ئەو ساڵە بڕيارماندا، مانگێك لە كەناراوەكانى كوبا ماسى مارلين[1] ڕاو بكەين. 10ى ئەپرەيل دەستمان پێكرد و تاوەكو 10ى مەى كە كرێى بەلەمەكە تەواو دەبوو؛ بيست و پێنج ماسى مارلينمان ڕاو كرد. ئێستا دەبوو ديارييەكانمان كڕيبا و تەنكيەكەى ئەنيتامان بە چەند ليتر بەنزينى گرانى كوبايى پڕ بكردايە، بۆئەوەى بگەڕێينەوە ماڵەوە؛ بەڵام ماسييە گەورەكان هێشتا نەگەيشتبوونە دەڤەرەكەى ئێمە.
بەڕێز جۆزى خاوەنى بەلەمى ئەنيتا بوو، ڕۆژى بە دە دۆلار دەيدا بە كرێ. لێى پرسيم: (كاپتن ناتەوێت مانگێكى ديكەش درێژى بكەيتەوە؟ ئەگەر بتەوێت دەتوانم داشكاندنت بۆ بكەم. بۆ نموونە ڕۆژى بە نۆ دۆلار.) هەڵبەت نرخى بەكرێدانى بەلەم لەو سەردەمەدا ڕۆژى بە سى و پێنج دۆلار بوو.
(ئەو نۆ دۆلارە لە كوێ بهێنم؟)
(هەركات پارەت دەستكەوت، پێمبدە. لە كۆمپانياى نەوتييەكەى شەقامى بيلۆت[2]، ئەوبەرى كەنداوەكە؛ زۆر متمانەيان پێتە. كاتێكيش داواى پارەكەيان كردەوە، من لە كرێى مانگى پێشوو پێيان دەدەمەوە. ئەگەر هەلومەرجى ڕاوەماسيش باش نەبوو، تۆ شتێك دەنووسيت بۆئەوەى بيفرۆشين و پارەمان بێتە دەست.)
گوتم: (باشە.)
بۆ مانگێكى تر درێژەمان بە ڕاوەماسى دا. چل و دوو ماسى مارلينمان گرتبوو، بەڵام هێشتا ماسييە گەورەكان نەهاتبوون. نزيك كەنداوى مۆرۆ ڕەوتى ئاوەكە تووند و نيلييەكى تۆخ بوو. تەژى لە چەشە و ماسييە باڵندەييەكان كە بەچواردەورى بەلەمەكەدا هەڵبەز و دابەزيان دەكرد. لەگەڵ ئەو باڵندانەى كە بە درێژايى ڕۆژ خەريكى فڕين و ڕاوشكار بوون. هەندێك ڕۆژ مارلينێكى سپيمان دەگرت ياخود لانيكەم دەمانبينى. تەنانەن ڕۆژێكيان پێنج ماسى مارلينى سپيمان ڕاو كرد؛ بەڵام تاكە ماسييەكى گەورەش بەرچاو نەدەكەوت.
ماسييەكانمان پاك دەكرد و ئەماندان بە مشتەرييەكان، هەربۆيە لە لەنگەرگەكە بەناوبانگ بووبووين. وەختێ مارلينەكەمان وەكو ئاڵا هەڵدەواسى لە ڕێگاى نۆكەندەكەوە بەرەو لەنگەرگەى سانفرانسيسكۆ دەڕۆيشتين، ئەو حەشاماتەمان دەبينى كە بەرەو لەنگەرگەكە هێرشيان دەهێنا. ئەو ساڵە هەر نيو كيلۆ ماسى، بە هەشت تاوەكو دوانزە دۆلار دەفرۆشرا، كە ئەم نرخە لە بازاڕ و دوكانەكان دووبەرامبەر زياتر بوو. ڕۆژێكيان كە بە پێنج ماسى هەڵواسراوەوە چووينە ناو لەنگەرگەكە، پۆليس ناچار بوو بە زەبرى تێڵا كۆمەڵەكە دووربخاتەوە. ديمەنێكى ئازاردەر و تۆقێنەر بوو. هەڵبەت ئەو ساڵە بۆ خەڵكى لەنگەرگەكە، ساڵێكى ناخۆش بوو.
بەڕێز جۆزى گوتى: (ئەو پۆليسە خوێڕيانە خەريكە مشتەرييە هەميشەييەكانمان ڕاودەنێن و گشت ماسييەكان بۆ خۆيان هەڵدەگرن.) لەمكاتەدا بە پۆليسێكى گوت، كە خەريكبوو پارچەيەكى پێنج كيلۆيى هەڵدەگرت: (بڕۆ ملت بشكێنە. تا ئێستا بيچمى تۆم لەم ناوە نەبينيوە. ناوت چييە؟) پۆليسەكە ناوى خۆى بە بەڕێز جۆزى گوت.
(كاپتن ناوى لەناو دەفتەرى داواكارييەكان هەيە؟)
(نا.)
ناوى ئەو كەسانەى كە بەڵێنى ماسيمان پێدابوون، لەناو دەفتەرێك دەنووسى.
بەڕێز جۆزى گوتى: (كاپتن! بۆ ماسييەكى بچووك ناوى لە دەفتەرى داواكارييەكان بنووسە. هۆو پۆليس، تۆش ئێستا لێرە دوور بكەوەرەوە و بۆ قامچى وەشاندن بڕۆ بۆ شوێنێكى تر. بەپێى پێويست لە ژيانمدا سەروشكڵى ئێوەى پۆليسم بينيوە. لەگەڵ تۆمە، تفەنگەكەن هەڵبگرە و لە لەنگەرگەكە دووربكەوەرەوە. مەگەر ئەوەى كە خۆت پۆليسى لەنگەرگە بيت.)
سەرەنجام بەپێى دەفتەرەكەمان ماسييەكانمان دابەش كرد و داواكاريى نوێش بۆ هەفتەى ئايندە لە دەفتەرەكە تۆمار كرا.
(تۆ بڕۆ بۆ هۆتێلى ئامبۆس موندۆس[3] خۆت بشۆ. منيش دێم بۆ لات بۆئەوەى پێكەوە بڕۆين بۆ فلۆريديتا[4] و دەمەتەقێيەك بكەين. ئەو پۆليسە خراپ جەوى تێكدام.)
(تۆش وەرە سەرەوە ئاوێك بكە بە خۆتدا.)
(نا، من ئەمڕۆ هێندەى تۆ ئارەقم نەكردووەتەوە. هەر لێرە خۆم دەشۆم.)
بەو شەقامەى كە قيرێكى خراپ و ناڕێكى هەبوو، ناوقەدبڕم كرد بۆئەوەى زووتر بگەمەوە هۆتێل. لە پرسگەكە پرسيم نامەم بۆ هاتووە يان نا. پاشان بە مەسعەدەكە ڕۆيشتم بۆ نهۆمى كۆتايى. ژوورەكەم لە سووچێك بوو لە بەشى باكوورى ڕۆژهەڵاتى هۆتێلەكە، باى وەرزيى لە پەنجەرەكانەوە دەهاتە ناوەوە و ژوورەكانى فێنك دەكردەوە. لە پەنجەرەكەوە لە سەقفى خانووە كۆنەكانى شار و لەنگەرگەكەم ڕوانى. كەشتى ئۆريزابا، لە كاتێكدا گشت گڵۆپەكانى داگيرسابوو لەسەرخۆ لە لەنگەرگەكە دەردەچوو.
