گرێ و پەپوولە… چینێلۆ ئۆکپارانتا

هاوینی ڕابردوو، دەرکەوت باوکم شێرپەنجەی غودەی هەیە. دایکم پەیوەندی پێوە کردم تا پێمبڵێت ئەم نەخۆشییە، باوکم بەرەو کوێ دەبات. “سەرەتا پێویستی بە نەشتەرگەرییە، دواتر ئەگەری زۆری هەیە پێویستی بە چارەسەری لێدانی تیشکیش بێت؛ پێویستم بە یارمەتییە.” کاتێک ئەم چەند دێڕەی گوت، هەستم بە سەنگینی دەنگی دەکرد، وەک هەموو ئەو کاتانەی کە شتێکی گرنگی پێبوو بۆ  گوتن، بە ئینگلیزییەکی قوورس و ڕیتم و ئاوازی ئیگبۆوە[1] دەدوا؛ “خەمی باوکت نەبێت، ئێستا ئەو پیاوێکی نەخۆشە، لەوە ژیرترە کە هەڵە بکات.”

کەوتینەوە بگرەوبەردەی خۆمان. پێیدەڵێم وانییە، دڵنیام کە ئێستاش وەک خۆیەتی. دایکیشم پێمدەڵێت ئەم نەخۆشییە گاڵتە نییە، وەک تەماشاکردنی ناوچاوی مردن وایە.

دایکم پێمدەڵێت: “باوەڕم پێ بکە هێشتا ڕابردووم لە یادە. بەڵام ئەمجارە شتەکان جیاوازن. ئەو ئێستا بەدڵنییایییەوە ژیرترە. “

لەسەر زەوی ئەپارتمانەکەی خۆم دانیشتووم، بە پەنجە لەسەر فەرشە بێجییەکەم بازنە دەکێشم و سەرم بۆ سەر قەنەفەکە لارکردووەتەوە. کۆمەڵێک کاغەز و  گوتاری نووسراو لە تەنیشتمەوە کەڵەکە بوون. دەبوو تەماشایان بکەم، بە تێبینییەکانم پەراوێزەکانیان پڕ بکەمەوە، ئاماژە بە وشەی بەجێهێڵراو بدەم و هێڵ بەسەر وشەی ناپێویستدا بهێنم. بەڵام لەجێی ئەوە گوێ بۆ دەنگی دایکم ڕادەگرم، لەسەر فەرشەکە بازنەکانم دەکێشم و دەڕوانمە دەرەوەی دەرگا کراوەکەی بەلەکۆنییەکە.

ئاسمان لەدەرەوە بەرەو تاریکی دەچێت، خۆریش لە نێو هەوردا دەڵێی تۆپێکی لێڵی پرتەقاڵیی تۆخە. سەر دادەگرم و سەیری ئەو بازنانە دەکەم کە کێشاومن، لە ناوەڕاستی یەکێکیاندا نیشانەیەکی تۆخ هەیە و ڕووخساری دایکمی تێدا دەبینم. نازانم بۆچی ڕووخساری دایکم لەوێدا دەبینم، ڕەنگە هۆکار ئەوە بێت کە لەگەڵیدا قسە دەکەم، یاخود ڕەنگە هۆکار ئەوە بێت کە لەبارەی باوکمەوە قسە دەکەین. تاریکیی سەروو ئێسکی ڕوومەتی چەپی دایکمم دێتە بەرچاو و وێنەی سەر مۆڵەتی شۆفێرییەکەیم دێتەوە یاد کە لە ماسەچوسێت گرتبووی، ئەوکاتەی هێشتا نیشانەی شینهەڵگەڕانی چاوی بە ڕووخسارییەوە مابوو.

کاتێک بیر لە ماسەچوسێت دەکەمەوە، سیسرک و مشکە زیادتێرەکانیم دێنەوە یاد کە ڕەنگیان قاوەیی و هەڵاوساو، بێشەرم و دەبەنگ بوون، پێچەوانەی ئەوانەی پۆرت هارکۆرت[2]. لەکاتی ماڵ گواستنەوە بۆ ئەپارتمانەکەی سەر شەقامی گەڕەکی کۆم، یەکەم شت کە بینیمان هەمان ئەو سیسرک و مشکانە بوون. تەنانەت لەم ئەپاڕتمانەی ئێستام لە پێنسڵڤینیا کە نزیکەی سێسەد میلێک لە ماسەچوسێتـەوە دوورە، هەندێک کات هەست دەکەم هێشتا گوێم لە دەنگی پێی مشکەکانە، دەنگی قاچە بچووکەکانیان، کاتێک بە ترسەوە بەسەر لەزگە ڕزیوەکەی زەوی چێشتخانە کۆن و ماندووەکەی بۆستنـدا ڕایاندەکرد.

کاتێک بیر لە ماسەچوسێت دەکەمەوە، ڕۆژە سارد و ڕەشەباکانی مانگی ئەیلولیشیم دێنەوە یاد، ئەو ڕۆژەی کە چووینە ناو ئەو خانووەوە، من و دایکم دوو کراسی خوری هاوشێوەمان لەبەردابوو، باوکیشم جوانترین تیشێرتی ئیسیاگوی[3] خۆی پۆشیبوو، کە وێنەیەکی بچووکی سەری شێریش بە ڕەنگی ئاڵتوونی لەسەر قووماشەکەی چنرابوو.

تەنانەت ئەو قووماشە قوورسەی ئیسیاگوش لەو سەرمایە نەیدەپاراست، تەنها تۆزقاڵێک زیاتر لە خووری کراسەکەی ئێمە گەرمی دەکردەوە.

بەڵام کاتێک بیر لە ماسەچوسێت دەکەمەوە، زۆرکات یادەوەریم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەند ڕۆژەی کە دایکم پاش چەند مانگێک لە گەیشتنمان بۆ ئەمریکا بە گەشتێک ڕۆیشت بەرەو فلۆریدا.

خوێندکارێک کە هاوشێوەی باوکم لە بەشی ئەندازیارییدا دەیخوێند، باسی گرووپێکی کڵێسای بۆ باوکم و دایکم کرد کە دەیانەوێت هاوکاریمان بکەن تا بەشێوەیەکی یاسایی لێرە کار بکەین و ڕەنگە هاوکاریشبن تا ببینە هاووڵاتی هەمیشەیی ئەم وڵاتە. باوکم کاتەکانی ڕۆژی لە زانکۆی بۆستن لە ناو وانەکانیدا بەسەر دەبات، بە شەویش کارگوزاری ئەو باڵەخانەیەیە کە تێیدا دەژین. لە بری ئەو چەند ژوورەی لە ژێرزەمینەکەدا پێیاندابووین و لەگەڵ داهاتێکی کەمی ڕۆژانە، باوکم بەردەوام زەوی باڵەخانەکە خاوێن دەکاتەوە، زبڵی ناو زبڵدانی هۆڵەکە دەباتە دەرەوە، وەڵامی تەلەفوونی دانیشتووانی باڵەخانەکە دەداتەوە، ئەگەر دەرگایان لەسەر داخرابێت بە کلیلەکانی خۆی بۆیان دەکاتەوە و ئەگەر گڵۆپێک شکابێت دەیگۆڕێت. کارەکەی ٢٤ کاتژمێرییە و بەهۆی وانەکانییەوە ناتوانێت بڕوات بۆ گەشتەکەی فلۆریدا، دایکم لە بری ئەو بەتەنها دەچێت.

ئەو ڕۆژانە ژەمەکانمان لەو شمەکانەوە ئامادە دەکرد کە بانکی-خۆراکی کڵێساکەی سەر شەقامی بیکن دەیبەخشییەوە. دایکم پێش گەشتەکەی شمەکەکانی ئەم مانگەی وەرگرت تا لەوە دڵنیابێت ئەم مانگەش بەرمان دەکەوێت؛ دوو پاکەت پەڕەی گەنمەشامی[4]، پاکەتێک شیرینی بەتامی گێلاس، یەک پارچە سەموون، تەماتە، پیاز و کیسەیەک برنج، لە مارکێتی کرستییش پرتەقاڵ و مۆز و کارتۆنێک شیر دەکڕێت چونکە ئەمانە لە بانکی-خۆراکەکەدا نین. تەبەقێک هێلکەش دەکڕێت چونکە هەمیشە هێلکەکانی ئەوێ چەند هەفتەیەک بەسەر بەرواری بەسەرچوونیدا تێپەڕیووە. من تەمەنم حەوت ساڵانە و پێ دەنێمە هەشت ساڵیمەوە. ئەو ڕۆژەی دایکم دەچێت بۆ فلۆریدا بەیانی زوو هەڵمدەسێنێت تا ماڵئاوایی بکات، “وریا بیت و ئاگات لە باوکت بێت. “سەر دەلەقێنم بێ ئەوەی بزانم مەبەستی چییە.

ئەو ئێوارەیە باوکم لە کار یان لە زانکۆ، نازانم کامیان، دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

وەک هەر کاتێک کە دەگەڕایەوە ماڵەوە پێمگوت، “باوکە بەخێربێیتەوە. “من لە چێشتخانەکەم و بەناو یەخچاڵەکەدا بۆ شتێک دەگەڕێم تا بیخۆم.

بە دەنگێکی سەنگینەوە دەپرسێت، “برسیتە؟”

دەرگای یەخچاڵەکە دادەخەم و سەیری دەکەم و سەر دەلەقێنم.

جانتاکەی سەر شانی دادەنێت و دەستی بەسەر سەریدا دەهێنێ و دەبات، پاشان دەڵێت: “باش، تۆ بڕۆ لە ژووری دانیشتنەکە سەیری تەلەفزیۆن بکە، من شتێک ئامادە دەکەم تا بیخۆین.”

لە ژووری دانیشتنەکەوە گوێم لە دەنگی بەریەککەوتنی دەفری کانزایییە، گوێم لە تێکدانی شتە لەناو دەفری قووڵدا کە باوکم بۆ نانخواردن بانگم دەکات، دەبینم ژەمەکەمان چەند پارچە سەموونێکی گەرمکراوە و پارچەیەک کەرە لەسەر سۆسێکی سپییە، لەگەڵ قاپێک کە نە هێلکەی سوورەوەکراوە و نە ئۆملێت، تەماتە و پیازی ورد جنراویش خزێنراونەتە ناو هێلکەکە و بە یەکسانی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام سەر ڕووی هێلکەکە زیاتر لە جێبرینی هەڵئاوساو دەچێت.

ئەو ئێوارەیە پێکەوە نان دەخۆین، هەرچەندە ئۆملێتەکەی شلە، لایەکی سەموونەکەش سووتاوە، بەڵام بە جۆرێک دەیخۆم وەک ئەوەی یەکێک لە خوانەکانی دایکمم لەبەردەستدابێت، وەک برنج و ماشەکەی دایکم یان شلەی گۆشتەکەی یان شلەی بامییەکەی. کاتێک لە خواردن دەبمەوە، لێوم دەلێسمەوە و سوپاسی دەکەم. سەر مێزەکە خاوێن دەکەمەوە و ئەویش یارمەتیم دەدات. ئەو ئێوارەیەم لە شوێنێکی یادەوەریمدا هەڵدەگرم و بە پارێزراوی دەیهێڵمەوە تا هیچ کات بیرم نەچێتەوە. تەمەنم حەوت ساڵە و وا دەبمە هەشت، یەکەم جارمە ئەم لایەنەی باوکم دەبینم.

