بازاڕە عەرەبییەکە… جەیمس جۆیس

وەرگێڕانی: کانی عومەر

پێداچوونەوەی: نەوا موکرجی- چاپی ١٢ی ئایاری ٢٠٢٢

شەقامی ڕیچمندی باکوور لەبەرئەوەی بنبەست بوو، شەقامێکی بێدەنگ بوو، جگە لەو سەعاتەی کە قوتابخانەی برایانی مەسیحی کوڕەکانیان بەردەدا. خانووێکی چۆڵی دوو قات کەوتبووە کۆتایی ڕێ داخراوەکەوە، لەناو زەوییەکی چوارگۆشەدا لە خانووەکانی دراوسێی جیا ببووەوە. خانووەکانی تری شەقامەکە، کە لە ژیانە ئابروومەندانەکانی ناو خۆیان بەئاگا بوون، بە ڕووکارە قاوەییە سەنگینەکانیانەوە لە یەکیان دەڕوانی.

کرێچیی پێشووی خانووەکەمان قەشەیەک بوو، لە ژووری میوانەکەی پشتەوە مردبوو. هەوا، لەبەرئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ قەتیس ببوو، بە گنخاوی لە هەموو ژوورەکاندا مابووەوە و ژوورە زیادەکەی پشت موبەقیش بە ڕۆژنامەی کۆن و بێکەڵک تەنرابوو. لە نێو ئەمانەدا هەندێ کتێبی بەرگنەرمم دۆزییەوە کە لاپەڕەکانیان لوول ببوون و شێ لێیانی دابوو، لەوانە: سەرۆکی دەیرەکە لە نووسینی واڵتەر سکۆت، نوێژکەری لەخواترس و یادداشتەکانی ڤیدۆک. ئەمەی دواهەمینیانم زیاتر بە دڵ بوو وەک لەوانی تر چونکە پەڕەکانی زەرد بوو. باخچە خۆڕسکەکەی پشت خانووەکە پێکهاتبوو لە دارسێوێک لە ناوەڕاستدا و هەندێ دەوەنی بژ کە پەمپێکی ژەنگاویی پاسکیلی کرێچییە مردووەکەم لەژێر یەکێکیاندا دۆزییەوە. قەشەیەکی ئێجگار خێرەومەند بوو؛ لە دواسپاردەکەیدا هەموو پارەکانی بۆ هەندێ دامەزراوە و کەلوپەلی ماڵەکەشی بۆ خوشکەکەی بە جێ هێشتبوو.

کە ڕۆژە کورتەکانی زستان دەهاتن، پێش ئەوەی بە تەواوی فریای خواردنی شێو بکەوتینایە بوولێڵ دادەهات. کە لە شەقامەکەدا یەکمان بینی خانووەکان تۆخ هەڵگەڕابوون. ڕەنگی بۆشایی ئاسمان بە سەرمانەوە بنەوشەییەکی هەمیشەگۆڕاو بوو و چراکانی سەر شەقامیش فانۆسە کزەکانیان بە ئاراستەی ئاسماندا هەڵخستبوو. کزە ساردەکە چزووی لێ داین و ئێمەش تا لەشمان سوور هەڵگەڕا هەر یاریمان کرد. هاوارەکانمان لە شەقامە خامۆشەکەدا دەنگی دایەوە. پیشەی یارییەکەمان بەناو کۆڵانە تاریک و قوڕاوییەکانی پشت خانووەکانی بردین کە لەوێ دەکەوتینە بەر شەقی هۆزە چەتوونەکانی کوختەکان تا دەرگای پشتەوەی ئەو باخچانەی تاریکییان لێوە دەتکا و بۆگەن لە چاڵی خۆڵەکانیانەوە بەرز دەبووەوە، تا لای تەویلە بۆگەنەکان، کە عەرەبانچییەک ئەسپەکەی شانە دەکرد و لووسی دەکرد، یان موزیکی لە لغاوی ئاوزوونەکراو هەڵدەستاند. کە بۆ شەقامەکە گەڕاینەوە، ڕووناکیی پەنجەرەی موبەقەکان ئەو ناوەیان ڕووناك کردبووەوە. ئەگەر مامم ببینرایە دێتە سەر سووچەکە لە سێبەرەکەدا خۆمان دەشاردەوە تا دەمانبینی کە بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە. یان ئەگەر خوشکەکەی مانگن بهاتایەتە دەرەوە بۆ سەر پلیکانەی بەردەرگا تا براکەی بۆ چا بانگ بکاتە ژوورەوە، لە سێبەرەکەی خۆمانەوە تەماشامان دەکرد کە ئەو لە سەر و خواری شەقامەکەی دەڕوانی. چاوەڕێمان دەکرد تا ببینین لە دەرەوە دەمێنێتەوە یان دەچێتە ژوورەوە، ئەگەر لە دەرەوە بمایاتەوە، بە ناچاری سێبەرەکانمان بە جێ دەهێشت و دەچووینە سەر قادرمەکانی بەردەرگای ماڵی مانگن. ئەویش، کە ڕوناکییەکەی پشت دەرگا نیمچە-کراوەکە شەبەنگەکەی زیاتر دیاری دەکرد، چاوەڕێی دەکردین. براکەی هەمیشە پێش ئەوەی بە قسەی بکا تیزی پێوە دەکرد و منیش لای نەردەکەوە ڕادەوەستام و تەماشای خوشکەکەیم دەکرد. کە لەشی دەجووڵاند کراسەکەی لەنجەی دەکرد و گوریسە ناسکەکەی قژیشی بەملا و ئەولادا جۆلانێی دەکرد.