لە ڕاو و پاككردنى ئەو هەموو ماسييە، شەكەت بووبووم و حەزمدەكرد ڕابكێشم؛ بەڵام دەمزانى خەوم لێدەكەوێت. لەسەر جێخەوەكە دانيشتم و لە پەنجەرەكەوە، لە شەمشەمەكوێرەكانم ڕوانى كە سەرقاڵى ڕاوكردن بوون. بەڕێز جۆزى لەبەردەم هۆتێلەكە چاوەڕوانى دەكردم.
گوتى: (ئێرنيست ماندوو دياريت.)
بە درۆوە گوتم: (نا.)
ئەو گوتى: (من سەربارى ئەوەى كە لە كاتى ڕاوەماسى بەس تەماشام كردوويت، ماندووم. دوو دانە لە خوار ڕيكۆردەكەمانەوە بوو؛ حەوت دانە. هەشتەميش نزيك بوو.)
(نا، بەڕێز جۆزى!) من حەزمنەدەكرد بير لە ماسى هەشتەم بكەمەوە كە نەمانتوانى بيگرين؛ بەڵام بەهەرحاڵ ڕێكۆردى خۆمان بەمجۆرە جێگير كردبوو.
بەسەر شۆستە باريكەكەى شەقامى ئۆبيسپۆدا پياسەمان دەكرد و بەڕێز جۆزى لە جامخانە ڕووناكەكانى دوكانەكانى دەڕوانى. هەرگيز شتى نەدەكڕى، مەگەر كاتێك بيويستبا بگەڕێتەوە ماڵەوە؛ بەڵام لە تەماشاكردنى شمەكى ناو دوكانەكان چێژى وەردەگرت. دوو دوكانى كۆتايى و دوكانى بليتى يانسيبەكەمان تێپەڕاند و چووينە ناو باڕە دێرينەكەى فلۆريديتا.
بەڕێز جۆزى گوتى: (كاپتن تۆ دانيشە.)
(نا، لەبەردەم باڕەكە ڕاوەستم ئاسوودەترم.)
بەڕێز جۆزى گوتى: (من بيرەى ئەڵمانيم دەوێت. كاپتن تۆ چى دەخۆيتەوە؟)
(دايكيرى سارد، بێ شەكر.)
كۆنستانت دايكيريىەكەى ئامادە كرد و بە ئەندازەى دوو پێكى تر، لەناو ئاوێتەكەرەكە هێشتيەوە. چاوەڕوان بووم بەڕێز جۆزى سەرى قسە دابمەزرێنێ. هەر لەگەڵ خواردنەوەكەيان هێنا دەستيپێكرد.
(كارلۆس دەڵێت مارلينە گەورەكان مانگێكى تر دێنە ناو ئاوەكانى ئێرە. دەڵێت هيچكات ڕەوتێكى وا تووندم نەبينيوە و وەختێ ماسييەكان بگەنە ئێرە زۆر شاز دەبێت. دەڵێت بە دڵنياييەوە دێن.) كارلۆس هاوڕێ كوباييەكەمان، ڕاوچى و فرۆشيارى ماسى بوو.
(بە منيشى گوت.)
(كاپتن ئەگەر دەتەوێت، با مانگێكى ديكەش بمێنينەوە. من بەلەمەكە ڕۆژى بە هەشت دۆلار ئەدەم و خۆيشم خواردن ئامادە دەكەم، بۆئەوەى لەخۆڕا پارەكانمان نەدەين بە بابۆڵە. بۆ ژەمى نيوەڕوان دەچينە ژێر تاشەبەردەكان و لەوێ خواردن ئامادە دەكەم. هەردەم لەو ماسييە بۆنيتۆ خەت خەتانەمان دەستدەكەوێت. هێندەى ماسى تونە بەلەززەتن. كارلۆس دەڵێت ئەو كاتانەى بڕوات بۆ چەشە كڕين، دەتوانێت كەرەستەى ڕاوماسيمان بە هەرزانتر بۆ پەيدا بكات. دەتوانيت ژەمى ئێوارەش لە ڕێستورانتى پێرلا لە سانفرانسيسكۆ بخۆين. من دوێنێ شەو بە سى و پێنج سەنت، ژەمێكى تێر و پڕم لەوێ خوارد.)
(من دوێنێ شەو ژەمى ئێوارەم نەخوارد، بۆئەوەى بتوانم تۆزێك پاشەكەوت بكەم.)
(كاپتن دەبێت شتێك بخۆيت. ڕەنگبێ هيى ئەوە بێت وا ئەمڕۆ تۆزێك ماندوويت.)
(ئا، دەزانم. دڵنيايت دەتەوێت مانگێكى ديكە بمێنينەوە؟)
(ئاخر بۆچى بێ قازانج مانگێك بەلەمەكە لە وشكى دابنێين؟ ئەويش لە كاتێكدا ماسييە گەورەكان خەريكە دەگەن! بۆچى درێژە بە كارەكەمان نەدەين؟)
(كارێكى باشتر پێنازانيت بيكەيت؟)
(نا، ئەى تۆ؟)
(هەر بەڕاست پێتوايە ماسييەكان دێن؟)
(كاتێك كارلۆس دەڵێت دێن، بە دڵنياييەوە دێن.)
(گريمان دانەيەكيشمان ڕاوكرد. بەو بەكرە و گوريسانەى كە ئێمە هەمانە، ناتوانين بيگرين.)
(دەبێت دەرەقەتى بێين. ئەگەر نانى باش بخۆيت، دەتوانيت بۆ ماوەيەكى زۆر بە قولاپەكەوە بيهێڵيتەوە. دەبێت خواردنى وزەبەخش بخۆين. بيرم لە شتێكى ديكەش كردووەتەوە.)
(چى؟)
(ئەگەر شەوان زوو بخەويت و بەدواى خۆشگوزەرانييەوە نەبيت لەگەڵ ئەم و ئەو، دەتوانيت بەيانيان زوو لە خەو هەستيت و دەستبكەيت بە نووسين. تاوەكو كاتژمێر هەشت؛ كارى ڕۆژێك دەكەيت. لەم مەودايەدا من لەگەڵ كارلۆس هەموو شتێك دەستەبەر دەكەم و تۆ بەس وەرە و سەربكەوە.)
گوتم: (باشە، خۆشگوزەرانى قەدەغەيە.)
(كاپتن هەر ئەو خۆشگوزەرانيانەيە كە تۆ ماندوو دەكات. ناڵێم بە تەواوەتى وازى لێبێنە، سنووردارى بكە بۆ كۆتايى هەفتە.)
(باشە، بەس كۆتايى هەفتە. ئێستا بە بۆچوونى تۆ چى بنووسم؟)
(كاپتن ئەوەيان ئيتر پەيوەندى بە خۆتەوە هەيە. من نامەوێت لووت بژەنمە ئەمەيان. تۆ هەردەم كارى خۆت بە باشى ئەنجامداوە.)
(تۆ حەزدەكەيت چى بخوێنيتەوە؟)
(بۆچى دەربارەى سەفەرەكانت بۆ ئەوروپا و خۆرئاوا ياخود لەبارەى ئەو سەردەمەوە چيرۆكێك نانووسيت؛ كە لە بەرەى جەنگ بوويت؟ يان سەبارەت بەو شتانەى كە هەردووكمان دەيانزانين، ياخود ئەو ڕووداوانەى كە تەنيا ئانيتا شاهيديان بوو. دەتوانيت لەسەر خۆشگوزەرانييەكانيشت بنووسيت، بەجۆرێك كە خوێندنەوەى بەلاى هەمووانەوە سەرنجڕاكێش بێت.)
(نا، من ئيتر وازم لە خۆشگوزەرانى هێناوە.)
(كاپتن، بەڵام هێندە يادەوەريت هەيە كە ئەم بابەتە لە نووسينەكەتدا كێشەيەك دروست ناكات.)
(نا، زۆر سوپاس بەڕێز جۆزى. لە بەيانييەوە دەست بە نووسين دەكەم.)
(ئێ، بۆ سيستمە نوێيەكەمان دەبێت ئەمشەو ستێكێكى گەورەى كاڵ بخۆيت بۆئەوەى بەيانى بتوانيت هەم بە وزەوە بنووسيت و هەم بە بەهێزييەوە ماسى بگريت. كارلۆس دەڵێت لەم ڕۆژانەدا ماسييە گەورەكان دەردەكەون. كاپتن دەبێت جەستەت لە باشترين دۆخدا بێت.)
(پێتوايە ئەگەر پێكێكى تر بخۆمەوە خراپ بێت؟)
(نەبابە، كاپتن بە هەمووى تۆزێك ڕوم و ئاوليمۆ و ماراسيكۆنى تێدايە. ئەم شتانە پياوێك لە پێ ناخات.)
هاوكات دوو كچ، كە ئەوانمان دەناسى؛ هاتنە ناو باڕەكە. فرە جوان بوون و سەربارى ئەوەى خۆر ئاوابووبوو ئەوان هێشتا تەڕ و بڕ و بە كەيف بوون.
يەكێكيان بە ئيسپانى گوتى: (ماسيگرە بەڕێزەكان!)
ئەوى ديكەيان گوتى: (پياوە ماسيگرە بەهێزەكان لە دەرياوە هاتوون.)
بەڕێز جۆزى پێيگوتم: (خ. ق.)
قسەكەيم پەسەند كرد: (خۆشگوزەرانى قەدەغەيە.)
يەكێك لە كچەكان پرسى: (چى دەشارنەوە؟) كچێكى فرە جوان بوو، سەربارى ئەوەى بە منداڵيى هاوريارييەكى زيانى بە لووتى گەياندبوو، بچووكترين كەموكوورتى لە ڕووخساريدا نەبوو.
بەڕێز جۆزى گوتى: (من و كاپتن دەربارەى ئيشوكار قسە دەكەين.) كچەكان لێمان دووركەوتنەوە.
بەڕێز جۆزى گوتى: (بينيت چەند ئاسانە؟ من خۆشگوزەرانييەكان بەڕێوەدەبەم و تۆش تەنيا كارت ئەوەيە بەيانيان هەستيت بنووسيت و دواتريش ڕاوەماسى بكەيت. ماسييەكى گەورە، دانەيەك كە كێشەى لە پێنج سەت كيلۆ زياتر بێت.)
گوتم: (دەڵێى چى شوێنەكانمان بگۆڕينەوە؟ من خۆشگوزەرانييەكان بەڕێوەبەرم و تۆ بەيانيان زوو هەستيت بنووسيت و دواتر خۆت بۆ ڕاوكردنى ئەو ماسييە گەورە پێنج سەت كيلۆييە ئامادە بكەيت.)
بەڕێز جۆزى بە نەغمەيەكى تەواو جدى گوتى: (كاپتن من لەخواشم دەوێت؛ بەڵام ئەو كەسەى كە دەتوانێت بنووسێت تەنيا تۆيت. گەنجتريشيت و باشتر دەتوانيت ماسى بگريت. تەنيا شتێك كە من لە دەستم دێت ئەوەيە نرخى بەلەمەكە بە ئەندازەى داڕزدانى بزوێنەرەكەى بهێنمەوە خوارەوە و بەوجۆرەى كە شارەزام بيئاژوم.)
گوتم: (دەزانم. منيش هەوڵدەدەم باش بنووسم.)
بەڕێز جۆزى گوتى: (من دەمەوێت ديسانەوە شانازيت پێوە بكەم. دەمەوێت گەورەترين ماسى مارلينى ئۆقيانووس ڕاو بكەين و بە دادپەروەرانە لەنێوان ئەو كەسە هەژارانەى دەيانناسين، دابەشى بكەين. بەڵام يەك لەتيش بەو پۆليسە قامچيوەشێنانە نادەين.)
(هەروا دەكەين.)
لەم كاتەدا يەكێك لە كچەكان لەوبەرى باڕەكەوە دەستێكى ڕاوەشاند. شەو درەنگ تێدەپەڕى و جگە لە ئێمەش كەس لەوێ نەبوو.
منيش بە بێگوناهييەوە دووپاتم كردەوە: (خ. ق.)
بەڕێز جۆزى گوتى: (كۆنستانت بڵێ با گارسۆنێك بێت بزانێت ئێرنيست چى دەوێت. دوو ستێكى كاڵ دەخۆين.)
كۆنستانت بزەيەكى هاتێ و ئاماژەى بە يەكێك لە گارسۆنەكان كرد. هەروا كە بە تەنيشت كچەكاندا تێدەپەڕين بۆئەوەى بڕۆين بۆ بەشى نانخواردنەكە، يەكێكيان دەستى هێنا. دەستيم ڕاوەشاند و بە زمانى ئيسپانى و بە نەغمەيەكى جدى گوتم؟ : (خ. ق.)
كچەكەى دى گوتى: (ئەى هاوار! ئەمانە بە دڵنياييەوە چوونەتە ناو سياسەتەوە. ئەويش لە ساڵێكى وادا.) ئەمە كارى تێكردن و تۆزێكيش ترسان.
بەيانى لەگەڵ يەكەمين گورزە تيشكى ڕۆژ بێدار بوومەوە. دەستمكرد بە نووسينى چيرۆكێك كە بەڕێز جۆزى بەدڵى بێت. لەبارەى ئەنيتا، لەنگەرگەكە و ئەو ڕووداوانەى كە ئەزموونمان كردبوون، نووسيم. هەوڵمدا هەستى دەريا و هەستى ئەو شتانەى هەموو ڕۆژێك دەمانبينين، دەمانبيستن و بۆنمان دەكردن بگوازمەوە ناو چيرۆكەكە. هەموو بەيانييەك كارم لەسەر چيرۆكەكە دەكرد و باقى ڕۆژەكەش سەرقاڵى ڕاوەماسى دەبووم. هەلومەرجێكى باش بوو.
زۆر هەوڵم ئەدا و زۆربەى ماسييەكانم بە پێوە ڕاو دەكرد، كەمتر بۆ گرتنى ماسييەك لەسەر كورسى دائەنيشتم؛ بەڵام هێشتا هيچ هەواڵێك لە ماسى گەورە نەبوو.
ڕۆژێك ماسييەكى گەورەى مارلينمان بينى كە بەلەمێكى بچووكى بەدواى خۆيدا بەكێش دەكرد. سەرى بەلەمەكە چەمابووەوە ناو ئاوەكە، ماسييەكەش هەڵبەزودابەزى دەكرد. ئاو بەجۆرێك بەوچواردەوردا دەپژا، دەتگوت بەلەمێكى ماتۆڕيى لە دەمى تێپەڕيندايە. ڕۆژێكى تر كە كەشوهەوا زرياناويى بوو و باران دەبارى، چوار پياومان بينى دەكۆشان مارلينێكى گەورەى وەنەوشەيى بخەنە ناو بەلەمە بچووكەكەيان. ماسييەكە دووسەت و پەنجا كيلۆى پووخت گۆشتى ئەدا. دواترێك، پارچە گەورەكانيم لەسەر تەختەبەردە مەڕمەڕييەكانى بازاڕە دێرينەكە بينى.
سەرەنجام لە ڕۆژێكى خۆرەتاو، لە دەرەوەى كەنداوى مۆرۆ، لە ڕەوتى ئاوێكى بەخووڕ، نيليى و گەلێك شەفاف؛ يەكەمين ماسى گەورە بوو بە قولاپەكەمانەوە. ئاوەكە هێندە ڕوون بوو گەلە ماسييەكان لە قووڵايى هەژدە مەترى پەناگەكانيان، بە ئاسانى دەبينران. ئەو سەردەمانە، ڕاگرى پارێزەرى لێوارى بەلەم؛ بوونى نەبوو. قولاپێكى ناسكم خستبووە ناو ئاوەكە، بەو ئومێدەى لە دەمى تێپەڕين بە نۆكەندەكەدا شاماسى بگرم؛ بەڵام ناكاو ئەم ماسييە زەبەلاحە پەيدا بوو. بە جووڵەيەكى شەپۆلئاسا هاتە سەر ئاوەكە. سەرەتا نەيزەكەى لمۆزى، كە وەكو دارى بليارد وابوو؛ دەركەوت و دواى ئەويش سەرى بە كە ئەندازەى بەلەمێكى بچووك دەبوو، لە ئاوەكە هاتە دەرەوە و بە خێرايى بە تەنيشت بەلەمەكەدا تێپەڕى. گوريسەكە بە خێرايى لە بەكرەكە دەبووەوە و هێندە داغ بووبوو نەدەكرا دەستى لێبدەيت. نزيكەى چوارسەت مەتر گوريسى قەبارە پانزە، بە دەوورى بەكرەكەدا پێچرابوو، كە تاوەكو گەيشتمە پێشى بەلەمەكە نيوەى كرابووەوە.
بە دەستگرتن بەو دەستگيرانەى لەسەر ژوورۆچكەى بەلەمەكە داماننابوو، خۆم گەياندە پێشەوە. پێشتر پرۆڤەم كردبوو چۆن بە خێرايى خۆم بگەيەنمە سەر عەرشەى بەلەمەكە و قاچەكانم بە قەراخى بەلەمەكەوە قوفڵ بكەم؛ بەڵام هيچكات بە ماسييەكى گەورەوە ئەزموونم نەكردبوو، كە وەكو قيتارێكى خێرا بە تەنيشتماندا تپەڕێت. ماسييەكە بە تووندى بەرەو خۆى ڕايدەكێشام. بە دەستێك دارى قولاپەكەم گرتبوو، كە بە تووندى دەجووڵا، بە دەستەكەى ديكە و بە ياوەرى پێخاوسەكانم، خۆم بە پێوە ڕاگرتبوو.
هاوارم كرد: (جۆزى هەوڵبدە لێى نزيك ببيتەوە. گوريسەكە خەريكە تەواو دەبێت.)
(باشە كاپتن. ئەمەش ئەوە.)
يەكێك لە قاچەكانم تووندكرد لە لاوانەى پێشەوەى ئەنيتا و ئەو قاچەى ديكەشم لەبەشى ڕاست گير كردبوو. كارلۆس تووند كەمەرى گرتبووم. ماسييەكە؛ لە پێش ئێمەوە بەردەوام هەڵدەبەزيەوە. كتومت هێندەى بەرميلێكى شەراب دەبوو. لەژێر تيشكى خۆرەكە زيوويين دەچووەوە. هێڵگەلى پانى وەنەوشەييم لەهەردوو لايەوە دەبينى. هەر جارێك هەڵدەبەزيەوە و دادەبەزيەوە، ئاو بە قايميى بەو ناوەدا دەپژا. وەك بڵێى ئەسپێك لەسەر تاشەبەردێكى بەرزەوە كەوتبێتە ناو دەريا. هەروا هەڵدەبەزييەوە و هەڵدەبەزييەوە و هەڵدەبەزييەوە. بەكرەكە هێندە گەرم بوو نەدەگيرا. سەربارى ئەوەى ئەنيتا بەوپەڕى خێرا بەدواى ماسييەكە دەكەوت، كێشى گوريسسەكە لەسەر ئەو، كەم و كەمتر دەبووەوە.
لە بەڕێز جۆزىم پرسى: (دەتوانيت خێراتر لێبخوڕيت؟)
گوتى: (مەگەر لە خەودا. گوريست چەند ماوە؟)
(زۆر كەم.)
كارلۆس گوتى: (زۆر گەورەيە. گەورەترين ماسى مارلينە تا ئێستا بينيبێتم. ئەگەر بۆ ماوەيەكى كەم بوەستێت ياخود بڕواتە قووڵايى ئاوەكە، پێشى دەكەوين و گوريسەكە كۆدەكەينەوە.)
لە بەردەم قەڵاى مۆرۆوە تاوەكو ئەولاى هۆتێل ناشناڵ هەوڵيدا هەڵبێت و تەنيا هەژدە مەتر گوريس لەسەر بەكرەكە مابووەوە. ماسييەكە لە جووڵە وەستا و ئێمەش لێى تێپەڕين. دووبارە گوريسەكەمان لەسەر بەكرەكە كۆكردەوە. لە يادمە كەشتييەكى گريس لاين تۆزێك لە پێشمانەوە دەڕۆيشت، بەلەمێكى ڕێنيشاندەريش بەرەو ڕووى دەچوو. نيگەرانى ئەوە بووم نەبادا پێكدابكێشين. هەروا كە بەكرەكەم هەڵدەچەرخاند و دەچووم بەرەو ئەوسەرى بەلەمەكە، كەشتييەكە خێراييەكەى زياد كرد و بەلەمى ڕێنيشاندەرەكە لەسەر ڕێگاكەمان لاچوو. هيچ مەترسييەكمان لەسەر نەبوو.
لەسەر كورسى دانيشتبووم و ماسييەكە بە هێڵێكى ڕێكدا هەڵبەزودابەزى دەكرد. يەك لەسەر سێى گوريسەكە، لەسەر بەكرەكە بوو. كارلۆس سەتڵێك ئاوى دەرياى كرد بەسەر بەكرەكەدا بۆئەوەى فێنك ببێتەوە و سەتڵێك ئاويشى كرد بە سەروشانى مندا.
بەڕێز جۆزى پرسى: (كاپتن چۆنيت؟)
(باشم.)
(لەو پێشەوە بوويت، خۆ عەزێتى خۆت نەداوە؟)
(نا.)
(بە خەياڵتدا دەهات ماسيەكى وا گەورە هەر بوونيشى هەبێت؟)
(نا.)
كارلۆس بەردەوام لەبەرخۆيەوە دەيگوت: (گەورەيە، گەورەيە. هەرگيز ماسى وام نەبينيوە. هەرگيز، هەرگيز.) كارلۆس وەكو سەگێكى ڕاو دەلەرزى. سەگێكى ڕاوى باش و لەسەرخۆ.
كاتژمێرێك و بيست خولەك نەمبينى. ڕەوتى ئاوەكە، خێرا بوو و ئێمەى گەياندبووە بەرامبەر كۆجيمار. شەش ميل دوورتر لەو شوێنەى كە ماسييەكە هێور بووبووەوە. ماندوو بووم؛ بەڵام ڕەوشى دەست و قاچم باش بوو. بە هێواشى گوريسەكەم ڕادەكێشا و ورياى ئەوە بووم بە خێرايى ياخود ناكاو ئەو كارە نەكەم. ئێستا ئيتر دەمتوانى بەڕێوەى بەرم. دژوار، بەڵام دەشيا. بە مەرجێك لەو ڕادەيەدا گوريسەكەم بە تووندى گرتبايە.
كارلۆس گوتى: (دێتە سەرەوە. هەندێجار ماسييە گەورەكان وا دەكەن، تا كاتێك نەزانن چيان بەسەر هاتووە دەتوانيت بە نەيزە بيانگريت.)
پرسيم: (ئێستا بۆچى دێتە سەرەوە؟)
كارلۆس گوتى: (ئەو ئێستا گێژ بووە. تۆ خەريكيت بەڕێوەى دەبەيت و ئەويش نازانێت چ باسە.)
گوتم: (هيچكاتيش نابێت بزانێت.)
كارلۆس گوتى: (ئەقڵم دەيبڕێ چوارسەت و پەنجا كيلۆ گۆشتى پووختى هەبێت.)
بەڕێز جۆزى گوتى: (كارلۆس بە چەنەبازى مێشكى مەگێ ئيتر. كاپتن تۆ ناتەوێت جووڵەيەكى ترى پێ بكەيت؟)
(نا.)
كاتێك ماسييەكەمان بينى زانيمان هەر بەڕاستى زۆر گەورەيە. ترسناك نا، بەڵام ئەوەى ڕاستى بێت سەرسوڕهێنەر بوو. ئەوكاتە تاڕادەيەك مەند و ئارام لەناو ئاوەكە مابووەوە و پەڕەكانى سينگە گەورەكەى وەكو دەمى داس لەملاوئەولايەوە دەرچووبوون. دواجار بە بەلەمەكەى زانى. گوريسەكە بەخێرايى ئۆتۆمۆبێل لە بەكرەكە دەكرايەوە. بەرەو باكوورى خۆرئاوا هەڵدەبەزييەوە و لەگەڵ هەر هەڵبەزێك، قەبارەيەكى زۆر ئاو لە لاشەى دەڕژا.
دەبوو تاوەكو كاتێك دووبارە ئارام دەبووەوە، بچوومايەتە پێشى بەلەمەكە. ئەمجارە ڕێك لە بەرامبەر مۆرۆ ئارامى گرت و ڕۆيشتە قووڵايى ئاوەكە و منيش گەڕامەوە بەشى دواوەى بەلەمەكە.
بەڕێز جۆزى پرسى: (كاپتن خواردنەوەت دەوێت؟)
(نا، بەس بە كارلۆس بڵێن تۆزێك ڕۆن بكات بەسەر بەكرەكەدا. وريابێت نەيڕژێت بەسەر شوێنێكى ديكەدا. تۆزێك ئاوى دەرياش بكات بەسەر مندا.)
(كاپتن هەر بەڕاست شتێكى ديكەت ناوێت بۆت بهێنم؟)
گوتم: (دوو دەست و كەمەرێكى تەندروستم دەوێت. ئەم قوڕمساغە ماندوو نابێت. لەگەڵ سەرەتا هيچ جياوازييەكى نييە.)
پاش يەك كاتژمێر و نيو دووبارە بينيمەوە. زۆر لە كۆجيمار دووركەوتبووينەوە. هێشتا هەر هەڵدەبەزييەوە و هەڵدەهات. ناچار بووم هەروا كە بەدواى كەوتبووين، بچمە بەشى پێشەوەى بەلەمەكە.
كاتێك گەڕامەوە بەشى پشتەوەى بەلەمەكە و دانيشتم، بەڕێز جۆزى پرسى: (كاپتن بارودۆخ چۆنە؟)
(وەكو پێشتر؛ بەڵام دارى ماسيگرتنەكەمان خەريكە داغان دەبێت.)
دارى قولاپى ماسيگرتنەكە وەكو كەوان، چەمابووەوە. هەوڵمدا ڕێكى بكەمەوە؛ بەڵام ڕێك نەبووەوە.
بڕێز جۆزى گوتى: (هێشتا دەكرێت ئيشى پێ بكەيت. جارێ دەتوانيت هەر بەوە ڕايبگريت. دەتەوێت ديسانەوە ئاو بڕێژم بە سەر و شانتدا؟)
گوتم: (نا، من خەمى دارى ماسيگرتنەكەمە. كێش و فشارى ماسييەكە، لە تەحەمولى دارەكە سەرووترە.)
كاتژمێرێك دواتر، ماسييەكە بە هێمنى و بەشێوەيەكى بازنەيى گەورە دەستيكرد بە جووڵە.
كارلۆس گوتى: (ئيتر ماندوو بووە. ئێستا بە ئاسانى دەگيرێت. ئەو هەلبەزودابەزە كيسەكانى هەواى پڕ كردووە لە ئاو، ناتوانێت بڕواتە قووڵايى.)
گوتم: (ئەم دارى ماسيگرتنە چيدى بە كەڵك نايەت. ڕێك نابێتەوە.)
قسەكەى من بوو. دارەكە هێندە چەمابووەوە نوكەكەى بەر ئاوەكە دەكەوت، كاتێك ڕامدەكێشا و بەكرەكەم هەڵدەسووڕاند كارى نەدەكرد. ئيتر نەدەكرا پێى بگوترێ دارى ماسيگرتن. دەتگوت بەشێكە لە گوريسەكە. هەر جارێك دارەكەم ڕادەكێشا، تەنيا چەند سانتيممەتر لە گوريسەكەى كۆدەكردەوە. بەس ئەوەندە.
بە بەڕێز جۆزىم گوت: (كاپتن باوردۆخ زۆر خراپە.) بە سەرە يەكترمان بە كاپتن بانگ دەكرد.
(ئەگەر ئێستا بڕواتە خوارە دەمرێت و ئيتر ناتوانين هەڵيبكێشينەوە سەرەوە.)
(كارلۆس دەڵێت دێتە سەرەوە. دەڵێت بەهۆى هەڵبەزو دابەزەكانەوە هەناسەى پێنەماوە و ناتوانێت بچێتە قووڵايى، ئەگەر بڕوات دەمرێت. دەڵێت ماسييە گەورەكان هەردەم پاش ئەو هەموو خۆهەڵدانە، بەمجۆرەيان لێدێت. من ژماردم، سى و شەش جار بازيداوە. ڕەنگە چەند جارێكيشيم لەدەستچووبێت.)
ئەمە يەكێك لە دوورودرێژترين گوتارەكانى بەڕێز جۆزى بوو، كارى تێكردم. هەمان سات بوو كە ماسييەكە بەرەو خوار و خوارتر چوو. بە هەردوو دەستم، بەكرەكەم گرتبوو و خەريكبوو گوريسەكە بپسێت. بەكرەكە خەريكبوو وردە وردە لەژێر دەستم دەخزا.
لە بەڕێز جۆزىم پرسى: (چەند كاتژمێرە پێوەى سەرقاڵين؟)
(سێ كاتژمێر و پەنجا خولەك.)
بە كارلۆسم گوت: (ئەى تۆ نەتگوت ناتوانێت بچێتە خوارەوە ئەگينا دەمرێت؟)
(دێتە سەرەوە هێمينگوەى، دێتە سەرەوە.)
گوتم: (حەتمەن ئەمەى پێ بڵێ.)
بەڕێز جۆزى گوتى: (تۆزێك ئاوى بۆ بهێنە. كاپتن هێندە قسە مەكە.)
سەهۆڵاو، هێجگار جێى گرت. بڕێك ئاوى ناو دەمم كرد بەسەر مەچەكمدا و داوام لە كارلۆس كرد باقى ئاوەكە بكات بە پشتملمدا.)
نيوەڕۆى يەكێك لە ڕۆژەكانى مانگى جولاى بوو. سوێريى عارەق، بەشگەلێكى لە شانەكانم كزاندەوە، كە بەهۆى ڕاكێشانى گوريسەكەوە بريندار بووبوو. لەبەر ڕووناكى ڕۆژ، كەش هێندە گەرم بوو هەستم بە گەرماى خوێن نەدەكرد لەسەر پێستم.
(بە ئيسفنجەكەت تۆزێكى تر ئاووخوێ بڕژێنە بەسەريدا.)
هاوكات ماسييەكە لە جووڵە وەستا. بۆ تاوێك مەند مايەوە. هێندە پتەو و مەند دەتگوت گوريسەكە بە پايەيەكى چيمەنتۆييەوە بەستراوەتەوە. پاشان بە هێواشى دەستيكرد بە هاتنە سەرەوە. گوريسەكەم بەدەست كۆكردەوە، لەبەرئەوەى بەكرەكە كارى نەدەكرد و دارەكەش هێندەى لقى باينجان سست بوو.
ماسييەكە بە پەڕە درێژەكانيەوە؛ وەكو بەلەمێكى درێژ بە خەتە وەنەوشەييەكانيەوە لە قووڵايى دوو مەتر و نيوى ئاوەكە، دەبينرا. بە كاوەخۆ دەستيكرد بە سووڕان. هەموو هێزێكم خستەگەڕ بۆئەوەى تيرێژى بازنەكە كەم بكەمەوە. زۆر لەسەرخۆ و هێندەى كرابا گوريسەكەم ڕادەكێشا، كە ناكاو دارى ماسيگرتنەكە لێكترازا.
بە كارلۆسم گوت: (سەت مەتر گوريس لە چارۆكە گەورەكە ببڕە. من بازنەى جووڵەكانى بچووك دەكەمەوە. كاتێك نزيكتر بووەوە، هێندە گوريسمان بە دەستەوە دەبێت كە بتوانين بيبەستينەوە بە پارچەيەكى درێژترەوە. منيش دارى ماسيگرتنەكە دەگۆڕم.)
ئێستا كە دارى ماسيگرتنەكە شكابوو، ئيتر هيچ گرنگييەكى نەبوو ماسييەكەمان وەكو چى گرتبا. وەكو ڕيكۆردى گەورەترين ماسى دونيا، ياخود هەر ڕيكۆردێكى دى. گرنگ ئەوە بوو ماسييەكە لەدەست نەدەين. ماسييەكە شەكەت بوو و لەژێر كۆنترۆڵى ئێمەدا بوو. بە گێڕى قوورس و زيادكردنى خێرايى دەمانتوانى بيگرين. تەنيا كێشەمان ئەوەبوو ئەو دارە گەورەيەى هەمانبوو بۆ ماسيگرتن بۆ گوريسێكى قەبارە پانزە بەپێى پێويست نەرم نەبوو. ئەمەش كێشەى من بوو و دەبوو خۆم چارەم كردبا.
كارلۆس، گوريسە سپييە قەبارە سى و شەشەكەى لە چارۆكەكە دەكردەوە و هەموو جارێك بە دەست قياسى دەگرت و دەيخستە سەر عەرشەكە. هێندەى توانيم بەو دارە بێكەڵكە ماسييەكەم ڕاگرت. دەمبينى كارلۆس گوريسە سپييەكەى بڕيوە و بەناو پايەكاندا تێيدەپەڕێنێت.
بە بەڕێز جۆزىم گوت: (باشە كاپتن، كاتێك ماسييەكە نزيك بووەوە بڕێك لە گوريسەكە شل بكەرەوە بۆئەوەى كارلۆس بتوانێت گوريسە سپييەكەى پێوە گرێ بدات. بەس لەسەرخۆ ئەم كارە ئەنجام بدە.)
ماسييەكە، هێمن و بازنەيى دەسووڕايەوە. بەڕێز جۆزى، گوريسەكەى كۆدەكردەوە و ئەيدا بە كارلۆس كە گرێى ئەدان.
بەڕێز جۆزى گوتى: (گرێى دان.) نزيكەى نەوەت سانتيممەتر لە گوريسە سەوزەكەى پێشوو بە زيادە هاتبوو و لەناو پەنجەكانيدا بە شليى مابوونەوە. ماسييەكە تەواو لە بەلەمەكە نزيك بووبووەوە؟ دارە شكاوەكەم فڕێدا و دارە گەورەترەكەم لە كارلۆس وەگرت.
پێمگوت: (هەركات ئامادە بوويت بيبڕە.)
بە بەڕێز جۆزىم گوت: (هێواش هێواش گوريسەكە شل بكە. من زۆر بە هێواشيى ڕايدەكێشم تا هێندەى هەست بە كێشى ماسييەكە بكەم.)
چاوم لەسەر گوريسە سەوزەكە و ماسييە گەورەكە بوو. كارلۆس گوريسەكەى بڕى. دەنگى قيژەيەكم بەرگوێ كەوت. هەرگيز دەنگێكى وام لە مرۆڤێكى عەقڵ تەندروست نەبيستبوو. وەك ئەوەى هەرچى نائومێديت هەيە بە يەكجار كۆيبكەيتەوە و لە گەرووتەوە ڕايدەيتە دەرەوە. بينيم گوريسە سەوزەكە بە بەينى پەنجەكانى بەڕێز جۆزىدا خزا و بەرەو خوار و خوار و خوارتر ڕۆيشت، تاوەكو لەچاو بزر بوو. كارلۆس بەهەڵە بەشێكى ديكەى گوريسەكەى بڕيبوو و ماسييەكەش ديارنەما.
حاڵى بەڕێز جۆزى بەهيچ جۆرێك باش نەبوو. تەماشاى كاتژمێرەكەى كرد. گوتى: (كاپتن! چوار كاتژمێر و بيست و دوو خولەك!)
ڕۆيشتم ئەحواڵى كارلۆس بپرسم. لەبەشى پێشەوەى بەلەمەكە دانيشتبوو و دەڕشايەوە. داوام لێكرد لۆمەى خۆى نەكات. ئەم ڕووداوە دەكرا بەسەر هەركەسێك بێت. ڕووخسارە قاوەييەكەى تێكنابوو و بە دەنگێكى كز و سەير كە بە دژوارى دەبيسترا وەڵامى ئەدامەوە.
(بەدرێژايى ئەم ساڵانە نە ماسييەكى وا گەورەم بينيوە نە پەنێكى وا قۆڕيشم داوە.)
پێمگوت: (جا خەم! نابێت بەوجۆرە قسە بكەيت. ماسى لەوە گەورەتريش دەگرين.) بەڵام هيچكات نەمانگرت.
لەگەڵ بەڕێز جۆزى لەبەشى پشتەوەى بەلەمەكە دانيشتبووم. ئانيتامان بەرەڵا كردبوو بۆئەوەى خۆى لەگەڵ ڕەوتى ئاوەكە بڕوات. ڕۆژێكى دڵبزوێنى كەنداوەكە بوو و نەسيمێكى فێنك هەڵيكردبوو. لە كەنارەكە و چياكانى پشتەوەيمان دەڕوانى. بەڕێز جۆزى، دەرمانى مێركوركرۆمى ئەدا لەسەر شان و دەست و بنى پێيەكانم، كە پێستەكەيان زيانى پێگەيشتبوو. دواتريش دوو پێك ويسكى ئاوێتە بە ئاوليمۆ و شەكرى ئامادە كرد.
پرسيم: (كارلۆس چۆنە؟)
(خراپ حاڵى تێكچووە. لە سوچێكدا خۆى كزۆڵە كردووە.)
(پێمگوت لۆمەى خۆى نەكات.)
(بەڵێ؛ بەڵام ئەو هەر لۆمەى خۆى دەكات.)
(ئێستا بۆچوونت لەبارەى ماسييە گەورەكانەوە چييە؟)
بەڕێز جۆزى گوتى: (شازە. لە ئێستا بەدواوە حەزدەكەم بەس ماسى گەورە ڕاو بكەم.)
(كاپتن، چۆن بووم لەگەڵ ماسييەكە.)
(فرە شاز بوويت.)
(نا، هەر بەڕاستى؟)
(بڕيارى كرێى بەلەمەكە تا ئەمڕۆ بوو. ئەگەر بتەوێت، بە خۆڕايى ڕاوەماسى دەكەين.)
(نا.)
(خۆزيا هەموو شتەكان بەجۆرێكى تر بوونايە. لە بيرتە وەختێ بەرەو هۆتێل ناشناڵ دەچوو دەتگوت هيچ شتێك لە دونيادا نييە پێشى پێ بگرێت؟)
(هەموو شتێكم بە باشى لە يادە.)
(چيرۆكەكەت باش دەچێتە پێش؟ خۆ زوو هەستانى بەيانيان و نووسين بێزارت ناكات؟)
(هەموو هەوڵێكى خۆم دا باش بنووسم.)
(ئەگەر هەروا بەردەوام بيت، بارودۆخمان بە باشى دەمێنێتەوە.)
(ڕەنگە سبەى بەيانى نەنووسم.)
(بۆچى؟)
(پشتم وێران بووە.)
(خۆ بە پشت نانووسيت! سەرت عەيبى نييە!)
(دەستەكانم هەستيان تێدا نييە.)
(خۆ بەڕادەيەكە كە بتوانيت قەڵەم بە دەستەوە بگريت. تا بەيانى باش دەبيت. هەستى نووسينت دەگەڕێتەوە.)
بۆ سبەينێكەى بەوپەڕى سەرسامييەوە بينيم كە حەزدەكەم بنووسم و كارەكەشم بە باشى ئەنجامدا. كاتژمێر هەشت لە لەنگەرگەكە بووين و ڕۆژێكى زۆرباشمان لە پێش بوو. نەسيمێك هەڵيكردبوو و وەكو ڕۆژى پێشوو ڕەوتى ئاوەكە بە نزيك قەڵاى مۆرۆدا تێدەپەڕى. ئەو ڕۆژە ئيتر قولاپە بچووكەكەمان نەخستە ناو ئاوەوە. هەر ئەو جارە بۆ ئەو هەڵەيە، بەس بوو.
ماسييەكى ماكيرێڵمان كرد بە سەرى قولاپەكەوە، كە نزيكەى دوو كيلۆ دەبوو. دارى قوورسى هاردى و گوريسەكەش قەبارە سى و شەش. كارلۆس سەت مەتر لەو گوريسەى دوێنى لێيكردبووەوە، بە دەوورى بەكرەكەدا پێچاى. بەكرەكە تەواو پڕ بووبوو. تەنيا كێشە ئەوە بوو كە دارى ماسيگرتنەكە لەڕادەبەدەر ڕەق بوو. ئەگەر دارى ماسييە گەورەكان نەرم نەبێت، ماسيگر تەفنيش دەكات، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر دارەكە نەرم بێت و بەپێى پێويست بچەمێتەوە، بە ئاسانى ماسييەكە ڕادەكێشێت.
كارلۆس بەس ئەو كاتانەى قسەمان لەگەڵ دەكرد، وەڵامى ئەدايەوە. هێشتا هەر خۆى دەخواردەوە. من بەڕادەيەك ئازارم هەبوو تواناى بيركردنەوە لە دوێنێم نەبوو. بەڕێز جۆزىش هەر خۆى ئەهلى خەفەت خواردن نەبوو.
بەڕێز جۆزى گوتى: (لە بەيانييەوە هەر سەر ڕادەوەشێنێت و خەفەت دەخوات. خۆ بەم حاڵەوە ناتوانێت ماسى بگرێت.)
پرسيم: (كاپتن حاڵى تۆ چۆنە؟)
بەڕێز جۆزى گوتى: (باشم. دوێنى شەو چووم بۆ بەشى سەرەوەى شار و چێژم لە ئۆركێسترايەكى كچانە وەرگرت. چەند بيرەيەكيشم هەڵدا. دواتريش ڕۆيشتم بۆ باڕەكەى دۆناوان. جەهەنەمێك بەرپا بوو.)
(چ جۆرە جەهەنەمێك.)
(فرە خراپ بوو. باش بوو تۆم لەگەڵ نەبوويت.)
(باسيكە بزانم چى بووە؟)
دارى ماسيگرتنەكەم تەواو بۆ سەرەوە و ڕووەو دەرەوە ڕاگرت. ماسييە ماكيرێڵە گەورەكە، بەسەر شەپۆلەكانەوە كە لەچواردەورى بەلەمەكە دروست بووبوون، بەرزونزمى دەكرد. كارلۆس، ئەنيتاى لەگەڵ ڕەوتى ئاوەكە بە تەنيشت قەڵاى كابانادا بەڕێوەدەبرد. لەنگاندنەوەى سپێتيى قولاپەكە لەسەر هێڵى ئاوى بەلەمەكە، سەروخوارى دەكرد. بەڕێز جۆزى لەسەر كورسييەكەى پاڵيدابووەوە و خەريكبوو ماسييەكەى ديكەى بۆ چەشە ئامادە دەكرد.
(پۆليسێك لە باڕى دۆناوان، بانگەشەى ئەوەى دەكرد سەرهەنگى پۆليسى نهێنى بووە. دەيگوت حەزى لە ڕووخسارى من كردووە و ئامادەيە هەركەسێك من بيڵێم، هەر لەوێدا بيكوژێت. هەوڵمدا هێمنى بكەمەوە؛ بەڵام ئەو گوتى منى خۆشدەوێت و دەيەوێت كەسێك بكوژێت بۆئەوەى خۆشەويستى خۆيم بۆ بسەلمێنێت. لەو پۆليسە تايبەتانە بوو. لەوانەى كە بە تێڵا لە خەڵك ئەدەن.)
(دەيانناسم.)
(ئا، ڕەنگە. بەهەرحاڵ خۆشحاڵم كە تۆ لەوێ نەبوويت.)
(ئاخيرەكەى چى كرد؟)
(هەروا پێداگرى دەكرد كەسێكم بۆ بكوژێت. منيش هەوڵمدا بڕواى پێ بهێنم پێكەوە بخۆينەوە و كوشتن لە بير بكات.)
(كەسێكى خۆش بووە.)
(نەبابە! كاپتن كەسێكى قەڵبوقۆڕ بوو. ويستم بەسەرهاتى ماسييە گەورەكەى بۆ بگێرمەوە بۆئەوەى بيروهۆشى پەرت بكەم، بەڵام تووڕە بوو و گوتى لە عەرزى ماسييەكانت بەم، هەرگيز نەتتوانيوە ماسى بگريت. پێمگوت باشە. لە عەرزى ماسى بەم. وەرە با واز لەمە بهێنين و بڕۆينەوە بۆ ماڵەكانمان. گوتى بڕۆين بۆ ماڵەوە و دەرد. من وەكو دياريى كەسێكت بۆ دەكوژم و فاتيحە بۆ ئەو ماسييەشت دادەخەم. هيچ ماسييەك نەبووە، تێگەيشتى؟ شەوشادم لێكرد و پارەكەم خستە سەر مێزى باڕەكە. پۆليسەكە پارەكەى فڕێدامە سەر زەويەكە و پێى نايە سەر. گوتى بێجات كرد دەڕۆيتەوە بۆ ماڵەوە. تۆ هاوڕێى منيت و لێرە دەمێنيتەوە. دووبارە شەوشادم لێكرد و بە دۆناوانيشم گوتم ببوورە پارەكەت لەسەر زەويەكەيە. نەمدەزانى پۆليسەكە چى دەكات. بەلامەوە گرنگ نەبوو. دەمويست بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە. هەر لەگەڵ بەڕێكەوتم، دەمانچەكەى دەرهێنا و ئيسپانييەكى بەدبەختى كرد بە بێژنگ. ئەو قووڕبەسەرە بە درێژايى ئەو شەوە زارى هەڵنەهێنابوو. هيچ كارى بەسەر پۆلسەكەوە نەبوو. منيش هيچم نەكرد. كاپتن ئێستا ئازارى ويژدانم هەيە.)
گوتم: (زۆرى نەماوە. گشت ئەم بەسەرهاتانە تەواو دەبن.)
(ئا، دەزانم. ئەم دۆخە ناكرێت لەمە زياتر درێژە بكێشێت. ئەوەى ئازارم ئەدات ئەوەيە دەيگوت حەزى لە ڕووخسارم كردووە. ئاخر كاپتن ڕووخسارى من چ ماڵێكە تا كەسێكى وا حەزى لێبكات؟)
منيش ڕووخسارى بەڕێز جۆزىم زۆر بەدڵ بوو، زياتر لە هەر كەسێك كە دەمناسى. هەڵبەت ماوەيەكى خاياند تاوەكو حەزم لە ڕووخسارى كرد. لەبەرئەوەى جوانييەكى تايبەتى نەبوو و هيچكەس بە نيگاى يەكەم حەزى لێنەدەكرد. ڕووخسارى لە دەريا، باڕەكان و قومارخانەكاندا شكڵى گرتبوو. ئەزموونى زۆر، فشارى كار، قبووڵكردنى سەختييەكان و هەورازونشێوييەكانى ژيان كەسايەتييان بە ڕووخسارى بەخشيبوو. هيچ ئەندامێكى ڕووخسارى جوان نەبوو، جگە لە چاوەكانى. چاوەكانى ڕوونتر لە ئاوەكانى دەرياى سپى ناوەڕاست لە ڕۆژە خۆرەتاوەكاندا. ئەو چاوانە، زۆر شاز بوون، بەڵام ڕووخسارى بەهيچ جۆرێك جوان نەبوو، بە پارچەيەك چەرم دەچوو چرچى وردى تێدا بێت.
گوتم: (كاپتن ڕووخسارێكى جوانت هەيە. ڕەنگبێ تەنيا قسەيەكى ڕاست ئەو خوێڕييە كردبێتى هەر ئەمە بووبێت.)
(بەهەرحاڵ تا كاتێك دۆخەكە ئارام نەبێتەوە، ناچم بۆ باڕ و مەيخانە. دانيشتن و گوێ ڕادێران بۆ گروپى ئۆركێستراى كچان و كچە ڤۆكاليستى گروپەكە، فرە چێژبەخش بوو. ئەى تۆ چۆنيت كاپتن؟)
(زۆر خراپ.)
(ئەوكاتەى لەو پێشەوە بوويت زۆر نيگەرانت بووم. خۆ سكت ئازارى پێنەگەيشت؟)
گوتم: (نا، زياتر پشتم ئازارى هەيە.)
(دەست و قاچ لە هەموو شتێك گرنگترن. من گوريسەكانم بە پەت پێچاوە. ئيتر پێستت بەوڕادەيە زيانى پێناگات. كاپتن لەسەر چيرۆكەكەت بەردواميت؟)
(بەدڵنياييەوە. كە دەكەومە سەر نووسين ئالوودەى دەبم و دواتر ئيتر قوورسە وازى لێبهێنم.)
بەڕێز جۆزى گوتى: (دەزانم ئالوودەبوون بەهەر شتێك خراپە؛ بەڵام ژمارەى ئەو كەسانەى بە ڕاوەماسى مردوون، لە ژمارەى نووسەرەكان زياترە. تۆش كارەكەت بە پرۆفيشناڵى دەكەيت. كاتێك دەنووسيت بير لە هيچ شتێكى دى ناكەيتەوە.)
لە كەنارەكەم ڕوانى. بە بەردەم كورەيەكى قسڵدا تێپەڕين. نزيكى كەنارەكە، قووڵايى ئاوەكە زۆر بوو و ڕەوتى گوڵف سترێم تاڕادەيەك گەيشتبووە كەنارەكە. دووكەڵێكى باريك لە چياكە دەهاتە دەرەوە. دەمتوانى تەپوتۆزى جادەيەكى خۆڵى نزيك كەنارەكە ببينم، كە بارهەڵگرێك پێيدا تێدەپەڕى. چەند باڵندەيەك سەرقاڵى خواردنى پارچەيەك لە چەشەكە بوون. كارلۆس هاواريكرد: (ماسى مارلين، ماسى مارلين.)
هاوكات هەمووان پێكەوە ماسييەكەمان بينى. لەناو ئاوەكە، ڕەنگەكەى تۆخ دەردەكەوت. تەماشام كرد و بينيم نەيزەكەى لمۆزى لە پشتى ماسييە ماكيرێڵەكە هاتووەتە دەرەوە. نەيزەيەكى زۆر ناشرينى هەبوو. خڕ، ئەستوور و كورت بوو. ماسييەكە، لە ژێر ئاوەكە بە تۆپێكى قەبە دەچوو.
كارلۆس هاواريكرد: (گوريسەكە ڕاكێشە. قولاپەكە لە دەميدايە.)
بەڕێز جۆزى، چەشەكەى لەگەڵ بەكرەكە كۆدەكردەوە و منيش چاوەڕوانى ڕاكێشانێك بووم بۆئەوەى دڵنيابم مارلينەكە، چەشەكەى گرتووە.
تێبينى/ ئەم چيرۆكە لە لايەن نەوەيەكى هەمینگوەی (شان هەمینگوەی) لە كتێبخانە و مۆزەخانەى (جۆن ئێف كێنێدى) بينراوەتەوە و لە 1/4/2020 بۆ يەكەمجار لە نيويۆركەر بڵاوكراوەتەوە.
سەرچاوە:
Newyorkfamag
[1]– جۆرێكە لە ماسى، كە نزيكەى 4 مەتر درێژن و لمۆزێكى شێوە نەيزەييان هەيە و كێشى گەورەكانيان 450 كيلۆ دەبێت.
[2]– ناوى شەقامێكى هاڤاناى كوبايە.
[3]– هۆتێلێكى پێنج نهۆمييە لە هاڤانا، كە لەسەر شێوازى ئەندازياريى سەدەى بيست بنياتنراوە. هەمینگوەی لە زۆربەى كاتەكانى مانەوەيدا لە ساڵانى 1932 – 1939 لەژوورێكى ئەم هۆتێلە ماوەتەوە.
[4]– ناوى ڕێستورانتێكە لە هاڤانا، كە شوێنى دڵخوازى هەمینگوەی بووە و بەردەوام لەوێ دانيشتووە، لە ئێستادا پەيكەرێكى برۆنزى هەمینگوەی لەناو ئەو ڕێستورانتە دانراوە.