نمایشی کوشتنی بەبەغا

فەرهاد ساڵحی  فەڕ |  هیوا بەیرامی | دابان عەتار

ـ تەنیا لەگەڵ خۆم دەگەڕام

ـ بەڵێ، تەنیا لەگەڵ خۆم دەچوومە قاوەخانە ، سینەما ، سەفەر …

ـ هەستم دەکرد ساڵانێکە لە خۆم دوورم

ـ بەوەی کە خۆم دۆزیبووەوە زۆر خۆشحاڵبووم!

  ـ چاک بە خۆم ڕادەگەیشتم.

ـ دوایین جار  ویستم بچمە گه‌شتێك بە یادی ساڵانی پێشوو کۆتێکی درێژ و کوڵاوێکی ڕەشم کڕی، وەک کابرای نێو فیلمەکە   بە لاری لەسەرم کرد، خەتی سمێڵم بڕێک هێنایە خوارتر.

ـ دەزانی پێکەنینم بە خۆم دەهات؟ دەتگوت ڕۆڵی درامایەک دەگێڕم، کە هەمیشە حەزم لێی بوو.

ـ تەنانەت گوێم بە تەرک کردنی جگەرەش نەدا.

 ـ پاکەتێکی وێنستۆنم کڕی و هەر لە شەمەندەفەر دابەزیم، جگەرەیەکم داگیرساند. هاتبووم تەواوی ئەو ساڵانە بەسەربکەمەوە، کە لێرە بە هەدەرمدابوون.

ـ تاکسییەکم گرت و بەرە و ئەو ماڵەی تەمەنێکم تێدا بەسەر بردبوو، بەڕێ کەوتم. حەوشە گەورەکەی جیا لە من ماڵی چەند کەسی دیکەشی بەسەرەوە بوو.

ـ دووەم جگەرەم داگیرساند.

ـ چەندینجار لەبەر پەنجەرە قوڕ گرتووەکەی سەڵتەماڵان دانیشتبووم.

ـ بووبووم بە ساقی خۆم و لووس لە گەرووم کردبوو.

ـ چاوم لە دارتووەکەی نێو حەوشە بڕیبوو.

ـ ئەو کۆڵانانەی نیوەشەوان بەلارەلار پێیاندا دەڕۆیشتم و لە بەرخۆمەوە گۆرانیم دەگوت، هاتنەوە بەرچاوم

ـ جگەرەی سێیەم داگیرساند.

ـ لەبیرمە دوای سێیەم پێک، کە خواردمەوە قەڵەم و کاغەزەکەم هێنایە بەردەستم، دەبوو بۆی بنووسم

ــ جگەرەی چوارەمم داگیرساند.

– دیسان کۆخیمەوە، بەڵام چ باکیکم بە کۆخین نەبوو؟

ـ لە خواردنەوە و نووسین بەردەوام بووم.

ـ کابرای نێو فیلمەکەش بە هەمان شێوه‌.

ـ ئەوەندە تەماشای ئەو فیلمەم کردبوو، تەنانەت دەمزانی لە خوولەکی چەند کاراکتەرەکە بە چ شێوەیەک هەناسە هەڵدەکێشێت.

ـ دەبوو دوای دوو خوولەکی دی دەست لە نووسینی نامەکە هەڵگرم، دێرێکی کاریگەری لێ بخوێنمەوە، دواتر بچمە سەر ئەو مێزەی چەند ڕۆژێکە لە ناوەڕاستی ژوورەکەم داناوە، بە شەقێک کتێبەکان فڕێ بدەم، ملم بخەمە نێو ئەو پەتکەی بە شیشی پانکەکەمەوە کردووه‌.

ـ بە پێی فیلمەکەبێت، نزیکەی پازدە خوولەکی دی تەرمی من و تەرمی کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە لە دوو شوێنی جیا بە هەمان شێوە بە بەحەواوە دەبن.

ـ پەرداخەکەی بەردەمم بە دیواردا کێشا، دیوارەکە سووربوو.

ـ بتڵەکەم بەسەرمەوە نا، چاوانم تاریک داهاتن، هێلنجم دا، بتڵەکەشم فڕێدا…

ـ پەڕەکەم بەرزکردەوە و هەڵسامەوه‌.

ـ ئەویش پەڕەکەی بەرزکردەوە، دێرەکەی خۆی بە دەنگی بەرز خوێندەوە، هی منیش هەمان دێر نووسرابوو، بۆیە  لێوەکانم  جووڵاند و هیچ دەنگێک لە دەممەوە دەرنەچوو.

ـ چوومە سەرمیزەکە و پەتەکەم لە ملم تووند کرد.

ـ گوێم لە دەنگێک بوو، لە نێو تەلەفزیۆنەکەوە هاواری دەکرد:

ـ هێی کابرا! ئەوە چی دەکەی؟

ــ پەتەکەم لە ملم کردەوە و بە سەرسووڕمانەوە وەڵامم دایەوه‌.

ـ خەریکم خۆم دەتۆپێنم!

ـ کاتێک ئەو قسەیەم کرد، دەمم داپچری بوو، چاوانم زەق بووبوونەوە و لە کاراکتەرەکەیان دەڕوانی

ـ تفووو! بە نەفرەت بی! بۆ لێناگەڕێن مرۆڤ بە ئاسوودەیی بمرێ؟

ـ ئەی تۆ بۆ لە من ناگەڕێی؟

– من لێت ناگەڕێم، یان ئەوە تۆی حەفتەیەکە بە دیار خۆکوشتنی منەوە دادەنیشیت و ئامادەسازی دەکەیت، تاکوو لاساییم بکەیتەوه‌؟

ـ ڕاستی دەکرد، بەڵام بڕیارم دابوو ئەمجارە نەهێلم ئەو خەیاڵاتانە بەرم بگرن و لە ئەنجامدانی کارەکە پاشگەزمکەنەوه‌.

ـ دەستم بۆ پەتەکە برد و سەرم لێی نزیککردەوه‌.

-هاواری کرد:

– هێی کابرا! ئەوە چی دەکەیت؟ ڕاوەستە بزانم.

 ـ لە شاشەی تەلەفزیۆنەکە نزیکبووەوه‌.

ـ تەماشای چاومی دەکرد.

ـ ترس بە ناخمدا ڕۆچوو.

ـ زللــەیەکم لە ڕوومەتی خۆم سرەواند، بەڵام بەئاگا نەهاتم، لە خەیاڵ نەدەچوو!

ـ پەنجەی لە شێوەی دەمانچە بەرانبەرم ڕاگرت. ـ قاقای شێتانەی لێدا!

ـ دەنگی فیشەکێک بەرزبووەوه‌.

-شاشەی تەلەفزیۆنەکە شکا.

ـ گەرمایییەک لە سینگمەوە چووە ژوورەوه‌ و بەربوومەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

مانیا… ڕەنج ڕەسوڵ

بە هەواڵەکانی واشینتۆن پۆستدا دەچمە خوارەوە، یەکێک لە هەواڵەکان سەرنجم ڕادەکشێشێت، نوسراوە…