چەند ڕۆژێک دواتر، دایکم لە فلۆریداوە دەگەڕێتەوە و بەڵگەنامەی یاسایی کارکردنی وەرنەگرتووە. وا دەردەکەوێت کە ڕەنگە تەنانەت ڕێکخراوی کڵێساکەش ساختە بێت. من لە ژوورەکەی خۆم دانیشتووم کاتێک دایکم بەسەرهاتی گەشتەکەی بۆ باوکم دەگێڕێتەوە. باوکم پرمەیەک دەکات و بە دایکم دەڵێت کە نابێت شتی لەوجۆرە بڵێت. لە دایکم دەپرسێت ئەو چووزانێت جیاوازی ساختە و ڕاستەقینە چییە. دایکم پێیدەڵێت کە دەیزانێت. باوکم دووبارە پێیدەڵێتەوە کە بێدەنگ بێت؛ “شکستی تەواوەتی ئەوەیە کە ژنێک بۆ جێبەجێکردنی کارێک بنێریت.”

کاتێک باوکم دەچێتە ژووری نووستنەکەی، من لە ژوورەکەم دێمە دەرەوە. هێشتا جانتای گەشتەکەی دایکم لەسەر زەوی ژووری دانیشتنەکەیە کە دەمبینێت زەردەخەنەیەک دەکات و دەست دەخاتە سەر شانم و لێمدەپرسێت ئایا برسیمە. منیش لە وەڵامدا دەڵێم: “بەڵێ، زۆرم برسییە” و بەڕاستیشمە. ئێوارە درەنگی کردبوو و باوکیشم دەیزانی دایکم دەگەڕێتەوە بۆیە نانی ئێوارەی ئامادە نەکرد.

دایکم سەر دەلەقێنێت و دەڵێت هەرئێستا هەندێک شت لە مارکێتە ئەفریقییەکەی سەر شەقامی بیکن، کە زۆر دوورنییە لە ماڵەکەی خۆمانەوە، دەهێنێتەوە. پێمدەڵێت ئاهەنگی ئەمڕۆمان پێویستی بە خوانێکی نایجیرییە چونکە پێدەچێت لە ئێستادا جگە لە نایجیری-بوونمان هیچ بژاردەیەکی ترمان نەبێت؛ “باشترە پێی دڵخۆشبین، پێویست ناکات خەم بۆ کەسایەتی خۆمان بخۆین. “بەرەو دەرگاکە دەڕوات و من هەرچەندە پێڵاویشم لەپێدا نییە، جووڵەیەک دەکەم تا شوێنی بکەوم؛ “تۆ لە ماڵەوە بمێنەوە، زوو دەگەڕێمەوە. ” پاڵ بە دەرگاکەوە دەدەمەوە و تا لەبەرچاو بزربوو تەماشای دەکەم. سکم قۆڕەی دێت بەڵام جگە لە تەماشاکردنی هیچی ترم پێناکرێت، کە بۆناو کۆڵانەکە لادەکاتەوە و لەبەرچاو ون دەبێت، دەرگاکە دادەخەم و کێلوونەکەی لێ دەدەم.

هەروەک خۆی  گوتی زوو گەڕایەوە، بەدەم فیکەلێدان و لەبەرخۆوە گۆرانی گوتن، خوانی ئێوارە ئامادە دەکات. دواتر چەند دەورییەک پڕ دەکات و بۆ باوکمی جیا دەکاتەوە. تۆوی تازە لێکراوەی ئیگوسی لە مارکێتە نایجیرییەکە کڕیبوو تا شۆربای ئیگوسی پێ دروست بکات. شۆرباکە و مشتێک گاری[5] دەخاتە سەر سینییەک و تەنانەت ئەو کاتەش کە بە سینییەکەوە بەرەو ژوورەکەی باوکم دەچێت لە فیکە و زەردەخەنە و وردە جوڵەی سەری ناکەوێت. کەمێک بێدەنگی دروست دەبێت و دواتر دەنگی باوکم دەبیستم. گوێم لە دەنگی دایکم نییە و لەم کاتەشدا بە خۆم دەڵێم خۆزگە زوو دەهاتەوە، چونکە برسێتی وەختە بمکوژێت. دواتر لەناکاو ترسێک ناخم دادەگرێت. دەچمە ژوورەکەم و لەوێ چاوەڕێ دەکەم. کاتێک سەرزەنشتی دایکم دەکات، دەنگی باوکم بەرزتر دەبێتەوە و دەنگی پیاکێشانێکی بەرز دەبیستم. هێشتا دایکم هەر لەو ژوورە نایەتە دەرەوە و دەنگی سەرزەنشتکردنەکانی باوکیشم هێشتا هەر بەرزن.

سەرەتا دەمەوێت بچم بە هانای دایکمەوە، بەڵام زۆر لەوە دەترسام کارێکی وابکەم. دواتر، تەنانەت لەگەڵ زیادبوونی ترسەکەی ناخم، لە ژوورەکەم دێمە دەرەوە و دەچمە چێشتخانەکە و هێواش هێواش لە ژووری نووستنەکەی ئەوان نزیک دەبمەوە. ڕەفەیەکی ڕەش بەو دیوارەوە هەڵواسراوە کە ژوورەکەی ئەوان لە ژووری دانیشتنەکە جیا دەکاتەوە، لە پشتی ڕەفەکەوە لەسەر ئەژنۆ دەنووشتێمەوە و خۆم دەشارمەوە. دایکم لە ژوورەکە بە سینییەکەوە دێتە دەرەوە. دەچێتەوە چێشتخانەکە و سەری بەملا و ئەولادا دەگێڕێت، دەورییەکانی سەر سینییەکە لادەبات و بە دەوری نوێ و پڕەوە دەچێتەوە بۆ لای باوکم.

ئەو ئێوارەیە، پاش چەند کاتژمێرێک، ژێر چاوی چەپی دایکم بەرەو شینهەڵگەڕان دەچێت. کاتێک بیر لە ماسەچوسێت دەکەمەوە زیاتر ئەم ساتەنەم دێنەوە یاد.

چەند ڕۆژێک تێدەپەڕێت و ناتوانم دەنگی دایکم لە خەیاڵمدا دەربکەم، کاتێک پێی دەگوتم پێویستی بە یارمەتییە. نەمدەتوانی بە هۆڵی قوتابخانەی دواناوەندیی ئاڵنـدا تێپەڕم و گوێم لە دەنگی دایکم نەبێت، نەمدەتوانی نانی ئێوارە بخۆم و گوێم لە دەنگی نەبێت کاتێک داوای گەڕانەوەی لێم دەکرد. دوای هەفتەیەک بڕیاری خۆم دەدەم.

هێشتا پشووی هاوین دەستی پێ نەکردووە، بۆیە داوای مۆڵەتێکی بەپەلە دەکەم و مامۆستایەکی دی شوێنم دەگرێتەوە.

ئێستا ئەوان لە بۆستن ناژین، لە نیو جێرسی دەژین چونکە باوکم کارێکی باشتری بۆخۆی لە کۆمپانیای بریستۆڵ-مایەر سکواب دۆزیبووەوە. پێش ئەمەش بۆ چەند کۆمپانیایەکی تری دەرمانسازیی کاری کردبوو و یەکەم کار کە لە ئەمریکا وەریگرت بووە هۆی مانەوەی ئێمە. ئەو کۆمپانیایە ئامادەبوو پشتگیری بەهاووڵاتیبوونی ئێمە بکات تا بەشێوەیەکی یاسایی لە ئەمریکا بمێنینەوە.

بە هەرحاڵ، باوکم پێش نەخۆشکەوتنی لە بەشی بیناسازی کۆمپانیای بریستۆڵ-مایەر کاری دەکرد. دایکم دەیگوت کە ئەو لە بەشی بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەک کار دەکات، هەر لە هەوکردنی جومگەکانەوە تا نەخۆشی لوولەکانی دڵ، لە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانەوە تا نەخۆشییە دەروونییەکان. لە کاتی کەلوپەل پێچانەوەدا بیرم لەوە دەکردەوە کە ئایا دەبێت باوکم ئەو دەرمانانەی بەرهەمهێنابێت کە ئێستا چارەسەری نەخۆشییەکەی خۆی پێ دەکرێت.

ئەم ماڵە نوێیەیان چەند کاتژمێرێک بە ئۆتۆمبیل لە منەوە دوورە، لە شەقامی سەرەکی 22-E ەوە بۆ شەقامی S-33 و دواتر شەقامی I-287S و لەکۆتاییشدا بۆ سەر شەقامی I بەڕێ دەکەوم. ئۆتۆمبیلەکەم لە پێش ماڵەکەدا ڕادەگرم و هەناسەیەک هەڵدەکێشم. پاش چەند ساڵێکی زۆر ئەمە یەکەم سەردانمە، پاش نزیکەی دە ساڵ ڕێگەم پێدەدرێت بگەڕێمەوە ماڵەوە.

دایکم کلیلەکەی لەژێر فەرشی بەردەرگاکە بۆ جێهێشتووم. کاتێک دەست بۆ کلیلەکە دەبەم، فەرشی بەردەم دەرگاکە دەناسمەوە، هەمان ئەو فەرشەی کە نزیکەی دە ساڵێک پێش ئێستا هەر لەوێدابوو. فەرشەکە لاخوراو نییە و هێشتا هەر دەڵێی تازە کڕدراوە. بیر لەوە دەکەمەوە تۆ بڵێی چەندجار گۆڕیبێتیان، ئایا دەبێت خوویان بەوەوە گرتبێت کە هەمیشە هەمان بەرپێ بکڕنەوە و لە جێی ئەوەی پێشوو دایبنێنەوە، یان ئایا هیچ کەسێک جگە لە خۆیان پێ دەنێتە سەر ئەم فەرشە، ڕەنگە هەمیشە هەر خۆیان بن، هیچکات میوانێکیان نەبێت و هیچکات شوێن پێی کەسێکی تری نەیەتە سەر.

ماڵەکەیان دوو نهۆمە، بە پلیکانەکاندا دەچمە سەرەوە و بەلای چەپدا بەرەو ژووری دانیشتن لادەکەمەوە. لەلای چەپی ژووری دانیشتنەکەش دەرگای ژووری نووستنی ئەوانە. دەرگاکە داخراوە، هەرچەندە دەزانم باوکم لە ژوورەوە نییە، بەڵکو لە یەکێک لە ژوورەکانی نەخۆشخانەی سەینت پیتەرە و ڕەنگە یەکێک لەو کراسە شینە کاڵانەی لەبەردابێت کە بەشی پشتەوەی کراوەیە و تەنها بە چەند قردێلەیەک دادەخرێت. هەرچەندە دەزانم ئێستا لە منەوە دوورە و لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ نەشتەرگەری غودەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە کرژبوونەوەی ماسولکەکانی زگم دەکەم.

بەرەو ژوورە کۆنەکەی خۆم دەچم. کێلی دەرگاکە بادەدەم و کەمێک لەناو ژوورەکە ڕادەمێنم. لەسەر کانتۆرە کۆنەکەم دوو ڕیز ئاژەڵی خڕیلە دانراون؛ فیلێکی مۆر بە دوو گوێی گەورە و شۆڕەوە و مراوی زەرد ڕیزیان گرتووە، هەندێکیان تەقەڵەکانیان لێک ترازاون، هەندێکی تریشیان پەڵەیەکی سووری تۆخی مەیلەو قاوەیی خوێنی وشکەوەبوویان پێوە دیارە، ئاکامی تووڕەییەکانی ئەوسای باوکم. جگە لەمانەش، بووکێکی ساکاگاویا بە هەردوو پرچە درێژەکەی و برژانگە درێژ و پچڕاوەکەیەوە لەوێدابوو. تۆزەکەی سەریان دەتەکێنم و تەماشای گەردیلەی تۆزەکە دەکەم کە بە هەوادا بڵاودەبنەوە، دواتر دەست بەسەر پشتی یەکێک لە مراوییەکان دەهێنم و هەڵیدەگرم. چەندین ساڵە هیچ یەکێکیانم لە شوێنەکەی خۆیان نەجوڵاندووە، چەندین ساڵە قسەم بۆ نەکردوون، ئەوکات هەمیشە لە تاریکییدا بە بێدەنگی پەڵەی فرمێسکەکانم لەسەر لەشیان جێدەهێشت و لیستی ئەو شتانەم بۆ دەژماردن کە بڕیارمدابوو لەگەڵ خۆمدا بیانبەمە دەرەوەی ئەم ماڵە کاتێک دەبم بە هەژدەساڵ و ئێرە جێدەهێڵم. کاتێک مراوییەکەم خستەوە ڕیزی گرووپەکەی خۆی، خەیاڵی ئەوەم دەکرد کە لە نێو خۆیاندا دەست بە قسەکانی خۆیان دەکەنەوە، وەک ئەو کاتانەی کە منیش هێشتا یەکێک بووم لەنێویاندا. بەڵام ئێستا نەناسێکم، قسەیان لەگەڵ ناکەم و بە ئاستەمیش گوێیان بۆ دەگرم.