هەموو بەیانییەک لەسەر زەویی ژووری دانیشتنەکەی پێشەوە پاڵم دەدایەوە و تەماشای دەرگاکەی ئەوم دەکرد. کڕکڕەکە تا ئاستی نزیکەی دووریی ئینچێک لە چێوەکەوە دادرابووەوە، بۆیە نەدەبینرام. کە هاتە سەر قادرمەکانی بەردەرگا دڵم خورپەی کرد. ڕامکردە ڕاڕەوەکە و چنگم بە پەڕتووکەکانمدا کرد و دوای کەوتم. شێوەی قاوەیی ئەوم هەمیشە لەناو چاومدا دەهێشتەوە و کە دەگەیشتینە نزیک ئەو شوێنەی کە ڕێکانمان جیا دەبووەوە، هەنگاوەکانم خێرا دەکرد و تێمدەپەڕاند. ئەمە هەموو بەیانییەک ڕووی دەدا. هەرگیز قسەم لەگەڵی نەدەکرد، جگە لە چەند وشەیەکی ئاسایی نەبێت، کەچی ناوی ئەو وەک فەرمانی بانگنامەی خوێنی شێتم وا بوو.

وێنەی ئەو تەنانەت بۆ شوێنانێکی ئێجگار دژە ڕۆمانسییەتیش یاوەریی دەکردم. کە خاڵۆژنم ئێوارانی شەممان دەچوو بۆ بازاڕیکردن دەبوو بچوومایە هەندێ لە پریاسکەکانم هەڵبگرتایە. بەناو شەقامە ڕۆشنکراوەکاندا دەڕۆیشتین، دەکەوتینە بەر پاڵەپەستۆی پیاوانی سەرخۆش و ژنانی سەوداکەر، بە ناو جنێوی کرێکاران و بانگە تیژەکانی کوڕی دوکانەکان کە بۆ پاسەوانی لای بەرمیلەکانی گووپی بەرازەوە وەستابوون، بەستە لووتییەکانی گۆرانیبێژەکانی سەرجادە کە گۆرانیی وەرنەوە-وەرنەوەیان لە بارەی ئۆدانەڤن ڕۆساوە دەبێژا، یان سترانێک لە بارەی کێشەکانی خاکی نەژادی خۆمانەوە. لای من ئەم هەرایانە بەرەو هەستێکی تاقانەی ژیان دەڕۆیشتن: وا وێنام دەکرد کە کاسە پیرۆزەکەمم بەناو ئاپۆرایەکی دوژمندا بە پارێزراوی هەڵگرتووە. بە جۆرێک لە هەندێ کاتی خوێندنی نزای سەیر و شکۆپێدانی خودادا ناوی ئەو دەکەوتە سەر زارم کە خۆیشم لێی تێنەدەگەیشتم. زۆر جار چاوم پڕ دەبوو لە فرمێسک (خۆشم نەمدەزانی بۆچی) و هەندێ جاریش وا دەردەکەوت کە خەریکە لافاوێک لە دڵمەوە بڕژێتە ناو سینەم. کەم بیرم لە داهاتوو دەکردەوە. نەمدەزانی ئایا هەرگیز قسەی لەگەڵ دەکەم یان نا، ئەگەر قسەم لەگەڵ کردبا، چۆن بمتوانیایە باسی شەیداییە شڵەژاوەکەمی بۆ بکەم. بەڵام لەشم وەک هاڕپێک وا بوو و وتە و ئاماژەکانی ئەویش وەک ئەو پەنجانە وا بوون کە بەسەر تەلەکانیدا دەجووڵان.

