە موورو درووستکراوەکەی کرد، وتی: «لەسەر ئەو پەردەیە بە ڕەنگ شتێکیان نووسیوە، مانای چییە؟»

«ئێنیس دڵی تۆ، جۆرێکی مەشرووبە».

«تاقی بکەینەوە؟»

پیاوەکە لە پشت پەردەکەوە هاواری کرد: «وەرنە ئێرە.» ژنەکە لە شەربەتخانەکە هاتە دەرەوە.

«چوار ڕیاڵە».

«دوو دانە ئێنیس دڵی تۆمان دەوێت».

«لەگەڵ ئاو؟»

«تۆ بە ئاوەوە دەیخۆیتەوە؟»

کچەکە وتی: «نازانم، بە ئاوەوە خۆشترە؟»

ژنەکە پرسی: «لەگەڵ ئاو دەیخۆنەوە؟»

«بەڵێ، لەگەڵ ئاو».

کچەکە وتی: «تامی شیرینبەیان دەدات.» و پەرداخەکەی خستە سەر مێزەکە.

«هەموو شتێک هەمان تامی هەیە».

کچەکە وتی: «بەڵێ، هەموو شتێک تامی شیرینبەیان دەدات. بە تایبەتی ئەو شتانەی کە مرۆڤ ماوەیەکی زۆر چاولەدوویان بێت. وەکو گوڵەزەد».

« دە لەبیری بکە، بابە».

کچەکە وتی: «تۆ دەستت پێ کرد، بۆ من کە خۆش تێپەڕی. بۆ من زۆر خۆش تێپەڕی».

«باشە، بهێڵە دیسانیش خۆش تێبپەڕێت».

«زۆرباشە، من هەمان ئەو کارەم دەکرد. هاتمە دەرەوە و وتم، شاخەکان وەکو فیلە سپییەکانن، ئەم قسەیەم سەرنجڕاکێش نەبوو؟»

«سەرنجڕاکێش بوو».

«حەزم دەکرد ئەم مەشرووبە تازەیە تاقی بکەمەوە. هەموومان ئەم کارە دەکەین. سەیری شتگەل دەکەین، مەشرووبی تازە تاقی دەکەینەوە، جگە لە ئەمەیە؟».

کچەکە سەیری گردەکانی کرد.

وتی: «گردگەلی جوانن. زۆریشیان وەکو فیلە سپییەکان نین. یانی بەشەر کاتێک لە پشت درەختەکانەوە تەماشای دەکات ڕووەکەی سپی دەبینێت».

«خواردنەوەیەکی تر بخۆینه‌وه‌؟»

«باشە»

بای گەرم پەردە مووروەکەی بەرەو مێزەکە دەجوڵاند.

پیاوەکە وتی: «بیرە سارد دێتە بەرچاو».

کچەکە وتی: «زۆر چاکە».

پیاوەکە وتی: «جەگ، باوەڕکە، کارێکی زۆر سادەیە، باوەڕکە ناوەکەی کاریش نییە».

کچەکە سەیرێکی زەوییەکەی کرد، کە  قاچەکانی مێزەکەی لەسەر بوو.

«جەگ، دەزانم کە گوێ لە قسەکانم ناگریت، بەڵام باوەڕ بکە ترسی نییە. تەنیا هەوا هاوردە دەکەن».

کچە بێنوتق مایەوە و هیچی نەوت.

«من لەگەڵت دێم و تا هەر کاتێک درێژە بکێشێت لە لات دەمێنمەوە. تەنیا هەوا هاوردە دەکه‌ن و لەوە زیاتر نییە».

«دواتر چی بکەین؟»

«بە خۆشی بەسەری دەبەین. ڕێک وەک سەرەتا».

«ئەم خەیاڵانە لە کوێوە دەهێنیت؟»

«ئاخر، ئەمە تەنیا شتە کە مووی دەماخی ئێمەیە. تەنیا شتێکە کە بەربەستی ڕێی خۆشبەختیی ئێمەیە».

کچەکە سەیرێکی پەردە مووروەکەی کرد، دەستی درێژ کرد و دوو تاڵی مووروەکەی گرت.