سەرجێیەکی زەردی کاڵ لەسەر جێگاکە ڕاخراوە کە نایناسمەوە، بەڵام لێفە کۆنەکەم لە خوارەوەی جێگە نووستنەکەم وەک ئەوەی تەواوی ئەم دە ساڵە چاوەڕێی کردبم و پێشبینی گەڕانەوەی کردبم قەدکراوە.

لەسەر جێگاکە دادەنیشم و بۆ ساتێک چاوم دادەخەم. هەناسەیەک هەڵدەکێشم و ئەو هەوا شەکەت و بۆنشێیە هەڵدەمژم، دواتر چاوم دەکەمەوە و ڕووەو پەنجەرەکە دەڕوانم. پەردەکان کراونەتەوە و تیشکی خۆر دێتە ژوورەوە. هێڵێکی لاری زەردی کاڵ لە پەنجەرەکەوە دێتە ژوورەوە و دەکەوێتە سەر زەوییەکە، گەردی خۆڵیش وەک وردە پەپوولە بە هەوادا دەگەڕێن. وایدەبینم گەڵای نەخشێنراوی سەر فەرشەکەش، لەو جێیەی کە تیشکی خۆری نیشتووەتە سەر، بە هەوادا بگەڕێن و جێگۆرکێ بە سێبەری سەر فەرشەکە بکەن. لە جێگۆرکێی گەڵاکان دەڕوانم و لێدەگەڕێم شەیدای جووڵەکانیان ببم، بەڵام شەیداییەکی غەمگین، لەو جۆرە غەمانەی کە دووبارە خۆت لەناو هەموو ئەو شتانەدا دەبینیتەوە کە هەرگیز نەتویستووە تیایاندا بژیت.

لە دوا قۆناغی دواناوەندییمدا، دایکم و باوکم کەوتنە دەمەقاڵێیەکی تووندەوە. کەوتمە نێوانیانەوە و بە هاوارەوە پێمگوت کە چەند باوکێکی خراپە. پاڵێکم پێوەنا و لە دایکمم دوورخستەوە. لێمپرسی چ جۆرە هاوسەرێک لە هاوژینەکەی خۆی دەدات؟

لەناکاو دەستەکانی بە هێزەوە دابارینە سەر ڕووخسارم، مستە تووندەکانی بەگووڕەوە لەسەر دەمم دەنیشتنەوە.

ئێستاش نەمانزانی کێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد، تەنانەت ئەگەر لەدەرگاشیان دابێت ئێمە گوێمان لە تەقەی دەرگا نەبوو. خولەکێک پاش زللە-هاویشتنەکانی باوکم بەرەو ڕووخساری من دوو پۆلیس بە جلوبەرگێکی تۆخ و دەمانچەکانی دەستیان و باجەکانی سەر شانیانەوە لە پێش دەرگای ژوورەکەی دایکم و باوکم ڕاوەستابوون.

پۆلیسەکان دەگەن و چەند ساتێک لە ماڵەکەدا لەگەڵمان دەمێننەوە، پرسیارمان لێ دەکەن و تێبینییەکان دەنووسنەوە. دواتر یەکێکیان بە من و دایکم دەڵێت شوێنی بکەوین و بەرەو دەرەوەی ماڵەکە پێشمان دەکەوێت.

لەسەر بۆنیتی ئوتومبیلە فۆڕد تۆرەسەکەی باوکم دادەنیشم. فرمێسکەکانم بە ڕووخسارمەوە وشک دەبنەوە و پێستی ڕوومەتم بە جۆرێک زبر دەبێت وەک ئەوەی هەموو شێی پێستم لەگەڵ نەمانی فرمێسکەکانمدا وشک هەڵگەڕابن. بایەکی فێنک هەڵدەکات و ڕووم وەردەگێڕم و سەرنجی پۆلیسەکە دەبینم.

بەتێڕامانەوە دەڵێت: “لێوت خوێنی لێ دێت، دەبێت پێمبڵێیت کێ وای لێ کردیت. “

دەستم دەخەمە سەر خوێنە ڕەقبووەکەی لێوم کە بەهۆی بایەکەوە مەییبوو، وەک ئەوەی قەتماخەی گرتبێت هەڵاوسابوو.

پۆلیسەکە دووبارە دەڵێت: “دەبێت پێمبڵێیت کێ وای لێ کردیت. “

بە لاچاو دەبینم دایکم بە مەبەستەوە چاوی دەترووکێنێت و سەرم بۆ ڕادەوەشێنێت. لە پۆلیسەکە دەپرسم: “ئەگەر پێت بڵێم چی ڕوودەدات؟” بە پەنجەی دەستم خوێنە ڕەقبووەکەی لێوم لێدەکەمەوە و بە دامێنی قۆڵی بلووسەکەمی دەسڕم.

پۆلیسەکە لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەمە تاوانە، ئەو کەسەی بەرپرسیارە بەند دەکرێت و ڕەوانەی زیندان دەکرێت. “

ئەمجارە دایکم بەخێراییەکی زیاترەوە چاوەکانی دەترووکێنێت.

پۆلیسەکە دەڵێت: “خەمت نەبێت، چەند ڕۆژێکی کەم لە زینداندا دەمێنێتەوە و وانەیەک فێردەبێت، فێردەبێت کە باشترە جارێکی تر کارێکی لەوجۆرە دووبارە نەکاتەوە. “

دایکم بەدەم گریانەوە دەڵێت: “باوکت نەخۆشی شەکرەی هەیە، دەتەوێت پیاوێکی نەخۆش بنێریتە زیندان؟ لەوێ چی لێ بەسەردێت؟ دەتوانیت بەرپرسیارێتی تێکچوونی تەندرووستی باوکت بگریتە ئەستۆ؟”

پۆلیسەکە دەڵێت: “خاتوون…”

منیش دەڵێم: “کەوتم. هەڵەی خۆم بوو. بەرەوڕوو کەوتمە سەر زەوییەکە. “

پۆلیسەکە لێم ورد دەبێتەوە و هەندێک شت لەسەر کاغەزەکەی دەستی دەنووسێت. هەر زوو خۆی و هاوڕێکەی بە ئوتومبیلە لاندکروزە پۆلیسییەکەیانەوە ئەو ناوە جێدەهێڵن.

بۆ ڕۆژی دواتر، لە وانەی چوارەمدا، کە وانەی بیرکاری خاتوو بێتییە، لە ڕێگەی ئامێری پەیوەندیی ناوخۆیی پۆلەکەوە گوێم لە ناوی خۆم دەبێت، “ئوچێنا ئۆکۆلی، تکایە وەرە بۆ ژووری بەڕێز لۆفتین. “

بەڕێز لۆفتین توێژەری کۆمەڵایەتی خوێندنگەکەیە. لە ئۆفیسەکەی ڕۆژنامەیەک بەرز دەکاتەوە و دەیخاتە پەڕەکانی کۆتایی و لێم دەپرسێت کە ئایا هەموو شتێک لە ماڵەوە باش دەڕوات.

بە بەڵێ وەڵامی دەدەمەوە.

تەماشام دەکات بە جۆرێک وەک ئەوەی بیەوێت بمپشکنێت، وەک ئەوەی تاقیکردنەوەم لەسەر بکات بۆ تەواوکردنی نووسینی ڕاپۆرتێکی.

دەڵێت: “هیچ خێزانێکی تر بە ناوی ئۆکۆلی لە تەواوی ناوچەی ئیدیسن ناناسم، لە ڕاستیدا لە هیچ جێیەک خێزانێکی تر بەو ناوەوە ناناسم. “

سەر دەلەقێنم و دەڵێم: “ناوێکی ئاشنا نییە. “ویستم بە پێکەنینەوە ئەمە بڵێم، بەڵام ئەو دەنگەی لە گەروومەوە دەرچوو زیاتر وەک دەنگی کۆکەیەک وابوو. دەستی ڕاستم دەخەمە سەر دەسکی کوورسییەکە تا وای دەربخەم زۆر بە ئارامییەوە دانیشتووم. دواتر دەستم نزیکی ڕووخسارم دەکەمەوە و لایەکی لێوم لە دەستمدا دەشارمەوە.

بە سەرلەقاندەوە دەڵێت: “ناوی خێزانەکەی تۆ لە ڕۆژنامەی ئەمڕۆدا هاتووە، لە ڕاپۆرتی ڕووداوێکی تووندوتیژیدا، ئێوە تەنها خێزانن بەم ناوەوە لە ناوچەی ئێدیسۆن بژین. “

فرمێسک لە چاوەکانمدا کۆدەبنەوە، بۆ ئەوە نا کە خەمباربم یان شەرم دایگرتبم. فرمێسک لە چاوەکانمدا کۆ دەبنەوە چونکە هەست بە بار سووکییەک دەکەم.

دەپرسێت: “دەتەوێت لەبارەی ئەم ڕووداوەوە قسە بکەین؟”

سەردەلەقێنم و لە وەڵامدا دەڵێم: “باوکم،” پاشان دەوەستم.”

بەڕێز لۆفتین دەپرسێت، “باوکت؟”

منیش دەڵێم: “بەڵێ، باوکم زۆرکات تووڕەیی دایدەگرێت. “

“هیچی لەتۆ کردووە؟”

دەنگی دایکم دێتە گوێم (دەتوانیت بەرپرسیارێتی تێکچوونی تەندرووستی باوکت بگریتە ئەستۆ؟)

چاوم دەسڕم و زەردەخەنەیەک دەکەم، “گرنگ نییە. هەموو شتێک باش دەبێت. “

بەڕێز لۆفتین سەر دەلەقێنێت.

منیش دەڵێم: “نمرەکانم بەرزن و هەموو وانە باڵاکانم خوێندووە و تاقیکردنەوەکانیانم ئەنجام داوە، هێندەی نەماوە بچمە زانکۆ. لە زانکۆش نمرەکانم باش دەبن. هەموو شتێک باش دەبێت. “

وشەکانم زیاتر لە گوتارێکی ئامادەکراو دەچن، هەر بەوجۆرەش بوون. لەم چەند مانگەی ڕابردوودا هەرکاتێک باوکم لە من و دایکمی دەدا، ئەم چەند دێڕەم بۆ خۆم دووبارە دەکردەوە.

بەڕێز لۆفتین سەر دەلەقێنێت و دەڵێت: “بەڵێ، لە زانکۆ سەرکەوتوو دەبیت. بەڵام کێشەی تریش هەن. گەر هیچ نەڵێیت من ناتوانم یارمەتیت بدەم. “

سەرم ڕادەوەشێنم.

دەپرسێت: “دڵنیایت؟”

سەر دەلەقێنم.