ئێوارەیەک چوومە ژووری میوانەکەی پشتەوە کە قەشەکە تیایدا مردبوو. ئێوارەیەکی تاریکی باراناوی بوو و دەنگ لە ماڵەکەدا نەبوو. لە یەکێک لە پەنجەرە شکاوەکانەوە گوێم لە باران بوو کە بەسەر زەویدا دەباری، دەرزییە وردە نەوەستاوەکانی ئاو لەناو پێخەفە خوساوەکاندا یارییان دەکرد. ڕووناکییەکی دوور، یان پەنجەرەیەکی ڕووناکبووەوە لەژێر منەوە تروسکەی دایەوە. سوپاسگوزار بووم کە دەمتوانی ئەوەندە کەم ببینم. وا دیار بوو هەموو هەستەوەرەکانم دەیانەوێ خۆیان بشارنەوە و کە وا هەستم کرد خەریکە لێیان بخزێم، فشارم خستە سەر لەپی دەستەکانم پێکەوە تا لەرزین و بە چرپە چەندین جار دەیانوت: «ئەی گیان! وەی گیان!»

دواجار قسەی لەگەڵ کردم. کە یەکەم قسەی بۆم دەربڕی ئەوەندە شڵەژابووم کە نەمدەزانی چی وەڵام بدەمەوە. لێی پرسیم کە ئایا دەچم بۆ بازاڕە عەرەبییەکە. بیرم نایەت کە ئایا پێم وت بەڵێ یان نەخێر. وتی کە بازاڕێکی دڵفڕێنە و حەز دەکا بۆی بچێ.

پرسیم:

ئەی بۆ ناتوانی بچی؟

لە کاتی قسەکردندا بازنێکی زیوی لە مەچەکیدا بادەدا و بایدەدا. وتی ناتوانێ بچێ چونکە ئەو هەفتەیە لە ڕەبەنگای خوشکانەکەیدا خەڵوەتێکیان هەیە. براکەی و دوو کوڕی تر لەسەر کڵاوەکانیان شەڕیان بوو و من لای نەردەکەوە بە تەنیا بووم. یەکێک لە شیشەکانی گرت و سەری بەرەو لای من دانەواند. ڕووناکیی چراکەی دەرگاکەی ئەوبەرمان بەر کەوانە سپییەکەی ملی کەوت، قژی ڕووناک کردەوە کە بەسەر ئەوێیدا پشووی دابوو، ئینجا کە داکەوت، ئەو دەستەیشی ڕوناک کردەوە کە لەسەر نەردەکە بوو. بەسەر لایەکی کراسەکەیدا کەوت و کەوتە سەر سنووری سپیی ژێرکراسێک، بە ئاستەم دیار بوو کە بە پشووی خۆی ڕاوەستابوو.

وتی:

خۆزگەم بە خۆت.

وتم:

ئەگەر بچم شتێکت بۆ دەهێنم.

ئای چەند گەوجێتیی بێشومار لە دوای ئەو ئێوارەیەوە بیری ڕابوون و نوستنمیان وێران کرد! خوازیار بووم ڕۆژە وەڕسکەرەکانی جودایی نەهێڵم. بە خوێندنی قوتابخانە قەڵس دەبووم. شەوانە لە ژووری نوستنەکەم و ڕۆژانەش لە پۆلدا وێنەی ئەو دەهاتە نێوان من و ئەو لاپەڕەیەی کۆششم دەکرد بۆ خوێندنەوەی. لەنێو ئەو خامۆشییەوە کە گیانم تیایدا ئۆخژن دەبوو بڕگەکانی دەستەواژەی بازاڕە عەرەبییەکە بانگی دەکردم و دڵفڕێنییەکی ڕۆژهەڵاتییانەی بەسەر مندا هاویشت. شەوی شەممە داوای مۆڵەتم کرد تا بڕۆم بۆ بازاڕەکە. خاڵۆژنم حەپەسا، هیوای خواست پەیوەندیی بە کاروباری ماسۆنییەوە نەبێ. وەڵامی هەندێ پرسیارم دایەوە لە پۆلدا. تەماشای ڕوخساری بەڕێوەبەرەکەم کرد کە لە ڕووخۆشییەوە بەرەو ڕووتاڵی چوو؛ خوازیار بوو دەستم نەکردبێ بە خوێڕێتی. نەمدەتوانی بیرە بێسەروبەرەکانم پێکەوە کۆ بکەمەوە. بە دەست کارە جددیەکانی ژیانەوە، کە وا لە ئێستادا لە نێوان من و ئارەزووەکانمدا وەستابوون، ئۆقرەم لێ بڕابوو، لای من وەک گاڵتەی مناڵان دەردەکەوتن، گاڵتەیەکی ناشرین و بێتامی مناڵان.

بەیانیی شەممە خاڵمم بیر خستەوە کە دەمەوێ ئێوارە بچم بۆ بازاڕەکە. لای ڕەختاوێزەکەوە خەریکی پرتەوبۆڵە بوو، بە دوای فڵچەی کڵاوەکەدا دەگەڕا، بە ڕەقی بەرپەرچی دامەوە و وتی:

باشە کوڕە، دەزانم.

لە ڕاڕەوەکەدا بوو، بۆیە نەمدەتوانی بچمە ژووری دانیشتنەکە و لە بەردەم پەنجەرەکەدا پاڵ بدەمەوە. بە مەزاجێکی خراپەوە ماڵم بە جێ هێشت و بە خاوی بەرەو قوتابخانە چووم. هەوا بێبەزەییانە سارد و شێدار بوو و دڵیشم لێم دڕدۆنگ بوو.

کە بۆ شێو هاتمەوە ماڵەوە خاڵم هێشتا نەهاتبووەوە ماڵ. هێشتا زوو بوو. دانیشتم و ماوەیەک لە کاتژمێرەکەم ڕووانی و کە چرکەچرکەکەی کەوتە پەستکردنم، ژوورەکەم بە جێ هێشت. بە قادرمەکاندا هەڵگەڕام و گەیشتمە بەشی سەرەوەی خانووەکە. ژوورە تاریک و ساردەکانی سەرەوە ئازادیان کردم و بە دەم گۆرانیبێژانەوە لەم ژوور بۆ ئەو ژوور دەچووم. لە پەنجەرەکەی پێشەوە هاوەڵەکانمم بینی لە خوارەوە لە شەقامەکەدا یارییان دەکرد. هاوارەکانیان بە کزی و نەناسراوەیی دەگەیشتنە من، ناوچەوانیشم بە پەنجەرە ساردەکەدا داپەساردبوو، لەو خانووە تاریکەی ئەوبەرم دەڕوانی کە ئەوی لێ دەژیا. وا بزانم نزیکەی سەعاتێک لەوێ وەستام، هیچی ترم نەدەدی جگە لە شێوە قاوەیی-پۆشە تاریکەکەی کە کەوتبووە بەر وێناکردنم، ڕوناکیی چراکە بە نهێنی بەر ملە کەوانەییەکەی کەوت، هەروەها بەر دەستی کەوت لەسەر نەردەکە و بەر چمکی دامێنی کراسەکەی کەوت.

کە دووبارە هاتمەوە خوارەوە خاتوو مێرسەرم دی لای ئاگردانەکەوە دانیشتبوو. پیرێژنێکی چەنەباز بوو، بێوەژنی پیاوێکی بارمتەگر بوو، کە پوولی بەکارهاتووی بۆ جۆرە مەبەستێکی ئاینی کۆ دەکردەوە. دەبوو بەرگەی وتیوتییەکەی سەر مێزی چاخواردنەوەکە بگرم. خواردنەکە زیاتر لە سەعاتێک دواکەوت و خاڵم هێشتا هەر نەهاتەوە. خاتوو مێرسەر هەڵستا بڕوا: بەداخ بوو کە نەیتوانی لەوە زیاتر چاوەڕێ بکا، بەڵام کاتژمێر هەشت لایدابوو و حەزی نەدەکرد بەو درەنگە لە دەرەوە بێ، چونکە هەوای شەو بۆ ئەو خراپ بوو. کە ڕۆیشت کەوتمە هاتن و چوون بە ژوورەکەدا، مشتم نووقاندبوو.

خاڵۆژنم وتی:

وا بزانم دەبێ بەم شەوی خودایەمان ئەو چوون بۆ بازاڕەت دوا بخەی.

کاتژمێر نۆ گوێم لە دەنگی کلیلەکەی خاڵم بوو لەناو دەرگاکەی ڕاڕەوەکەدا. گوێم لێی بوو لە بەر خۆیەوە قسەی دەکرد و هەروەها دەنگی ڕەختاوێزەکەشم بیست کە جووڵا کاتێ قورسایی پاڵتۆکەی ئەوی هەڵگرت. دەمتوانی ئەم هێمایانە شی بکەمەوە. لە ناوەڕاستی خواردنی شێوەکەیدا داوام لێی کرد پارەم بداتێ تا بچم بۆ بازاڕ. لە بیری چووبووەوە. وتی:

ئێستا خەڵک لەناو جێگادان و چینێک خەویشیان کردووە.

بزەم نەکرد. خاڵۆژنم بە ڕەقی پێی وت:

ناتوانی پارەکەی بدەیتێ و ڕێی بدەی بڕوا؟ کەم دوات نەخست.

خاڵم وتی کە زۆر بەداخە کە لە بیری چووە. وتی کە ئەو باوەڕی بەو پەندە هەیە کە دەڵێ: «کاری بەردەوام بێ یاری و خۆشی مرۆڤ گێل دەکا». لێی پرسیم بۆ کوێ دەچم و کە بۆ دووەم جار پێیم وتەوە لێی پرسیم کە ئایا هۆنراوەی ماڵئاوایی عەرەبەکە لە ئەسپەکەی دەزانم. کە موبەقەکەم بە جێ هێشت دێڕی یەکەمی هۆنراوەکەی بۆ خاڵۆژنم لەبەر خوێندەوە.

کە بە شەقامی بەکینگهەمدا داگەڕام بەرەو وێستگەکە فلۆرینێکم توند لە دەستمدا هەڵگرتبوو. دیمەنی شەقامەکە کە جمەی دەهات لە کڕیار و بە گاز ڕۆشن ببووەوە مەبەستی گەشتەکەمیان بە بیر دەخستمەوە. لەسەر کورسیی خۆم لە عەرەبانەیەکی هەرزانبەهای شەمەندەفەرێکی چۆڵدا دانیشتم. پاش دواخستنێکی بەرگەنەگیراو، شەمەندەفەرەکە بە خاوی وێستگەکەی بە جێ هێشت. بەناو خانووە داڕووخاوەکان و بەسەر ڕووبارە جریوەکەرەکەدا کەوتە خزان. ئاپۆرایەک خەڵک لە وێستگەکەی وێستلاند ڕۆودا فشاریان خستە سەر دەرگاکانی عەرەبانەکە؛ بەڵام دەرگاوانەکان دەیانگەڕاندنەوە بۆ دواوە، دەیانوت کە شەمەندەفەرێکی تایبەتە بە بازاڕەکە. بە تەنیا لەناو عەرەبانە چۆڵەکەدا مامەوە. لە چەند خولەکێکدا شەمەندەفەرەکە هەڵکێشرایە سەر سەکۆیەکی تەختەیی لامسەرلایانە. چوومە سەر ڕێکە و لەسەر کاتژمێرێکی ڕوناککراوەوە بینیم کە کاتژمێر دەی دەوێ بۆ دە. لە بەردەممدا بینایەکی گەورە هەبوو کە ناوە جادووییەکەی خستبووە ڕوو.

هیچ دەرگایەکی شەش پنسیم نەدۆزییەوە و لەبەرئەوەشی دەترسام بازاڕەکە دابخرێ، بە دەرگایەکی خولاودا چوومە ژوورەوە، شڵنگێکم دایە پیاوە ماندوو-دیارەکە. لە ڕاڕەوێکی گەورەدا خۆم دۆزییەوە کە بالکۆنێک نیوەی بەرزییەکەی گرێ دابوو. بە نزیکی هەموو کۆشکەکان داخرابوون و بەشە گەورەکەی ڕاڕەوەکە تاریک بوو. خامۆشییەکم بە دی کرد کە وەک هیی کڵێسای دوای نوێژ بوو. شەرمنانە ڕۆیشتمە ناوەڕاستی بازاڕەکەوە. کۆمەڵە خەڵکێکی کەم لە دەوری ئەو کۆشکانە کۆ ببوونەوە کە هێشتا کراوە بوون. لەبەردەم پەردەیەکدا، کە بە چرای ڕەنگاوڕەنگ بەسەریەوە نووسرابوو قاوەخانەی شانتانت، دوو پیاو لەسەر سینییەک پارەیان دەژمارد. گوێم لە کەوتنی خوردەکان گرت.

بە زەحمەت بیرم دەکەوتەوە کە بۆچی هاتووم و چوومە لای مێزێکەوە و تەماشای گوڵدانێکی فەخفووریم کرد و پاشان تەماشای دەستەیەکی بەرچایی گوڵگوڵیم کرد. خانمێکی گەنج لای دەرگای کۆشکەکەوە لەگەڵ دوو کوڕی گەنجدا قسەی دەکرد و پێدەکەنی. سەرنجی شێوەزارە ئینگلیزییەکەیانم دا و بە ناڕوونی گوێم لە گفتوگۆکەیان بوو.

نا، من هەرگیز شتی وام نەوتووە!

بەخێر، وتت!

نەخێر نەموت!

ئەرێ وای نەوت؟

بەڵێ. گوێم لێی بوو.

گاڵتە دەکەی.

خانمە گەنجەکە کە منی دی هاتە لام و پرسی کە ئایا دەمەوێ هیچ بکڕم. تۆنی دەنگی هاندەر نەبوو؛ وا دیار بوو تەنها بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەر شانی قسەم لەگەڵدا دەکا. هەر وا خاکەڕایانە تەماشای گۆزە گەورەکانم کرد کە وەک پاسەوانە ڕۆژهەڵاتییەکان لەملاو ئەولای بەردەرگاکەی کۆشکەکەدا ڕاوەستابوون و چرپاندم:

نەخێر، سوپاس.

خانمە گەنجەکە شوێنی یەکێک لە گوڵدانەکانی گۆڕی و گەڕایەوە بۆ لای دوو پیاوە گەنجەکە. دەستیان کردەوە بە باسکردنی هەمان بابەت. خانمە گەنجەکە جارێک یان دوو جار بەسەر شانیەوە سەرنجی منی دا.

تۆزێکی تر لە بەردەمی کۆشکەکەدا خۆم دوا خست، وا بیرم کردەوە کە مانەوەم بێسوودە، تا وا دەریبخەم کە زیاتر ئارەزووم لە کەلوپەلەکانیدا هەیە. پاشان ڕووم وەرگێڕا و بە خاوی کەوتمە داگەڕان بەرەو ناوەڕاستی بازاڕەکە. ڕێم دا دوو پنسەکە لە گیرفانمدا بکەونە لای شەش پنسییەکە. لەوسەری یەکێک لە بەلەکۆنەکانەوە دەنگێکم بیست دەیوت کە ڕوناکییەکان دەکوژێننەوە. بەشی سەرەوەی ڕاڕەوەکە لە ئێستادا تەواو تاریک بوو.

تەماشام هەڵڕووانی بۆ تاریکییەکە و خۆم وەک بوونەوەرێک هاتە بەر چاو کە کەشوفش هانی داوم و گاڵتەی پێم کردووە؛ چاوانیشم لە ئازار و تووڕەییدا دەچووزانەوە.


* بازاڕە عەرەبییەکه؛ جۆیس سیمبوڵییانە ئەم ناوەی بەکارهێناوە. مەبەست لەو فیستیڤاڵە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتییەکانە کە لە دوبلن لە ساڵی 1894 سازکراوە.

کڕەکڕە=پەردە
نەردە=محاجەره
ڕەختاوێز=عەلاگەی جل

Check Also

هه‌موو شتێك له‌پڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر

  باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…