«وا بیر دەکەیتەوە کاروبارمان دەچێتە سەر ڕێی خۆی و خۆشبەخت دەبین؟»

«هەڵبەتە، ترسی نییە. زۆر کەس دەناسم کە ئەم کارەیان کردووە!»

کچەکە وتی: «ئەو کاتە منیش ئەو کارە دەکەم، کە وتت دواتر هەموویان خۆشبەخت بوون؟»

پیاوەکە وتی: «باشە، ئەگەر دڵت نایەوێت، ناچار نیت. ئەگەر دڵت نایەوێت ناچارت ناکەم. بەڵام وەکو ئاوخواردنەوە وایە.»

«تۆ بە ڕاستی حەز دەکەیت؟»

«ڕای منت بووێت ئەمە باشترین کارە. بەڵام ئەگەر لە ڕاستیدا دڵت ئەمەی ناوێت، ناچارت ناکەم».

«ئەگەر ئەم کارە بکەم تۆ خۆشحاڵ دەبیت و هەموو شتێک وەک سەرەتای لێ دێت. ئەو کاتە خۆشتدەوێم؟»

«من ئێستاش خۆشمدەوێیت. خۆت دەزانیت خۆشمدەوێیت».

«دەزانم. بەڵام ئەگەر ئەم کارە بکەم و دواتر بڵێم شتگەل وەکو فیگەلی سپیین، ئەو کاتە دووبارە هەموو شتێک دەچێتەوە سەر ڕێچکەکەی خۆی و تۆ ڕازی دەبیت؟»

«من ڕازی دەبم. ئێستاش ڕازیم؛ بەڵام تەنیا یەک سووچی دڵم ناڕازییە. خۆت هەواڵت هەیە کاتێک نائارام بم چ دۆخێکم هەیە».

«ئەگەر ئەم کارە بکەم ئیتر ناڕەحەت نابیت؟»

«من ناڕەحەت نیم، چونکە لە ڕاستیدا وەکو ئاوخواردنەوەیە».

«کەواتە ئەم کارە دەکەم چونکە حاڵی خۆم بەلاوە جێی باس نییە».

«دەتەوێت چی بڵێیت؟»

«دەمەوێت بڵێم حاڵی خۆم بۆم گرنگ نییە».

«بەڵام بۆ من گرنگە».

باشە، ئێ. بەڵام بۆ خۆم جێی باس نییە و دەست بۆ ئەم کارە دەبەم، تا کارەکان بچنە سەر ڕێ».

«ئەگەر بەم شێوەیە بیر دەکەیتەوە نامەوێت دەست بۆ ئەم کارە ببەیت».

کچەکە لە شوێنی خۆی هەستا و بە پیاسە تا کۆتایی وێستگەکە ڕۆیشت. لە لایەکی دیکەوە، کەناراوی ئیبرۆ، کێڵگەی گەنم و بەڕیزڕاوەستاویی درەختەکان دەبیندرێن. دوورتر، لە لای ڕووبارەکە، شاخەکان دێنە بەر چاو. سێبەری هەور بەسەر گەنمەجاڕەکەدا تێدەپەڕێت و کچەکە لە پشت درەختەکانەوە سەیری ڕووبارەکە دەکات.

کچەکە وتی: «دەکرێت هەموو ئەمانە هیی ئێمە بن. دەکرا هەموو ئەمانە هیی ئێمە بن، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ خۆمان زیاتر دووریان دەخەینەوە».

«وتت چی؟»

«وتم دەکرا هەموو شتێکمان هەبێت».

«دەکرێت هەموو شتێکمان هەبێت».

«نا، ناکرێت».

«دەکرا هەموو دونیا هیی ئێمە بێت».

«نا، ناکرێت»

«دەتوانین بۆ هەموو شوێنێک بڕۆین».

«نا، ناتوانین. ئیتر هی ئێمە نییە».

«هی ئێمەیە».

«نا، نییە. کاتێک شتێک لە مرۆڤ دەبەن ئیدی بردوویانە».

«هێشتا کە نەیانبردووە».

«ببینین و پێناسەی بکەین».

پیاوەکە وتی: «بگەڕێرەوە وەرە بەر سێبەرەکە. ئەم بیر و خەیاڵانە مەکەرەوە».

کچەکە وتی: «من بیر و خەیاڵ ناکەم. من لە هەموو شتێک ئاگادارم».

