تۆ چ جۆرە ئاژەڵێکیت؟… ئێتگار کێرێت

لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر

ئه‌م ڕستانه‌ی ئێستا ده‌یاننووسم له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بینه‌رانی ته‌له‌ڤیزیۆنی جەماوەریی ئه‌ڵمانییه‌. په‌یامنێرێك كه‌ ئه‌م به‌یانییه‌ هاتە ماڵه‌وه‌ بۆ لام، داوای لێ كردم شتێك به‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌م بنووسم، چونكه‌ هه‌موو كات ئه‌مه‌ شتێكی سه‌رنجڕاكێش بووه‌: نووسه‌رێك له‌ كاتی نووسیندا. ئه‌وه‌ شتێكی باوه‌، ئه‌و خۆشی ده‌زانێ، به‌ڵام شته‌ باوه‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ دیوه‌ ناسێكسییه‌كه‌ی حه‌قیقه‌ت و ئیشی ئه‌ویش، وه‌ك په‌یامنێرێك، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ بكات‌ به‌ شتێكی سێكسی، كه‌ شته‌ باوه‌كان به‌ ڕووناكی و گۆشەی نائاسایی تێك بشكێنێت. ڕۆشنایی ماڵه‌كه‌ی من زۆر گونجاوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و هیچ ڕووناكییه‌كی داگیرساندبێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر منه‌ نووسینه‌.

سه‌ره‌تا، ته‌نها وا خۆم پێشان دا كه‌ ده‌نووسم، به‌ڵام ئه‌و گوتی‌ ئاوا نابێت. خه‌ڵكی یه‌كڕاست ده‌زانن كه‌ نمایش ده‌كه‌یت. ”هه‌ر به ‌ڕاستی شتێك بنووسه‌،” داوای لێ كردم. دواتریش، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونتر بێ: ”چیرۆكێك، نه‌وه‌ك ته‌نیا وشه‌ڕیزكردن. ئاسایی بنووسه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ ده‌نووسی.” پێم گوت ئه‌وه‌ ‌ئاسایی نییه‌ بۆم، له‌ كاتێكدا بنووسم كه‌ كامێرای ته‌له‌ڤیزیۆنی جەماوەریی ئه‌ڵمانیم به‌رامبه‌ر بێت، به‌ڵام ئه‌و پێداگریی كرد. ”ده‌ی ئه‌مه‌ به‌كار بهێنه‌،” وای گوت. ”چیرۆكێك ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ بنووسه‌—ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ چه‌ند نائاسایی ده‌رده‌كه‌وێت و چۆن ئه‌م نائاساییه‌ له‌ناكاو شتێكی ڕاسته‌قینه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه‌ به‌ په‌رۆشی و سۆزێكی زۆره‌وه‌ نووسراوه‌. شتێك كه‌ ده‌تبڕێت، له‌ مێشكته‌وه‌ تا سێبه‌نده‌ت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. نازانم له‌ لای تۆ چۆنه‌، كام به‌شه‌ی جه‌سته‌ت شه‌ربه‌تی داهێنه‌رانه‌ی لێ هه‌ڵده‌قوڵێ. هه‌ر كه‌سێك جیاوازه‌.” كچه‌ په‌یامنێره‌كه‌ بۆی باس كردم كه‌ چۆن جارێكیان چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ نووسه‌رێكی به‌لجیكیدا كردووه‌ كه‌ هه‌ر جارێك ‌ده‌ینووسی، زه‌وقی هه‌ڵده‌ستا. شتێك له‌ نووسیندا هه‌بوو‌ ”ئه‌ندامه‌كه‌ی كه‌لله‌ڕه‌ق ده‌كرد”—ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ بوو كه‌ به‌كاری هێنا. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ وه‌رگێڕانێكی وشه‌یی بوو له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ و به‌ ئینگلیزی زۆر سه‌یر و نامۆ بوو.

”بنووسه‌،” دیسانه‌وه‌ پێداگریی كرد. ”نایابه‌. ئه‌و باره‌ تۆقێنه‌ره‌ی له‌شتم حه‌ز لێیه‌ كه‌ ده‌نووسی، ئه‌و مله‌ شۆڕبووه‌وه‌ت. هه‌ر زۆر جوانه‌. به‌رده‌وام به‌ له‌ نووسین. هه‌ر بژی. ئه‌مه‌ خۆیه‌تی. ئاسایی‌. حیساب بۆ من مه‌كه‌. وا بزانه‌ هه‌ر لێره‌ش نیم.”

منیش له‌ نووسین به‌رده‌وامم، حیساب بۆ ئه‌و ناكه‌م، وا ده‌زانم ئه‌وی هه‌ر لێ نییه‌ و ئاساییم. ئاساییم تا ئه‌و جێیەی ده‌توانم. كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ بینه‌رانی ته‌له‌ڤیزیۆنی جەماوەریی ئه‌ڵمانی هه‌بوو و ده‌بوو چاره‌سه‌ری بكه‌م، به‌ڵام ئێستا كاتی چاره‌سه‌ركردنی نییه‌. كاتی نووسینه‌. نووسینی شتگه‌لێك كه‌ مانایان هه‌بێت، چونكه‌ كاتێك قسه‌ی بێمانا‌ ده‌نووسی، ئه‌و پێشتر ئاگاداری كردوومه‌ته‌‌وه‌، له‌ به‌رده‌م كامێرادا زۆر سه‌یر ده‌رده‌كه‌وێت.

كوڕه‌كه‌م له‌ دایەنگە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌ره‌و ڕووم ڕاده‌كات و باوەشم پێدا ده‌كات. هه‌ر كاتێك كاستی ته‌له‌ڤیزیۆنی لێ بێ، باوه‌شم پێدا ده‌كات. كه‌ منداڵتر بوو، ده‌بوو په‌یامنێره‌كه‌ داوای لێ بكات ئه‌وه‌ بكات، به‌ڵام ئێستا لێهاتووه‌: به‌ره‌و لای من ڕاده‌كات، سه‌یری كامێرا ناكات، باوه‌شم پێدا ده‌كات و ده‌ڵێت، ”خۆشم ده‌وێی، بابه‌ گیان.” هێشتا نه‌بووه‌ته‌ چوار ساڵ، به‌ڵام له‌ شته‌كان تێده‌گات، ئه‌و كوڕه‌ ئاقڵه‌ی خۆم.

ژنه‌كه‌م هێنده‌ی ئه‌و باش نییه‌، په‌یامنێری ته‌له‌ڤیزیۆنی جەماوەریی ئه‌ڵمانی وا ده‌ڵێت. زۆر ده‌جووڵێت. یاری به‌ قژی ده‌كات و به‌ دزه‌نیگاوه‌ سه‌یری كامێرا. به‌ڵام به ‌ڕاستی ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌ك نییه‌. ده‌توانی دواتر له‌ كاتی مۆنتاژدا لایبەریت. ته‌له‌ڤیزیۆن ئه‌وه‌ی باشه‌. له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا ناتوانی ئه‌وه‌ بكه‌یت. له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا ناتوانیت ئه‌و لابه‌ریت، یان په‌شیمان ببیته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وت‌ دروست كردووه‌. ته‌نیا خوا ده‌توانێت ئه‌وه‌ بكات، یان پاس، ئه‌گه‌ر به‌سه‌ریدا بڕوات. یان نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌. دراوسێكه‌ی نهۆمی سه‌ره‌وه‌مان بێوەپیاوە‌. نه‌خۆشییه‌كی بێ چارەسەر ژنه‌كه‌ی لێ ستاند. شێرپه‌نجه‌ نا، شتێكی دی. بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ خوێنی داده‌نا. ئه‌و خۆی ئه‌مه‌ی بۆ باس كردم. شه‌ش مانگ پێش ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان ئەو مۆنتاژ بکات. له‌و كاته‌وه‌ی ئه‌و مردووه‌، چه‌ندین ژنی جۆراوجۆر كه‌ پێڵاوی بنبه‌رز له‌ پێ ده‌كه‌ن و بۆنی هه‌رزان له ‌خۆیان ده‌ده‌ن، سه‌ردانی بینا‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وان له‌ كاتی نه‌گونجاودا دێن، هه‌ندێ جار ئێواران زوو دێن. ئه‌و خانه‌نشین كراوه‌، ئه‌و دراوسێیه‌ی نهۆمی سه‌ره‌وه‌مان، ئیتر كات به‌ده‌ست خۆیه‌تی. ئه‌و ژنانه‌ش—به‌ پێی قسه‌ی ژنه‌كه‌م بێ—ئه‌وان حیزن. كاتێ ده‌ڵێ حیزن، وشه‌كه‌ زۆر ئاسایی‌ ده‌می به‌جێ ده‌هێڵێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ تورن. به‌ڵام كاتێ له‌ به‌رده‌م كامێرادایه‌، وا نییه‌. هیچ كه‌سێك پێرفێكت نییه‌.

كوڕه‌كه‌م ئه‌و حیزانه‌ی خۆش ده‌وێ كه‌ سه‌ردانی دراوسێكه‌ی نهۆمی سه‌ره‌وه‌مان ده‌كه‌ن. ”تۆ چ جۆره‌ ئاژه‌ڵێكیت؟” كوڕه‌كه‌م ئه‌م پرسیاره‌یان لێ ده‌كات، كاتێ به‌ ڕێكه‌وت له‌سه‌ر پلیکانەکان ده‌یانبینێ. ”ئه‌مڕۆ من مشكم، مشكێكی خێرا و سركم.” هه‌ر كه‌ پرسیاره‌كه‌یان لێ ده‌كرا، یه‌كڕاست ناوی ئاژه‌ڵێكیان له‌ ده‌م ده‌هاته‌ ده‌ر: فیل، ورچ، په‌پووله‌. هه‌ر حیزێك و ئاژه‌ڵه‌كه‌ی. سه‌یر بوو، چونكه‌ كاتێ كوڕه‌كه‌م ده‌رباره‌ی ئاژه‌ڵه‌كان له‌ خه‌ڵكی تر ده‌پرسێ، ته‌نانه‌ت لێشی تێناگه‌ن. به‌ڵام حیزه‌كان لەگەڵیدا دەژین.

ئه‌مەش‌ وام لێ ده‌كات بیر بكه‌مه‌وه‌ له‌وه‌ی جاری داهاتوو كه‌ ستافی ته‌له‌ڤیزیۆنێك هاتن، له‌ جێی ژنه‌كه‌م یه‌كێك له‌ ئه‌وان به‌كار بهێنم، به‌م ڕێگه‌یه‌ش ئاساییتر ده‌رده‌كه‌وێت. زۆر جوانن. هه‌رزه‌ن، به‌ڵام جوانن. كوڕه‌كه‌شم نێوانی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا خۆشتره‌. كاتێ كوڕه‌كه‌م له‌ ژنه‌كه‌م ده‌پرسێت چ ئاژه‌ڵێكه‌، پێداگری ده‌كات: من ئاژه‌ڵ نیم، گیانه‌كه‌م، من مرۆڤم. من دایكتم. هه‌میشه‌ دوای ئه‌مه‌ش ده‌ست به‌ گریان ده‌كات.

بۆچی ناتوانێت له‌گه‌ڵ دونیابینیی ئه‌م خه‌ڵكه‌دا بێ، ئه‌م ژنه‌ی من؟ بۆچی هێنده‌ ئاسانه‌ ئه‌و ژنانه‌ به‌ ”حیز” بانگ بكات كه‌ بۆنی هه‌رزانبایی له‌ خۆیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام كاتێ دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ كوڕیژگه‌یه‌ك بڵێ ”من زه‌ڕافه‌م” كاری نه‌كرده‌یه‌؟ ئه‌مه‌ ده‌مارم ده‌گرێت. وام لێ ده‌كات له‌ كه‌سێك بده‌م. ژنه‌كه‌م نا. ئه‌وم خۆش ده‌وێ. به‌ڵام كه‌سێك. ده‌مه‌وێت ئه‌و ڕقه‌ به‌ كه‌سێك بڕێژم كه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری دروستبوونی. باڵی ڕاسته‌كان به‌ عه‌ره‌به‌كانی ده‌ڕێژن. ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان به‌ ڕه‌شپێسته‌كان. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی وه‌كو ئێمه‌ سه‌ر به‌ چەپی لیبڕاڵن، گیرمان خواردووە. ئێمه‌ خۆمان خستووه‌ته‌ نێو سندووقێكی داخراوه‌وه‌. كه‌س نییه‌ به‌ ئێمه‌ی بڕێژێ. ”به‌ حیز بانگیان مه‌كه‌،” به‌ ژنه‌كه‌می ده‌ڕێژم. ”هیچ به‌ڵگه‌یه‌كت لا نییه‌ كه‌ ئه‌وان حیز بن، لاته‌؟ هه‌رگیز نه‌تبینیوه‌ كه‌سێك پاره‌ و شتیان بداتێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌م جۆره‌ بانگیان مه‌كه‌، باش؟! هه‌ستت چۆن ده‌بێت ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ حیز بانگت بكات؟”

”هه‌ر زۆر باشه‌،” كچه ‌په‌یامنێره‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ وا ده‌ڵێ. ”به‌ دڵمه‌. ئه‌و گنجانه‌ی سه‌ر نێوچه‌وانت. ئه‌و جۆشوخرۆشه‌ی دوگمه‌كانی سه‌ر كیبۆرده‌كه‌ت. ئێستاكه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێویستمانه‌ دیمه‌نێكی تره‌ كه‌ ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كانته‌ بۆ زمانه‌كانی دیكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌رانمان بزانن چه‌نده‌ بەناوبانگی—هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت جارێكی دیكه‌ش‌ دیمه‌نی باوه‌شی كوڕه‌كه‌ت دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌. یه‌كه‌م جار زۆر خێرا به‌ره‌و ڕووی تۆ ڕایكرد كه‌ یۆگ، كامێرامانه‌كه‌مان، فریا نه‌كه‌وت فۆكه‌سه‌كه‌ بگۆڕێت.” ژنه‌كه‌م ده‌یه‌وێت بزانێت ئاخۆ كچه ‌په‌یامنێره ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه‌ش‌ له‌ باوه‌شم بگرێت، منیش له‌ دڵی خۆمدا نزا ده‌كه‌م بڵێت به‌ڵێ. به‌ ڕاستی ئاره‌زوو ده‌كه‌م ژنه‌كه‌م له‌ ئامێزم بگرێت، ئه‌و قۆڵه‌ نه‌رمانه‌ی له‌ ده‌ورم بئاڵێنێت، وه‌ك بڵێی ئه‌م دونیایه‌ هیچ شتێكی لێ نییه، ئێمه‌ نه‌بێت. ”پێوست ناكات،” كچه ‌په‌یامنێره‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ به‌ ده‌نگێكی سارد‌ وا ده‌ڵێ. ”ئه‌و دیمه‌نه‌مان پێشتر تۆمار‌ كردووه‌.” ”تۆ چ جۆره‌ ئاژه‌ڵێكیت؟” كوڕه‌كه‌م پرسیار له‌ كچه‌ په‌یامنێره‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ده‌كات، منیش یه‌كسه‌ر بۆی ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ ئینگلیزی. ”من ئاژه‌ڵ نیم،” كچە په‌یامنێره‌كه‌، له‌ كاتێكدا نینۆكه‌ ‌درێژه‌ بۆیه‌كراوه‌كانی بەنێو قژیدا ده‌هێنێ، وا ده‌ڵێ. ”من دێوم. دێوێك كه‌ له‌وسه‌ری زه‌ریاوه‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵێكی چكۆله‌ی وه‌ك تۆ بخوات.” ”ده‌ڵێ باڵنده‌یه‌كی ده‌نگخۆشم،” به‌ شێوازێكی ئێجگار ئاسایی بۆ كوڕه‌كه‌می وه‌رده‌گێڕم. ”ده‌ڵێ باڵنده‌یه‌كی ده‌نگخۆشی په‌ڕسوورم، كه‌ له‌ خاكێكی دوور دوور فڕیوم و هاتووم بۆ ئێره‌.”

چاوپێکەوتنی نووسەر لە کەناڵێکی ئیسرائیلی، نووسەر چاپە کوردییەکە نیشان دەدات.
چاوپێکەوتنی نووسەر لە کەناڵێکی ئیسرائیلی، نووسەر چاپە کوردییەکە نیشان دەدات.

ئەم چیرۆکە بەشێکە لە کۆمەڵەچیرۆکی «لەناکاو لە دەرگا دەدرێت»ی ئێتگار کێرێت، وەشانخانەی پەیک، ٢٠١٩، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر

Check Also

هه‌موو شتێك له‌پڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر

  باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…