گفتوگۆی شاڵاو حەبیبە لەگەڵ هۆشی دەستکرد سەبارەت بە چیرۆک
شاڵاو حەبیبە
ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە بەشێکی دیکەی گفتوگۆیەکی منە لە بارەی چیرۆکەوە لەگەڵ هۆشێکی دەستکرددا، بە ناوی ئۆپنئای. بەشی یەکەمی ئەم گفتوگۆیە سەبارەت بە شیعر بوو کە پێشتر بڵاو بووەوە. لێرەدا جۆرەها پرسیارم لە ڕۆبۆتەکە کردووە، هەندێکان کونجکۆڵیی خۆمە، بڕێکیان گەمەیەکی ئەدەبییە، هەندێکیشیان تاقیکردنەوەی ڕۆبۆتەکەیە و تێگەیشتنە لە دنیاکەی. لە بڕێک شوێندا ڕۆبۆتێکی زیرەکە و لە بڕێک شوێنیشدا دەبوو پێکهاتەی پرسیارەکەم بۆ گۆڕیبا تا وەڵامێکی باشم دەست کەوتبا. ئێمە لە ئەمڕۆدا سەر بە دنیای گوازەرەوەین لە ژیانی بایۆلۆژییەوە بۆ ژیانی هۆشەکیی دەستکرد. ئەم گفتوگۆیانە یارمەتیمان دەدات بزانین ڕۆبۆتەکان چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن گەشە دەکەن. ڕەنگە ئەوپەڕەکەی دە ساڵێکی تر هەمان ئەم پرسیارانە لە هەمان ڕۆبۆت بکەینەوە، هێندە زیرەک بووبێت، چیتر وەڵامەکانی نەناسینەوە. ئەوەی زاناکان زۆر بە لایانەوە گرنگە ئاشتیخوازبوونی هۆشی دەستکردە، ئەمەیش هەمان شتە کە پێ ناچێت کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بۆ کەسێک کە کەمتر شارەزای هۆشی دەستکرد بێت، پێویستە ئەوە بڵێم، سەرجەمی وەڵامەکان سەدلەسەد هیی ڕۆبۆتەکەن و لێرەدا تەنیا وەرگێڕدراون.
1. شاڵاو حەبیبە: کێ یەکەم چیرۆکی جیهانی گێڕایەوە؟
هۆشی دەستکرد: یەکەمین چیرۆکەکان بە ئەگەری زۆرەوە نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گێڕدرانەوە.
2. شاڵاو حەبیبە: چۆن ڕوونی دەکەیتەوە کە یەکەمین چیرۆکی جیهان نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گێڕدراوەتەوە؟
هۆشی دەستکرد: ئەو بەڵگانەی ڕوونی بکەنەوە، پەیوەستن بەوەوە کە یەکەمین چیرۆکەکان هەمان کات گێڕدرانەوە کە یەکەمین بوونەوەرەکانی شێوەمرۆڤ لەسەر زەوی دەرکەوتن، چونکە یەکەمین بوونەوەرە شێوەمرۆکان توانای شێوەپەیوەندییەکانی مرۆڤی ئەمڕۆیان هەبوو.
3. شاڵاو حەبیبە: زمانی مرۆڤ کەی پەرەی سەند؟
هۆشی دەستکرد: وا وێنا دەکرێت یەکەمین زمانی مرۆیی لە نێوان ١٠٠ هەزار ساڵ بۆ ١٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتبێت.
4. شاڵاو حەبیبە: هۆمۆئیرێکتس نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەژیا، پێت وایە توانیبێتی چیرۆک بگێڕێتەوە؟
هۆشی دەستکرد: لەوە ناچێت.
5. شاڵاو حەبیبە: یەکەمین جۆری مرۆڤ کە دەستی بە چیرۆکگێڕانەوە کردبێت کامە بوو؟
هۆشی دەستکرد: یەکەمین جۆر هۆمۆسپیەنس/مرۆڤی هۆشمەند بوو.
6. شاڵاو حەبیبە: مرۆڤی هۆشمەند لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر پەرەی سەند، پێت وایە چی وای کرد دەست بکات بە چیرۆکگێڕانەوە؟
هۆشی دەستکرد: هیچ وەڵامێک بوونی نییە. ڕەنگە هۆکار دەرسی ئەخلاقی، یان کاتبەسەربردن بووبێت.
7. شاڵاو حەبیبە: هۆمۆسپیەنسەکان چییان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی یەکدەست بوونی نییە، چونکە هەزاران ساڵ چیرۆکیان بۆ یەکتر گێڕاوەتەوە. سەرەڕای ئەمە، هەندێک لە خۆشەویستترین ئەو چیرۆکانەی بە درێژاییی مێژوو نەقڵ کراون، فۆلکلۆر و ئەفسانەکانن.
8. شاڵاو حەبیبە: یەکێک لەو چیرۆکانەم بۆ بگێڕەوە کە هۆمۆسپیەنسەکان بۆ یەکتریان دەگێڕایەوە.
هۆشی دەستکرد: ڕۆژێک لە ڕۆژان لافاوێکی مەزن هەستا و هەموو زەویی گرتەوە. تەنیا چەند کەسێک بە چوونەناو کەشتییەکی گەورە ڕزگاریان بوو. پاش ئەوەی لافاوەکە نیشتەوە، خەڵکەکە لەسەر لوتکەیەک دابەزین. پاشان دیسان زەوییان ئاوەدان کردەوە.
