لەپەوڕوو خۆی بەسەر جێخەوەکەدا دا. قژە ڕەشەکەی بەسەر چەرچەفە سپییەکەدا پەخشان بوو. بۆئارەقەی کۆنەى گیانی و ئەو گوڵاوەی لە جەستەیەوە لەسەر چەرچەفەکە جێ مابوو، بە لووتیا هات. نێولەپەکانى کردنەوە و توند قوڕانیشەکانى لە تەنیشتی گیراند. پشتی تەقاند و ئەژنۆیەکى هەڵبڕی. کراسخەوە پەمەیییەکەی تا بنڕانی داخزا… بە بزاوتێکی نەرم کەمەری لە تەختەکە گیراند و هێواش ئەژنۆی بۆ بانوخوار کرد… پاشان زیاتر سەری لە چەرچەفەکە ڕۆ برد و سەری هەڵچەرخاند و ورشەی تاریکوڕوونی گڵۆپخەوەکەى لە نێوان تاڵەقژەکانییەوە دی.
دەیزانی هێشتان چارەکەسەعاتێکی ماوە تا تەپەی پێی لە پلیکانەکەوە بژنەفێ. لە تڵپەی هێواش و جکی کەوشەکانى گومانى برد کەتە و زراڤ بێ: یەک یەک پلەکانى دەبڕی و لەسەر پێماڵەکە پلوپای بوو، لە پێش دەرگەى ئاپاڕتمانی ڕووبەڕوو ئیستێکی دەکرد و لە گیرفانیدا لە دەستەکلیلەکەى دەگەڕا… دووجار خرچەی کلیل لە کێلۆنی دەرگە بیسترا و پاشان تەقوهوڕی ئاڵقەڕێزی دەرگە کە دەلەنگایهوە.
خۆی گرمۆڵە کرد، چەرچەفەکەی لۆچی بەست و لێی پێچیا. هەر ڕێیە کە تلی دەدا، چەرچەفەکە قایمتر لە دەوری پشتی دەپێچیا… بۆ ساتێ هەروا مایهوە. پاشان یەکڕێ هەناسەی داوە و هەڵسا. سەرشانی کراسخەوەکەى لە سەرشانەوە ترازاند. کراسەکەى تا خوار پێی داخزا. پێی لە سەرشانی کراسەکەی دەرکێشا. ڕووەو گەرماو ڕۆیشت. دەرگەى گەرماوی کردەوە و پێی لەنێو بانیۆ بچکەڵەکە نا. دەرگەش هەروا واز بوو. شێری ئاوە ساردەکەى بەرداوە. بە هەردوو دەست قژەکەی هەڵپێچا و لە ڕاسەری تۆپەڵی کرد و بە دەستێک ڕایگرت. قاچێکی خستە بەر ئاوە ساردەکە و هەستی کرد مووچڕکى تێ دەگەڕێ. قاچی بردە پێشتر و تا بانڕانی تەڕ کرد… دووشە دەستییەکەى هەڵگرت و لە سنگی گیراند. نەختێ هەناسەبڕکەى پێ کەوت، خستییە سەر شانەکانى و شۆلاوەى ساردی ئاوەکەى تا خوار بڕبڕەکانی پشتی هەست پێ دەکرد…
شێری ئاوەکەى گرتەوە، لە بانیۆ هاتە دەرێ و لەسەر پێماڵێکی مووتەڵە[1] وەستا تا وشک بێتەوە. خاولییەکەى دا بە شانیا و لە گەرماو دەرکەوت… کراسە پیاوانەکەى لەسەر کورسییەکە هەڵگرت. پشتی ڕاستۆ کرد و شانی کشانەوە و خاولییەکەی بۆ سەر ئەرد برک دا. پاشان یەک یەک دەستەکانى لە سەرقۆڵەکان هەڵکێشا. کە دەستی هەڵبڕی، کراسەکە داخزا و لەسەر جەستەی نیشت.
بە پێش ئاوێنەکەدا تێپەڕی و سەیری خۆی نەکرد. تەنیا بە لاچاوێک سووریی کراسەکەی دیت کاتێ بە بەر ئاوێنەکەدا ڕادەبووری.
لە لێوی تەختەکە دانیشت و ڕوومەتى لەنێوان دەستەکانیا گرت. ماوەیەک هەر وا مایهوە. پاش تۆزێ سەری هەڵبڕی و بە پەنجەی دەستێکی قژی بۆ پاشێ هەڵداوە. تەماشایەکی گوڵاوە فهڕهنسییەکەى لاکەشی مێزەکەی کرد. شووشەکەی نێوەپڕ بوو. دەیزانى ئیتر نزیکی هاتنێتی. هەڵسا و گوڵاوەکەی هەڵگرت. ورد ڕووەو دەرگە ڕۆی. دەرگەى ترازاند و لە شیپانەی دەرگەوە سەری کێشا. سەیرێکی دەرگەى ئاپاڕتمانى بهرانبهری کرد، کە داخرابوو، هێواشێک هاتەوە ناو. دەستی هەڵبڕی و بە پەنجەی دۆشاومژەی پرژێنەرەکەی داگرت، بە بزواتی دەستی جوغزێک لە تۆزی گوڵاوی لە هەوا پڕژاند… دەرگەى پێوە دا، پشتەودەرگە، ئێستێکی کرد و هەناسەی داوە.
گەڕایەوە بۆ ژووری نووستن و لەسەر پشت خۆی باوێژتە سەر نوێنکە و دەستەکانى لێک بەردان.
٦ تیرماهی ١٣٧٨
سەرچاوە: http://hosseinabkenar.com
ئەم وەرگێڕانە لە ژمارە (٥)ـی گۆڤاری ‘کەلێن’، کە لە هەرێمی باشووری کوردستان دەردەچێت، بڵاو بووەوە.
[1] بچووک