لەکاتی هەستانم و ڕۆیشتنم، پێمدەڵێت: “من هەر لێرەم گەر ڕات گۆڕی. “

لە یەکێک لە سەردانەکانی نەخۆشخانەدا، دەبینم غودە وەک ڕژێنێکی شێوە پەپولەیە، لاکانی ڕژێنەکەش لە شێوەی باڵدان. پەپوولە دەبێت نەرم و جوان بێت، بەڵام دواتر وای بۆ چووم کە ڕەنگە کێشەکە ئەوەبێت کە باوکم هیچ کات غودەیەکی ئاسایی نەبووبێت. وای بۆ دەچووم کە ڕەنگە لێکردنەوەی ئەم ڕژێنەی قوڕگی باوکم ببێتە هۆی درووستبوونی ئەو گۆڕانکارییەی هەمیشە بە هیواوەی بووین.

باوکم بۆماوەی هەفتەیەک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. نەشتەرگەرییەکی ئاساییە و دکتۆرەکان دەڵێن هەموو شتێک بەو جۆرەیە کە پێشبینیان دەکرد. پێمان دەڵێن پاش هاتنە ماڵەوەی، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا تەندرووستی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە، چەند ڕۆژێک بە بیجامە و بلووسە خەتخەتە سپی و شینەکەیەوە بە نێو ماڵەکەدا دەسوڕێتەوە. پێیەکانی بە شوێن خۆیدا ڕادەکێشێت و لەبەرخۆیەوە قسە دەکات.

لێی دەپاڕێینەوە تا نان بخوات، بەڵام سەری ڕادەوەشێنێت و پێمان دەڵێت کە دڵی هیچ نابات. هەفتەیەک تێدەپەڕێت، دەبێت بە دوو هەفتە. ئێوارەیەک دەڵێت: “چ شەرمەزارییەکە. نەخۆشکەوتن و بێهێزبوون، چ شەرمەزارییەکە. ” دەنگی نووساوە و وشەکانیشی وەک ئەوانەی دایکم قوورسن.

کە دەڕۆینە دەرەوە و ژوورەکەی جێدەهێڵین بە چپەوە بە دایکم دەڵێم: “نیشانەکانی نەخۆشی مونچاوزنن[6].”

دایکم بە ڕووگرژییەوە سەیرم دەکات.

بە دایکم دەڵێم: “ئاوا بێت باشترە، لە بری هاوار و لێدانەکانی، من نەخۆشکەوتنی هەڵدەبژێرم. “

دایکم ئەوکات کراسێکی خەوتنی ڕەنگ وەنەوشەیی لەبەردایە، کراسە بێقۆڵەکەی تا سەر ئەژنۆی درێژە، ئێسکی ڕوومەتی بەرزە و پێستی ڕووخساری نەرمە و گەنج دەردەکەوێت. لە یەکەم تەماشاکردنیدا ڕووخساری لە ژنێکی تەمەن پەنجاوپێنج ساڵ ناچێت. بەڵام ژێرچاوی ڕەشە، نێوچەوانیشی چرچییەکی کەمی تێدایە، وەک هەمان لۆچیی قوماشە کەتانەکەی بەری. سەیرێکم دەکات و سەر ڕادەوەشێنێت و دەڵێت: “کێشە مەهێنەرە شوێنێکەوە کە کێشەی تێدا نییە. “

لەبارەی نەبوونی کێشەوە ڕاستی دەکرد. بۆ یەکەمین جارە، باوکم ئارام و بێوەیە.

ئەو ئێوارەیە باوکم لەودیو دەرگای داخراوی ژووری نووستنەکەوە بە دەنگی بەرزەوە بانگم دەکات تا لە چێشتخانەکەوە گوێم لێبێت. دەرگاکە دەکەمەوە و دەبینم ئەو لەسەر جێگە خەوەکەی دانیشتووە و پشتی لە دیوارەکەیە. لێفەکەی تەختێکی مۆری تۆخە و بازنەی سەوزی تێدایە وەک ماری بچکۆلەی سەر زەوی لمینی بیابان. لێفەکە تا کەمەری داپۆشیوە، لەناو دەرگای ژوورەکە، لە ژێر تاقی دەرگاکە دەوەستم و دەڵێم “بەڵێ باوکە؟”

بلوسە بێقۆڵە سپیەکەی لەبەرە، یاری بە لێفەکەی دەکات و داوای پەرداخێک ئاوم لێ دەکات. پرسیم: “باشیت؟”

سەری بە هێواشی لەقاند وەک ئەوەی سەری تۆپێکی قورس بێت بە ملییەوە، وەک ئەوەی هەر جووڵەیەکی دەبێت هێواش و پلان بۆداڕێژراو بێت تا تۆپەکە نەکەوێتە خوارەوە.

ژوورەکە جێدەهێڵم تا پەرداخێک ئاوی بۆ بهێنم. کە دەگەڕێمەوە، دەچمە نزیک جێخەوەکەی و پەرداخە ئاوەکەی بۆ ڕادەگرم. لە کاتی وەرگرتنی پەرداخەکەدا دەڵێت، “کچێکی چەند باشیت، تۆ لەگەڵ باوکە هەژار و پیرەکەت زۆر باشیت. ” دەنگی نەرمە و وشەکانیشی میهرەبان و چاوەڕواننەکراون، بە جۆرێک چاوەڕواننەکراون کە تەنها ئەو وشانە دەبیستم کە پێیان ڕاهاتووم، بە تایبەت ئەو وشانەی چەند ساڵی پێش ڕۆیشتنم، ساڵەکانی دواناوەندیم؛ لە دەنگیدا گوێم لە وشەی پڕ خەوش و زبرە، ئەو وشانەی وام لێ دەکەن گرژبم و برۆم لێکبنێم وەک ئەوەی بە سەر ڕووی تەختە ڕەشێکەوە گوێم لە کڕاندنی نینۆک بێت. بەڵام دواتر پەپوولە شێرپەنجەییەکەیم دێتەوە یاد، بیر لەو گرێیانە دەکەمەوە کە خۆیان بەرەو دەرەوەی ڕژێنەکانی درێژدەکەنەوە و دەگەنە هەردوو باڵی ڕژێنەکە، بیر لەو پزیشکانە دەکەمەوە کە گرێکە دەردەهێنن و فڕێی دەدەن، بیر لەو دەرمانانە دەکەمەوە کە ئارامی دەکاتەوە، ئەو ئارامییەی کە غودە نەخۆشەکەی نەیتوانی بیداتێ. تەنها پاش ئەم خەیاڵکردنە دەتوانم دەنگی باوکم وەک ئەم دەنگەی ئێستای بناسمەوە، وەک ئامێزێکی نەرم و میهرەبان.

                                                *

پاش دوو مانگ لە خوێندنی زانکۆ، بەردەوام پەیوەندیم بە دایکمەوە دەکرد بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە. پاش هەفتەیەک لە پەیوەندیکردن، لە کۆتاییدا پەیوەندی پێوەکردمەوە.

تەلەفونەکە هەڵدەگرم، هێشتا من لە سڵاوکردندام دایکم دەڵێت: “ئێستا کە خوێندکاری زانکۆیت، باوکت پێی وانییە کە بیرۆکەیەکی باش بێت بگەڕێیتەوە ماڵەوە. ئەو هەست دەکات تۆ بە خۆتێهەڵقورتاندنت لە پەیوەندییەکەی ئێمەدا، بە خۆ خستنە ناو کێشەکانەوە، بێڕێزییت کردووە. “

دەپرسم: “من؟ بێڕێزیی؟”

دایکم دەڵێت “بەڵێ، هەندێک کات خۆت دەخستە ناو شەڕەکانی ئێمەوە. کاتێک کە دایک و باوکت گفتوگۆ دەکەن، شوێنی تۆ نییە خۆت بخەیتە نێو قسەکانیان. “

منیش دەڵێم: “گفتوگۆ نەبوون، ئەو لێیدەدایت. “

دایکم دەڵێت: “باوکت پێیوایە کە پێویستە پێت بڵێم کە خۆی لە تۆ بێبەری دەکات. “

سەرەتا بێدەنگم. دواتر پێیدەڵێم کە ئەو کەسێکی لاوازە. لێی دەپرسم چۆن دەتوانێت ئەوەندە بێهەست بێت، چۆن دەتوانێت وەک گێڕانەوەی هەقیقەتێک پەیامەکەی باوکم بگوازێتەوە. دەنگم دەلەرزێت بەڵام زۆر لەخۆم دەکەم تا قسەکانم تەواو بکەم: لێی دەپرسم ئایا هەرگیز بە باوکمی  گوتوە کە کێشەکە لەودایە، باوکم لە حاشاکردنی من چی دەست دەکەوێت؟ چاوەڕێی وەڵامی دایکم ناکەم چوونکە وەڵامەکە دەزانم. تەلەفونەکە دادەخەمەوە، چوونکە لە قووڵایی ناخی خۆمدا دەزانم دایکم پێی باشترە شتەکان بەو جۆرە بن، پێیوایە کە دەبێت ئەمە بکات.

بۆ پشووی سەری ساڵ، هەندێک لە کەلووپەلەکانم لە ژووری بەشە ناوخۆیی زانکۆ دەپێچمەوە و لە ئەپاڕتمانە چۆڵەکەی مێلیسای هاوڕێم دەمێنمەوە. زانکۆ حوکومییەکان لە کاتی پشووی زستاندا سارد و مردوون، بەڵام بڕیاردەدەم کە سوود لەم زستانە وەربگرم، چێژ لە هەڵگەڕان و خۆخزاندنە ناو کلوە بەفری خاوێن و کەڵەکەبوو وەرگرم. پووتەکانم لەپێ دەکەم و ئەو سینییەی کە پێشتر لە هۆڵی نان خواردنی زانکۆ بردبووم، لەگەڵ خۆمدا دەبەمە دەرەوە. سینییەکە لەسەر زەوی دادەنێم و لەسەری دادەنیشم و خۆم بە گردە بچووکە بە بەفر داپۆشراوەکەدا دەخزێنمە خوارەوە. لەسەر یەک هەڵدەستمەوە و جارێکی تر خۆم دەخزێنمەوە. هەر ڕۆژ نا ڕۆژێک ئەمە کارمە، هێندەی پێناچێت پشووی زستان کۆتایی دێت.

بەدرێژای وەرزی خوێندنی بەهار هیچ هەواڵێک لە دایکمەوە نابیستم. لە هاویندا پەیوەندیم پێوەدەکات و دەڵێت دەتوانین پێکەوە پلانێک دابنێین، بۆ نموونە لە مۆڵێک یەکتر ببینین. دەڵێت ڕەنگە بتوانێت شەوان، ئەو کاتەی باوکم نووستووە، بە نهێنییەوە بمباتە ماڵەوە ئەگەر من ئۆتۆمبیلەکەم لە دوو شەقامی خوار ماڵەکەمان ڕابگرم. دواتر دەتوانین پێکەوە قسە بکەین و دەنگ و باسی خۆمان بەیەک بڵێین، وەک ساتە خۆشەکانی ڕابردوو. ڕەنگە بشتوانین پێکەوە سەیری فیلمە نوێیەکانی نۆڵیود[7] بکەین. لەخۆم دەپرسم کام ڕۆژە خۆشانەی ڕابردوو؟ بەڵام ئەم پرسیارە لەدایکم ناکەم. لەجێی ئەوە بیر لەو چەند دوانزە فیلمە دەکەمەوە کە پێکەوە سەیرمان کردوون و لەکاتی تەماشاکردنی هەر یەکێک لەو فیلمانەش باوکم دەهات و کۆنتڕۆلەکەی دەبرد و کەناڵەکەی دەخستە سەر یارییە زۆرانبازیەکانی WWF یان هەرشتێکی تر کە دەی گوت دەبوو سەیری بکات. لە کۆتاییدا من و دایکم بڕیارماندا چاوەڕێ بکەین تا باوکم خەو دەیباتەوە و بە بێدەنگی و سەرسەختانە بۆخۆمان سەیری فیلممان دەکرد، بەڵام هێشتا دەترساین باوکم بەخەربێتەوە و کەنەڵەکەمان لێ بگۆڕێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هاوین دەچم بۆ لای، لە مۆڵەکە یەک دەبینین و پێکەوە لە چێشتخانە چینییەکە نانی ئێوارە دەخۆین. پاش نانی ئێوارە دایکم دەڕواتە ماڵەوە و منیش بە مۆڵەکەدا دەسووڕێمەوە. بۆ کات تێپەڕاندن، لە کتێبفرۆشی بۆردەرس، دەست بەخوێندەوە دەکەم. نزیک کاتژمێر دەی شەو، کاتێک کە من و دایکم دڵنیاین باوکم خەووتووە، دەڕۆم بۆ ئەو ماڵە.

چەند هەفتەیەک تێدەپەڕێت و دەبێت بە مانگێک، پشووی هاوین لە دواناوەندی ئاڵن دەستیپێکردووە. من و دایکم بەردەوام باوکم دەبەین بۆ پشکنینەکانی و دەیهێنینەوە. وادیارە هەمووشتێک باش دەڕوات و پێموایە ڕەنگە چیتر خزمەتەکانی من پێویست نەبن. دواتر ڕۆژێک دایکم و باوکم لە پشکنین دەگەڕێنەوە و باوکم ڕاستەخۆ دەچێتە ژوورەکەی خۆی. پێدەچێت دۆخی باش نەبێت، بۆیە لە دایکم دەپرسم کێشە چییە. دایکم پێم دەڵێت باوکم پێویستی بە چارەسەری تیشکییە. پێمدەڵێت کە دەبێت لەمەودوا ئەو ژەمانەی بۆ ئامادە بکات کە ڕێژەی یۆدیان کەمە، چوونکە کەم کردنەوەی یۆد لە لەشیدا پێش تیشکەکە کاریگەریی یۆدی شەپۆلی تیشکەکە لەسەر لەشی زیاددەکات.

لێی دەپرسم: “خواردنی کەمی یۆد واتای چی؟”

بە دەنگێکی سەنگین و پڕ ئەرکەوە، وەک ئەوەی هەموو نامیلکەی دکتۆرەکەی لەبەرکردبێت، دەڵێت: “نابێت خۆراکی دەریایی بخوات، شیرەمەنی، سپێنەی هێلکە، سۆیا. دەبێت چەرەساتی خاو و میوەی تازە پێگەیشتوو زۆر بخوات، جگە لە ڕێواس و ئەو گێلاسە شیرینکراوانەی ڕەنگی سووریان تێدەکرێت. “

دایکم بەردەوام دەبێت و دەڵێت، “ئامادەکاریی زۆری دەوێت و پاش تەواوبوونی چارەسەری تیشکەکە کارەکانم زیاتریش دەبن. “

من تەنها گوێم بۆ دەگرت.

“پێویستم بە یارمەتی زیاترە، دەبێت ماوەیەکی زیاتر بمێنیتەوە. “

لە وەڵامدا سەر دەلەقێنم، چوونکە شتەکان هێشتا زۆر خراپ نەبوون.

دایکم لە قسەکانی بەردەوام دەبێت، “دەبێت خەمێکی کارەکەم بخۆم، ناکرێت کارەکەم لەدەست بدەم. “

خەیاڵم دەچێتەوە بۆ ساڵی یەکەمی زانکۆم، ئەو کاتەی ڕێی ئەم ماڵەم لێگیرابوو، ئەو کاتەی دایکم پاش سازشکردن ڕێگەیدەدام شەوانە بە نهێنییەوە بێمە ژوورەوە. هەستێکی جیاواز و پڕکەیفم هەیە کە ئێستا دەزانم منیان دەوێت. سەر دەلەقێنم و پێی دەڵێم ماوەیەکی تریش دەمێنمەوە.

دایکم دەبوو لە ڕۆژی چارەسەری تیشکەکەدا لەسەر کار بێت. هەموو مۆڵەتێکی پشووی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکارهێنابوو، داواکردنی مۆڵەتێکی تر دەبووە هۆی لەدەستدانی بیمەی تەندرووستی. لەگەڵ هەبوونی ئەم نەخۆشییەی باوکیشمدا دەبوو پارێزگاریی لە بیمەی تەندروستییان بکەن.

باوکم دەگەیەنمە نەخۆشخانە، پلان وابوو خۆی بە تاکسی بگەڕێتەوە ماڵەوە چوونکە نەماندەزانی چارەسەرەکەی چەند دەخایەنێت.

پاش ئەوەی باوکم لە نەخۆشخانە جێدەهێڵم، دەچمە نزیک مۆڵەکە بۆ کتێبفرۆشی بۆردەرس، پەنایەک دەدۆزمەوە و بۆ ڕۆژنامە خوێندنەوە لەوێ دادەنیشم. دواتر ڕۆژنامەکە دادەنێم و دەست دەکەم بە خوێندنەوەی کتێبێکی کورتە چیرۆک، کاتێک سەرهەڵدەبڕم ئێوارەیە. کتێبەکە دەکەمەوە ئەو جێیەی لێم دەرکردبوو و دەگەڕێمەوە ماڵەوە.

ئێستا منیش کلیلێکی ماڵەوەم هەیە، دەرگاکە دەکەمەوە و دەچمە ژوورەوە. کاتێک نیوەی پلیکانەکان دەبڕم، ئاماژەکانی سەر دەرگای ژوورەکەی باوکم دەبینم، بە ڕەنگی سوور لەسەر کاغەزی سپی نوسراوە: ئاگاداربە! تیشک! لە دووری سێ پێ لێرەوە ڕاوەستە! هەرچەندە ئەم چەند مانگەی ڕابردوو هیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە، هەرچەندە بە تێپەڕینی کات تیۆریی پەپولە نەخۆشەکەی باوکم زیاتر و زیاتر دڵنییایم دەداتێ، بەڵام فەرمانی دوورکەوتنەوە وام لێدەکات هەناسەیەکی ئارامیی هەڵبکێشم.

لە نێوان ژووری نان خواردن و چێشتخانەکە هاتووچۆ دەکەم. دوو لیستی درێژی ڕێکاری پاش چارەسەری تیشکم بەدەستەوەیە. لیستەکە بەم جۆرە دەستپێدەکات: بۆ دوو ڕۆژی سەرەتا مەودایەکی باش لەگەڵ دەوروپشت بپارێزە، لە ژوورێکی جودا بەتەنها بخەوە. هەتا دەتوانیت خۆت لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ ماوەیەکی درێژ بپارێزە. کەلوپەلی نانخواردنی سەفەری بەکاربهێنە. هیچ ژەمەخواردنێک بۆ کەس ئامادە مەکە و دەستمەدە لە خواردنی ئەوانیتر.

هێشتا لە خوێندنەوەی لیستەکە نەببوومەوە کاتێک گوێم لە زەنگی مۆبایلەکەم بوو. دایکم پەیوەندی دەکات.

“هەرکات باوکت ئامادەبوو ژەمی ئێوارە بخوات، کەمێک لە پەتاتەی شیرین و شۆربای سپێناخەکە بکەرە ناو دەورییەک، لە مایکرۆوەیڤەکەدا بە دوو خولەک و نیو گەرمیکەوە، دواتر ژەمەکە بکەرە ناو ئەو دەورییە سەفەرییانەی کە لە ژووری نانخواردنەکە دامناون، لەسەر مێزە بچووکەکەی نزیک دەرگای ژووری نووستنەکەی باوکت جێیبهێڵە و لە دەرگای ژوورەکە بدە، خۆی دێتە دەرەوە و خواردنەکە دەباتە ژوورەوە. “

دەپرسم: “چۆن بزانم چ کاتێک برسی دەبێت؟” ئەو شوێنەی دایکم کاری تێدا دەکات بیست خولەک لە ماڵەوە دوورە، لە کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی سەیرڤیڵ بۆ خزمەتگوزاری و گرنگیپێدان، لە نۆبەی کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ تا ١١ی شەو، کاردەکات. لە خەیاڵی مندا، دایکم لە ژووری پەرستارییەکەی خۆی لەپێش جاکی پیر و عارەبانەکەی کەمێک نووشتاندووەتەوە، دەمی نزیک گوێیە ساغەکەیەتی و بەدەنگی بەرزەوە لەهەوڵی قایلکردنیەتی تا یەک خولەک ڕێگەی پێبدات پەیوەندی بە منەوە بکات. دەپرسم ” چۆن بزانم چ کاتێک برسی دەبێت؟”

دایکم دەڵێت: “ژمارەی تەلەفوونەکەتی دەدەمێ، ڕەنگە نزیک کاتژمێرێکی تر نامەیەکت بۆ بنێرێت و پێت بڵێت برسییەتی، تۆش دەست بکە بە ئامادەکردنی ژەمەکەی. ” هەست بە زیادبوونی خێرایی دڵم دەکەم، لەناکاو هەست دەکەم هیچ هەوایەک ناچێتە ناو سییەکانمەوە، بەڵام دەمزانی دەبێت شتێک بڵێم. پێش ئەوەی وەڵامێکی بدەمەوە، دەڵێت کە دەبێت بڕوات و پەیوەندییەکە دادەخاتەوە.

کۆتا جار کە باوکم کارەکەی لەدەستدا، من خوێندکاری کۆتا ساڵی زانکۆ بووم. واتە نزیکەی پێنج بۆ شەش ساڵ پێش ئێستا. پێشتریش کاری تری لەدەستداوە، بەڵام ئەمە یەکەم جار بوو کە بە زەحمەت کارێکی تر بدۆزێتەوە. لەهەمان کاتدا سەرەتای نەخۆشکەوتنی بوو. سەرەتا پەلماویی سەر ملی، دواتر دەنگ نووسان، بە ئاستەم قووتدان و هەناسەی قوورس. ئەو کاتەش بەردەوام هاتوچۆی نەخۆشخانەی دەکرد.

لە یەکێک لەو ئێوارانەدا، کاتێک لە بەشە ناوخۆیی زانکۆ بووم، دایکم پەیوەندی بە ژمارە تەلەفوونەکەمەوە دەکات و پێم دەڵێت کە بیرۆکەیەکی باش دەبێت ئەگەر شتێک بۆ باوکم بنووسم، ئەگەر لەم کاتی دڵڕاوکێیەی باوکم هەندێک بەزەیی پیشانبدەم، دەڵێت “هیچ بیانوویەکی بۆ ناهێنمەوە، باوکت زۆر هەڵەی کردووە، بەڵام ئەو ئێستا پیاوێکی نەخۆشە، پیاوێکی نەخۆشی بێکار.

دەڵێم نا. پێموابوو پەیوەندییەکە پچڕا، “ئەلو؟ ئەلو؟”

هیچی نەدەوت، لەو کاتەی کە ویستم پەیوەندییەکە دابخەمەوە، قوورگی پاک دەکاتەوە و پێمدەڵێت کە لێم نائومێدە، دواتر دەڵێت دەبێت بڕوات و پەیوەندییەکە دادەخاتەوە.

چەند ڕۆژێک دواتر، کە وەخت بوو دەچوومە ناو پۆلەوە، زەنگی مۆبایلەکەم لێدەدات. دووبارە دایکمە و باسی هەمان بابەت دەکەینەوە، “با تۆ کەسە گەورەکە بیت، لێی خۆشبە و شتەکان لەبیرکە. نامەیەکی بۆ بنووسە، یان ئیمەیڵێک، پیشانیبدە کە تۆ کەسە گەورەکەی، دەتوانی بەبەزەیی بیت، بەتایبەت بەرامبەر کەسێکی وەک ئەو. بیبەخشە و لەبیریکە. ” پێشم دەڵێت کە ئەویش دەبوو وابکات.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، پێیدەڵێم بیریلێدەکەمەوە، هەر واشمکرد.

پاش نزیکەی هەفتەیەک، ئەم جارەش لە ژوورەکەی خۆم و نزیک مێزەکەم لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ دانیشتبووم، کاتێک بڕیارمدا پەیوەندی بە دایکمەوە بکەم. وەڵامدەداتەوە و هەر بە دەنگیدا دەزانم کە چاوەڕێی پەیوەندییەکەی منی دەکرد.

لێی دەپرسم کە ئایا هەست بە گرانیی ئەم داواکارییە دەکات؟ دەڵێت بەڵێ، دەزانێت چ داواکارییەکە. پێم دەڵێت نامەکە بنووسە، ئەو ئێستا گۆڕاوە، تەنانەت لەم کاتەشدا کە ئێمە قسەی تێدا دەکەین ئەو لە گۆڕاندایە. لەگەڵ ئەم هەموو شتە خراپانەی بەسەر ئەودا دێن، ئینسان هیچی تری لەدەست نایەت جگە لە گۆڕان بەرەو باشتربوون.

دەپرسم: “ماوەی چەندە ئەم گۆڕانکارییانە دەستیان پێکردووە؟” ساڵێک پێش ئێستا بەگریانەوە پەیوەندی پێوەکردم و باسی چیرۆکی بە قژڕاکێشانی بۆ دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکەی بۆ کردم، کە چۆن دایکمی بە هێزەوە کێشاوەتە سەر بۆنیتی ئۆتۆمبیلەکە و هاواری بەسەردا کردووە، تەنها بەهۆی ئەوەی دایکم شتێکی لەسەر خێڕا لێخوڕینی باوکم  گوتووە. پاش ئەو ڕووداوە، بەڵێنیدا کە جێی بهێڵێت و بێت لە نزیک منەوە ئەپارتمانێک بۆخۆی بە کرێ بگرێت و هەرشتێک پێویست بێت بۆ دوورکەوتنەوە بیکات.

پاشان بیری دەهێنمەوە کە پێش ئەم ڕووداوە، کە چۆن لە ناوەڕاستی ئەو ڕێگایەی کاتێک بەرەو کۆنفرانسێکی کەنیسە دەچوون، ئۆتۆمبیلەکەی دەوەستێنێت و دەیکاتە دەرەوە، ناچاری دەکات کە بە تەنها بگەڕێتەوە ماڵەوە.

پێیدەڵێم هەندێک شت هەیە ناگۆڕێن، هەندێک کەسیش هەیە هەرگیز ناگۆڕێن. پێیدەڵێم “ئێستاش هیچ جیاوازییەکی نییە لەو کاتەی کە لە ماسەچوسێت دەژیاین، ئەو کاتەش ڕێگەی نەدەداین بچینە ناو ئۆتۆمبیلەکەیەوە، هەر کاتێک پیسییەک یاخود وردە شتێکی تیا دەدۆزییەوە دەیگوت بەدەستی ئێمە هاتۆتە ناو ئوتومبیلەکەوە. ” نازانم ئاخۆ دایکم بیرییەتی کە چۆن دوو سەد دۆلارم بە چاودێریکردنی منداڵانی گەڕەکەکە کۆکردەوە؟ هەموو ڕۆژێک پاش قوتابخانە دەستم دەکرد بە کۆکردنەوە و ڕیسایکڵکردنەوەی قوتو و دەبەی بەتاڵی سەر شەقامەکە، تەنها بۆ یارمەتیدانی دایکم، تا بتوانێت ئوتومبیلی خۆی هەبێت. ئایا بیرییەتی چۆن ١٢ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاری ڕێگەپێنەدراوی لە هۆتێلی بۆستن هیڵ دەکرد؟ کاری گۆڕینی چەرچەف و پاککردنەوەی تەوالێت. بە نیازی کڕینی ئۆتۆمبیلێکی دۆج ئامنی بووین، ڕەنگێکی ماڕۆنیی هەبوو، بەشێکی زۆری بۆیاخە ماڕۆنییەکەی لێببۆوە، لێخووڕینی باش بوو بەڵام بەهۆی بۆیاخە خراپەکەیەوە هەرزانفرۆش کرابوو. ئەوکات خوێندکاری ناوەندی بووم، لێم پرسی، “بیرتە؟”

دەڵێت “بیرمە، بەڵام وەک پێتدەڵێم، ئێستا باوکت کەسێکی ترە، بەردەوامیش لە گۆڕاندا دەبێت. ئیمەیڵێکی باش بنووسە، بایەخدانی تۆ کاریگەریی دەبێت و وایلێدەکات ویستی گۆڕینی زیاتری لەلا دروست ببێت. “

ئیمەیڵەکەم بۆ باوکم دەنووسم، چوونکە بۆ دایکم گرنگە کە ئەم کارە بکەم. دەینووسم چونکە ڕەنگە ئەوەی دایکم دەیڵێت ڕاست بێت. دەنووسم:

باوکی ئازیز، دایکم پێی گوتم ماوەیەکە تەندروستیت باش نییە و زوو زوو سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت. ویستم هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرات بۆ بخوازم. ئەگەر هەرشتێک هەبێت بە من بکرێت، تکایە ئاگادارم بکەرەوە. تکایە پشوو بدە و زوو باش ببە. لەگەڵ ڕێزم، ئوچێنا.

ئیمەیڵەکە بۆ دایکم دەخوێنمەوە، نووسینەکەم پەسەند دەکات و ناونیشانی ئیمەیڵەکەی باوکمم دەداتێ. پێمدەڵێت “تۆ کچێکی باشیت، کچێکی زۆر باشیت، دڵێکی زۆر باشت هەیە. هەندێک کات دەبێت گەنجەکان ڕێنووێنی گەورەکان بن. “

دەڵێم: “بەڵێ بەڵێ. “بەڵام هەست دەکەم زەردەخەنەیەک لەسەر لێومە، هیواداربووم ئەوەی دایکم دەیڵێت ڕاست بێت. خەیاڵی داهاتوویەکی ڕوونتر دەکەم. وێنەی خۆر هاتە خەیاڵم و لەناکاو وام بیردەکردەوە کە ڕەنگە هەموو ئەم کێشانە وەک سەیرکردنی ڕووناکی خۆر وابن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، کاتێک چاو لەسەر خۆر لادەبەیت و بیناییت لێڵ و شێواو دەبێت، بەڵام تەنها پاش چەند چرکەیەک چاو جارێکی تر ڕوونیی بۆ دەگەڕێتەوە.

وای لێک دەدەمەوە کە ڕەنگە خۆپاراستن لە بینینی کێشەکانی ڕابردووی باوکم، هەروەها خۆپاراستن لە یادکردنەوە و تەماشاکردنی ڕابردوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ڕەنگە چارەسەری کێشەکان هەر ئەوەندەی بووێت. ڕەنگە کێشەکە لەمندا بێت، ڕەنگە هەمیشە کێشەکە لەمندا بووبێت. ڕەنگە پێویست بکات دەست لە ڕابردوو بەردەم، یاخود تەنها بە لاچاوەوە لە خۆر بڕوانم.

دووبارە دەڵێت: “تۆ کچێکی باشیت، کچێکی باشیت. “دواتر دەڵێت کە دەبێت بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

ڕۆژی دواتر، پاش نانی ئێوارە، ئیمەیڵەکەم کردەوە و بینیم باوکم وەڵامی دابۆوە، نووسیبووی:

کچم، ڕێگای داهاتوویەکی باش و خۆش لە تەواو بێڕێزیکردن بەرامبەر دایک و باوکتەوە درووست نابێت. وەک منداڵێکی ئێمە، ئەرکی تۆیە کە پەروەردەی دایک و باوکت قبووڵ بکەیت، بێ گوێدان بە هاوڕابوونی خۆت. بەدڵنیاییەوە وەک کەسێکی پێگەیشتوو تۆ ئازادیت لە دیاریکردنی ڕێگایەک بۆ خۆت کە تەنها بەند بێت بە ئارەزووە خۆویستەکانی خۆت، بەڵام منیش ئازادم کە ڕێگە لەم هەڵبژاردنە بگرم و پشتگیریی لێنەکەم. ئێستا تەنها شتێک کە دەتوانیت بیکەیت، دووبارە بیرکردنەوەیە لە بڕیارەکانت و دواتریش پێ بخەرە ناو ڕێگایەک کە بەو باوکە شادت دەکاتەوە کە ژیانی پێبەخشیت. سەرەتا پێویستە دەست لەم هاتووچۆ نهێنییەی ماڵەوە هەڵگریت، بۆ هەر کاتێک کە دەتەوێت دایکت ببینیت. تۆ پێتوایە کە من ئاگادار نیم، بەڵام من ئاگاداریانم. هاتنە ناو ماڵەکەی من بە بێ مۆڵەتی من نیشانەی هەرە نائومێدبوونی منە لە تۆ، کە خۆشت هیچ نیت جگە لە نائومێدیی. دەبێت لە خاڵێکی ژیانتدا بڕیاری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کردەوەکانی خۆت بدەیت. تۆ بەم کارانەت تەنها ئازاری خۆت دەدەیت، ناشتوانیت دواتر ئاوڕ بدەیتەوە و لۆمەی ئەوانیتر بکەیت.

                باوکت

وەڵامەکەی تووڕەم دەکات. بیرم دەکردەوە چۆن دەتوانێت هەموو خراپەکارییەکانی خۆی بخاتە چوارچێوەی پەروەردە کردنەوە. هەر بەڕاست ویژدانی پێیدەڵێت هەموو ئەمانە پەروەردەکردنن؟ بۆ بەنهێنی سوڕانەوەی من و دایکم، دەمویست پێی بڵێم منداڵی ئاسایی ناچار ناکرێت بە نهێنی دایکی ببینێت، چونکە باوکی ئاسایی هەرگیز ڕێگەی ماڵەوە لە منداڵەکەی ناگرێت، هیچ نەبێت بەم هۆکارانەی باوکمەوە کارێکی وا ناکەن. دەمویست هاواربکەم و بڵێم من بێڕیزییم نەکردووە. لەبەرخۆمەوە دەڵێم، “دەبێت چ بێڕێزییەکم کردبێت؟”

تەلەفوونەکەم هەڵدەگرم و پەیوەندی بە دایکمەوە دەکەم، سڵاوی لێناکەم و چاوەڕێش ناکەم ئەو سڵاوم لێبکات. سەرەتا ئیمەیڵەکەی خۆمم دووبارە خوێندەوە و دوابەدوای ئەوەش ڕاستەوخۆ وەڵامەکەی باوکم دەخوێنمەوە.

بە دەنگێکی کەمێک بەرزەوە دەڵێت: “نا، نا، نا، نا! “

دەپرسم: “ئاوها گۆڕاوە؟”

بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبێت. دواتر گەرووی پاک دەکاتەوە و دەڵێت، “بمبوورە. “

پێیدەڵێم دەبێت بڕۆم و پەیوەندییەکە دادەخەمەوە.

هەموو ئەمانە پێنج بۆ شەش ساڵ دەبێت کۆتاییان هاتووە، شتێک لەناخی خۆمدا دەیەوێت بۆ یادکردنەوەی سەرزەنشتم بکات. لەخۆم دەپرسم بۆچی تا ئێستا ئەم شتانەم لەبیرنەکردوون.

لەبەرخۆمەوە دەڵێم، پێویست ناکات دایکم ژمارەکەی منی بداتێ. بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەم ژمارەکەی منی بداتێ. هەموو ئەو ئیمەیڵانەم دێنەوە یاد کە بەدوای یەکەم وەڵامیدا بۆی دەناردم. ئیمەیڵەکانی تا دەهات تووڕە و تووڕەتر دەبوون، ڕەنگە یەکجار وەڵامنەدانەوەی منیش هۆکاری زیادبوونی تووڕەیی ئەو بووبن. لە ئیمەیڵە یەک دێڕییەکانی باسی ئەوەی دەکرد کە من ڕێگەمداوە شەیتان پێشڕەوییم بکات، باسی کەلەڕەقییەکانی من، کە من هیچ نیم جگە لە پووچیی.