«نامەوێت کارێک بکەیت کە دڵت نایەوێت».

کچەکە وتی: «تەنانەت کارێک کە لە من نەوەشێتەوە؟ دەزانم، دیسانیش بیرە بخۆینەوە؟»

«باشە. بەڵام دەبێت هەست بەوە بکەیت کە»…

کچەکە وتی: «من تێدەگەم. باشتر نییە ئەوەی تێدا دابنێین؟»

لە پشت مێزەکە دانیشت و کچەکە چاوی بەرەو ڕووی گردە وشکوبرینگەکە وەرسووڕاند و پیاوەکە سەیری کچەکە و مێزەکەی کرد.

پیاوەکە وتی: «پێویستە بزانیت کە ئەگەر تۆ دڵت نەیەوێت من حەفتا ساڵ نامەوێت دەست بۆ ئەم کارە ببەیت. ئەگەر بۆت گرنگە من، بە تەواوی ویستەوە، هەموو شتێکم دەوێت».

«مەگەر بۆ تۆ گرنگ نییە؟ دەتوانیت بە یەکەوە بیکەین».

«بێگومان کە گرنگە. بەڵام من کەسم جگە لە تۆ ناوێت. کەسی دیکەم ناوێت و دەزانم کە وەکو ئاوخواردنەوەیە».

«بەڵێ، وتنی وەکو ئاوخواردنەوەیە».

«تۆ هەر قسەیەک کە دەتەوێت بیکە، بەڵام من دەزانم».

«دەمەوێت چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت».

«هەر کارێک بڵێیت دەیکەم».

«دەمەوێت تکا بکەم، تکا بکەم، تکا بکەم، تکا بکەم، تکا بکەم، تکا بکەم، تکا بکەم بێدەنگ بیت».

پیاوەکە قسەی نەکرد، بەڵام سەیری جانتاکانی تەنیشت دیواری وێستگەکەی کرد. هەروەها هەموو ئەو هۆتێلانەی کە شەوەکانیان لە ناودا بەسەر بردبوو دەبینران.

پیاوەکە وتی: «من نامەوێت هیچ کارێک بکەیت، ئیتر قسەی لەسەر ناکەین».

کچەکە وتی: «ئێستا ئیتر دەقیژێنم».

ژنەکە بە دوو پەرداخی بیرەوە لە لای پەردەکەوە هاتە دەرەوە و لەسەر ژێر-پەرداخەکان بە ڕێکخراوی داینان. ژنەکە وتی: «قیتار پێنج خوولەکی دیکە دەگات».

کچەکە وتی: «چی وت؟»

«وتی کە قیتار پێنج خوولەکی دیکە دێت».

کچەکە وەکو سوپاسێک بە خۆشڕوویییەوە بزەیەکی بۆ ژنەکە کرد.

پیاوەکە وتی: «باشتره‌ جانتاکان ببەمه‌ ئەو لایەی وێستگە.» کچەکە بزەیەکی بۆ کرد.

«زۆرباشە. کەواتە بگەڕێرەوە تا بیرەکان تەواو بکەین».

پیاوەکە دوو جانتا قوورسەکەی هەڵگرت و ڕووەو وێستگەی قیتارەکە بە پیاسە بەرەوڕووی سکەکان ڕۆیشت. لەسەر هێڵە ئاسنەکان سەری بەرز کردەوە، بەڵام قیتار نەبینرا. لە گەڕانەوە، لە ساڵۆنی شەربەتخانەکە، کە لە ناویدا خەڵکیی لە چاوەڕوانیی هاتنی قیتاردا شت دەخۆنەوە، تێپەڕی. پەرداخێک ئێنیسی خواردەوە و سەیری خەڵکەکەی کرد. ئەوان هەموو ماقووڵانە چاوەڕێیان دەکرد. بە لای پەردە مووروەکاندا ڕۆیشت. کچەکە، کە لە پشت مێزەکە دانیشتبوو، بزەیەکی بۆ کرد.

پیاوەکە پرسی: «حاڵت باشتر بوو؟»

کچەکە وتی: «حاڵم باشە. هیچم نییە. حاڵم باشە».

 

* (*)دوو دانە بیرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *