یاری.. ئیتالۆ کالڤینۆ

شارێک هەبوو، کە هەموو شتێکی تێدا قەدەغە بوو، تەنیا شتێک، کە قەدەغە نەکرابوو، یاریی هەلووکێن بوو، خەڵکی شارەکە هەموو ڕۆژێک دەچوونە ناوەند یان دەوروبەری شار و کاتەکانیان بە یاری هەلووکێن بەسەر دەبرد.
چونکە یاساکانی قەدەغە کردن، نەک بەسەر یەکەوە بەڵکو وردە وردە دەرکردرا بوو، کەس هۆکارێکی بۆ گلەیی و دەربڕینی ناڕەزایی نەبوو، خەڵکەکەیش بە گشتی کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم یاسایانە نەبوو.
ساڵان تێپەڕین. ڕۆژێک گەورە فەرمانڕەوایانی شار، بینییان کە ئیتر هیچ پێویست ناکات، کە هەموو شتێک قەدەغە بکرێت و جاڕچییەکانیان ڕەوانەی شەقام و بازاڕەکان کرد، کە هەواڵ بدەن؛ لەمەودوا دەتوانن هەر کارێک کە دڵیان بیانەوێ ئەنجامی بدەن و هیچ شتێک قەدەغە نییە.
جاڕچییەکان بۆ گەیاندنی ئەم هەواڵە بە خەڵکی، چوونە ناوەندی کۆبوونەوەی خەڵکیی شار و بە دەنگی بەرز گوتیان: هۆ خەڵکینە! هۆ…! بزانن و ئاگادار بن، کە لەمەوبەدوا هیچ کاریک قەدەغە نییە.
خەڵکەکە لە دەوری جاڕچییەکان کۆبووبوونەوە، بەڵام دوای بیستنی ئاگادارییەکە، بڵاو بوونەوە و دەستیان کردەوە بە یاری هەلووکێن.
جاڕچییەکان دووبارە ڕایانگەیاند: تێدەگەن! ئێوە ئێستا ئازادن، کە هەر کارێک دڵتان دەیەوێت، ئەنجامی بدەن.
خەڵکەکە وەڵامیان دانەوە؛ باشە! ئێمە دەمانەوێت هەلووکێن بکەین.
جاڕچییەکان کارگەلی سەرنجکێش و بەسوودیان بە بیری خەڵکەکە دەهێنایەوە، کە پێشتر کردبوویان و ئێستا دووبارە دەتوانن ئەنجامی بدەنەوە.
بەڵام خەڵکی گوێیان بەوەیش نەدا و دیسان سەرقاڵی هەلووکێنی خۆیان بوونەوە.
جاڕچییەکان، کە بینییان هەوڵەکانیان بێ سوودە، ڕۆیشتن و ئەم ڕووداوەیان بە فەرمانڕەوا ڕاگەیاند.
فەرمانڕەوایان گوتیان: پێویست ناکات! هەلووکێن قەدەغە دەکەین.
 
ئەوە ئەو کاتە بوو، کە خەڵکی دەستیان دایە شۆڕش و هەموو فەرمانڕەوایانی شاریان کووشت و بێ درەنگبوون گەڕانەوە و دەستیان دایەوە یاری هەلووکێن.
Exit mobile version