کابۆیەکی شین و بلوسێکی درێژی نەرمی سپیم لەبەردایە. دەستە عارەقاویەکەم بە دامێنی بلووسەکەم دەسڕم و شێی دەستم پەڵەیەک لەسەر بلووسەکە جێدەهێڵێت. پەیوەندی بە دایکمەوە دەکەمەوە.

پاش وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ دەڵێم: “ناتوانیت ژمارەکەی منی بدەیتێ. “

بە بێزارییەوە دەپرسێت، “بۆ ناتوانم؟”

پێیدەڵێم: “چونکە ڕێگا بۆ هێرشەکانی خۆش دەکات. “

دایکم دەڵێت: “یەکجار واش نییە. “

دەڵێم: “وایە. “

دەڵێت: “ئێستا کاتی ئەمە نییە، من سەرقاڵی پێدانی دەرمان و پڕکردنەوەی فۆڕم و شتی ترم. ئێستا کاتی ئەم بابەتە نییە. “

دەڵێم: “هەر ئەو کاتەش هەڵەبوو کە ناونیشانی ئیمەیڵەکەی منی هاتە بەردەست. بیرتە کە ئەو هەموو ئیمەیڵە پڕ ڕقانەی دەنارد بۆم؟”

دایکم بێدەنگ دەمێنێتەوە.

“تۆ خۆت پەیوەندی پێوە بکە و بزانە کەی برسی دەبێت. دواتر پەیوەندی بەمنەوە بکە و منیش ژەمی ئێوارەی بۆ ئامادە دەکەم. بەڵام هەرچییەکت کردووە، تکایە ژمارەی منی مەدەرێ. “

دەڵێت: “کێشە مەهێنەرە شوێنێکەوە کە کێشەی تێدا نییە. ” پێم دەڵێت دەبێت بڕوات و پەیوەندییەکە دادەخاتەوە.

دەزانم باوکم ڕاهاتبوو کاتژمێر ٦:٣٠ نانی ئێوارە بخوات، بۆیە کاتژمێر ٦ی ئێوارە دەچمە چێشتخانەکە و پەتاتە و شۆربای سپێناخەکە دەکەمە دەورییەکی شووشەوە و بە دەورییەکی تر دایدەپۆشم و دەیانکەمە ناو مایکرۆوەیڤەکەوە، پەنجە لەسەر دوو خولەک و نیو دادەگرم بەڵام دووگمەی داگیرسانەکەی هەڵناکەم. لەسەر کەوانتەری چێشتخانەکە دەورییە سەفەرییەکان ئامادە دەکەم و پەرداخێکی گەورەی سەفەری پڕ دەکەم لە ئاو. دەگەڕێمەوە ژوورەکەی خۆم، دەچمە تەوالێت و دێمە دەرەوە و لەسەر جێگە خەوەکەم ڕادەکشێم، چاوەڕێی دایکمم تا پەیوەندی بکات و پێمبڵێت چ کاتێک خواردنەکە بۆ باوکم ببەم.

کاتژمێر ٦:٣٠ گوێم لە تەقەی داخستنی دەرگایەکە بەڵام بەدوایدا هیچ دەنگێکی تر نابیستم، دەنگی پێ یان دەنگی جووڵە. پێموانییە دەنگەکە شتێکی گرنگ بێت، بەڵام بەهەرحاڵ دەچمە دەرەوەی ژوورەکە و دەچمە چێشتخانەکە و مایکرۆوەیڤەکە دادەگیرسێنم، تا ئەگەر باوکم هاتە دەرەوەی ژوورەکەشی، خواردنەکەی ئامادەبێت.

کە دەچمە چێشتخانەکە و یەکەم شت کە دەیبینم دیارنەمانی سینی و دەورییە سەفەرییەکانە لەسەر کەوانتەرەکە، مایکرۆوەیڤەکە دەکەمەوە و دەبینم خواردنەکەش لەوێ نییە، ئەو دوو دەورییە شووشەیەی خواردنەکەم تێدا دانابوون بۆ گەرم کردنەوە، لە ناو دەستشۆرەکە دانرابوون.

پاش چەند کاتژمێرێک، نزیک کاتژمێر نۆ، زەنگی مۆبایلەکەم لێدەدات و دایکیشم لەسەر هێڵە، دەپرسێت، “نانی ئێوارەت بۆ باوکت برد؟”

دەڵێم “نا، ئەوکاتەی چوومە چێشتخانەکە تا بۆی ببەم، بینیم خۆی هاتبووە دەرەوە و خواردنەکەی بردبوو. لام سەیرە کە تەنانەت گوێم لە دەنگی مایکرۆوەیڤەکەش نەبوو بۆ گەرم کردنەوەی. “

دایکم بێدەنگە.

دەڵێم: “ڕەنگە لە تەوالێت بووبم. “

دایکم هێشتا بێدەنگە.

دەڵێم: “دایکە، گوێت لێمە؟”

دەڵێت “بەڵێ. بەڵام نائومێدت کردم. داوای زۆرم لێنەکردیت، ئەمە بابەتێکی ئاسایی نییە، تیشکە. نەیدەکوشتی ئەگەر ڕێگەت بدایە ژمارەکەت بدەمە باوکت. بۆ خاتری خوا، ئەمە تیشکە. “

دەڵێم “دایکە، نەمدەتوانی بەرگەی ئەگەری زەنگ و نامە پڕ تووندوتیژییەکانی بگرم. “

“هەموو ئەوەی لەسەرتبوو بیکەیت ئەوەبوو ڕێگەم بدەیت ژمارەکەتی بدەمێ، تا بزانیت چ کاتێک برسی دەبێت، چ کاتێک بیبەیتە سەر ئەو مێزەی نزیک ژوورەکەی. ئەمە زۆر گرانبوو؟ داوام نەکرد چێشتی بۆ لێبنێیت، تەنها ئامادەکردنەکەیم داواکرد. “

دەڵێم: “نا، داواکارییەکی گران نەبوو. پێشم ناخۆش نییە خواردن بۆ باوکم ئامادەبکەم، بەڵام دایکە، بۆچی تۆ پەیوەندیت پێوە نەکرد؟ ئەی ئەو بۆ لە دەرگای ژوورەکەیەوە بانگی نەکردم، وەک پێشتر؟ دەیتوانی لەوێ بوەستێت و پێمبڵێت کە برسییەتی. “

دایکم دەڵێت: “دەکرا ڕێگەم بدەیت ژمارەکەتی بدەمێ و تەواو. “

دەڵێم: “ئەوەتا دیسان هەموو کات ئەو دەکەیتە پێش هەموو شتێک، هەمیشە داواکارییەکانی ئەو لەپێش منن. “

دەپرسێت، “داواکارییەکانی ئەو لەپێشن؟ هەرگیز تەنانەت بۆ جارێکیش ئارەزووەکانی ئەوم نەکردووە پێش تۆ. “

بیرم لە بۆستن و گەشتەکەی فلۆریدا دەکردەوە، ئەو کاتەی باوکم لە دایکمی دا و هێشتا بۆ دووەم جاریش چووە ژوورەوە تا خزمەتی بکات. تا ئەوکاتەی باوکم دەستی بە نانخواردن کرد، کەسمان نانمان نەخوارد. لێوی برینداری خۆمم دێتەوە یاد، ئەو کاتەی دایکم پێیدە گوتم هیچ بە پۆلیسەکان نەڵێم. (دەتەوێت پیاوێکی نەخۆش بنێریتە زیندان؟) هاتوچۆ نهێنییەکانم بۆ ماڵەوە دێتەوە یاد، چونکە دایکم نەیدەویست بە پێداگری لەسەر گەڕانەوەم باوکم تووڕە بکات. بیر لە نووسینی ئەو ئیمەیڵە دەکەمەوە. بیر لە ئێستا و بوونی خۆم دەکەمەوە لەم ماڵەدا.

دەڵێت: “ڕەنگە کەلوپەلەکانی چێشتخانەکەی بارگاوویی کردبێت. پێتوایە خەمی ئەوم بوو کاتێک کە داوام کرد خواردنەکەی بۆ ئامادە بکەیت؟ نەخێر، خەمی تۆ و خەمی خۆممە. نەمدەویست ئەو تیشکانەی لەشی ئەو دزە بکاتە ناو ئێمەشەوە، ئێستاش تۆ پێم دەڵێیت ئارەزووەکانی باوکتم پێش تۆ خستووە. “

پێیدەڵێم کەواتە دەیتوانی پێشنیارەکەی من جێبەجێ بکات. دەیتوانی پەیوەندی پێوە بکات و وەڵام لە من بگێڕێتەوە تا بزانم کەی برسی دەبێت.

“نائومێدم دەکەیت، بەوە تۆمەتبارم دەکەیت کە خزمەتی ئەو دەکەم، وەک ئەوەی خۆم مێشکم نەبێت، وەک ئەوەی من شتێکم نەبێت جێی بایەخ بێت.”

وەڵامی نادەمەوە. لەسەر جێیەکەم دادەنیشم و هێواش هێواش سەرم بەملاو ئەولادا دەگێڕم.

چەند شەوێک دواتر، باوکم لە ژوورەکەی خۆیەوە وەک ئەو ڕۆژەی پاش یەکەم نەشتەرگەری بانگم دەکات. ئەو کات داواکارییەکانی ئاسان بوون: تەنها پەرداخێک ئاو.

وام هەست دەکرد لە نزیک دەرگای ژووری نووستنەکەی خۆیانەوە وەستابێت، لەسەر کۆتا پلیکانەی نزیک ژوورەکەی خۆی. ژوورەکەی من لە پشت ژووری دانیشتنەکەیە، لەبەشی خوارەوەی ڕاڕەوەکە و بەشی پشتەوەی ماڵەکە. دەرگای ژوورەکەم تەنها درزێکی کرابۆوە، بۆیە باوکم نەدەبینی، بەڵام دەمزانی بیجامە خەت خەتە سپی و شینەکەی و بلووسە بێقۆڵە سپییەکەی لەبەردایە. بە هاوارەوە بانگی دەکردم، هەرچەندە هاواری نەدەکرد، تەنها بە دەنگی بەرز بانگی دەکردم تا گوێم لێبێت، “ئوچێنا! “

کەمێک دەبوو لە تەوالێتەکە هاتبوومە دەرەوە. خاولییەکەم فڕێدابووە سەر جێگە خەوەکەم و سانتییەکم بەدەستەوە بوو، لە بەرگە پلاستیکەکەی هەڵمدەپچڕی و دەمویست بینووسێنم بە دەرپێکەمەوە، کاتژمێر ١٠ی شەو تێپەڕیوە و دەبوو باوکم ئێستا نووستبێ.

سەیری دەرگای ژوورەکەم دەکەم و هێشتا ڕووتم، دەکرا باوکم لەو ساتەدا بگاتە ژوورەکەی من. هەر بۆیە خێرا وەڵامی دەدەمەوە و دەڵێم: “هێشتا خۆم نەگۆڕیوە، ناتوانم ئێستا بێم. “

ئەویش ڕاستەوخۆ بێ وەستان وەڵام دەداتەوە.