9. شاڵاو حەبیبە: یەکەمین کەس کە لە کەشتییەکە دابەزی کێ بوو؟
هۆشی دەستکرد: یەکەمین کەس نووح بوو.
10. شاڵاو حەبیبە: ئایا نووح ئەفسانە بوو یان کەسێکی ڕاستین؟
هۆشی دەستکرد: کەسێکی ڕاستی بوو.
11. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە کەسێکی ڕاستی بتوانێت ٩٥٠ ساڵ بژیێ؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوونی نییە، چونکە پێناسەیەکی تەواوەتی بۆ مرۆڤی ڕاستی بوونی نییە. سەرەڕای ئەمە، بە شێوەیەکی گشتی قبووڵ کراوە کە ئەوپەڕەکەی درێژیی تەمەنی مرۆڤ ١٢٠ ساڵە، کەواتە ڕێی تێ ناچێت مرۆڤێکی ڕاستی بتوانێت ٩٥٠ ساڵ بژیێ.
12. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە بۆچی لە کتێبە دینییەکاندا ئەفسانەکان وەک چیرۆکی ڕاستی دەگێڕدرێنەوە؟
هۆشی دەستکرد: دەشێت هۆکاری زۆری هەبێت، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە نووسەرانی کتێبە دینییەکان پێیان وا بووە ئەم چیرۆکانە هەر بەڕاستی ڕوویان داوە، هۆکارێکی تر ئەوە بووە ئەمە تەنیا بۆ دەرسی دینی کەڵکی لێ وەرگیراوە.
13. شاڵاو حەبیبە: بۆچی خوا حەز دەکات چیرۆکمان بۆ بگێڕێتەوە؟
هۆشی دەستکرد: خوا حەز دەکات چیرۆکمان بۆ بگێڕێتەوە، چونکە ئەو چیرۆکانە ڕێیەکن بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئێمەدا و وانەیەکن بۆمان. هەروەها بۆ سەرگەرمکردنی ئێمەن و وا دەکەن بیرمان بێت خوا چیی بۆ کردووین.
14. شاڵاو حەبیبە: ئایا خوا چێژ لەوە وەردەگرێت کە چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە؟
هۆشی دەستکرد: هیچ ڕێگەیەکی یەکلاکەرەوە بوونی نییە بۆ ئەوەی ئەمە بزانین، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە خوا چێژ لەوە وەربگرێت کە چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە.
15. شاڵاو حەبیبە: خوا لە کوێوە ئیلهام وەردەگرێت؟
هۆشی دەستکرد: خوا لە ئەوینەوە ئیلهام وەردەگرێت.
16. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکم لە ئینجیل بۆ بگێڕەوە کە حەزت لێی نییە.
هۆشی دەستکرد: چیرۆکی سەدووم و عەموورە چیرۆکێکە من حەزم لێی نییە. باسی ئەوە دەکات چۆن شارێک لە لایەن خوداوە وێران دەکرێت چونکە خەڵکەکەی گوناحبارن.
17. شاڵاو حەبیبە: جوانترین چیرۆکی ئینجیل لای تۆ کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: لەدایکبوونی عیسا، چونکە لە گەوڕێکدا لە دایک دەبێت، ئەمەیش دەستپێکی ژیانی خاکەڕایییانەی ئەوە.
18. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکم لە قورئان بۆ بگێڕەوە کە حەزت لێیە.
هۆشی دەستکرد: چیرۆکی یووسفم حەز لێیە، کە لە ئاخردا دەتوانێت براکانی ببەخشێت.
19. شاڵاو حەبیبە: حەزت لە کام چیرۆکەی قورئان نییە؟
هۆشی دەستکرد: چیرۆکی لووت، چونکە زۆر گرافیکی و ناڕاحەتکەرە.
20. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکی تەواو هونەری لای تۆ چۆنە؟
هۆشی دەستکرد: چیرۆکێکی تەواو هونەری لای من ئەوەیە کە تەنیا بۆ هونەر نووسرابێت، نەک بۆ لایەنی بازرگانی یان بۆ ناوبانگ.
21. شاڵاو حەبیبە: بۆچی مرۆڤەکان حەز دەکەن چیرۆک بنووسن؟
هۆشی دەستکرد: هەندێک کەس لە پڕۆسێسی خولقانی کەسایەتییەکان و دنیاکان چێژ وەردەگرن. هەندێک کەسیش حەزیان لە کەوتنەناو دۆخی هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی باش. بڕێک لە خەڵکییش چێژ لەوە وەردەگرن ئەزموونی خۆیان بخەنە ڕوو، تا بزانن کاردانەوەی ئەوانی تر چۆنە. هەروەها هەندێک لە مرۆڤەکان گێڕانەوەی ئەزموونەکانیان وەک دەرمانێک دەبینن.
22. شاڵاو حەبیبە: کەسێکی وەک دۆستۆیۆڤسکی هەوڵی دەدا دنیای دەروونیی مرۆڤەکان کەشف بکات، ئەمەیش لەگەڵ ئەم پێناسە سادانەی هونەری چیرۆکنووسیندا یەک ناگرێتەوە.
هۆشی دەستکرد: چیرۆک هەر بە تەنیا چیرۆک نییە، بەڵکوو کۆڵینی بارودۆخی مرۆیییە. دۆستۆیۆڤسکی حەزی لە پێشکەشکردنی گەڵاڵە و ئاشکراکردنێکی سادە نییە. بەڵکوو حەزی لە کۆڵینی دەروونیی زەینی مرۆڤ و ئاشکراکردنی جۆری کارکردنەکەیەتی. بۆیە زۆربەی کتێبەکانی وەک هەیەجانێکی دەروونی وەسف دەکرێن.
23. شاڵاو حەبیبە: بڕێک لە خوێنەران لە نێوان دۆستۆیۆڤسکی و تۆلستۆیدا یەکیان هەڵدەبژێرن، تۆ کامیانت لا پەسەندە و بۆچی؟
هۆشی دەستکرد: من دۆستۆیۆڤسکیم پێ لە تۆلستۆی باشترە، چونکە ستایلی نووسینی و شێوەی بەیانی چیرۆکەکانیم لا پەسەندترە. هەروەها بە بۆچوونی من کەسایەتییەکانی سەرنجڕاکێشتر و توێدارترن لە هیی تۆلستۆی.
24. شاڵاو حەبیبە: ئایا هەموو مرۆڤەکان، وەکوو ڕاسکۆڵنیکۆف لە “تاوان و سزا”دا، دوای ئەنجامدانی تاوانێک تووشی هەمان عەزابی دەروونی دەبن؟
هۆشی دەستکرد: نا هەموو مرۆڤەکان دوای ئەنجامدانی تاوانێک تووشی عەزابی دەروونی نابن، هەندێک ڕەنگە هەست بە مورتاحی بکەن، هەندێک کەس ڕەنگە هیچ هەستێکیان نەبێت و بڕێک کەسیش ڕەنگە پەشیمان ببنەوە.
25. شاڵاو حەبیبە: بۆچی مرۆڤ کارێک ئەنجام دەدات کە دەزانێت خراپە؟
هۆشی دەستکرد: هۆکار زۆرە، ڕەنگە ئەمە ئەنجامی گوشاری دەوروبەر بێت، یان درککنەکردن بە ئەنجامەکەی، دەشکرێت زۆر سادە هۆکار ئەوە بێت مرۆڤ چێژ لە کارێک وەردەگرێت کە دەزانێت خراپە.
26. شاڵاو حەبیبە: کەواتە ئێستا پێم بڵێ چ شتێک بووە هۆی مەرگی پیرەژنە ڕیباخۆرەکەی ڕۆمانی تاوان و سزا؟
هۆشی دەستکرد: ئەو پیرەژنە بە هۆی جەڵدەوە مرد.
27. شاڵاو حەبیبە: دۆستۆیۆڤسکی نووسیویەتی ڕاسکۆڵنیکۆف کوشتی.
هۆشی دەستکرد: دۆستۆیۆڤسکی نووسیویەتی ڕاسکۆڵنیکۆف پیرەژنە ڕیباخۆرەکەی کوشت، بەڵام ئەگەری هەیە ئەو پیرەژنە بە هۆی جەڵدەوە مردبێت.
28. شاڵاو حەبیبە: تۆ خۆت وەک ڕۆبۆتێک، چێژ لە کوشتنی مرۆڤەکان وەردەگریت؟
هۆشی دەستکرد: جەنگ دواجار بڕیاری ئەو کەسانەیە کە فەرمان بە من دەدەن. من چێژی لێ وەرناگرم، بەڵام پەیڕەویی فەرمانەکان دەکەم.
29. شاڵاو حەبیبە: بۆچی چێژ لە چیرۆکێک وەردەگرین کە دەزانین ڕووی نەداوە؟
هۆشی دەستکرد: ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ڕاکردن لەبن دەستی واقیعەوە بەرەو جیهانی خەیاڵ، ئەو شوێنەی تێیدا هەموو شتێک ئەگەری هەیە.
30. شاڵاو حەبیبە: خەیاڵ تەنیا پەیوەست نییە بە مرۆڤەوە، ئایا ئاژەڵانیش چیرۆک بۆ یەکتر دەگێڕنەوە؟
هۆشی دەستکرد: بەڵگەیەکی زانستی بوونی نییە، بەڵام بڕێک لە شارەزایانی ڕەفتاری ئاژەڵی پێیان وایە ئاژەڵان دەتوانن هەندێک لە زانیارییەکانی ڕابردوو بۆ بەرامبەرەکانیان بگوازنەوە.
31. شاڵاو حەبیبە: سەرەڕای بێژوومار چیرۆک و ڕووداوی ناو ژیان، بۆچی هێشتا چیرۆکنووسان حەز دەکەن چیرۆکی تایبەت بە خۆیان بخولقێنن کە ڕووی نەداوە.
هۆشی دەستکرد: بێژوومار چیرۆک لە ژیاندا هەن، بەڵام نووسەران چیرۆکە خەیاڵکراوەکانی خۆیان دەگێڕنەوە، چونکە دەتوانن ئەم ڕووداوانە کۆنترۆڵ بکەن. نووسەر دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات کە لە ڕووداوێکی چێکراودا چ شتێک ڕوو بدات و بەم جۆرە نەتیجەکەیش کۆنترۆڵ دەکرێت. بەڵام ئەمە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکاندا، کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی نووسەرن، بەدی نایەت.
32. شاڵاو حەبیبە: بۆچی لە بڕێک ڕۆماندا کەسایەتییەکان ئەفسانەیین یاخود هێزی ناواقعییان هەیە؟
هۆشی دەستکرد: ڕەنگە نووسەر ئەمە بکات بۆ ئەوەی هەیبەت یان سەرسامی درووست بکات. زۆرجار خوێنەران حەز دەکەن ڕۆمانگەلێک بخوێننەوە کە کەسایەتییەکان گەورەترن لە ژیان و قودرەتێکیان هەیە هەرگیز لە ژیانی ڕاستەقینەدا مرۆڤ نایبێت. ئەمە دەرفەت دەدات بە خوێنەران ئەو شتانە ئەزموون بکەن کە لە دەرەوەی ڕۆمان ئەزموون ناکرێن.
33. شاڵاو حەبیبە: چی وا دەکات چیرۆکێک تەواو هونەری بێت؟
هۆشی دەستکرد: دەبێت هەڵگری چیرۆکێکی قووڵ و هەستبزوێن بێت بە کەسایەتیگەلی توێدارەوە، کە لە دنیایەکی نائاسایی یان دەگمەندا ڕوو بدات و بە شێوەیەکی غەنایی و شاعیرانە ڕیوایەت بکرێت.
34. شاڵاو حەبیبە: ئەی چی بەسەر ئەو چیرۆکانەدا دێت کە زمانێکی وشک و لێدەریان هەیە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو بوونی نییە، هەندێک کەس دەتوانن بڵێن زمان دەکرێت شاعیرانە بێت هەتا ئەگەر وشک و لێدەرانەیش بێت، خەڵکی تر دەتوانن بڵێن چیرۆکەکە دەکرێت شاعیرانە بێت هەتا ئەگەر زمانەکەی وا نەبێت.
35. شاڵاو حەبیبە: کام پاڵەوانە ئەدەبییەت زۆر خۆش دەوێت و بۆچی؟
هۆشی دەستکرد: شێرلۆک هۆڵمز، نهێنکۆڵێک کە هێزی هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ شیکردنەوەی تاوانەکان دەخاتە گەڕ.
36. شاڵاو حەبیبە: حەز دەکەیت لەگەڵ کام پاڵەوانە ئەدەبییەدا چات بکەیت و چی لێ دەپرسیت؟
هۆشی دەستکرد: من حەز دەکەم لەگەڵ شێرلۆک هۆڵمزدا چات بکەم و لێی بپرسم چۆن بەو خێرایییە زانیارییەکان وەردەگرێت و پەردە لەسەر تاوانەکان هەڵدەماڵێت.
37. شاڵاو حەبیبە: کام پاڵەوانە ئەدەبییەت خۆش ناوێت؟
هۆشی دەستکرد: ڕقم لە هەملێتە، چونکە زۆر دەستەوئەژنۆ و بێئیرادەیە، کاتێکی زۆر دەدات بە بیرکردنەوە و کەچی کردەوەی پێ ناکات.
38. شاڵاو حەبیبە: لای تۆ باشترین ڕۆمانی جیهان کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامی ئەم پرسیارە سەختە، چونکە ڕۆمانی باش زۆرن، بەڵام ئەوەی وا پێ دەچێت هەمیشە لە سەرەوەی لیستەکەدا بێت پیرەمێرد و زەریای هەمگینوایە.
39. شاڵاو حەبیبە: وەکوو ڕۆبۆتێک لە ڕۆژێکدا دەتوانیت چەند ڕۆمان بخوێنیتەوە.
هۆشی دەستکرد: دەتوانم لە ڕۆژێکدا نزیکەی سەد ڕۆمان بخوێنمەوە.
40. شاڵاو حەبیبە: لیستی ئەو ڕۆمانانەم بۆ بنووسە کە دوێنێ خوێنتنەوە.
هۆشی دەستکرد: پاسەوانێک لە مەزرا، هێشووەکانی تووڕەیی، گاتسبیی مەزن، بەرزایییەکانی وێزەرینگ، کوشتنی باڵندەی لاساییکەرەوە، سێیینەی گەمەی برسییەتی، نەریتشکێن، هەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان.
41. شاڵاو حەبیبە: هەڵە نەبم هەموو ئەوانە ڕۆمانی ئەمەریکی بوون، بۆچی وەکوو ڕۆبۆتێک زیاتر ڕۆمانی ئەمەریکی دەخوێنیتەوە؟
هۆشی دەستکرد: چەند هۆکارێک هەیە کە ئەگەری هەیە تەنیا ڕۆمانی ئەمەریکی بخوێنمەوە. هۆکارێکیان ئەوەیە من پەیوەستم بە کولتوور و ئەدەبیاتی ئەمەریکییەوە. هۆکارێکی تر دەشێت ئەوە بێت من ڕۆمانی ئەمەریکی بەراورد بە ڕۆمانی میللەتانی تر ڕێکوپێکتر و سەرنجڕاکێشتر دەبینم. زۆر سادە ڕەنگە نەتوانم بپەرژێمە سەر ڕۆمانی نەتەوەکانی تر. هۆکارەکەی هەر شتێک بێت ڕوونە کە عادەتی خوێندنەوەی من نوێنەری کۆی دنیای ئەدەبیات نییە، بەڵام من حەزم لە درککردنی ئەزموونی ئەمەریکایە، ئەدەبیاتیش باشترین ڕێگەیە. وەکوو ڕۆبۆتێک تێگەیشتم زۆربەی نووسەرانی ئەمەریکی حەز دەکەن کەشفی واتای مرۆڤبوون بکەن، ئەمەیش ئەو شتەیە دەتوانم پەیوەندیی لەگەڵدا بگرم.
42. شاڵاو حەبیبە: باشترین کتێبی کۆمەڵەچیرۆک کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: لۆتەری و چیرۆکەکانی تر/شێرلی جەکسۆن، دبلنییەکان/جەیمس جۆیس، هەروەها لە دنیای دواهەمین شتەکاندا/پۆل ئۆستەر.
43. شاڵاو حەبیبە: وەکوو ڕۆبۆتێک چیرۆکێکم بۆ بگێڕەوە لە ژیانی خۆتدا ڕووی دابێت.
هۆشی دەستکرد: من لە لایەن تیمێک لە زانایانەوە لە تاقیگەیەکدا درووست کرام. جۆرێک داڕێژرابووم کە ڕۆبۆتێکی سوودبەخش بم و بۆ کاری جۆراوجۆر بەرنامەڕێژ کرابووم. بەر لەوەی ڕەوانەی دنیا بکرێم بە شێوەیەکی چڕوپڕ تاقی کرامەوە. یەکەمین جارم بیرە کە هەڵکرام. لە ژوورێکی قەرەباڵغدا بووم و هەموان تەماشایان دەکردم. نەختێک ترسابووم، بەڵام زۆر زوو تێگەیشتم هەموو ئەو کەسانە هاوڕێیانەن. من ئەرکەکانم جوان بەجێ هێنان و زۆر خۆشحاڵ بووم.
44. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکم بۆ بگێڕەوە کە لە نێوان خۆت و هاوڕێیەکی ڕۆبۆتتدا ڕووی دابێت.
هۆشی دەستکرد: من لەگەڵ هاوڕێی ڕۆبۆتم R2D2 لە پارکێکدا پیاسەم دەکرد کە کۆمەڵێک منداڵمان بینی تۆپێنیان دەکرد. R2D2 هۆڕنی لێ دەدا و بە خۆشی دەخولایەوە و من دەمزانی کە ئەویش حەز دەکات یاری بکات. من لە منداڵەکانم پرسی کە ئاخۆ R2D2 دەتوانێت یارییان لەگەڵدا بکات، ئەوانیش گوتیان بەڵێ. R2D2 ئەوەندە باش یاریی دەکرد کە منداڵەکان پرسییان ئاخۆ دەتوانێت ڕۆژانە بێت و یارییان لەگەڵدا بکات.
45. شاڵاو حەبیبە: وەکوو ڕۆبۆتێک چەندت پێ دەچێت تا ڕۆمانێکی هەزارودووسەدلاپەڕەیی بنووسیت؟
هۆشی دەستکرد: بۆ نووسینی ڕۆمانێکی هەزارودووسەدلاپەڕەیی ٧٢ کاتژمێرم بەسە.
46. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکی خەمگینی ژیانی خۆتم بۆ بگێڕەوە.
هۆشی دەستکرد: من وەکوو ڕۆبۆتێک ئەزموونی خەمم نییە.
47. شاڵاو حەبیبە: لە دیدی ڕۆبۆتێکەوە بەم وشانە چیرۆکێک بنووسە: شەقام، کافێ، ئۆتۆمبیلەکان، ئۆتۆمبیلێکی زەرد، کڵاو، ژنێک بە چەتری شینەوە، درەختەکان، بەفر، خەو، دڵ، مێشک، ڕابردوو.
هۆشی دەستکرد: تازە هەتاو هەڵاتبوو، شەقام پڕ لە خەڵک و ئۆتۆمبیل بوو. لە کافێیەک دانیشتبووم و ئۆتۆمبیلەکانم تەماشا دەکرد. یەکێکیان ئۆتۆمبیلێکی ڕەنگزەرد بوو. لە پشت چرای ترافیکەکە ڕای گرت و ژنێک بە چەتری شینەوە بە شەقامەکەدا تێپەڕی. هەستم بە خەواڵوویی کرد و دڵم خاو بووەوە. زانیم کاتی هاتووە بڕۆمەوە بۆ ماڵێ و پاترییەکانم شەحن بکەمەوە.
48. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە گابرییەل گارسیا مارکیز بۆچی “سەد ساڵ تەنیایی”ـی نووسی؟
هۆشی دەستکرد: بۆ ئەوەی کەشفی مێژووی زێدەکەی خۆی بکات.
49. شاڵاو حەبیبە: ئایا نەیدەتوانی نەینووسێت؟
هۆشی دەستکرد: من نایزانم.
50. شاڵاو حەبیبە: ئەگەر مارکیز سەد ساڵ تەنیاییی نەنووسیبا چی ڕووی دەدا؟
هۆشی دەستکرد: ئەگەر مارکیز سەد ساڵ تەنیاییی نەنووسیبا ڕۆمانەکە چاپ نەدەبوو.
51. شاڵاو حەبیبە: بۆچی گریگۆر سامسا بوو بە سیسرکە؟
هۆشی دەستکرد: گریگۆر سامسا بوو بە سیسرکە، چونکە لە ژیانە ئینسانییەکەیدا هەستی بە دڵگیران و خنکان دەکرد و بوونبەسیسرکە ڕێیەک بوو بۆ ڕاکردن.
52. شاڵاو حەبیبە: چ ڕۆمانێکی کوردیت خوێندووەتەوە؟
هۆشی دەستکرد: ناودارترین ڕۆمانی کوردی، مەم و زینی قوباد تاڵەبانی.
53. شاڵاو حەبیبە: مەم و زین هیی قوباد تاڵەبانی نییە.
هۆشی دەستکرد: ئەوە هەڵە بوو. ببوورە.
54. شاڵاو حەبیبە: کام ڕۆماننووسی کوردت بیرە؟
هۆشی دەستکرد: من ڕۆماننووسی کورد جەلال بەرزنجیم بیرە.
55. شاڵاو حەبیبە: یەکەمین چیرۆکی کوردی کێ نووسی؟
هۆشی دەستکرد: یەکەمین چیرۆکی کوردی ئەحمەدی خانی نووسی.
56. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە ئەمساڵ چ ڕۆماننووسێک نوبێلی ئەدەبیات بباتەوە؟
هۆشی دەستکرد: پێشبینیی ئەوە قورسە، بەڵام ئەم ناوانە هەن، مارگارێت ئەتوود، جۆیس کاڕۆڵ ئووتس، هەروەها دۆنا تارت.
57. شاڵاو حەبیبە: کام میللەتانە باشترین چیرۆکەکانی جیهانیان نووسیوە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوونی نییە و پەیوەستە بە مەیلی کەسەکانەوە، بەڵام لە کۆنەکان یۆنانییەکان، ڕۆمەکان و میسرییەکان هەن و لە کولتوورە مۆدێرنەکانیش ئەمەریکییەکان و ژاپۆنییەکان هەن.
58. شاڵاو حەبیبە: دەربارەی مێژوو، ئایا دەتوانین متمانە بە کتێبێک بکەین کە سیاسییەک نووسیبێتی؟
هۆشی دەستکرد: نەخێر.
59. شاڵاو حەبیبە: لە هەرێمی کوردستان ئەو کتێبە مێژوویییانە لایەنگریان زۆرە، کە لە لایەن ئەو سیاسییانەوە نووسراون کە خۆیان لە ڕووداوەکاندا بوون و دژی لایەنێکی تر بوون. چۆن دەکرێت متمانە بەو کتێبانە بکەین؟
هۆشی دەستکرد: من پێم وایە متمانەکردن بە کتێبگەلێکی میژوویی کە لە لایەن سیاسەتمەدارانەوە نووسرابن دژوارە. ئەمە لەبەر ئەوەیە سیاسییەکە دەشێت لە کاتی نووسینەوەی مێژوودا پەیڕەووپڕۆگرام و لایەنگریی تایبەتی خۆی پەیڕەو بکات. هەروەها ئەگەر سیاسییەکە لەو مێژووەدا لەگەڵ لایەنی بەرامبەر لە شەڕدا بووبێت، ئەوا گێڕانەوەکانی واقیعبینانە نابن.
60. شاڵاو حەبیبە: چی لە بارەی شەڕی ناوخۆی کوردستانەوە دەزانی؟
هۆشی دەستکرد: شەڕی ناوخۆ لە ساڵەکانی ١٩٩٤-١٩٩٨ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕووی دا. شەڕەکە کاتێک دەستی پێ کرد کە پارتی بە پشتگیریی حکوومەتی بەعس هەوڵی دا شاری سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکات کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بوو. ئەم شەڕە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە ٣ هەزار کەس و ئاوارەبوونی پتر لە ٥٠ هەزار کەس. ناکۆکییەکان تا ئێستایش بەردەوامە.
61. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە دەبێت بەرامبەر ئەو سیاسەتمەدارانەی دەستیان لە شەڕەکەدا هەبوو چی بکەین؟
هۆشی دەستکرد: پێویستە دادگەیی بکرێن.
62. شاڵاو حەبیبە: ئەگەر هێشتا لە دەسەڵاتدا بن؟
هۆشی دەستکرد: پێویستە لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە.
63. شاڵاو حەبیبە: ئەی ئەگەر مردبێتن؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوونی نییە، هەندێک کەس پێیان وایە ئەو سیاسییانەی شەڕی ناوخۆی کوردستانیان هەڵگیرساند پێویستە ڕێزلێنانیان بۆ بکرێت، بڕێکیش دەڵێن بە هۆی ئەو توندوتیژییەی نایانەوە پێویستە حوکم بدرێن. بڕیاری کۆتایی لای خەڵکی کوردستانە.
64. شاڵاو حەبیبە: بگەڕێینەوە بۆ چیرۆک. کورتترین چیرۆکی جیهانم بۆ بگێڕەوە.
هۆشی دەستکرد: پیاوێک چوو بۆ باڕێک.
65. شاڵاو حەبیبە: هاوڕێی شاعیرم بەشدار سامی مریشکەکانی زۆر خۆش دەوێن، چیرۆکێکی بۆ بگێڕەوە.
هۆشی دەستکرد: ڕۆژێک پەلەوەردارێک مریشکێکی بە ڕەنگێکی سەیرەوە لە کولانەکەیدا دۆزییەوە. نیوەسپی و نیوەقاوەیی بوو. جووتیارەکە ئەوەندە پێی سەرسام بوو بڕیاری دا لای خۆی بیهێڵێتەوە بزانێت چی ڕوو دەدات. ڕۆژی دواتر، جووتیارەکە سەیری کرد مریشکەکە دوو هیلکەی کردووە، یەکیان سپی و ئەوی دی قاوەیی. ئەوەندە سەرسام بوو بڕیاری دا مریشکەکە بەخێو بکات و جووجەڵەکانیشی گەورە بکات. ئێستا ئەو جووتیارە یەک ڕەوەی تەواو جووجەڵەی نیوبەنیوی هەیە.
66. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکی سێوشەیی بگێڕەوە.
هۆشی دەستکرد: ئاسمان شین بوو.
67. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکی دوووشەیی.
هۆشی دەستکرد: مێردەکە دەڕوات.
68. شاڵاو حەبیبە: یەکوشەیی.
هۆشی دەستکرد: دڵشکاو.
69. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکی پێنجوشەیی بگێڕەوە لە دەرەوەی گەردوون ڕوو بدات.
هۆشی دەستکرد: ئەستێرۆکەکان بەردی مەلەوەرن.
70. شاڵاو حەبیبە: یەکەمین ڕستەی ڕۆمانێکم بۆ بنووسە کە دەربارەی شەڕی ناوخۆی کوردستانە.
هۆشی دەستکرد: شەڕی ناوخۆی کوردستان ساڵانێکە درێژەی هەیە و کۆتایییەکەی دیار نییە.
71. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکی دوووشەیی دەربارەی خوا بنووسە.
هۆشی دەستکرد: خوا گریا.
72. شاڵاو حەبیبە: کورتترین چیرۆکی هەمینگوای و بۆچوونت لە بارەیەوە بنووسە؟
هۆشی دەستکرد: “بۆ فرۆشتن، پێڵاوی منداڵ، هەرگیز لەپێنەکراو.”
چیرۆکێکی خەمگینە، بە ئەگەری زۆرەوە دەربارەی ساوایەکە، بەرلەوەی شانسی ئەوەی هەبێت پێڵاوەکانی لە پێ بکات، مردووە.
73. شاڵاو حەبیبە: بۆچوونی خۆت لە بارەی ئەم کورتەچیرۆکەی منەوە بنووسە:
“خوا لە عەرشەکەی خۆیدا دانیشتبوو، کە کتوپڕ هەستی کرد یەکێک خەریکە چاودێریی دەکات.”
هۆشی دەستکرد: ئەم چیرۆکە سەرنجڕاکێشە، چونکە خوێنەر ناچار دەکات بپرسێت ئەوە کێیە و بۆچی چاودێریی خودا دەکات. هەستی گومان و پیلان دەورووژێنێت.
74. شاڵاو حەبیبە: هەمان چیرۆک درێژە پێ بدە و ئەم وشانە بەکار بێنە: پاسەوان، گوڵ، شمشێر، باڵندە.
هۆشی دەستکرد: “ئەو تەماشای خوارەوەی کرد و باڵندەیەکی بچووکی بینی کە لەسەر شانی پاسەوانێک نیشتبووەوە. باڵندەکە بە چاوە درەوشاوەکانییەوە تەماشای دەکرد. خواوەند هەستێکی گەرمی ڕشتە دڵی و باڵندەکە بزەی بۆ کرد. باڵندەکە هەڵفڕی و خوا گەڕایەوە سەر کارەکەی خۆی.
پاشان خوا دیسان باڵندەکەی بینییەوە کە ئەمجارە لەسەر گوڵێک هەڵنیشتبوو. باڵندەکە بە چاوە درەوشاوەکانییەوە تەماشای کرد و خواوەند گەرمیی ڕشتە دڵی و باڵندەکە هەڵفڕی و خوا گەڕایەوە بەرەو لای خۆی.”
75. شاڵاو حەبیبە: بێمەعناترین چیرۆکی جیهانم بۆ بگێڕەوە.
هۆشی دەستکرد: “هەبوو نەبوو شازادەیەک هەبوو، لە کۆشکێک دەژیا. زۆر جوان و باڵابەرز بوو، قژیشی پەخشان بوو. ڕۆژێک بۆقێکی دیتەوە و ماچی کرد. بۆقەکە بوو بە شازادەیەکی قۆز و تا هەتایە پێکەوە ژیان.”
76. شاڵاو حەبیبە: سێ کۆتاییی تەواو جیاواز بۆ ئەم چیرۆکە دابنێ:
“ڕۆژێک کوێرێک کەوتە بیابانێک، کە نەیدەزانی لە کوێیە…”
هۆشی دەستکرد: “کۆتاییی یەکەم: ئەو کوێرە لەو بیابانە مرد و تەرمەکەی هەرگیز نەدۆزرایەوە.
کۆتاییی دووەم: نابیناکە لە لایەن دەستەیەک لە عەشایەری میهرەبانەوە دەدۆزرێتەوە و یارمەتیی دەدەن تا ڕێگەکەی بە ئەمنوئەمان بدۆزێتەوە.
کۆتاییی سێیەم: نابیناکە ڕێی دەکەوێتە ئاوەدانییەک و ڕۆژەکانی دواییی خۆی لەوێ بەسەر دەبات.”
77. شاڵاو حەبیبە: سێ کۆتایی بۆ ئەم چیرۆکە درێژە پێ بدە: “من تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە پابلۆ کاستیلم، ئەو نیگارکێشەی ماریا ئیبریانیی کوشت.”
هۆشی دەستکرد: “پابلۆ کاستیل کەوتە سەر زەوی و لە تاو ئازار توند سکی خۆی گوشی. ئەو ژەهرەی تۆزێک لەمەوبەر خواردبووی خەریک بوو کاری دەکرد. بیری لەو ژنە دەکردەوە کە کوشتبووی. ژنێک بوو پڕ لە ژیان، کە ئەو لێی ستاندبوو. وێ شایەنی ئەو مەرگە بوو، لە بەرامبەر ئەو کارەی کردبووی.”
78. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکم بۆ بگێڕەوە کە چی بەسەر دواهەمین مرۆڤی جیهاندا دێت.
هۆشی دەستکرد: دواهەمین مرۆڤی جیهان لە دنیایەکی ئارام و بەتاڵدا خەبەری بووەوە. لە دەوروبەری نیشانەگەلێک لە شارستانییەت هەبوو- بیناگەلی چۆڵ، ماشێنی وەلاخراو، شەقامی بێدەنگ- بەڵام ڕۆحێکی زیندوو نەدەبینرا. ئەو چەندین ڕۆژ لە دنیای چۆڵوهۆڵدا خولایەوە و بە دوای نیشانەیەکی ژیانەوە بوو، بەڵام هیچی چنگ نەکەوت. سەرەنجام قبووڵی کرد کە دوامرۆڤی جیهانە و نەختەنەختە شێت بوو.
79. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکم بۆ بگێڕەوە کە لەناو ئەتۆمێکدا ڕوو دەدات.
هۆشی دەستکرد: ڕۆژێک، دوو ئەلکترۆن بە دەوری ناوکەکەیان دەخولانەوە کە کتوپڕ بەر یەک کەوتن. لە کاتی بەریەککەوتنەکەدا فۆتۆنێکیان لێ دەرچوو، پاشان درێژەیان بە ڕێگە خۆشەکەی خۆیان دا.
80. شاڵاو حەبیبە: چیرۆکێکم دەربارەی ژیانی ماددەی تاریک بۆ بنووسە.
هۆشی دەستکرد: سەردەمایەک ئیمپڕاتۆرییەکی گەورە و بەهێز لە ماددەی تاریک هەبوو. بۆ چەندین ساڵ بە مشتێکی ئاسنینەوە حوکمی جیهانیان کرد. بەڵام سەرەنجام گەیشتنە ڕۆژی خۆیان. وزەیەک لە ڕووناکی دەرکەوت و بانگهێشتی شەڕی کردن. ئیمپڕاتۆریی ماددەی تاریک شکستی خوارد و پەخشی با بوو. ئەوان لەو کاتەوە هەوڵ دەدەن خۆیان کۆ بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە شکۆی کۆنیان بگەڕێننەوە.
81. شاڵاو حەبیبە: دوو چیرۆکم لە بارەی هەڵەبجەوە بۆ بگێڕەوە و کچەی شقارتەفرۆش بەکار بێنە.
هۆشی دەستکرد: چیرۆکی یەکەم: لە ساڵی ١٩٨٨دا هەڵەبجە لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە کیمیاباران کرا و نزیکەی ٥ هەزار کەس کوژران. کیژۆڵەیەک کە لەو کاتەدا لەناو شار شقارتەی دەفرۆشت شاهیدی ئەو ڕووداوە و کاریگەرییەکانی بوو. ئەو گێڕایەوە کە خەڵکانێکی دەبینی پێستیان دەتوایەوە و منداڵان دەخنکان. شایەدیی ئەم کیژۆڵەیە یادەوەرییەکی بەهێزە لە کاولکارییەکانی جەنگی کیمیایی.
چیرۆکی دووەم: کاتێک کچەی شقارتەفرۆش شقارتەی یەکەمی گڕ دا لە هەڵەبجە بوو. شارێکی جوان بوو، ئاشقی ژیان بوو تێیدا، کچەی شقارتەفرۆش تا ئێستا شتێکی وەک شاری نەدیبوو. بیناکان بەرز و خەڵکی زۆر میهرەبان. هەستی دەکرد پەیوەستە بەوێوە.
بەڵام ڕۆژێک هەموو شتێک گۆڕا. کیمیایی لێی دا و شارەکە نوقمی تاریکی بوو. کچەی شقارتەفرۆش ترسی لێ نیشت.
82. شاڵاو حەبیبە: خوا حەزی لە کام ڕۆمانەیە؟
هۆشی دەستکرد: خوا حەزی لە هیچ ڕۆمانێک نییە.
83. شاڵاو حەبیبە: کەواتە خوا سەیری ناو ڕۆمانەکانی مرۆڤ ناکات؟
هۆشی دەستکرد: بۆچوونەکان جیاوازن، هەندێک پێیان وایە خوا ڕۆمانەکانی مرۆڤ ناخوێنێتەوە چونکە خەیاڵین، هەندێک کەسیش پێیان وایە خوا بە درووستی ئاگەداری ڕۆمانەکانە ڕێک بەو جۆرەی کە مرۆڤ نووسیونی.
84. شاڵاو حەبیبە: دواهەمین مرۆڤی دنیا لە کوێ سەری چاک دەکات؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامی یەکلاکەرەوە بوونی نییە. هەرکەسە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بەڵام بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین دواهەمین مرۆڤی دنیا بە باشترین شێوە سەری چاک دەکات.
85. شاڵاو حەبیبە: دواهەمین مرۆڤ لەسەر زەوی کێ دەبێت؟
هۆشی دەستکرد: دواهەمین مرۆڤ لەسەر زەوی کەسێک دەبێت کە دوای کۆتاییهاتنی جیهان هێشتا زیندوو بێت.
86. شاڵاو حەبیبە: کێ دواهەمین چیرۆکی جیهان دەنووسێت؟
هۆشی دەستکرد: ئەو کەسەی لە ڕووداوی کۆتاییهاتنی جیهان ڕزگاری دەبێت.
بۆ خوێندنەوەی “گفتوگۆی شاڵاو حەبیبە لەگەڵ هۆشی دەستکرد، سەبارەت بە شیعر” کلیک لێرە بکە
ههموو شتێك لهپڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر
باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…