ئەكسلەكانی ڕێگای ئەوروپا… ڕەنج ڕەسوڵ

(هیچ شتێك هێندەی ژیان سەرسوڕهێنەر نییە، جگە لە نوسین.)
*ئیبن زەرهانی

دەگەڕێمەوە بۆ كوردستان.

شەوی دوێنێ، حوسەین لە ژوورە تاریکەکەی هۆتێل كاترینا[1] خۆی کوشت. كاتێك تەرمەكەیمان هەڵگرت، ئاسانسۆرەكە كاری نەدەكرد، بە پلیكانەكاندا، لەگەڵ پۆلیسدا هێنامانە خوارەوە. كەوتم و سەرم كێشای بە ئاسنی پلیكانەكەدا، ئێستا سەرم دێشێت. لە قاوەخانەی جیلاكسی شاری سلۆپی دانیشنووم. حەبێکی نۆڤافین دەخۆم، پارچەیەك لەو حەبەم لە حوسەین وەرگرت، پێنجسەد میلی گرام كافایینی تێدایە. حوسەین دەیوت: ئەگەر دەنكێك حەب لەو حەبە بخۆیت، سەر ئێشەت كەم دەبێتەوە، ئەگەر دوو دانە بخۆیت، لەجێی نان و ئاو و دایك و باوكە. كاتێك ئەو قسەیەی كرد پێكەنیم.  چاوەڕێی پەنابەرەکان دەکەم بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە.. کەش و هەوا هێمنە، داوای قاوەیەكی سادە لە گارسۆنەكە دەكەم، بەڵام ئەو قاوەیەی دەیهێنێت شیری تێدایە. پێدەچێت لەگەڵ قاوەی کەسێکی تردا گۆڕابێت. زیاتر لە مانگێك لە تورکیا مامەوە، لەگەڵ قاوەی ماکبیردا ڕاهاتووم. تامی کەمێک لە ژەهرەوە نزیکە. چەند خولەكێكی تر، بە جانتایەکی ڕەشەوه، دەچمە دواوەی ئۆتۆپاسێکی شین، کە دوای شەو و ڕۆژێكی تر دەگاتەوە زاخۆ.

بەهلول و هۆتێل ماڤی[2].

سەرەتا، لەگەڵ بەهلول، لە هۆتێل ماڤی ئەكسەرای ماینەوە. بەهلول، كوڕێكی ئەڤغانی بوو، حەزێكی سەیری بۆ مۆسیقا و داستانە یۆنانییەكان هەبوو، هەندێكجار دەكەوتمە گومانەوە، دەموت: ڕەنگە تەنها لەبەر (ئیلیادە و ئۆدیسە) بچێت بۆ یۆنان. بەرامبەر ئاوێنە زۆر ڕادەوەستا، سەرسامی ڕوخساری خۆی بوو، قژێكی كورت، ڕوخسارێكی گەورە و پەمەیی، چاوێكی زەردی هەبوو. جەستەی لە جەستەی ئەو كەسانە دەچوو كە بۆ ماوەی دە ساڵ فیتنس دەكەن، بەڵام هیچ وەرزشێكی نەدەكرد، هەموو شتێكی ڕێك بوو، پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤدا نەبێت. دەیوت: ئەگەر ڕۆژێك لەگەڵ كەسێكدا بەباشی قسە بكەم، ڕووداوێك ڕوودەدات. ڕاستی دەكرد، ئەگەر ڕۆژێك لەو هۆتێلەدا شەڕی لەگەڵ كەسێكدا نەكردایە، ڕۆژێكی جیاواز دەبوو. ڕۆژێك لەگەڵ فارسەكاندا دەبوو بە شەڕی، ڕۆژێك لەگەڵ سودانی، ڕۆژێك لەگەڵ پاكستانی، ڕۆژێك لەگەڵ عەرەب و ڕۆژێك لەگەڵ كورد. دەهاتنە ژوورەكەی ئێمە دادەنیشتن، قسەیان لەگەڵ بەهلول دەكرد و ئەویش بە ساردی، زۆر ساردیی وەڵامی دەدانەوە. ڕۆژێك لە دەستدرێژییەكی گەورە ڕزگاری بوو. لەگەڵ قاچاغچییەكی ئەفغانیدا، توركیامان جێهێشت.

دەبێت چەند هۆتێلێك بگۆڕین.

لە سنوری شاری ساڵۆنیكی سنوری یۆنان دەستبەسەركراین، ماوەی سێ مانگ لە زیندان بووین، لە زیندان، حوسەینمان ناسی. كوڕێكی فارسی چاوشین، یەكەم ڕۆژی زیندان پێی گوتین: “من هاوڕەگەزبازم”. بەڵام هاوڕەگەزبازێكی بێزاركەر نەبوو، كاتێك قسەمان بۆ دەكرد دەم و چاوی پێكەوە دەكرانەوە، لە كەسێك دەچوو ئۆتیزمی قۆناغی دووەمی هەبێت. تەنیابوو، بۆ هاوڕێیەك دەگەڕا، كاتێك لە زیندان ئازادبووین، بەلای ئێمەوە ئاسایی بوو كە لەگەڵمان بمێنێتەوە. سەرەتا لە هۆتێل نیویۆرك[3]ی شاری ئەسینا ماینەوە. شەوێكیان لە نهۆمێكی باڵەخانەی سێیەمەوە خۆم هەڵدایە خوارێ. لە نەخۆشخانە، پاش سێ ڕۆژ بەهۆش هاتم، ئێمە بەخێزانیی گرفتمان لەگەڵ بەرزیدا هەبوو. بە تایبەت ئەگەر چەند ڕۆژ و شەوێك لە شوێنێك بومایە و نەهاتمایەتە دەرەوە، گرێم بەو شوێنە دروست دەكرد و ڕقم لێی دەبۆوە. حوسەین ووتی: بۆچی خۆت هەڵدایە خوارێ؟ ووتم هیچ مەبەستێكی دیاریكراوم نەبوو، كەسێك بە چەند وڵاتێكدا تێبپەڕێت و بەدوای شادیدا بگەڕێت، نایەوێت لە وێستگەی پێش كۆتایی خۆی بكوژێت. حوسەین ووتی: هەموو تەمەنت لە زیندان بیت بەس نەمریت، سەد ساڵ لێت بدەن و بتچەوسێننەوە، بەس نەمریت. لە بیابانێكدا بتبەستنەوە و دە ڕۆژ جارێك نانت بدەنێ، بەس نەمریت. مردن مانای نییە، تۆ دەمریت و ئەوانی تر دەژین. دوو شەوی تر لە نەخۆشخانە ماینەوە، بەڵام بەهلول نەهات. بەبیانووی ئەوەی كە دیسان زیندانی دەكرێینەوە، هۆتێلەكەمان گۆڕی. چوینە هۆتێل گریسۆ[4] دواتر ئەو هۆتێلەشمان گۆڕی و چوینە هۆتێل كاترینا

هەموو ڕۆژێك هەواڵی خنكانمان دەبیست

لە قاوەخانەی تێلارۆ[5] دانیشتووین، لە هیچ قاوەخانەیەكی یۆناندا قاوەی ماكبیرم دەستناكەوێت، هیچ قاوەیەكیش تامی ماكبیر نادات. هەواڵی خنكانی پەنابەرەكانی یۆنان بۆ ئیتاڵیا لە “با” خێراتر بە هەموو شوێنێكدا بڵاودەبێتەوە. من گرنگی پێنادەم، لەگەڵ بەهلول و حوسەیندا، باسی كەیسەكانمان دەكەین بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی. بەهلول دەڵێت: مۆسیقا و ئەدەب. بە دادگای ئەو وڵاتە دەڵێم: حەزم بە مۆسیقاتانە، حەزم بە نوسینتانە، هاتووم بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بتانخوێنمەوە و گوێگرتان بم. من و حوسەین پێدەكەنین، حوسەین دەڵێت: ئەگەر دادوەرەكە دایكیشت بێت مافی پەنابەریت بۆ ئەو كەیسە ناداتێ. كەیسەكەی من جیاوازتر بوو: پاش ئەوەی باوكم لە كارگەیەكی چیمەنتۆ كاری دەكرد، ڕۆژێك لە بەرزترین شوێنی كارگەكەوە خۆی هەڵدایە خوارێ و كەوتە نێو ئامێرێكی بەردهاڕینەوە، پاش باوكم، دایكم توشی شێرپەنجەی ڕەحم بوو دكتۆرێك بە نهێنی پێی گوتم: ئەو كەسانەی سێكس زۆر دەكەن، زۆرتر دوچاری ئەو حاڵەتە دەبن. دیكم وردە وردە ڕووداو و كەسەكانی بیردەچۆوە، شەوێك بۆ ئەوەی (ئازاری زۆر نەچێژێت)، سەرینێكم لەسەر دەمی توند كرد. ئێستا ڕاپۆرتی دكتۆرم هەیە كە یەكێكم لە نەخۆشە دەرونییەكان و پێویستم بە چارەسەرە. لە قاوەخانەكە مۆسیقایەكی دەنگ بەرز دەست پێدەكات، مۆسیقا بەناوبانگەكەی “چۆپن”ە، مۆسیقای Polonaise-Fantaisie. بەبیستی ئەو مۆسیقایە بەهلول هەڵدەستێ و لە قاوەخانەكە سەما دەكات، ئەو كەسانەی دانیشتوون تەماشای دەكەن كوڕێكی گەنج، بە بیجامەیەكی ئەدیداسی ڕەش و كالەی سپییەوە سەما دەكات. بە هێواشی بانگی دەكەین، دادەنیشێتەوە. كەیسی حوسەینیش ڕوون بوو: بابەتی هاوڕەگەزی و ئەو شتانە، كە لە وڵاتی خۆی، وڵاتی ئێران، قەدەغە و یاساغ بوو، هەركەسێك لەسەر ئەو بابەتانە لەلایەن حكومەتەوە بگیرایە، زۆرجار سزاكەی كوشت دەبوو.

نهێنی خواردنەوەی قاوە

لە هۆتێلەكەی ئەكسەرای، ئارارات فێری قاوەی ماكبیری كردم، ئارارات خەڵكی دیاربەكر بوو، لە وڵاتی سویسرا كاری هۆشبەری لەگەڵ سودانییەكاندا دەكرد، پۆلیس بەدوایدا دەگەڕا و گەڕابۆیەوە بۆ توركیا. ڕۆژانە پانزە كوپ قاوەی دەخواردەوە، دەیوت: ئەگەر دەتوێت هەمیشە بە ئاگابیت قاوە بخۆ. زۆر حەزی بەوە دەكرد هەمیشە بە ئاگابێت. شیری تێكەڵ بە قاوەكانی دەكرد، توانیتی زاڵ ببێت بەسەرمدا و فێری قاوەی كردم. هەموو ڕۆژێك دەچوینە قاوەخانەی جیلاكس و قاوەمان دەخواردەوە، دەیوت: قاوەی سویسرام پێ خۆش بوو، ئەگەر گرفتم لەگەڵ پۆلیسدا نەبووایە. ڕەفتاری ئاسایی بوو، بەڵام دەیویست نائاسایی و ترسێنەر دەربكەوێت، دواجار دڵنیام دەبێت بە قاوەخۆر و قاوەناسێكی بەناوبانگ.

بیر لە هەمووان دەكەمەوە

لە هۆتێل کاترینا دێمە دەرەوە، بە شەقامی دیۆنیسیۆ[6] بەرەو یانە شەوانەی Enzzo de CubaShare دەڕۆم، لەگەڵ قاوەدا، حەزم بۆ خواردنەوەی بیرەی سانتۆرینی[7] دروست بوو. بیر لە گرفتی ئەو کەسانە دەکەمەوە کە ئەم وڵاتە ساردانە کردووینی بە هاوڕێ، بەهلول نەیدەزانی چی جگەرەیەک بکێشێت، هەمیشە چەند پاکەتێكی جیاوازی پێ بوو، دەیوت: دواجار بە غەمگینی واز لەجگەرەکێشان دەهێنم، چونکە نازانم چی جگەرەیەک بکێشم، هەموو شەوێک لە ئینتەرنێت بۆ باشترین مارکەکانی جگەره دەگەڕا. حوسەین بۆ هاوڕێیەکی کوڕ دەگەڕا بۆ خۆشەویستی و دەستی نەدەکەوت، شەوێکیان بە منی ووت: حەز دەکەم ببیت بە خۆشەویستم، منیش وەکو ئەوەی هیچم نەبیستبێت هیچم نەووت. وایدەزانی لەبەر ئەوەی جوان نییە نێرەکان پێی ڕازی نابن، منیش پێمدەگوت: ڕاستدەکەی، لەبەر ئەوەی جوان نیت هیچ نێرێك پێت ڕازی نابێت. ئارارات لە تورکیا مایەوە، لە قاوەخانەیەکی شاری سلۆپی بوو بە گارسۆن، كە یەكێك دەچوو بۆ قاوەخانەكە و داوای قاوەیەكی سادەی بكردایە، ئەو شیری تێ دەکرد و دەیوت لەگەڵ قاوەی کەسێکی تردا لێم گۆڕا..

ئەو شەوەی حوسەین خۆی كوشت

ماوەیەکی زۆر چاوەڕێمان کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەختە گەورەکەدا بپەڕێینەوە بۆ ئیتاڵیا. بەهلول بڕیاریدا چیتر چاوەڕێ نەکات، خواحافیزی لە ئێمەکرد و لە ناو ئەکسلێکی بارهەڵگردا که بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆیشت، بەبێ ئەوەی شۆفێرەکە ئاگاداربێت خۆی شاردبووەوە.. ئەو شەوە حوسەین دڵخۆش بوو، بە گشتیی حوسەین کەسێکی دڵخۆش نەبوو. پێی وتم: بەهلول ڕازی بووە ببێت بە خۆشەویستی.. هەواڵێکی نوێ بوو بۆ حوسەین. وتی: بەهلول دەڵێت كاتێك لە وڵاتێکی ئەورووپی جێگیربووین، بە ئاسانی دەتوانین پێکەوە بژین. مەرجی ڕازیبوونەکەیشی ئەوە بوو، کە بە جیا سەفەر بکەن. دوای بیستنی ئەو قسانە، ئەوەی تەنها مایەوە من بووم.. هۆتێل کاترینام جێهێشت و بەرەو یانە شەوانییەکە ڕۆیشتم. کاتێک گەڕامەوە بۆ هۆتێل ، قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم هۆتێلەکەدا دروست بوبوو، حوسەین چەقۆیەکی لە دڵی خۆی چەقاندبوو، دواتر زانیم ئەو شەوە بەهلول لە ناو ئەکسلی بارهەڵگرەکە خەوی لێ کەوتبوو، کەوتبووە خوارێ و مردبوو. ئەو شەوە بارانێكی زۆر بوو، وەكو تریش هەركاتێك باران ببارییایە، بەهلول حەزی لە پیاسە دەكرد، مقابەیەكی لەسەر سەری دادەنا، دەیوت: هەرگیز مەهێڵە سەرت تەڕ ببێت، سەرت تەڕ ببێت وەكو ئەوە وایە دە شەیتانی تێدابێت. منیش  دڵنیام ئەو شەوە شەقامەكان تەڕبوونە، بەهلول لە تەڕیی شەقامەكەوە خۆی بینیوە و وەكو (نەرسیس) خۆی هەڵداوە و نەیتوانیوە بەرگەی بینینی ڕووخساری خۆی بگرێت. ئەویش هەمیشە بە منی دەووت: تۆیش (ئۆدیب)ی، بەڵام ئۆدیبێكی دایككوژ نەك باوككوژ. لە کاتی هێنانە خوارەوەی تەرمەکەی حوسەیندا بە سەختی کەوتم و تووشی ژانەسەرێكی قورس بووم

[1] Hotel katrina

[2] Mavi hotel

[3] Hotel newyork

[4] Hotel grisou

[5] Telaro coffe

[6] dionysiou street

[7] santorini

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

مانیا… ڕەنج ڕەسوڵ

بە هەواڵەکانی واشینتۆن پۆستدا دەچمە خوارەوە، یەکێک لە هەواڵەکان سەرنجم ڕادەکشێشێت، نوسراوە…