پیاوێکی پیر بە چاویلکەیەکی چوارچێوە ستیل و پۆشاکێکی تۆزاوییەوە لە قەراغی ڕێگەکەدا دانیشتبوو. پردێکی کاتیی لەسەر ڕووبارەکە دروستکرابوو کە عەرەبانە و ئوتومبیلی بارهەڵگر و پیاو و ژن و منداڵ لەسەری دەپەڕینەوە. ئەو عەرەبانانەی هێسترەکان ڕایاندەکێشان بە ئاستەم لە لێژایی کەنارەکەوە بۆ سەر پردەکە تێدەپەڕین و سەربازەکان بۆ سەرخستنیان پاڵیان بە تایەکانیانەوە دەنان. ئوتومبیلە بارهەڵگرەکان بەوێدا تێدەپەڕین و لە چاو ون دەبوون، جوتیارەکانیش بە لارە لار دەڕۆیشتن و تا ئەژنۆیان لە تۆز ئاڵابوو. بەڵام پیرە پیاوەکە لە جێی خۆی دانیشتبوو بێ ئەوەی جوڵە بکات. لەوە هیلاکتر بوو بتوانێت هەنگاوێکی تر بنێت.
کاری من ئەوە بوو بچمە ئەوبەری پردەکە، بەری پێشەوەی پردەکە بپشکنم و بزانم تا چ خاڵێک دوژمن پێشڕەوییان کردووە. ڕۆیشتم تەماشایەکی ئەوبەرم کرد و بەسەر پردەکەدا گەڕامەوە. زۆرینەی عەرەبانەکان تێپەڕیبوون و چەند کەسێکی کەمیش مابوون بە پێ بڕۆن، بەڵام پیرە پیاوەکە هێشتا لە جێی خۆی بوو.
لێم پرسی، “خەڵکی کوێیت؟”
بە زەردەخەنەیەکەوە وتی، “خەڵکی سان کارلۆسم.”
سان کارلۆس زێدی ئەو بوو، تەنها بە ناوهێنانیشی دڵخۆشبوو.
تا زیاتر ڕوونیبکاتەوە وتی، “ئاژەڵم بەخێو ئەکرد.”
هەرچەندە بە تەواوی تێنەگەیشم، وتم، “ئا.”
وتی، “بەڵێ، مامەوە تا ئاژەڵەکان بەخێوبکەم، تێ ئەگەی. دواهەمین کەس بووم شارۆچکەکە جێبهێڵم.”
لە شوان و خاوەنی مەڕ و ماڵات نەئەچوو. تەماشای پۆشاکە خۆڵاوییە ڕەشەکەی و ڕووخسارە تۆزاوییە ڕەساسییەکەیی و چاویلکە چوارچێوە ستیلەکەیم کرد و وتم، “چ ئاژەڵێکت هەبوون؟”
وتی، “ئاژەڵی هەمەجۆر،” سەری ڕاوەشاند “دەبوو جێیانبهێڵم.”
تەماشای پردەکە و ئێبرۆ دێڵتای هاوشێوەی وڵاتی ئەفریقییم دەکرد و لە خۆم پرسی دەبێت چەندمان مابێت تاوەکو دوژمنەکەمان ببینین، لە هەمان کاتدا گوێم بۆ دەستپێکی ئەو ژاوەژاوانە ڕادەدێرا کە هێمای پەنهانییەک بوون بە ناوی بەریەککەوتن، پیرە پیاوەکەش هێشتا لە جێی خۆی بوو.
پرسیم، “چ ئاژەڵێکت هەبوون؟”
ڕوونیکردەوە، “سێ جۆر ئاژەڵبوون. دوو بزن و پشیلەیەک و چوار جووتە کۆتر.”
پرسیم، “دەبوو جێشیان بهێڵیت؟”
“بەڵێ. لەبەر تۆپبارانەکە. سەروانەکە ئاگاداری کردمەوە بەهۆی تۆپبارانەکەوە ناوچەکە جێبهێڵم.”
لەو کاتەی تەماشای ئەوبەری پردەکەم دەکرد کە دواهەمین عەرەبانەکان بە لێژایی پردەکەدا دەبرانە خوارەوە، پرسیم، “ئەی کەست نییە؟”
وتی، “نا. وتم، تەنها ئاژەڵەکان. پشیلەکە بە دڵنیاییەوە خۆی دەرباز دەکات. پشیلە دەتوانێت خۆی بە دوای خواردندا بگەڕێت، بەڵام نازانم ئەوانی تر چییان لێ بەسەردێت.”
پرسیم، “چ حیزبێکیت؟”
وتی، “من هیچ حیزبێک نیم. حەفتا و شەش ساڵ تەمەنمە. دوانزە کیلۆمەتر هاتووم و ئێستا پێموایە ناتوانم لەوە زیاتر بڕۆم.”
وتم، “ئەمە جێگەیەکی باش نییە بۆ وەستان. ئەگەر بتوانیت بگەیتە کۆتایی ڕێگاکە، ئوتومبیلی بارهەڵگر هەن و بەرەو تۆرتۆسا جیادەبنەوە.”
وتی، “کەمێک چاوەڕێ دەکەم و پاشان دەڕۆم. ئوتومبیلی بارهەڵگرەکان بۆ کوێ دەڕۆن؟”
پێم وت، “بەرەو بەرشەلۆنە.”
وتی، “من هیچ کەس لەو ئاڕاستەیەوە ناناسم، بەڵام زۆر سوپاس. جارێکی تر زۆر سوپاس.”
زۆر بە ڕاشکاویی و ماندووییەوە تەماشایەکی کردم، کە دەبوو شڵەژانەکانی لەگەڵ یەکێکدا بەش بکات، وتی، “پشیلەکە باش دەبێت، من دڵنیام. پێویست ناکات خەمی پشیلەکە بخۆم، بەڵام ئەی ئەوانی تر. پێتوایە ئەوانی تر چییان لێ بەسەردێت؟”
“بۆچی، بە دڵنیاییەوە بە سەلامەتی لێی دەردەچن.”
“دڵنیایت؟”
تەماشای کۆتایی پردەکەم دەکرد کە ئێستا هیچ عەرەبانەیەکی لێ نەمابوو، وتم، “ئەی بۆ نا.”
“بەڵام لەژێر ئەو تۆپبارانەدا چۆن ڕزگاریان دەبێت لە کاتێکدا من بەهۆی تۆپبارانەکەوە ئەوێم جێهێشت؟”
پرسیم، “دەرگای قەفەزی کۆترەکانت بە کراوەیی جێهێشت؟”
“بەڵێ.”
“کەوایە بۆ خۆیان ئەفڕن.”
وتی، “بەڵێ، بەدڵنیایی دەفڕن. بەڵام ئەی ئەوانی تر. باشترە بیر لەوانی تر نەکەمەوە.”
هانمدا، “گەر پشووی خۆتت داوە من دەڕۆم. تۆش هەوڵدە هەستیت و بڕۆیت.”
وتی، “سوپاس” و هەستایە سەرپێ، بە لادا هات و ڕووە و پشتەوە لە خۆڵەکەدا دانیشتەوە.
بە ماتییەوە وتی، “من ئاژەڵم بەخێو ئەکرد، بەڵام چیتر لەگەڵ منی نەبوو. من تەنها ئاژەڵم بەخێو دەکرد.”
هیچی تر نەبوو بۆی بکەم. ڕۆژێکی یەکشەمەی جەژنی پاک بوو، فاشیستەکانیش بەرەو ئیبرۆ پێشڕەوییان دەکرد. هەور ڕۆژەکەی تاریک کردبوو، ئاسمانیش هیچی نەدەبینرا بۆیە فڕۆکەکانیان بە ئاسمانەوە نەبوون. ئەم هەورە و ئەو ڕاستییەی پشیلەکان دەزانن چۆن ئاگاداریی خۆیان بکەن هەموو ئەو بەختە باشە بوو کە ئەم پیرە پیاوە لە لە ژیانیدا هەیبوو.