بە هاوارەوە دەڵێت: “بەسەر مندا هاوار نەکەیت. بۆخۆت باشترە خێرا جلەکانت لەبەر بکەیت و پەرداخێک ئاوم بۆ بهێنیت! ” قوورگی پاک دەکاتەوە و دەڵێت: “ئەگەر نا”

ویستم بۆی ڕوون بکەمەوە، پێی بڵێم کە پێویست ناکات لێم تووڕەبێت، چونکە مەبەستم بێڕێزیی نییە. بەڵام پێش ئەوەی دەمم بکەمەوە گوێم لە دوورکەوتنەوەی دەنگی پێی و پاشان گوێم لە تووند داخستنی دەرگای ژوورەکەی دەبێت.

لەسەر جێگا خەوەکەم دانیشتووم، سانتییەکە هێشتا لەدەستمدایە، لە خەیاڵمدا پەپوولەی ڕەنگاوڕەنگ هەموو بۆشایی ژوورەکەمیان پڕکردووەتەوە. لە خەیاڵمدا گرێم بە لەشی ژمارەیەکی زۆریانەوە دەبینی، لەگەڵ بەدگۆڕانێکی ترسناکی هەر یەکێک لەو گرێیانە، تا لە کۆتاییدا پەپولە نەخۆشەکان بە ئاستەم لە پەپولە تەندرووستەکان جیادەکرانەوە. مچووڕکەیەکم پێداهات و هەستم بە دزەکردنی خوێنی ناو لەشم کرد بۆ دەرەوەی لەشم، هەستم بەو پەڵەیە دەکرد کە بەسەر سەرجێ زەردەکەمەوە جێدەمێنێت، بەڵام هیچ ناکەم بۆ ڕێگریی کردن لە درووستبوونی ئەو پەڵەیە.

بۆ ڕۆژی دواتر، جلەکانم دەپێچمەوە و خۆم ئامادە دەکەم بۆ ڕۆشتن. دایکم لەپێش دەرگاکەم وەستاوە و تەماشای قەدکردنی بلووسەکانی دەستم دەکات، تەماشای پێچانەوەیان دەکات لە نێو جانتاکەم.

بە دەنگێکی وشک و نزمەوە دەڵێت: “هێشتا پێویستم پێتە. نازانم بۆ وا لەناکاو دەبێت بڕۆیت. “

ئەو بلووسەی بەدەستمەوەیە دەیکەمە نێو جانتاکەم. ئاوڕ دەدەمەوە تا ڕووی تێبکەم، ڕاستەوخۆ سەیری ناوچاوی دەکەم و دەڵێم: “تۆ دایکێکی توندوتیژیت بەرامبەر هەستەکانی من و گەورەترین ئەرکی ژیانت بەردەوامییدانە بە تووندوتیژی مێردەکەت. هەمیشە شتەکان بۆ خزمەتی ئەو بوون و هەمیشەش وا دەبێت، بۆ خاتری تووڕەنەکردنی ئەو، بۆ خاتری گرنگیدان بەو، بۆ خاتری ئامادەکردنی ژەمەکانی بەو شێوازەی خۆی دەیەوێت. هەمیشە ئەو ژمارە یەکی تۆیە، هەربۆیە من هیچ کارێکم بە ئێرە نییە.

بەم قسانەم خۆشم سەرم سووڕدەمێنێت، چونکە پێشتر بیرم لە هیچکام لەم شتانە نەکردبۆوە کە لەو کاتەدا دەم گوت. دایکیشم هەروا سەرسام دەبێت و دەڵێت: “وس، ئەم شتە بێمانایانە مەڵێ. “

بەڵام من پێداگریی دەکەم و دەڵێم: “نا دایکە، بەڕاستمە. ئەو شتانەی کە  گوتم هەموویم مەبەست بوون. گرنگیدان بە کەسێکی تووندوتیژ شتێکە و ناچارکردنی ئەوانی تر بە کردنی هەمان شت، هەر هۆکارێکت هەبێت، بۆخۆی فۆرمێکی تری تووندوتیژییە. “

دەستێکی بەرەو ڕووخساری بەرز دەکاتەوە، چاوەکانی پێ دادەپۆشێت و دەڵێت: “بەوە تۆمەتبارم دەکەیت کە کەسێکی تووندوتیژبووم بەرامبەر بە هەستی تۆ؟” دەنگی نەرمە، وەک ئەوەی بپاڕێتەوە، وەک ئەوەی بە هیوای ئەوەوە بێت کە بۆچوونی خۆم بگۆڕم و بڕیاری سزایەکی تری بۆ دەربکەم.

تەماشای دەکەم و تەنها لێی ڕادەمێنم. هیچ ناڵێم.

دووبارە بە دەنگێکی لەرزۆکەوە دەڵێت “من؟ هەر بەڕاست پێت وایە من بەرامبەر تۆ تووندوتیژ بووم؟”

دەڵێم: “بەڵێ دایکە. “هەر کە وادەڵێم شانەکانی زیاتر دەلەزرن. دەزانم کە دەگری، دەزانم ئەو شتانەی کە  گوتم بەڕاستی ئازاریان دا.

بۆ دواجار دەپرسێت، “من؟” لەبەرخۆیەوە هەندێک ورتە دەکات و لە نێو ورتەکانیدا گوێم لە شتێک دەبێت لەبارەی ئەوەی کە ژیان پێکڕا قووربانیدانە.

ئێستا بەڕاستی دەگری و شانەکانی بەردەوام بەرز دەبنەوە، هەناسەی تووند دەبێت و دەکرێتەوە، تووند دەبێت و دەکرێتەوە. سەیری دەکەم، هەست دەکەم جێی بەزەییە. شتێک لەناخمدا دەیەوێت چێژ لەم چرکەساتە وەربگرێت، شتێک لەناخمدا دەیەوێت زەردەخەنەیەک بکات و بڵێت، ‘ئێستا هەمان هەستی منت هەیە.’ کاتێک دووبارە تەماشای دەکەمەوە، هەست دەکەم جێی بەزەییە، زیاتر لەو کاتانەی کە باوکم لێیدەدا و هاواری بەسەردا دەکرد، تەنانەت زیاتر لەو کاتەش کە بە چاوی شینهەڵگەڕاوەوە لە بۆستن دەسووڕایەوە. بەڵام کاتێک هەستم کرد کە ئەوە منم ئەم ئازارەی پێدەدەم، زانیم کە ئەمە شتێک نییە زەردەخەنەی بوێت.

دەڵێم: “بەهەرحاڵ، ئێستا باوکم باشە و چیتر هیچ پێویستییەکت بە من نییە. “

سەری ڕادەوەشێنێت و پێم دەڵێت کە پێویستی پێمە. زۆر زیاتر لەوەی کە پێیبزانم. بە قوورسی دەگری و دەنگی دەلەرزێت، بەڵام ڕێگە نادەم فرمێسکەکانی یان لەرەی دەنگی فریوم بدەن. بۆیە وەک ڕۆبۆتۆێک لەویادا دەوەستم. کاتێک بەردەوامیی گریانەکەی دەبینم، هەست دەکەم شتێک لە ناخمدا دێتە دەرەوە، شتێک کە لە هەمانکاتدا قوورس و سووکیشە. دایکم لێمدەپاڕێتەوە بمێنمەوە، بەڵام من بە ئاستەم گوێم لە وشەکانییەتی چونکە لە خەیاڵی بینینی باڵگرتنی ئەو شتانەی ناخی خۆمدام.

لەوکاتەی کەلوپەلەکانم بە پلیکانەکاندا دەبەمە خوارەوە و بە ئاڕاستەی دەرگای دەرەوە دەڕۆم، باوکم لە ژووری نووستنەکەی دێتە دەرەوە. وا خۆم دەردەخەم کە نایبینم.

کاتێک تا ناوەڕاستی پلیکانەکانم بەرەو قاتی خوارەوە بڕیوە، باوکم دەڵێت: “هەرکات لەم دەرگایە چوویتە دەرەوە، پێت وانەبێت دەتوانیت بگەڕێیتەوە ئەم ماڵە. تا ئەو کاتەی من ڕەزامەند نەبم ئێرە ماڵی تۆ نییە. “

تەواوی ڕێگەکە بەرەو دەرگای دەرەوە دەبڕم و بیر لەوە دەکەمەوە، ڕۆژێک، گەر خوا بیکات، دەبمە خاوەنی هاوسەر و هیچ نەبێت یەک منداڵ. پێناچێت من و مێردەکەم بتوانین هەمیشە هاوڕابین. بۆیە، ڕەنگە ئەوکات پێویست بکات دەستبەرداری هەندێک بۆچوونی خۆم بم، چونکە لە کۆتاییدا هاوسەرەکەمم خۆشدەوێت. بەڵام خۆشەویستی زیاترم بۆ منداڵەکەم دەبێت.

دەست دەگرم بە دەسکی دەرگاکەوە و دەیکەمەوە. ئاسمان لەدەرەوە تێکەڵی شین و سپییە. هەست بە هەوایەکی نەرمی فێنک دەکەم و هەست بە گەرمیی خۆریش دەکەم لەسەر پێستم.

لەکاتی هەنگاونانم بەرەو دەرەوە، باوکم دەپرسێت، “گوێت لێمە؟ پێت وانەبێت جارێکی تر بە بێ ڕەزامەندی من پێ بخەیتەوە ئەم ماڵە، تێگەیشتیت؟”

ئاوڕ دەدەمەوە و تەماشای دەکەم، سەر دەلەقێنم، سەرەلەقەیەکی هێواش و خەمبار. بیرم دەکردەوە، تۆ بڵێی هەرگیز بزانێت بە چ هۆکارێک دەڕۆم.

 

چینێلۆ ئۆکپارانتا نووسەرێکی لاوی نایجیری-ئەمەریکییە کە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە یەکێک لە شەش (دەنگی نوێی ساڵ) لە لایەن ناوەندی گرانتای بەریتانیاوە هەڵبژێردراوە. لە نایجیریا لە دایک بووە و لە تەمەنی دە ساڵییدا لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆچ دەکەن. چینێلۆ بڕوانامەی ماستەری لە پڕۆگرامی نووسەرانی زانکۆی ئایۆوا بەدەست هێناوە و وەک مامۆستا لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی و پەیمانگا وانەی گوتووەتەوە. تا ئێستا دوو کتێبی بڵاوکراوەی هەیە کە بریتین لە کۆمەڵە چیرۆکی “خۆشبەختی، وەک ئاو” (٢٠١٣) و ڕۆمانی “لەژێر داری ئودالا” (٢٠١٥). چیرۆکی “گرێ و پەپوولە” لە کتێبی “خۆشبەختی، وەک ئاو“دا بڵاوکراوەتەوە.

[1] زمانی هۆزێکی ڕەسەنە بە ناوی (ئیگبۆ) کە نیشتەجێی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی باشووری نایجیریان لە ڕۆژئاوای ئەفریقا.
[2] پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتی ڕیڤەرسە لە نایجیریا.
[3] بلوسێکی درێژی تایبەتە بە هۆزی ئیگبۆ، لە قووماشی ڕەنگاو ڕەنگ دروست دەکرێت و لە بۆنە تایبەتەکاندا لەبەردەکرێت.
[4] (کۆڕن فلەیکس) خواردنێکی تایبەت بە ژەمی بەیانییە و لە پەڕەی گەنمەشامی برژاو ئامادە دەکرێت.
[5] ماددەیەکی خۆراکییە لە شێوەی تۆزدا، بەتێکەڵکردن لەگەڵ ئاودا ژەمی جیاوازی لێ دروست دەکرێت.
[6] نەخۆشییەکی دەروونییە کە نەخۆش دەکرێت هەست بە تێکچوونی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بکات لەکاتێکدا هیچ نەخۆشییەک لە جەستەدا نییە. ئەم نەخۆشییە بە نەخۆشییەکی دەروونی هەژمار دەکرێت چونکە کاردەکاتە سەر شێواندنی هەست.
[7] ناوێکە کە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەکانەوە بۆ پیشەسازی فیلمی نایجیری بەکاردەهێنرێت.

1 Comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *